بۆ مامۆستای زۆر بەڕێز و خۆشەویست مامۆستا عەلی باپیر
بەناوی خوای گەورە و بەخشندە
ئەو نامەیەم خوێندەوە كە لە بەرواری 22/1/2012 دا لە ڕێگەی میدیاوە ئاراستەی مامۆستا كرێكارت كردبو. من وا لەم نامەی جەنابتان تێدەگەم كە ئەمە ھەوڵی ئاشتی و برایەتی نیە. بەڵكو دەتەوێ ھەڵوێستێك بۆ مێژوی خۆت و كۆمەلی ئیسلامی تۆمار بكەیت بەوەی ئێوە ھەوڵی خۆتان دا بەڵام مامۆستا كرێكار نایەتە پێشەوە.
ئەگەر تۆ بە جیددیتە و دەتەوێ نێوانتان چاك بێتەوە و ئەو گرژیە نەمێنێ و دڵی موسوڵمانان خۆش بكەیت، من ئامادەم لە ھەر كوێی ئەم ئەوروپایە جەنابت یان كۆمەلی ئیسلامی دیاری دەكات لەوێ نوێنەری ڕاستەوخۆی جەنابتان ببینم و خۆبەخشانە و دڵسۆزانە بۆ ھەردوكتان بكەومە ھەڵسوڕان و ھاتوچۆ.
پێش ئەوە ئەم سەرنجانەم لە نامەكەتان ھەیە:
كاتێك كە تۆ بە مامۆستا كرێكار دەڵێی : چاككردنەوەی ئەو پەیوەندیە برایەتییەی كە نازانم بۆچی و لەسەرچی جەنابت تێكت داوە و بەردەوامیش خەریكی تێكدانی؟!
پێموانیە ئەمە ھیچی لێ سەوز ببێت. تۆ بەو وشانە دەتەوێ ئیستفزازی مامۆستا كرێكار بكەیت بۆ ئەوەی ھەوڵی ئاشتی جەنابتان ڕەت بكاتەوە و، ئیتر لێی لە دەھۆڵ بدەن كە ئاشتی ناوێ و، ڕێگا بۆ ئەو خەڵكانە بكرێتەوە كە لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئەو ھەڵوێستە مەڵاس داوە.
كە لەو سەری نامەكەی جەنابتەوە دەردەچین ئەو ھەستەمان لا دروست دەبێت كە جەنابت لە گەڵ كەسێكی نەشارەزا لە دینەكە قسە دەكەی. ئەڵێی لە كۆبونەوەی سوڵحی عەشایەری داین، لە گەڵ ڕێزمدا بۆ عەشایەر، ئامۆژگاری كەسێك دەكەیت كە لە سەر ئەژنۆ لەبەردەمتدا دانیشتوە و ھەر سەر دەلەقێنێ و دەڵێ “بەڵێ قوربان”.
بۆ نمونە دەنوسی: ئایا ئەمەی تۆ ئێستا زۆربەی كات و تەمەنی خۆتت بۆ تەرخان كردوە، كە بریتیە لە قسە گوتن بەم و بەو و ھەوڵدان بۆ بێزراندن و ناوزڕاندنیان، بە تایبەت خەڵك و لایەنە ئیسلامیەكان، چ ئامانجێكی دنیایی یان قیامەتیت بۆ دەستەبەر دەكات؟!
مامۆستای بەڕێزم، تۆ دەڵێی ئامۆژگاری تەنزیمیەكانی كۆمەلی ئیسلامی دەكەیت! تۆ پێت وانیە مامۆستا كرێكار لە ئاستی تۆدا بێت؟
تۆ جەنابت دەڵێی: ئایا ئهگهر مافی برایهتی ئیمانی لهگهڵ كۆمهڵی ئیسلامییو یهكگرتووی ئیسلامییو بزووتنهوهی ئیسلامییو سهلهفییهكانو ئههلی ته ریقهتو…هتدا جێبهجێبكهی، نابێ چی بۆخۆت پێت خۆشه بۆئهوانیشت پێخۆشبێ، وهك پێغهمبهر “صلی الله علیه وسلم” فهرموویهتی: {لایۆمن أحدكم حتی یحب لاخیه ما یحب لنفسه} متفق علیه،؟!
