هکذا تکلم گۆڕان! ڕوونکردنەوەیەکی پێویست!
نوسینی: ئازاد تۆفیق
مرۆڤ .. هەڵوێستە!
سارتر
من دەزانم لە سیاسەتدا، نەدۆستی هەمیشەیی هەیە و نەدووژمنی هەمیشەیش..لەوەش باشتر، کە دەیزانم ئەوەیە، سیاسەت هەرگیز بە رق و بە کۆنە قینیش ناکرێ! وێنە دەگمەنەکەی چەرچل و رۆزفۆلت و ستالینی دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، گەواهی ئەو راستیەی سەرەوەن! بۆیێ حەزدەکەم هەوادارانی بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەم وتارە، کە زیاتر کورنۆلۆژیای ژیانی سیاسی ئەو حزبەیە و جگە لەدوا پەرەگرافی کۆتایی، هیچی پەیوەندی بەمنەوە نییە، بە رۆحێکی ریازیی لێوەربگرن و تۆمەتبارم نەکەن بە کەسێکی دۆگم و داخ لەدڵ! چونکە من لەم رازەدا ، رۆڵی گێڕەوەی راز وازی دەکەم، نەک رۆڵی دانەری راز!
سەرەتا
ئێستاش حەزدەکەم خوێنەری بەڕێز بزانێت..ئەمەی من لێرەدا نوسیومە نە شیکارییە و نە شرۆڤەیە و هاوکات بابەتێکیش نیە من روانین و دیدی خۆم تیا بەیان کردبێ..هەرگیز! بۆیێ دەتوانم بڵێم .. ئەم نوسینە گێڕانەوەیەکە و بەس..بەیادهێنانەوەیەکە بۆ ئەوانەی، کە لەپاڵ گرتنەبەری هەر سیاسەتێکی میکاڤیلیانەدا، دەبێت بزانن گەر شتێ بۆ مۆراڵ و بۆ مێژوو نەمێنێتەوە، ئەوا سیاسەت کە کاری بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیە، دەبێ بە بازاڕ و سیاسەتمەداریش بە بەبزنسمانێکی چاوچنۆک!
بەڵام کە دەبینم هیچ یەکێ لەو گۆڕانخوازانەی، تادوێنێ ئێمەیان بە تۆتالیتار و خۆشیان بە( غاندی و لۆسەر ) دەزانی، بەرامبەر بەم هەڵوێست و سیاسەتە نوێیەی بزوتنەوەکەیان نەک هەر دەنگیان لێوەنایەت، بەڵکو خۆشیان لێکردووە بە کەڕەی شەربەت..ئەز شەرمەزار دەبم!
ئاخر ناکرێ سەرلەبەری هەڵسوڕاوانی حزبێکی مۆدێرن، کە بەحسابی خۆیان چەندین تێڕوانینی نوێیان بۆ سیاسەت و فەلسەفەی حوکمڕانی هەیە لە کوردستاندا، کەچی سەرنجێ یا رەخنە و تێبینیەکیان لەسەر مەسەلەیەکی هەرە گرنگ و هەرە هەستیار،کە چارەنوسی بزوتنەوەکەیانی پێوەبەندە..نەبێت! تۆ بڵێی دەنگدەر و هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە هێندە نەزانبن، نەزانن شەش مانگی تر شتێک نەماوە بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو ئۆرگانەکانی جڤات و رایەڵە و بازنە بوون بە کۆمیتە و مەڵبەند و مەکتەب! تۆ بڵێی هاوڕێیانی جڤات هێندە بێ ئاگابن نەزانن کەشتیی گۆڕان بەرەو چ کەنارێ مل دەنێ و چی دەگوزەرێ لە دەوروبەریان! خۆ خوانەخواستە ئەگەر وابێ هێندە بێ ئاگابن، ئەوا دۆخەکە لە سێ حاڵەت بەدەرنیە:
یەکەم.. بەڵێ ئەوان هەمووشتێک دەزانن و ئاگاداری وردودرشتی ئاراستەکانیشن، بەڵام رۆڵەیەکی (بەوەفا)ی حزبن و حزب هەرچی دەکات ئازادە و ئەمان هێندەی (کارسازن)، هێندە (کار تێکدەر) نین ! کە ئەمەیان بەلای منەوە زیاتر پیادەکردنی سیاسەتێکی (مێگەلانە) یە و پێموانیە ئەندامانی ئەم بزوتنەوەیە هەرگیز کاری وابکەن! چونکە هێزێ لە کەمترین مێژوی سیاسی خۆیدا بتوانێ لە رووی ژمارەوە ببێتە دووەمین فراکسیۆنی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، هەرگیز نابێت خاوەنی کادری گوێ لەمست بێت!
