هاوڵاتیانی بەڕێزی كوردستان .. خوشكان .. برایان..
بەبڕوای تەواومان بە بەردەوامیدان بە پرۆسەی خزمەتگەیاندن و بەرەو پێشبردنی هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوەو پێكەوە كاركردن لەگەڵ هاوپەیمانی ستراتیژیمان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پەیڕەوكردنی ئەو رێكەوتننامانەی لە نێوانماندا هەیە، جارێكی تر ئاڵوگۆڕی لە پۆستە باڵاكان دەكرێت و كابینەیەكی نوێ رادەگەیەنین.
هەر لە دەسپێكی هەوڵەكانمان بۆ راگەیاندنی كابینەیەكی تازە، بە پێویستی دەزانم هاوڵاتیانی بەڕێزی كوردستان لە هەر كوێیەك بن دڵنیا بكەمەوە كە كابینەی تازە درێژە پێدەری كارەكانی كابینەی رابردوو دەبێت و كار بۆ جێبەجێ كردنی ئەو بەڵێنانە دەكات كە لە كاتی هەڵبژاردنەكان لیستی كوردستانی بە ئێوەی بەڕێزی دابوو. ئێمەش لەسەر هەمان ئاراستە بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین كارە باشەكان باشتر بكەین و كەم و كوڕیەكانیش كەمتر بكەینەوە.
مانگەكانی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دروستكردنی زەمینەسازی بۆ دیالۆگ و دانانی نەخشەڕێگای سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی داهاتوو. كاتێك سەرۆكایەتی یەكەمین كابینەی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمم كرد لە ساڵی 2005، هەوڵێكی زۆرمدا كە كابینەی پێنجەم جەخت لەسەر هاوكاری و هەماهەنگی بكاتەوە. بۆیە دڵنیام كە بە هەمان ڕۆحی هەماهەنگی و كاركردن بە جیدیەوە لە كابینەی تازە كاربكەین.
ئەمڕۆ ئێمە تێگەیشتنی زیاترمان هەیە بۆ خواست و داخوازیەكانی خەڵك كە شایستەی خزمەتی زیاترن، بۆیە دەبێ حكومەت كاراترو كاریگەرانەتر ئەركی خۆی بەجێ بگەیەنێ بۆ نەهێشتنی كەم و كوڕیەكان.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بەر لە هەموو شت سوپاس و دەستخۆشی لە برای بەڕێزم د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێم بكەم، كە لە ماوەی دووساڵی تەمەنی كابینەكەی توانی خزمەتگوزاری بەرچاوو پێشكەوتن لە هەموو بوارەكان بەدەست بێنێ.
ئەگەر بە ویژدانەوە سەیری ئەدائی كارەكانی سەرۆكی حكومەت و كابینەی شەشەم بكەین كە ماوەی دوو ساڵی خایاند بێگومان دوو ساڵیش ماوەیەكی زۆر نییە بۆ كاری حكومەت، بۆمان روون دەبێتەوە كە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و تەواوی هاوكارانی دڵسۆزانە ئەركی خۆیان بەجێ گەیاندووە وێڕای ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەی هاتۆتە پێشیان. كابینەی شەشەم توانی تەواوكەری زۆرێك لەو پڕۆژەو كارانە بێت كە لەسەردەمی كابینەی پێنجەم بۆی مایەوە، ئێمەش تەواوكەری كارەكانی كابینەی شەشەم دەبین وێڕای بەجێگەیاندنی كارنامەی خۆمان كە لەگەڵ خواست و داخوازیەكانی ئەمڕۆی هاوڵاتیانی كوردستان دەگونجێ.
بارودۆخی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەروەری یاسا و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پەیڕەو كردنی سیستەمی دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕین پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە. هەموو ئەو سەروەریانەش بە لێهاتوویی و لە ژێر رۆشنایی بڕیارو رێنماییەكانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هاتنەدی كاتێ لەساڵی 1991 گووتی دەبێ دیموكراسی لە كوردستان پەیڕەو بكرێت و یاسا سەروەر بێت و دەنگی میللەت سەنگی مەحەك بێت. بەڵێ بە گەڕانەوە بۆ دەنگی میللەت و لە پرۆسەیەكی دیموكراسی و پشت ئەستوور بە جەماوەری خۆڕاگری كوردستان ئەم دەسەڵات و حكومەتە دروست بووە، بۆیە حكومەتی هەرێم بە ئەركی خۆی دەزانێت و شانازیش دەكات كە هەموو تواناكانی تەنها و تەنها لە خزمەت گەلی كوردستان بێت. ئەمڕۆش كاروانەكە بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەین كە بە ئێوەی بەڕێزمان دابوو.
لەچەند ساڵی رابردوو تا بە ئەمڕۆ دەگات شانبەشانی ئاوەدانكردنەوەو پێشخستنی وڵات كەم و كوڕی هەبووە. بەڵام ئێمە سورین لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر و چەسپاندنی زیاتری دیموكراسی و پەیڕەوكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو كاركردن بە شەفافیەت.