مامۆستای بەڕێزم، من ئەو نەریتەم نیە خەڵكی سوێند بدەم، بەڵام ئەوەندە دەڵێم “تۆ چۆن دەتوانی باسی برایەتی ئیمانی لە گەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بكەی كە تا ھەردو مامۆستای ڕابەر (مامۆستا مەلا عوسمان و مامۆستا مەلا عەلی رەحمەتی) مابون تۆ بە ھەمو شێوەیەك دژایەتیت دەكردن و، ئەو بزوتنەوە ئیسلامیەت لەت كرد؟ باشە تۆ تازە بە تازە بیر لە برایەتی ئیمانی لە گەڵ بزوتنەوە دەكەیتەوە؟ ئەی ئەو كاتە چەندمان پێوتی كە بیر لە برایەتی بكەیتەوە و بەزەیت بێتەوە بە كەسوكاری شەھیدەكانی بزوتنەوەی ئیسلامیدا و ئەو بزوتنەوەیە لەت نەكەیت؟ من لە مزگەوتی “جیھاد” لە ساڵی 1995 دا پێم نەوتی “ئەم بزوتنەوەی ئیسلامیە خێمەیەكە بەسەر سەری ھەمومانەوە و ھەریەكێك لە ئێوەی سەrكردایەتی بەرپرسن لە سنگێكی و، ئەگەر لای ھەركامێكتانەوە سنگەكە ھەڵكەندرا خێمەكەمان لەسەر لادەچێ و دەكەوینە بەر تیری دوژمنان”؟ ھەمو وەڵامەكەی جەنابت ئەوەبو كە وتت “ئەمانە كەللەیان ڕەقە”. مەبەستت لە ھەردو ڕابەر بو!! ئەی منیش پێم نەوتی “مامۆستا عەلی باپیر چارەسەرەكەی تۆش ئاسنە”. تۆ تازە فرمێێسك بۆ تەوژمی ئیسلامی ھەڵدەڕێزژی؟ تۆ بەخۆت زانیوە چەند قەرزاری ڕابونی ئیسلامی و خەڵكەكەی و ئەندام و لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلامیت؟
تۆ لە مامۆستا دەپرسی: ئایا تۆ بهم كارو ڕهفتارهت چ ئامانجێكی شهرعیی دابین دهكهیو چ ئومێدێكی دنیاو دواڕۆژت بهو ههڵوێستهت ههیه، كه جگه لهناحهزانی تهوژمی ئیسلامییو لایهنو كهسایهتییه ئیسلامییهكان، هیچ كهس پێی خۆش نیه؟
باشە مامۆستای بەڕێزم ئەم ئەوبەر و ئەوبەرەی لەم كوردستانەدا دەیكەیت و بە كۆڵانەكانی ھاوكێشەی سیاسیدا ڕاكەڕاكەتە، پێمان ناڵێی چ خزمەتێك بە ڕابونی ئیسلامی دەكات؟ ڕۆژێك لە گەڵ پارتی و ڕۆژێك لە گەڵ یەكێتی و ڕۆژێك لە گەڵ كۆمۆنیست و ڕۆژێك لە گەڵ سۆشیالیست؟ باشە لەبری ئەوە بۆ لە گەڵ بزوتنەوەدا یەكت نەگرتەوە و پێت دەوتن “بزوتنەوەی ئیسلامی لە (خبر)ی (كان)ە و، ” دهبێ ئهو نانه رهقهی له دهمیاندایه ههر به ووشكی بمێنێتهوه”؟
بۆ پێت وایە بەسەردانێكی سەرپێیی ئەم ڕۆژانەت بۆ لای بزوتنەوە ڕابوردو سرایەوە؟ تۆ بەو لەتكردنی بزوتنەوەیە دەزانی چەند گەنج و پیاوی ڕەشیدی ناو ئەو بزوتنەوەیەت سارد كردەوە؟
تۆ بە مامۆستا كرێكار دەڵێی: ئایا ئهم تهمهنه كهمو كورتهی ژیانی دنیامان كه زۆری ڕۆیشتوهو كهمێكی ماوه، حهیفو خهسار نیه ههر بهدژایهتیی كردنو كینهو بوغزو غهرهزو جنێو و قسه پێگوتنو تۆمهت بۆ ههڵبهستنو گومانی خراپ پێبردنی ئهمو ئهو بهسهری بهری!