دووەم.. یان بریتیە لەوەی کە کەس ناوێرێ فزە بکات و لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا هیچ پەراوێزێ بۆ ئازادی و بۆ رای جیاواز نەماوەتەوە، هەموو دەستی گرتووە بە کڵاوەکەی خۆیەوە تا با نەیبات! دیارە ئەمەش بۆ نەبوونی ئازادی و باڵادەستی یەک رەئی دەگەڕێتەوە لەم حزبەدا! کە بەڕای من ئەمەشیان پێچەوانەی ئەدەبیاتی ئەم حەوت ساڵەیانە، کە هەمیشە بانگەشەیان بۆ رەئی ئازاد و ئازادی بیروڕا دەکرد.
هەرچی حاڵەتی سێهەمیشە، کە بەلای منەوە لەهەر دوو حاڵەتەکەی تر پڕ ئیشکال ترە، ئەوەیە کە هەر لە ئەزەلەوە ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوەکەیان هەڵە بووە و ئەوی چەند ساڵە دەیکەن جگە لە گەمەیەکی سیاسی، هیچ دی نیە، بۆیێ دواجار دایانەوە لە دەرگای یەکێتی، ئەگەر ئەویش دەرگایان لێبکاتەوە! بۆ ئەمەشیان دەڵێم عوزر لەقەباحەت خراپتر! چونکە من بۆ خۆم پێموایە، دوای وەزعی ناوخۆی ئەم دواییەی یەکێتی، چانسی دەرگا کردنەوە بەڕوی گۆڕاندا رۆژ لەدوای رۆژ روو لەکزییە.
دەنا هۆکاری بێدەنگی هاوڕێیانی گۆڕان و رۆشنبیر و راوێژکارە سیاسیەکانی ئەم بزوتنەوەیە، لەم دۆخە سیاسیەی کوردستان و لە دۆخی نەخوازراوی ناوخۆی خۆیان چیە، کەس تا ئەمڕۆ.. وتارێک، ستونێ، کۆمێنتێکیان لەسەر نەنوسیوە! یان بۆ لەسەردەمی ئاشوبەکەى حەڤدەی شوباتدا(ارحل) تان دەکرد ئستاش هەموو(ابقی) دەکەن! بەهەرحاڵ هەرکامێک لەم سێ حاڵەتە بێ، نەک هەرکارێکی باش و پۆزەتیف نیە، بگرە گوزارشتە لەجۆرێ لە خەلەلی فیکری و سیاسی و تەتزیمی و تەنانەت کورت بینیشە لە ئاسۆی بیرکردنەوەی ئەو کەسانەی، کە بەشێوەیەکی ئیجابی لەئایندەی ئەم بزوتنەوەیان دەڕوانی! بۆیێ من لەشوێنی خۆمەوە پاش شەش مانگ تێڕامان و گوێگرتن و سەرنجدان و پاش ساڵیِ وەدەرنانیان لە حکومەت، بڕیارمدا بەم وەبیرهێنانەوەیە پەردەی بێدەنگی بدڕێنم و بەردێک بهاومە گۆمەکەوە.
بەڵام جارێکی دی دەڵێم.. ئەم وتارە تەنها گێڕانەوەیەکەو بەس..بەیاد هێنانەوەی ئەدەبیاتی بزوتنەوەی گۆڕانەو هیچی دی! بەکورتی و بەکوردی ئەوە ئازاد نیە ئەم قسانە دەکات، ئەوە گۆڕانە کە وایان دەگووت..(هکژا تکلم گۆڕان؟ ) ئێستا ئیتر خوێنەری هوشیار خۆت سەرپشک بەو بۆ خودا و بۆ مێژوو بڕیاربدە.. ئاخۆ ئەوە ئێمەی ئەندامان و کادرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانین، بوینەتە کۆرس و حزبی قاز و بێ ئیرادەین..ئەوە ئێمەین حزبێکی ستالینی و نادیموکرات و نا ئازادین ..وەک ئەوەی حەوت بەهارە ئەم بزوتنەوەیە پێمان دەڵێ! یا ئەندام و هەڵسوڕاوانی حزبێکی ترن، وەک کەڕو لاڵیان لێهاتووە، دەڵێی بە ئایەتی (ڕژا جاء) دەمی گورگت لێبەستوون، وا بەئاقڵی دانیشتوون و نوتقیان لەخۆیان بڕیوە.
