په‌یامێكی رۆژنامه‌وانی بۆ نێچیرڤان بارزانی
مه‌لا به‌ختیار
له‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا، پێده‌چێت، كابینه‌ی شه‌شه‌م، به كابینه‌ی حه‌وته‌م، له‌چوارچێوه‌ی چوار ساڵ ده‌ستاوده‌ست پێكردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان یه‌كێتی‌و پارتیدا، بگۆڕدرێت. ئه‌مه‌ش به‌پێی راده‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌زمونی دیموكراسیمان، سه‌ره‌تایه‌كی باشی ده‌ستاوده‌ست پێكردنی ده‌سه‌ڵاته. به‌ڵام هێشتا به چه‌مكه دیموكراسیه فراوانه‌كه‌ی، یه‌كێتی‌و پارتی ماویانه، له دوا مه‌حه‌كی ده‌ستاوده‌ست پێكردنی ده‌سه‌ڵات بدرێن. ئه‌ویش ته‌نها ئه‌وه‌یه، جگه له خۆیان، ئاخۆ له هه‌ڵبژاردنێك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، هێزێكی براوه‌ی دیكه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات قبوڵ ده‌كه‌ن یان نا؟ بێگومان پرۆسه‌ی دیموكراسی، مادام له‌كوردستاندا كه‌وتۆته‌ڕێ، ده‌شبێت بگاته سه‌ره‌نجامێكی وای هه‌ڵبژاردن. ئه‌مه ده‌رسه‌كانی مێژوویی دیموكراسییه.
كاكه نێچیرڤان!
به‌ڕێزتان كاتێك كابینه‌ی پێنجه‌متان گرته‌ده‌ست، به‌نده، وتارێكم نوسی‌و تیایدا جه‌ختم كرده‌وه، كه به‌هه‌موو توانایه‌ك ده‌بێت پشتیوانی ئه‌م كابینه‌یه بكرێت، چونكه، له قۆناغێكی هه‌ستیاردا سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو كابینه‌تان كرد. بۆ ویژدانیش بیڵێم: چوار ساڵی هه‌تا بڵێی سه‌خت بوو، گه‌رچی ماوه‌كه، بۆ پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌و گرانی ئاوها، زۆر نه‌بوو. به‌ڵام ئێوه‌و به‌شێكی به‌رچاوی هه‌ڤاڵه‌كانتان، له‌م پێناوه‌دا كاری گه‌وره‌تان كرد. باقی ئه‌ركه‌كانتان سپارده كابینه‌ی شه‌شه‌م. كابینه‌ی شه‌شه‌میش، له هه‌لومه‌رجێكی تری به‌دیهێنانی ئه‌ركه هاوبه‌شه‌كانی چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی حكومه‌تی یه‌كگرتوودا، هاوكات له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان‌و پابه‌ند بوون به به‌رنامه‌ی لیستی كوردستانی، له دوو ساڵدا (نه‌ك چوار ساڵ) بێگومان به بودجه‌یه‌كی زۆر زیاتره‌وه، كاری به‌رچاوی كردووه: ژماره‌ی پرۆژه‌كان زیادی كردوه؛ به‌رنامه‌ی تواناسازی به‌رنامه‌یه‌كی نوێچه‌شنی زانستی بوو؛ دامه‌زراندنی هاوڵاتی به‌پێی دابه‌شكردنی فۆرم له بنكه‌كاندا، به‌دیهێنانی هه‌لی یه‌كسان بوو بۆ دامه‌زراندنی هاوڵاتی؛ پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری‌و دروستكردنی خانوو؛ هاوكاری ده‌رچوانی زانكۆ‌و په‌یمانگاكان هه‌تا داده‌مه‌زرێن؛ جێبه‌جێكردنی به‌شێكی بڕیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانیشدا، فراوانبوونی خزمه‌تگوزاری‌و ئاوه‌دانی له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا.. تاد. ئه‌مانه له كاره به‌رچاوه كاریگه‌ره‌كانی كابینه‌ی شه‌شه‌من، كه ناكرێت له‌به‌ر هیچ هۆیه‌ك، له‌به‌رچاو نه‌گیرێن.
