عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری: تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی ده‌ستوور خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه‌

0

عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری: تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی ده‌ستوور خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه‌

نوچه‌نێت: هه‌ولێر

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ر به‌ فراكسیۆنی گۆڕان رایگه‌یاند، پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ك میسر و لیبیا و سوریا و یه‌مه‌ن درووست ده‌كات، بۆیه‌ تێپه‌ڕاندنیشی به‌ “خیانه‌تێكی گه‌وره‌” ناو برد.

عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ر به‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت رایگه‌یاند، له‌ پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی تێدایه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “له‌ دیباجه‌كه‌یدا باسی مێژووی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات وه‌ك ئه‌و تاوان و زوڵم و كاره‌ساتانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن رێژمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانه‌وه‌ ده‌رهه‌قی ئه‌نجام دراون، به‌ڵام به‌ یه‌ك رسته‌ باسی ئه‌و زوڵمه‌ ناكات كه‌ خۆمان له‌سه‌ر ده‌ستی خۆمان ده‌رهه‌ق به‌ خۆمان ئه‌نجاممانداوه‌، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆیه‌، كه‌ گه‌وره‌ترین برینی كرده‌ گیانی خه‌ڵكی كوردستان و ره‌شتترین مێژووی كورده‌”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی تری ئه‌و ده‌ستووره‌، پێوه‌ندی به‌ كۆڵه‌گه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، وتی “پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، تێكه‌ڵاوییه‌كی زۆر گه‌روه‌ له‌ نێوان هه‌رسێ‌ ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێ‌ كردن و یاسادانان و دادوه‌ریدا ده‌كات، به‌ جۆرێك كه‌ به‌شێكی زۆری ده‌سه‌ڵاته‌كان دراوه‌ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی پێهه‌ڵده‌بژێردرێت، شێوازێكه‌ زیاتر له‌ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ نزیكه‌، له‌ كاتێكدا سیسته‌می حوكمڕانی له‌ عێراقدا، سیسته‌مێكی په‌رله‌مانییه‌، به‌ پێی مادده‌ی یه‌ك له‌ پرۆژه‌ ده‌ستووره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش جارێكی تر جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر سیسته‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی پێ هه‌ڵده‌بژێردێت و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ پێیدراوه‌، ده‌كرێت پێی بوترێت سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌، بۆ نموونه‌ له‌ عێراقی پێشودا په‌یڕه‌وكرا دیكتاتۆری درووست كرد، ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی هه‌رێمی كوردستاندا گونجاو نیه‌، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌ حكومڕانییه‌، له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسییدا یه‌كناگرێته‌وه‌”.

یه‌كێك له‌ ره‌خنه‌كانی تر كه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و پرۆژه‌ ده‌ستووره‌ ده‌بێته‌وه‌، پێوه‌نداره‌ به‌ ئازادییه‌كانه‌وه‌، وه‌ك ئازادی خۆپیشاندان و ئازادی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری كه‌ پێوه‌نداره‌ به‌ كاری راگه‌یاندنه‌وه‌، كه‌ به‌ دوو كۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌كی ئازادییه‌ گشتییه‌كان داده‌نرێن، چونكه‌ له‌و پرۆژه‌ ده‌ستووره‌دا سنووردار كراون، عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری ده‌ڵێت “ده‌ستوور زه‌مانه‌تی ئه‌و مافانه‌ی نه‌كردووه‌ و سیفه‌تی موماره‌سه‌ كردنی مافه‌كانی داوه‌ته‌ ده‌ستی په‌رله‌مان، بۆیه‌ هه‌ر زۆرینه‌یه‌كی په‌رله‌مانی له‌ هه‌ر قۆناغێكدا، ده‌توانێت ئه‌و مافانه‌ له‌ هاوڵاتییان وه‌رگرێته‌وه‌ و چوارچێوه‌یه‌كی به‌رته‌سكی بۆ دابنێت”.