تۆ پێت وایە خۆت غەرەز و بوغزت نیە؟ تۆ پێت وایە كارەكانت ھەمیشە شەرعی بون؟ تەنھا ئەوەندەت بە بیر دێنمەوە كە ھاوینی ساڵی 2000 لە تەوێڵە كۆنگرەی بزوتنەوە بەسترا و لە ئەوروپاوە من و برایەكی تر ھاتبوینەوە بۆ بەشداربون تیایدا. پێش كونگرە ئەفرادەكانتان ھەریەكەیان لیستێكی پێبو و لەبەردەم مزگەوتەكەی تەوێڵەدا بە دزیەوە داوایان دەكرد كە دەنگ بدەن بە جەنابتان. ئەمە شەرعی بو؟ ئەی كە كۆنگرە تێكچو و بۆ بەیانی ھاتنەوە بۆ تەوێڵە و بۆ چاوبەستكردن لە پێشمەرگەی ھەژار ھەمو چونە ناو خانەقاكەی تەوێڵە و خەڵكیش لە دەرەوە دەستیان بۆ ئاسمان بەرز كردبۆەوە و ھاواریان بۆ خوا دەكرد كە ئێوە دڵتان نەرم بێت و ڕێك بكەون؟ بەڵام دوای چونەوە ناو مزگەوتەكە بۆ بەردەوامیدان بە كۆنگرە، جارێكیتر تێكچوەوە و بڵاوەتان لێكرد. بۆ بەیانی كەوتنە فڕوفێڵ لە ئەندامانی بزوتنەوە كە لە شاری سلێمانیەوە ھاتن بۆ ئەوەی كۆنگرەكە سەركەتو بێت، بەڵام ئێوە لای خورماڵ خاڵێكی پشكنینتان دانابو و ھەركەس دەھات بەرەو مزگەوتەكەی خورماڵ بەڕێتان دەكرد و پێتان دەوت “كۆنگرە لەوێ دەبەسترێ” و، لەوێش تەنھا ھەر خۆتانی لێبون. ئاخر تۆ ئێستا باسی دڵسۆزی چی دەكەیت بۆ ڕابونی ئیسلامی و تانە لە مامۆستا كرێكار دەدەی كە تەمەنێكی كەمی ماوە با كات و تەمەنی خۆی تەرخان بكات بۆ پرۆژەكانی و تاكو ھەست بە بۆشایی و بێكاری نەكات.
مامۆستای بەڕێزم چاوپۆشی چیتان لە مامۆستا كرێكار كردوە و تا ببێتە ھاندەری ئەو، خۆت واتەنی، بۆ چاوبەخۆدا گێڕانەوە؟
جاری پێشو كە كەسێك بە ناوی سەلاحەدین كۆییەوە سوكایەتی بە مامۆستا كرێكار دەكرد و دواییش چەندین ئەندامی سەكردایەتی حیزبەكەت لەسەر مامۆستایان نوسی و تۆش وەك ئێستای سوران عومەر دەنگێكت لێنەھات. داوای لێبوردن دەكەم كە پێت دەڵێم “بۆیە بێدەنگ بوی چونكە ھەستەكانی جەنابتیان دەجوڵاند و خەسمێكت دەشكێنرا”.
مامۆستای بەڕێزم تۆ لە وەڵامی ئیرانیزمەكەدا ھاتوی لە لایەنی زمانەوایەوە بۆمان راست دەكەیتەوە. خۆ ئەوەیە كێشەیەك نیە و، ھەمو كەسێك لێی تێدەگات كە مەبەست چیە لێی. تۆ لەوێشدا نەتوانیوە بە ئاشكرا ڕەتی بكەیتەوە و بیسەلمێنی كە ئەوە ڕاست نیە. بەڕاستی ئەم خاڵە لەمێژە بۆتە جێی سەرنجی من و ھەمو ڕۆژێك چاوەڕوانم بە بەڵگەوە ڕەتی بكەیتەوە. من ناڵێم پەیوەندیت لە گەڵ ئێران نەبێت. من دەڵێم با پەیوەندیەكان ئاشكرابن و گومان بۆ كەس دروست نەبێت.