به‌ڵام:
ئه‌وه‌ی له شه‌ش ساڵی رابردوودا، له چوار ساڵی كاكه نێچێرڤان‌و دوو ساڵی كاكه د.به‌رهه‌مدا، ئه‌نجام نه‌دران، یه‌كخستنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ته‌واوی حكومه‌تی كوردستانه، به‌تایبه‌تی وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی‌و ناوخۆ‌و تاڕاده‌یه‌ك پاشماوه‌ی یه‌كنه‌خراوی پێشمه‌رگه‌ش. ئه‌مجاره‌ش دیسان، ئه‌م ئه‌ركه قورسه بۆ كابینه‌ی حه‌وته‌م مایه‌وه. كه من دڵنیام، هۆی یه‌كنه‌خستنی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌و رماندنی ته‌واوی دیواره سیاسی‌و سایكۆلۆژیه‌كانی به‌رده‌م یه‌كخستنه‌وه‌ی ده‌زگا، پارێزگا‌و ناوچه‌كان، هێنده‌ی بۆ هه‌لومه‌رجی سیاسی‌و سیاسه‌تی پارتی‌و یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه‌متر له‌وه بۆ سه‌رۆك وه‌زیران‌و كابینه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌كو تریش، ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تی له‌به‌رده‌مدا ماون، جێبه‌جێ بكرێن. كورتیه‌كه‌ی له‌روانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه:
یه‌كه‌م: راسته پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری‌و پێشینه‌ی عه‌قارو كۆمه‌كی ده‌رچوان دابین ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مه گولاجه، عیلاج نییه. چاره‌سه‌ری راسته‌قینه، گه‌ڵاڵه‌كردن‌و په‌سه‌ندكردنی یاسای سۆسیاله له كوردستاندا. بۆئه‌وه‌ی هه‌موو هاوڵاتیه‌ك، كار بكات یان نه‌كات، ژیانی ده‌سته‌به‌ر بكرێت. هیچ هاوڵاتیه‌ك دڵه‌ڕاوكێی خۆی‌و ماڵ و مناڵی سه‌ره مانگانه‌ی نه‌بێت. چونكه هه‌موو هاوڵاتیه‌ك، چۆن ئه‌ركی هه‌یه، مافیشی هه‌یه، ژیانی مسۆگه‌ر بكرێت. ده‌رچوو بێ یان ده‌رنه‌چوو. خوێنه‌وار یان نه‌خوێنه‌وار.
دووه‌م: سیسته‌می ته‌ندروستی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ریفۆرمانه‌ی تیایدا كراوه، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش، هه‌تا دێت نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره‌و بچوك زیاد ده‌بن، چه‌شنایه‌تی ده‌رمانیش، له‌ئاستێكی باشدایه. به‌ڵام، هێشتا سیسته‌می ته‌ندروستی سیسته‌مێكی دواكه‌وتوه. هێشتا هاوڵاتی، به‌ده‌ست نه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كانه‌وه ده‌پڕوكێن. هێشتا ده‌رمانی خراپ‌و له‌هه‌زاران ده‌رمانخانه‌ی مۆڵه‌تپێنه‌دراوی قاچاخچیه‌كانی ده‌رماندا، كورده‌واریان دورچاری جۆره‌ها نه‌خۆشی كوشنده‌و درێژخایه‌ن كردووه. ئه‌مه جگه له به‌شێك له رێژه‌ی كۆچكردوان، په‌یوه‌ندی به سیسته‌می ته‌ندروستی‌و ده‌رمان‌و ده‌رمانخانه‌ی خراپه‌وه هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌م سیسته‌مه خراپه‌ی ته‌ندروستی، پزیشك ناچاره، زۆرجار به‌ئاره‌زوی خۆی نرخ دابنێت. ده‌رمانخانه‌و تاقیگاكانیش، به‌هه‌مان شێوه. هه‌مووشی له‌سه‌ر حسابی ئاساییشی ته‌ندروستی‌و هاوڵاتی نه‌خۆش ده‌شكێته‌وه. له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی ته‌ندروستی مۆدرێن هه‌بێت، هه‌م پزیشك، هه‌م كارمه‌ندی ته‌ندروستی، هه‌م ده‌رمانخانه‌و هه‌م هه‌موو كارگوزارێكی ناو سیسته‌می ته‌ندروستی، به‌پێی بڕوانامه‌و ماندوبون‌و توانای زانستیانه‌و پیشه‌ییانه، له‌مافیان، موچه‌یان، داهاتیان، راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان‌و باوه‌ڕی ویژدانییان دڵنیا ده‌بن.
