كه‌مال میراوده‌لی داوای راپەڕین دەکات

0

دەقی پەیامەکە:

باگه‌وازێکی  به‌ په‌له‌ له‌ دکتۆر که‌مال میراوده‌لی یه‌وه‌

بۆ هاولاتییانی خۆشه‌ویستی ده‌ڤه‌ری باڵه‌کایه‌تی و سۆران

سلاوی خواتان لێ بێت.

سلاوی دادپه‌روه‌ری و راستی.

سڵاوتان لێ بێت، سلاوی خۆشه‌ویستیی، خۆشه‌ویستی پیرۆزیی ژیان و پاراستنی مافی ژیان و ئازادیی و که‌رامه‌ت له‌ ده‌سه‌لاتێکی به‌ربه‌ری دڕنده‌ که‌ بێنرخترین شت له‌لای ژیانی مرۆڤی کورده‌، ژیانی کورو کچه‌کانتان.
.کوشتن و مردنی رۆژانه‌ به‌ ده‌یان شێوازو جۆر، ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاسایی بووه‌، که‌ ته‌عزیه‌باری و ماته‌مینی بۆته‌ دیارترین رواله‌تی کۆمه‌لایه‌تی شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان.
مانگ نییه‌ به‌ سه‌دان که‌لله‌پاچه‌ نه‌بن و نه‌بنه‌ قوربانی رووداوی جادده‌و بانه‌کان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی دزو داگیرکه‌ر ئاماده‌ نییه‌ پاره‌و بودجه‌و داهاتی ئێوه‌ بۆ باشترکردنی جادده‌کان یان که‌مکردنه‌وه‌ی سه‌یاره‌کان بۆ پاراستنی ژیانی ئێوه‌‌ که‌ ئه‌رکی ئه‌خلاقی و ئاسایی خۆیه‌تی وه‌ک حکومه‌ت، سه‌رف بکات.
ئه‌وه‌ هه‌شت ساڵه‌ به‌رده‌وام حه‌فتانه‌ هه‌زاران ته‌ن خۆراک و که‌ره‌سه‌ی خوا‌ردن و ده‌رمانی ساخته‌و به‌سه‌رچوو دێنن تا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشیی چاکتان بکاته‌وه‌، له‌شساغیی و گیان و ژیانی ئێو ه‌بکاته‌ قو‌ربانی قازانجی ملیۆنیی بنه‌ماله‌و مافیاکانیان.
هیچ چالاکییه‌کی بازرگانی قازانجبه‌خش  نییه‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه‌یی حیزبییه‌وه‌ ‌قۆرخ نه‌کرا بێ و یان داوای %30 تا %60 ی قازانج بۆ خۆیان نه‌که‌ن .
داگیرکردنی زوه‌وی وزاری کشتو کالی و سه‌که‌نی و گه‌شتوگوزاری گشتی و تایبه‌تی، دزینی بودجه‌و سامان و قۆرخکردنی ده‌رفه‌ته‌کانی کارو  کاسبی هیچ ده‌روویه‌ک و ده‌رفه‌تێکی ژیان و هیوا ی بۆ گه‌نجان نه‌هێشتۆته‌وه‌.
زۆربه‌ی گه‌نجان کورو وکچ ته‌نیا ده‌بێ خه‌ون به‌ دامه‌زاراندنی ژیانی هاوسه‌ری و دروستکردنی خێزانه‌وه‌ ببینن بۆیه‌ دیارده‌ی خۆکوشتنی گه‌نجان، کورو کچ،  هه‌ر له‌ زیاد بووندایه‌، قوربانییه‌کانی ده‌سه‌لاتی کوردکوژ ته‌نیا ئه‌وانه‌نین  که‌ له‌ کوردستان ده‌مرن، رۆژ نییه‌ له‌ شاره‌کانی ئه‌وروپا و رێیه‌کانی ئاواره‌یی هه‌نده‌ران هه‌والی مردن و کوشتن وخۆکوشتنی رۆله‌ ده‌ربه‌ده‌ره‌کانی ده‌ستی ئه‌م رژێمه‌ دزو داگیرکه‌ر و‌ فاشیسته‌ نه‌بیستین.