گۆڕان..وەک حزبێکی بەهاری
ئەمڕۆ حەوت بەهارە بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان جیابووەتەوە، تەمەنی سیاسی ئەم بزوتنەوە حەوت بەهارییە، دابەشدەبێت بەسەر دوو فۆرم لەکارکردن، بەڵام دوو فۆڕمی پڕ لەدیماگۆگیەت و پڕ لە پارادۆکسی سیاسی! هەرچی فۆرمی یەکەمیەتی ..جیابونەوەیانە لە یەکێتی نیشتیمانی و هاوبەشی نەکردنیانە لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێم، بە بیانووی چەندین دروشمی ناواقیعی و بەڵێنی باق و بریق، کە تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە یەک لەسەر دەی جێبەجێ بکەن! ئیتر لەلایەکەوە بۆ شەرعیەتدان بە جیابونەوەکەیان و لەلایەکی تریشەوە بۆ پاساو و هامڕا نەبونیان لەتەک سیاسەتی یەکێتی و نەمانەوەیان لەژێر چەتری یەکێتیدا ئەم حەوت خاڵەیان کردە بیانوو:
١.یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، حزبی بنەماڵەیە و مام جەلال ئیرهابی فیکری دەکات! بۆیە ئێمە چیدی ئامادە نین تەمەنی خۆمان لەناو ئەم مۆدێلە لە حزبایەتی بەفیڕۆ بدەین! “یاداشتەکەی بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا لە مانگی 10—2014
٢.یەکێتی نەک هەر پرەنسیبە بنەڕەتییەکانی حزبێکی سۆشیال دیموکراتی تێدا نەماوە.. بگرە جیاوازیەکی وەهاشی لەگەڵ پارتیدا نییە.! چاوپێکەوتنێکی بەڕێز کاک نەوشیروان لە ژمارە 707. گۆڤاری گوڵان 3/11/ 2008
٣.یەکێتی، پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکانی کردووە بە قوربانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار!وتارێکی بەڕێز کاک نەوشیروان.
٤.ئەو سیاسەتەی کە ئەمڕۆ یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان پیادەی دەکات، درێژەپێدەری کلتوری شاخە و سیاسەتی جەنگەڵە! ئێمەش چیتر نامانەوێت لەم جەنگەڵەدا نە بخۆر بین و نەخوراو! خیتابی باوی حەوت ساڵی گۆڕان!
٥.یەکێتی بۆ ترساندنی خەڵک، هەڕەشەی دەرەکی کردووە بە بیانوو، چاکسازی و گۆڕانکاریی ناکات! دەنا هیچ مەترسیەکی سیاسی و سەربازی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە! خیتابی باوی حەوت ساڵی گۆڕان.
٦.لە مێژووی سیاسی یەکێتیدا هیچ کات و ساتێ، یەکێتی هێندەی ئێستا گەندەڵ و ناشەفاف و نادیموکرات نەبووە! بۆیێ مانەوەی ئێمە لەم حزبەدا شەرعیەتدانە بەو سیاسەتە و هیچی دی! خیتابی باوی حەوت ساڵی گۆڕان.
٧.یەک جومگەی کۆمەڵگا نییە، یەکێتی وەک حزبێکی تۆتالیتار دەستی تێوەرنەدابێت و سەقەتی نەکردبێت! بازاڕ.. زانکۆ..پەروەردە.. پەرلەمان و سەرجەم دەسەڵاتی تەنفیزی، لە جومگە هەستیار و گرنگەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی مەدەنین، کە یەکێتی وەک کۆمیتە و مەڵبەند و مەکتەبەکانی خۆی مامەڵەیان لەتەکدا دەکات! خیتابی باوی حەوت ساڵی گۆڕان.