چ مه‌قولیه‌تێكی تێدایه، رۆژانه، به ته‌ن، خۆراك‌و ده‌رمانی به‌سه‌رچوو ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت، كه ئه‌مه به هه‌موو پێوه‌رێك تاوانێكی گه‌وره‌یه ده‌رهه‌ق به ئاسایشی ته‌ندروستی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كه‌چی یه‌ك چاقاخچی له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه زیندانی ناكرێت؟!
سێهه‌م: ژێرخانی ئابوری، گرنگترین به‌شی ئابوری وڵاتانی دنیان. به‌داخه‌وه تا ئێستا به‌رنامه‌ی ئابوری حكومه‌تی كوردستان، كه‌مترین ئاوڕی له ژێرخانی ئابوری داوه. ژێرخانی ئابوری به چه‌مكی زانستی ئابوری، ئێستا ته‌نها ئه‌و وڵاتانه ناگرێته‌وه كه سامانه سروشتیه‌كانیان، به‌شی ژێرخانێكی تۆكمه ده‌كات. به‌ڵكو ئێستا كۆمپانیا فره ناسنامه‌كان، له‌هه‌ركوێیه‌ك كاڵاكانیان ئاسان‌و هه‌رزان به‌رهه‌م بهێنرێت، بۆ خۆیان‌و ده‌وروبه‌ریان، ناوه‌ندێكی باش بن بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م. كۆمپانیا زه‌به‌لاخه‌كانی دونیا خۆیان ره‌دووی وڵاتان‌و بازاڕی وا، ده‌كه‌وون. كوردستان، نه‌ك هه‌ر ناوه‌ندێكی باشی رۆژهه‌ڵاته، به‌ڵكو خاوه‌ن سامانێكی سروشتی كه‌موێنه‌شه، چ له‌باری پیشه‌سازییه‌وه، چ له‌باری كشتوكاڵیشه‌وه. به‌داخه‌وه تائێستا كوردستان بازاڕی هاورده‌ی به‌روبومی كشتوكاڵه. چ جای بۆ پیشه‌سازی گه‌وره‌و مامناوه‌نجی. شاخه‌كانی ئاسنگه‌ران‌و ئاسناوا، بێ‌ناز بێ‌ناز چاوه‌ڕوانی كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ن، هه‌تا ساڵانه سه‌دان ملیۆن دۆلار تێچوونی ئاسنی هاورده نه‌كرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی، له نه‌وت‌و گاز‌و گه‌لێك كانزای دیكه‌ی ژێرزه‌مین، ده‌وڵه‌مه‌ندین‌و له به‌رهه‌مهێنان‌و به‌كارهێنانیشدا، دواكه‌وتووین. ئه‌مه‌ش وایكردووه ئاستی به‌رهه‌مهێنان‌و سه‌عاتی كار‌و كاركردن له‌كوردستاندا، نزم بێ.
چواره‌م: جاده‌و بانی كوردستان، گه‌رچی له ده‌هه‌ی رابردوودا، خزمه‌تێكی به‌رچاو له جاده‌و بان كراوه، به‌ڵام هێشتا جاده هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی نێوان شاره سه‌ره‌كیه‌كان، وه‌كو شاده‌ماری هاتوچۆی ناو كوردستان‌و ده‌ره‌وه، هێشتا دوو ساید نییه. ئه‌مه له‌كاتێكدا هه‌م كوردستان داهاتی هه‌یه، هه‌م كۆمپانیای بێگانه‌ش ئاماده‌ن له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان، شاجاده‌كانی كوردستان، بكه‌نه دوو ساید. به‌ڵام باجی له‌سه‌ر ده‌سه‌نن. ئه‌مه‌ش له‌جیهاندا زۆر كراوه. سه‌ره‌نجام یان خۆمان ده‌بێت جاده‌كان ته‌واو بكه‌ین، یان ده‌بێت بدرێته كۆمپانیاكان.