شه‌وانه‌ ده‌یان تانکه‌ری نه‌وتی دزراوی ئێوه‌ بۆ قازانجی بنه‌ماڵه‌و ‌ ومافیاکانی حیزب به‌ قاچاغی ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ کاتێکدا منداله‌کانی ئێوه‌  له‌ سه‌رما ره‌ق ده‌بنه‌وه‌.
هه‌موو پاره‌ی کۆنتراکته‌کانی نه‌وت، نه‌وتی دزراو، بازرگانی هاورده‌کردن و فرۆشتن، پاره‌ وپرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان، بودجه‌و باج،  هه‌موپاره‌ی بازرگانییه‌کان ته‌نیا ملیۆنه‌ره‌کان ملیۆندارترو ‌هه‌ژاران هه‌ژارتر ده‌که‌ن و دیارده‌ی مردن و کوشتن و خۆکوشتن و ده‌ربه‌ده‌ربوون فراوانتر ده‌که‌ن.
هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ که‌ داهاتی ئیبراهیم خه‌لیلیان داگیرکردو شه‌ری تالان و ده‌وله‌مه‌ندبوونیان به‌ سه‌ر خه‌لکی هه‌ژاری کوردا سه‌پاند و برسێتیی و قاتییه‌کی وایان دروست کرد که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی کوردا دایکی کورد و ژنه‌ شه‌هید ناچار بن بۆ بژێوی مناله‌کانیان له‌شی خۆیان بفرۆشن و شه‌ڕێکی براکوژی خوێناوییان دروست کرد که‌ ئێوه‌ بوونه‌ سووته‌مه‌نییه‌که‌ی، تاکو ئه‌مڕۆ ئه‌و کاروانی هه‌زاران تانکه‌رو زیل و لۆرییه‌ی بازرگانی که‌ له‌ سنوره‌کانی تورکیا و ئێرانه‌وه‌ دێن و ده‌چن،  ته‌نیاو‌ ته‌نیا ده‌چێته‌ گیرفانی پیاوانی بنه‌ماله‌وه‌. له‌ به‌رئه‌وه‌ رێگه‌گرتن له‌و بازرگانییه‌ نه‌ک هه‌ر کارێکی پێویسته‌ به‌لکو کارێکی ره‌واشه‌ چونکه‌ ئه‌و پاره‌و قازانجه‌ ته‌نیا ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ ره‌شه‌ به‌هێز ده‌کا که‌ له‌ مردن و کوشتن و برسیکردن و چه‌وساندنه‌وه‌ هیچی تری بۆ ئێوه‌ پێ نییه‌.
خه‌لکی خۆشه‌ویست و شه‌ره‌فمه‌ندی باڵه‌کایه‌تی
من ده‌زانم ئێوه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌نگتان به‌ من داو ئێوه‌ ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ دزو داگیرکه‌رو بکوژه‌تان هه‌لنه‌بژاردوه‌و نوێنه‌ری ئێوه‌ نین. ئه‌وان به‌ خیانه‌تی 31 ی ئاب و ده‌بابه‌ی سه‌ددام خۆیان به‌ سه‌ر هه‌ولیردا سه‌پاند، به‌ ته‌زویرو فێل و موساوه‌مه‌ی یه‌کێتی و ئۆپۆزیسیۆن توانیان به‌ ناهه‌ق سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم داگیربکه‌ن  ده‌سه‌لاتی ره‌های بنه‌ماڵه‌ بسه‌پێنن.
له‌ کاتێکدا من له‌ قوولایی دلمه‌وه‌ په‌ژاره‌ی خۆم ده‌رده‌بڕم و سه‌ره‌خۆشی له‌ باوکی به‌رێز ره‌حیم شۆره‌یی ده‌که‌م. ده‌مه‌وێ ده‌ستی ئه‌و باوکه‌ به‌رێزه‌ ماچ بکه‌م و پێی بڵێم:  من و دڵنیاشم خه‌لکی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی کوردستان شانازی به‌ هه‌لوێستی به‌رێزتانه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ فه‌رمووته‌: ” ئه‌و کوڕه‌ به‌ته‌نها هی‌ من نیه‌، به‌ڵکو هی‌ هه‌موو خه‌ڵکی‌ باڵه‌کایه‌تیه‌، ئێستاش ئێمه‌و خه‌ڵکه‌که‌ له‌ خوێنی‌ کوڕه‌که‌مان خۆش نابین”. به‌لام ده‌مه‌وێ پێت بڵێم کوره‌که‌ت ته‌نیا کوڕی تۆو باڵه‌کایه‌تی نییه‌، کوڕی هه‌موومانه‌، کوری کوردو کوردستانه‌، برای سه‌دان شه‌هیدی شه‌ری براکوژی و سی و یه‌کی ئابی تاوانه‌  که‌ تا ئێستا ده‌سه‌لاتی کوردکوژ ئه‌وه‌نده‌ که‌رامه‌ت و هه‌سته‌ی نییه‌ به‌ کچ و کورو که‌س و کاریان بڵێ داخۆ ماون یان نه‌ماون، برای هه‌زاران شه‌هیدی بێ ناوو سه‌رو شوێنه‌، برای سوران و سه‌رده‌شته‌ که‌ په‌یامه‌ پیرۆزه‌که‌ی باشترین وه‌سفی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌یه‌: ‘ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتێکه‌ که‌ باکی به‌ کوشتنی نه‌وه‌کانی خۆی نییه‌” برای سورکێوو ژیلوانه‌، برای به‌ناز جه‌وادو نێرگزه‌، برای هه‌موو شه‌هیدو قوربانییه‌کانی 17 ی شوبات و خۆنیشاندانه‌ کانه‌.
ئه‌وه‌ 20 ساڵی ره‌به‌قه‌، گه‌ر پێشتریش حیسب نه‌که‌ین،. ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ خیانه‌تکارو دڵره‌قه‌ به‌وه‌ راهاتووه‌ بکوژێ، ببڕێ، بدزێ، داگیرکا، بازرگانی به‌ ژیان و  که‌رامه‌تی کورده‌وه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بکا، ( وه‌ک ئێستا خه‌ریکن به‌ هی کوردی سوریاشه‌وه‌و بیکه‌ن) به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و رووی که‌مترین لێپرسینه‌وه‌ ببنه‌وه‌، تا مرۆڤی کوردیان و الێکردووه‌ مردن وه‌ک سێبه‌ر له‌ پێش و له‌ دوایه‌وه‌ بڕوا، چه‌وسانه‌وه‌ غه‌در وه‌ک ئاوو خواردنه‌وه‌ قبوڵ بکات، خه‌م ببێته‌ خوێن و له‌ دڵیا بخرۆشێ.، زه‌لیلیی ببێته‌ ناوه‌رۆکی ژیانی، بێهیوایی له‌گه‌لیا ببێته‌ نوخۆشێیه‌کی ده‌روونی کوشنده‌. به‌ کورتی ببیته‌ کۆیله‌ی حیزب و بنه‌ماڵه‌.
به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ خۆیان ده‌لێن گۆڕانخوازو ئۆپۆزیسیۆنیش بێبه‌ش نین له‌ تاوانی دروستکردنی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ سته‌مگه‌ره‌و‌ له‌ بێباکی به‌رامبه‌ر مردنی به‌رده‌وامی خه‌لکی بێ تاوان و دزی و  داگیرکردن و جیاوازیگه‌ریی و غه‌درو زۆرداری بێ سنوور. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک هه‌موو ولاتێکی تر دروشم و داوای له‌ ره‌گهه‌لکێشانی سیستمی بنه‌ماله‌یی به‌ربه‌ری دزو داگیرکه‌ر به‌رزکه‌نه‌وه‌ . هه‌موو چرپه‌و سرپه‌و هه‌وڵ و موساوه‌مه‌و ماستاوێکیان بۆ هێشتنه‌وه‌و‌ به‌هێزکردن و ئه‌به‌دییکردنی ئه‌م سیستمه‌یه‌‌ که‌ به‌ده‌یان شیوه‌ رۆژانه‌ ده‌تانکوژێ و پاشه‌رۆژی مناله‌کانتان تاریکترو تاریکتر ده‌کا.