ئیتر بەحسابی خۆیان لەبەر ئەم سیاسەتە( بنەماڵەیی و جەنگەڵی و نادیموکراسی و نامەدەنی و قۆرخکارانە)ی یەکێتی .. بەڕێز کاک نەوشیروان بڕیاری جیابوونەوە و دروستکردنی حزبێکی سیاسی نوێیدا بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕان و لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2009یشدا بوونە خاوەنی 25 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان! لەوکاتەشەوە تا 12/10/2015 واتە تارۆژی وەدەرنانیان لە پەرلەمان و لە حکومەت ، هیچ جۆرە فشار و بەیان و رێپێوان و بایکۆت و ئاشوبێ نەما لە زۆنی سەوز نەیگێڕن و.. هیچ جنێو و تەشهیر و بۆختانێکیش نەما ، بە یەکێتی و بەسەرکردەکانی و لەپێشی هەمووشیانەوە بەخودی جەنابی مام جەلالی نەڵێن
هەرچی فۆرمی دووەمیشە، بە حسابی خۆیان، گۆڕان بزوتنەوەیەکی نوێیە و فۆڕمێکی جیاوازە لە فۆرمە تەقلیدیەکەی حزبی سیاسی لە کوردستان! ئەوا (حەوت بەهارە) بە بەیانکردن ئەم (حەوت خاڵە بەهارییە)، تەڵقینی خەڵکی کوردستان دەدەن و خۆیان مانفێست دەکەن.
١.چیتر ئێمە نە خۆمان بە یەکێتی دەزانین و نە درێژکراوەی مێژووی یەکێتیشین! بەڵکوو ئێمە فۆڕمێکی نوێین لە مۆدێلی حزبایەتی لەکوردستاندا! ئێمە تازە بیر لێدەدەین و خانوو دروستدەکەین! (چاوپێکەوتنێکی بەڕێز کاک نەوشیروان لە گۆڤاری گوڵان ژمارە 707رۆژی 3—11—2008
٢.ئێمە وەک هەر یەکێک لەو حزبە ستالینانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا کاردەکەن، کار ناکەین! بەڵکوو لای ئێمە بڕیار، بڕیاری بەکۆمەڵە و کاریزما و تاکی کاریزما هیچ نەخشێکی لە رەسمکردنی سیاسەتی گۆڕاندا نییە.
٣.گۆڕینی سیستمی سیاسی و بڕینی دەستی حزب لەحکومەت لە ئەولەویەتی کارەکانی ئێمەیە.
٤.ئێمە بۆ ئەوە ناچینە حکومەتەوە، کە وەزیرمان هەبێ. بەڵکوو ئێمە بۆیێ دەسەڵات دەگرینە دەست تا وەزارەتمان هەبێ! چونکە ئێمە بە پڕۆژە و بە بەرنامە دەمانەوێ سەرلەبەری ستراکتۆری دەسەڵاتی تەنفیزی لە کوردستان بگۆڕین.
٥.هیچ شتێک نییە ئێمە بە موقەدەسی بزانین و تەنانەت موقەدەس چ وەک چەمک و چ وەک زاراوە، موفرەدەیەکی ئایینیەو و ئێمە هەرگێز بڕوامان پێی نییە.
٦.
نەوت کە نیعمەتێکی خودایە لە نەعلەتەوە دەکەین بە رەحمەت
قووتی خەڵک لە قوڕگی شێر دەردەهێنین و ماف بۆ خاوەن ماف دەگێڕینەوە.
کەچی هێندەی نەبرد بەڕێککەوتنێکی سیاسی و ژێر بەژێر لەگەڵ پارتی لە 17 ی نیساندا ، کە من بۆخۆم پێموایە ئەو رێککەوتنە تەنها بۆ دژایەتی و بۆ پەراوێزخستنی یەکێتی بوو هیچی دی!پشتیان کردە هەموو بەڵێن و دروشمە کانیان و جارێکی دی گورزێکی کوشندەیان لە یەکێتی و لەخۆیشیاندا! ئاخر گەر خاڵی هاوبەش لەنێوان ئەم دوو هێزەدا دژایەتی یەکێتی نیە، چۆن ئەم دوو (نەیارە) تا سەر ئێسیک ناکۆکە لەپڕ بوون بە (یار) ی یەکتر! خۆ ئەگەر بەپێی ئیدیعا و ئەدەبیاتی گۆڕان بوایە، دەبوو هەرگیز ئەو دوو سەرە لە مەنجەڵێکدا پێکەوە نەکوڵانایە!.ئیتر بەمجۆرە لەو هەمووە دروشم و پەیمان و شیعارە زەرد و سورانە پەشیمان بوونەوە و بوونە خاوەنی زۆربەی جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات لەپەرلەمان و وەزارەتە سیادیەکانی حکومەتی هەرێم، بێ ئەوەی بتوانن:
مووچەی کابانی ماڵ دابین بکەن. ١.