پێنجه‌م: شه‌فافیه‌تی بازاڕ؛ ناڕه‌زاییه‌كی به‌رچاوی سه‌رمایه‌داران، كۆمپانیاكان، بۆ پرۆژه‌و سه‌رمایه‌گوزاری، چ له ده‌ره‌وه‌و چ له ناوه‌وه‌ی كوردستاندا هه‌یه. ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ش زۆرتر روبه‌ڕوی كۆمپانیا‌و به‌رپرس‌و دۆسته شه‌ریكه‌كانی به‌رپرسان ده‌كرێته‌وه. چه‌ندی راسته؟ چه‌ندی ناڕاسته؟ ئه‌مه‌یان به راگه‌یاندن ساغنابێته‌وه. به‌ڵكو، به پرۆژه‌یه‌كی ئابوری بازاڕی ئازادی شه‌فاف، كه حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌ته‌كان، به‌بێ ته‌م‌ومژ، به‌پێی یاسا‌و رێسای په‌سه‌ندكراوی په‌رله‌مان، دوور له ده‌ستێوه‌ردان، دورو له به‌رتیل خواردن، دورو له مشه‌خۆری، دوور له گه‌نده‌ڵی‌و فرت‌و فێڵ، ده‌بێ بازاڕی ئازاد به‌م شێوه شه‌فافه، رێكبخرێته‌وه‌و سه‌رمایه‌دارانی كوردستان، دڵنیا بكرێن كه هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌موو كۆمپانیایه‌ك، به‌پێی سه‌رمایه‌و ئامێر‌و كه‌ره‌سه‌و توانای جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه، ده‌ڕه‌خسێت.
شه‌شه‌م: بواری گه‌شتوگوزار، كوردستان، یه‌كێكه له ناوچه هه‌ره دڵگیره‌كانی ناوچه‌كه‌و شیاوه بۆ گه‌شتوگوزارێكی فراوان. راسته لێره‌و له‌وێ، هاوینه‌هه‌واره‌كان، هه‌تاڕاده‌یه‌ك خزمه‌ت كراون. به‌ڵام هه‌موو پارێزگای دهۆك، كه به‌درێژایی مێژوو به‌شێكی به‌رچاوی هاوینه‌هه‌واری تیا بووه، هێشتا په‌ره‌سه‌ندن‌و بوژانه‌وه‌ی هاوینه‌هه‌واره‌كان، نه‌گه‌یشتونه‌ته ئاستی ئه‌وكاته‌ی رژێم له كوردستاندا بووه. هاوینه‌هه‌واری سه‌ری ره‌ش‌و سه‌لاحه‌دین‌و شه‌قڵاوه‌ش، ئێستا ناوه‌ندی ره‌سمی چالاكی سیاسی‌و حیزبین. له‌به‌رامبه‌ردا، شوێنی دیكه، به‌پێی پێویست بۆ خزمه‌تی هاوڵاتی، له پارێزگای هه‌ولێردا نه‌بوژاوه‌ته‌وه. پارێزگای سلێمانیش، جوانترین ناوچه‌ی گه‌شتوگوزار: هه‌ورامان، ئه‌حمه‌د ئاوا، ناوچه‌ی ئالان، قۆپیه‌كانی قه‌ره‌داغ، به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، سه‌رته‌ك، كه‌مترین خزمه‌تگوزاری گه‌شتوگوزارییان بۆ براوه. هه‌روه‌ها، هاوینه‌هه‌واری دوكانیش، جگه له‌وه‌ی به‌شێكی كه‌می بۆته ناوه‌ندی ره‌سمی چالاكی سیاسی، هێشتا زۆری به‌به‌ره‌وه ماوه، بكرێته هاوینه‌هه‌وارێكی دڵگیرتر. ئه‌مه له‌كاتێكدا، ئێستا له سه‌رانسه‌ری عێراق‌و كوردستانی ئێرانیش، سه‌یرانكه‌ر ساڵانه له ملیۆن تێده‌په‌ڕن. له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا ته‌نانه‌ت بایی پێویست توالێتی بۆ نه‌كراوه، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌شه، له بێخزمه‌تیدا، قێزه‌ونه!!