خۆشه‌ویستانی باله‌کایه‌تی و سۆران                                 نه‌وه‌کانی پاشاکۆره‌ی قاره‌مان
ئه‌م راپه‌رینه‌ی ئێوه‌ یه‌که‌م  هاوارێکی جددییه‌ که‌ ده‌لێ: ئیدی به‌سه‌، به‌س به‌سه‌، مردن له‌م ولاته‌دا به‌سه‌، تاوان و غه‌درو چه‌وساندنه‌وه‌و ناهه‌قیی به‌سه‌، تاوانی قه‌زافی و موباره‌ک و بنه‌ماله‌کانیان به‌سه‌. ئێمه‌ له‌ مردنی مناله‌کانمان خۆش نابین، ئێمه‌ سه‌ر بۆ ملێۆنه‌ره‌ کوردکوژه‌ داگیرکه‌ره‌کان شۆڕناکه‌ین.
با ئێوه‌  ئه‌مجاره‌ رێبه‌ر بن و راپه‌رینه‌که‌تان بکه‌نه‌ دیاری بۆ شه‌هیدانی 17 ی شوبات، بیکه‌نه‌ دیاری بۆ سه‌رۆک ئۆجه‌لان له‌ زیندانه‌که‌یداو بۆ گه‌لی راپه‌ریوی باکوورو رۆژاوا له‌ تورکیاو سوریا.
با راپه‌رینی ئێوه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی  شه‌هید شۆڕه‌یی و هه‌زاران شه‌هیدی به‌دبه‌خت و هه‌قنه‌سه‌ندراوی ده‌ستی ده‌سه‌لاتی بکوژو داگیرکه‌ر بێ. با ببنه‌ ده‌روازه‌ی راپه‌رین و جارێکی تر تاقه‌ لۆرییه‌ک بۆ ده‌وله‌مه‌ندکردنی کوردکوژان به‌و سنووره‌دا نه‌یا.
ئه‌ی خه‌لکی به‌شه‌ره‌ف و به‌جه‌رگی پشده‌رو بیتوێن و کۆیه‌      قاره‌مانانی راپه‌رین و شیره‌کانی سه‌فین
به‌ هاواری رۆله‌کانی باله‌کایه‌تی یه‌وه‌ بچن، دوکان و بازاره‌کانتان داخه‌ن و خۆنێشاندان بکه‌ن. یادی 17 ی شوبات بکه‌نه‌ رۆژی سه‌رشۆرکردن و کۆتایهاتنی ده‌سه‌لاتی حیزبیی بنه‌ماله‌یی و ده‌ستپێکردنی هه‌لبژاردنێکی سه‌دی سه‌د ئازادو بێ ته‌زویر بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی خوێن و که‌رامه‌ت و ئازادی و مافه‌کانتان.
رۆله‌کانی کوردستان له برادۆست و ‌ زاخۆو ئامێدی، که‌ رۆژانه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر شالاوی تۆپه‌کانی تورکیاوه‌، رۆله‌کانی دهۆک و هه‌ولێر، رۆله‌کانی سلێمانی  و هه‌ڵه‌بجه‌و و که‌لارو کفری و چه‌مچه‌مال؛خوێنی قوربانییه‌کانی 17 ی شوبات ون مه‌که‌ن و خۆتان بۆ راپه‌رینیکی سه‌رتاسه‌ری ئاماده‌ که‌ن،
به‌ هاواری خه‌لکی راپه‌ریوی باله‌کایه‌تی یه‌وه‌ بچن.
دزو داگیرکه‌ر هه‌میشه‌ ترسنۆکن.. ئێو ه‌راپه‌رن چ حه‌ددیان هه‌یه‌ ده‌ستتان لێ بوه‌شینن ئه‌وه‌ به‌ چاوی خۆیان چاره‌نووسی زۆرداره‌کان   له‌ هه‌موو دنیادا ده‌بینن.

سه‌رفرازی بۆ گه‌له‌، نه‌فره‌ت و نه‌مانی زه‌لیلانه‌ بۆ قه‌زافییه‌کان و ناموباره‌کییه‌کان و به‌شار رێوییه‌کانه‌.

خودا پشتیوانتان بێ و سه‌رکه‌وتن پاداشتتان بێ.

دڵسۆزتان

د. که‌مال میراوده‌لی

له‌نده‌ن، 3 شوباتی

2012

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com