ئەمڕۆ بارودۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم پێویستی بە زیاتر ریكخستنەوەی نێوماڵی كورد هەیە. هەرچەندە كێشەكان ئەوەندە گەورە نین و مەودای نێوان بۆچوون و تێڕوانینمان زۆر نییە، بەڵام هەست دەكەین ئاراستە جیاوازەكان خەریكە زاڵ دەبن بەسەر بەرژەوەندیە باڵاكان و ئەوەش پێشهاتێكی باش نییە. حكومەتی هەرێم هەوڵ دەدات رۆڵی خۆی ببینێ لە كۆكردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان، شانبەشانی بەرنامەو پلانی خۆی و خواست و داخوازی هاوڵاتیان، دەبێ گوێ لە پێشنیارو تێڕوانینی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بگرێت و سەرنج و رەخنەكانیشیان بە هەند هەڵگرێت. چونكە هەموومان یەك چارەنووسمان هەیە، بۆیە هەر هەنگاوێك بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و ئەزموون و دەستكەوتەكان بهاوێن بێگومان ئێمەش پشتگیریان لێدەكەین.
پرۆسەی سیاسی هەرێم پێویستی بە دیالۆگی سیاسی زیاتر هەیە و بە هەموو لایەك دەتوانین زووتر لە ئامانجە ستراتیژیە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان نزیك ببینەوە، رەوشەكە دەخوازێ هەموو پارت و گروپە جیاوازەكان بە زمانێكی مەدەنیانە گفتوگۆبكەن دەربارەی ئەو پرسە گرنگانەی كە پەیوەندیان بە داهاتووی هەرێمی كوردستان هەیە.
دەبێ دەرفەتی گفتوگۆو دیالۆگی كراوە لە نێوان هەموو پێكهاتە سیاسیەكان و پسپۆڕو شارەزایانی بوارە جیاجیاكان، مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ئابووریناس و ناوەندو سەنتەرەكانی میدیاو راگەیاندن ئەنجام بدرێ. پێویستە هەموو لایەك دڵنیا بن كەوا ئێمە كراوەین و ئامادەین بۆ گفتوگۆو هیچ جۆرە بەربەست و رێگرێك نییە لەبەردەم سازكردنی دیالۆگی نیشتیمانی لەسەر هەر پرسێكی گرینگ بۆ مسۆگەر كردنی ئایندەیەكی گەش بۆ گەلەكەمان و پەرەپێدانی ئەزموونەكەمان و جێبەجێ كردنی خواست و ویستە رەواكانی گەلەكەمان.
هەر ئەو ئازادی و دیموكراسیە وایكرد ئۆپۆزسیۆن لەدایك بێت و بە چاوی رەخنە لە كارەكانی حكومەت بڕوانێ و چاودێری شێوازی كاری حكومەت بكات. بێگومان بوونی ئۆپۆزسیۆن دیاردەیەكی ئاسایی و دروستەو بەڵگەیە بۆ سەركەوتوویی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە كوردستان. لە كاتێكدا لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا پێمان باشە ئۆپۆزسیۆن بەشدار بن لە پرۆسەی سیاسی و حكومەت بەڵام مەرجیش نییە ئۆپۆزسیۆن لە حكومەت بەشداری بكات، هاوكات بەشداری نەكردنیشیان كارێكی هەڵە نییە. گرینگ ئەوەیە لەسەر خاڵە هاوبەشەكان كۆك بین. دەبێ رێز لە ئیڕادەی میللەت بگیرێت و كەس بە تەنها خۆی نەكاتە نوێنەری میللەت، ئەمڕۆ ئەو دەسەڵاتەی حوكمڕانی كوردستان دەكات نوێنەری زۆرینەی گەلی كوردستانەو بە ئەركی خۆشی دەزانێ رێز لە ویست و ئیڕادەی گەلی كوردستان بگرێت.
راستە ئەزموونی دیموكراسیمان هێشتا تەواو پێنەگەیشتووە، بەڵام ئەزمونێكە جێگەی شانازیەو رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەكردندایە. لەسایەی ئەو سیستەمەیە لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێز لە بۆچوونەكانمان دەگیرێت و ئومێدی زیاتر بۆ ئایندەی گەلەكەمان مسۆگەر دەكەین.
من لە چەند رۆژی داهاتوودا دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ تەواوی سەركردەی پارتە سیاسیەكانی كوردستان ئەنجام دەدەم بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی ئەجێندای كابینەی تازە. لە كاتێكدا كە بیروڕای جیاواز لەنێوان حكومەت و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندا هەیە، لەو باوەڕەدام كە ئێمە دەتوانین بەیەكەوە كۆببینەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش و كاریگەر بۆ زۆر لە پرسەكان.
هاوڕێیان، خوشك وبرایانی بەڕێز …..
شەرەفمەندم كە دووبارە ئەم ئەركەم پێسپێردرا بۆ خزمەتگەیاندن بە هەرێمی كوردستان هیوادارم جێگەی متمانەی گەلەكەمان بم. ئێمە كاتێكی كورتمان لە بەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیەكان. هەر لە ئێستاوە گفتوگۆ لەگەڵ كەسایەتی و لایەنە سیاسیەكان ئەنجام دەدەین بۆ وەرگرتنی بیروڕا و پاڵپشتی و بەشداریان لە حكومەت. هیوادارین كە حكومەتێك پێك بهێنین جێگەی متمانەی هەموولایەك بێت و تەواوی خەڵكی كوردستان پاڵپشتی بكەن بۆ ئەوەی بوێرانە كاربكات بۆ چارەسەكردنی گرفتەكان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لە بەردەمماندایە.