گه‌شتوگه‌زار له‌كوردستاندا پێویستی به كۆلێژ‌و په‌یمانگاو ستراتیژی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه. نه‌ك به به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزار، كه توانای به‌دیهێنانی ئه‌و ستراتیژه‌ی نییه‌و ناشبێ.
حه‌وته‌م: په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا.. وه‌كو خزمه‌تی گشتی، وه‌كو ژماره‌و چه‌ندایه‌تی، خزمه‌تێكی زۆر له بواری په‌روره‌ده‌و خوێندنی باڵادا كراوه. به‌ڵام وه‌كو چۆنایه‌تی، دڵته‌زێنه. بۆ نمونه: زانكۆكانی كوردستان، له ریزبه‌ندی چواره‌مین هه‌زاری زانكۆكانی جیهاندان. په‌یمانگاكانیش هه‌ر وان.
له بواری په‌روه‌رده‌دا، كاری باش له گۆڕانكاری فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌و پرۆگرامه‌كانیدا، له كابینه‌ی پێنجه‌مدا كراوه‌و پێشكه‌وتنیشی هێناوه‌ته دی. به‌ڵام پرۆسه‌كه راگیراوه. له هه‌ندێك شوێندا، پاشه‌كشه‌ش كراوه. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ناله‌باری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ‌و خوێندن ده‌بێ. به‌ڵكو ده‌شچێته خزمه‌تی سه‌له‌فییه دژه‌كانی دیموكراسیه‌وه. بۆیه، حكومه‌ت ده‌بێ، به‌وپه‌ڕی تواناوه، بیر له چاره‌سه‌ركردنی كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش، به‌بێ ده‌یان كۆنگره‌ی زانستی، به پشتبه‌ستن به پسپۆڕی بێگانه، به دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ژمونگه‌ری ده‌سه‌ڵات‌و ئایدیۆلۆژیه‌تی حیزبایه‌تی، مه‌حاڵه.
به‌ڕێزم نێچیرڤان!
له‌كۆتایی ئه‌م په‌یامه‌شم، ناتوانم باسێكی په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی‌و یه‌كێتیش نه‌كه‌م. مه‌علومی جه‌نابته، هه‌ردوولامان له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی ستراتیژیدا، ئۆباڵی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م حكومه‌ته‌و، وڵاتی كورده‌واریمان له‌ئه‌ستۆیه. به‌دڵنیایه‌وه كۆی حوكمڕانی ئێمه، ساڵ به ساڵ باشتر له‌پار ده‌چێته پێشه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، سه‌رجه‌م ئه‌م ساڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتمان گرتۆته‌ده‌ست، پێویستی به پێداچونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن نیه.
یه‌كێتی، به‌دڵنیایه‌وه، دڵنیام ئاماده‌ی راپه‌ڕاندنی وه‌ها ئه‌ركێكی هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یماندا. به‌ڵام لێشت ناشارمه‌وه، پێویستیمان به‌پێداچونه‌وه‌یه‌ك به‌مافه‌كانمان، له‌ته‌واوی وه‌زاره‌ت‌و دام‌وده‌زگاكاندا، هه‌یه. نیگه‌رانیه‌كی به‌رچاو، له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیه‌وه، له داموده‌زگاو ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌كان هه‌تا ده‌گاته به‌ڕێوه‌به‌رو راوێژكار‌و پۆسته‌كانی تر، په‌نگیان خواردووه. هه‌روه‌ها له‌پارێزگاكانی هه‌ولێرو دهۆكیش. بێگومانم پارتی‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یشی له كۆیه هه‌تا گه‌رمیان، هه‌مان نیگه‌رانیان هه‌یه.