من باسی ئەمانە ناكەم بۆ ئەوەی بت شكێنم، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە بزانی خەڵكی ئاستی وشیاریان بەرزە و نێوانی دێڕەكانی سیاسەت دەخوێننەوە. ئەو سەردەمە بەسەرچو ھەمو دەستمان بە سنگەوە بێت و ھەر چاپۆشی لە ھەڵەكانتان بكەین بۆ ئەوەی ڕابونی ئیسلامی نەڕمێت. تازە ڕابونی ئیسلامیتان ڕماند و چونە ئەو قاڵبەی دەسەڵات بۆی دروست كردن.
مامۆستای بەڕێزم قسەكانت زبر نین. مافی خۆتە بەرگری لە خۆت بكەیت، بەڵام ئێمەش كە ڕۆژێك لە ڕۆژان فەردێكی ئەو ڕابونە ئیسلامیە بوین مافمان لەسەرتانە بزانین تا ئێستا چیتان كردوە بۆ ھەستانەوەی ئەو ڕابونی ئیسلامیە؟ كوا خیتابی سیاسیتان؟ كوا بەرنامەی كار و پرۆژەی ھێنانەوەی ئیسلام بۆ ژیانی كۆمەلگە؟ بۆ ئێوە پێتان وایە گەیشتنی ژمارەیەك لە ئەندامەكانتان بە پەرلەمانی كوردستان و خۆشت بە پەرلەمانی عێراق ئیتر گەیشتینە سەردەمی محمدی مەھدی و مافەكانمان دەست كەوتەوە؟
تۆ كە ئامادەییت تێدا نەبێت لە گەڵ مامۆستا كرێكار بە جیددی ئاشتی بكەی چۆن دەتوانی لە بەغدا وەك خۆت بانگەوازت بۆ كردوە نێوانی سوننە و شیعە چاك بكەیتەوە كە دەیان سەدەی پێچوە و ھێندە پیر بوە خۆشیان نازانن لە كوێوە بۆ چاسەرەكەیی بچن؟
تۆ دەفەرموی : خوا ئاگاداره جگه لهدڵسۆزییم بۆخۆتو بۆ تهوژمی ئییسلامییو خهڵكو كۆمهڵگاكهمان بهگشتی، هیچ مهبهستو هاندهرێكی دیكهم نیه، هیواداریشم جهنابیشت ههر بهونهفهسه لێم وهربگریو وهك حهبو دهرمانی تاڵ و به ئێش، تاڵییو ئێشهكهیان لهنێوهڕۆكه سوود بهخشهكهیان بێبهشت نهكات!
باشە مامۆستای ئازیز تۆ بۆچی خۆت لەو ئامۆژگاریەی خۆت خۆت بێبەش كردوە و تەنھا بە مامۆستا كرێكار دەڵێی كە وەك حەب و دەرمانی تاڵ و بە ئێش، خۆی لە سود بەخشەكەیان بێبەش نەكات؟ دیارە جەنابتان كارەكانی خۆتان زۆر پێ ڕەوایە و پێویست ناكات حەبی تاڵی دڵسۆزی بۆ تەوژمی ئیسلامی و خەڵك و كۆمەڵگەكەمان بخون؟
مامۆستای بەڕێزم، كاك عەلی باپیر ناكۆكی و ناتەبایی بە تەرەفێك دروست نابێت. گومانم لەوەدا نیە كە تۆش تەرەفێكی گرنگیت لە ناكۆكی و ناتەباییەكان و لە چارەسەرەكانیشدا. وەرە وەك كەسێكی لێبڕاو بۆ دینی خوا و پاشان بۆ كۆمەڵی موسوڵمان و دواییتریش بۆ ئەم میللەتە نەگبەتەی لە ھەمو مافێك مەحروم بوە (نفس أمارة بالسوء) بخەرە ژێر پێیەكانتەوە و دەستی ڕاستەقینەی برایەتی بۆ مامۆستا كرێكار بێ تانەوتەشەردان درێژ بكە. مەرج بێت ئەگەر مامۆستا كرێكار قبوڵی نەكرد بێمە ناو كۆمەلی ئیسلامیەوە و بەیعەتت پێبدەم.
خالد رەنجدەر
23/1/2012