به‌ گوێره‌ی وه‌ته‌كانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ راسته‌وخۆ له‌ژێر فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌ وڵاته‌ دیموكراسییه‌كاندا ئه‌و هێزانه‌ له‌ ژێر چاودێری په‌رله‌ماندان، وتیشی “ئێستا كه‌سانی سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیاری كراو، داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هیچ وڵاتێكی دیموكراسیدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌، ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی شه‌ڕی ناوخۆ بووه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك ئێستا كه‌ داموده‌زگای ئه‌منیمان هه‌یه‌ به‌ حساب، به‌ڵام خۆیان مه‌ترسین له‌سه‌ر ژیانی رۆژنامه‌نووسان و ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان”.

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی وته‌كانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌، ده‌سته‌كانی نه‌زاهه‌ و چاودێری دارایی و هه‌موو ئه‌و ده‌ستانه‌ی تر كه‌ درووست ده‌كرێن بۆ باشتر كردنی اودێرییه‌كان، ئاماژه‌یان پێنه‌دراوه‌ كه‌ سه‌ر به‌ په‌رله‌مانی كوردستان بن، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌ك دارێژراوه‌، كه‌ سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ‌ كردن و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بن، وتی “وه‌كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌كانی پێشوودا بینیمان، ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كه‌ یاساكه‌ی بۆ ده‌رچوو، سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردنه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وان چاودێری پێشێلكاری ده‌كه‌ن به‌رانبه‌ر به‌ مافی مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ‌ كردن خۆیشی مافی مرۆڤ پێشێل ده‌كات”.

عه‌بدوڵڵا مه‌لا نوری ره‌خنه‌ی زیاتر له‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌گرێت و پێیوایه‌ مافی نه‌ته‌وه‌كانی تری تێدا ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌، ده‌ڵێت “به‌جۆرێك دارێژراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌، ته‌نها كوردی تێدایه‌، له‌ كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین ئه‌م هه‌رێمه‌ مه‌سیحی و توركمانی نه‌ته‌وه‌یی تریشی تێدایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌ك بێت، كه‌ مافی ئه‌وانه‌ش بپارێزرێت و ئاماژه‌ی پێبدرێت، بۆیه‌ ده‌بێت ده‌ستوور ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌ سیاسی و كۆمه‌لایه‌تییه‌ بێت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌”، وتیشی “له‌و پرۆژه‌یه‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سنووری هه‌رێمی كوردستان دیاری نه‌كراوه‌”.

عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری وتیشی “ئه‌م پرۆژه‌ ده‌ستووره‌ گرفتی زۆر گه‌وره‌ی تێدایه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا سیسته‌مێكی حوكمڕانیمان بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت وه‌ك سوریا و لیبیا و تونس و میسر و یه‌مه‌ن ده‌بێت، ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ بینیمان له‌و وڵاتانه‌ روویاندا و سه‌رۆكی چه‌ندین وڵات له‌ وڵاته‌كانی خۆیان وه‌ده‌ر نران”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور به‌و هه‌موو گرفته‌وه‌، به‌ “خیانه‌تێكی گه‌وره‌”، ناو ده‌بات، ده‌ڵێت “تێپه‌ڕاندنی ئه‌م پرۆژه‌ ده‌ستووره‌ خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه‌، خیانه‌ت كردنه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ و خوێنی شه‌هیدان و قوربانیدانی ده‌یان ساڵی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ له‌ پێناوی ئازادی و مافی مرۆڤدا قوربانی داوه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ ئێستادا داكۆكی له‌م پرۆژه‌ ده‌ستووره‌ ده‌كه‌ن، ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكی دیاری كراو له‌به‌رچاو ده‌گرن، هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌شن كه‌ كاتی خۆی، به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و نادیموكراسیانه‌، پرۆژه‌كه‌یان له‌ رێككه‌وتی (4/6/2009) تێپه‌ڕاند، ئه‌وانه‌ش كه‌ ئه‌م ده‌ستووره‌یان داڕشتووه‌، بیریان له‌ قۆرخكاری كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ خه‌ونه‌ و حه‌ق نیه‌ كه‌س بیری لێ بكاته‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م پرۆژه‌ ده‌ستووره‌ قبووڵ ناكه‌ن”.

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com