٢. گەندەڵی بنبڕ و شەفافیەت پیادە بکەن
٣. سیستمی سیاسی بگۆڕن
٤. دەستی خزمەتگوزاری واڵا و نیشتمان ئاوەدانتر بکەن
٥. چاکسازی لە سیاسەتی نەوتیی کوردستاندا بکەن و رێ لە رێچکەی تەنکەری نەوت بگرن.
دەستی حزب لە حکومەت ببڕن ٦.
٧. کۆتایی بە سیستمی دوو حزبی بهێنن
ئیتر بەمجۆرە گۆڕان لە حەوت بەهاری تەمەنی سیاسی خۆیدا، وەک نووسین و وتار و گفت و پەیمان، بوونە خاوەنی چەندین دروشمی جوان و بریقەدار،کە مرۆڤ ئیرەیی پێدەبردن! بەڵام لەبواری پراکتیکدا و لەسەر ئەرزی واقیع دەستیان لەدەستی کەروێشک کورتتر و کۆڵەوارتر بوو!ئاخر دەمێکە وتراوە..واقیع لەهەموو تیۆر و فەلسەفەیەک مەزنترە، جا ئەو تیۆرە چەند گەورە بێت و بلیمەتی خاوەنەکەیشی چەند بێ سنوور بێت! بۆیێ کە زانیان سیاسەت پێش ئەوەی تیۆر بێت، پراکتیکە و پێش ئەوەی (زار) بێت، (کار)ە و ناکرێ مریشک لاسایی قاز بکاتەوە! بڕیاریدا بەیەکجاری واز لەو دروشمانە بهێنن و وردە وردە زەمینەسازی بکەن و بگەڕێنەوە ناو یەکێتی نیشتمانی و ماباقی ئەو تەمەنەی کە ماویانە ، لەژێر سێبەری چەترە سەوزەکەی یەکێتیدا بەسەربەرن! کە بۆ ئەم هەڵوێستەیان وەک (موکری) رەحمەتی هەموو جار دەیگوت: من دوو قسان دەکەم:
یەکەم .. زۆربەی هەرە زۆری یەکێتیە گۆڕانەکان، لە زۆرێ لە یەکێتیەکانی ئەمڕۆی ناو یەکێتی خاوەنی مێژو و خەبات و ماندوبونی زیاترن لە یەکێتیدا و هەقی خۆیانە ئەم هەڵوێستەیان هەبێت و بگەڕێنەوە ناو یەکێتی! واتە وەک پەندە روسیەکە دەڵێ..ئێستاش درەنگ نیە.
دوەم.. من بۆخۆم پێموایە لەحەوت بەهاری تەمەنی گۆڕاندا، ئەم هەڵوێستەیان لە هەموو هەڵوێستەکانی پێشوویان جوانترو میژوییترین هەڵوێستیان بووە!هەرچەندە بۆ ئەوەی بەتەواوی متمانە بگێڕنەوە بۆخۆیان، هەقە بە بەیانێ ئیدانەی سسیاسەتی پێشوی خۆیان بکەن، دەنا هیچ گرەنتیەک نیە، کە مێژوو خۆی دوبارە نەکاتەوە.
ئێستا ئیتر خوێنەری بەڕێز حەزدەکەم بزانن، من تائێرە یەک وشە و یەک رستەم نەنوسیوە، جگە لە هەندێ کۆمێنت نەبێ، کە پەیوەندی بە بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئێمەوە هەبێت! !بەڵکو ئەوەی کە لێرەدا گوتومانە پانۆرامایەکە لەپارادۆکسی خیتابی سیاسی و ئەدەبیاتی ئەم بزوتنەوەیە و هیچی دی، ئێستاش هیچ ناڵێین جگە لە خستنەڕوی چەند پرسیارێ نەبێ، کە ئەوانیش لە نوسینێکی پێشوماندا و ساڵی 2015 کردوومانە.
دەڵێین.. ئەگەر دوێنێ ئەو جنیۆ و زاراوە پڕ تەشهیرانەیان کە بە حزوری جەنابی مام بەرامبەر یەکێتی دەیانگوت راست بووبێ ، ئەوا ئەمڕۆ بەحوکمی غیابی جەنابی مام جەلال، گەر وەزعی یەکێتی لەو رۆژانەی دوێنێ خراپتر نەبووبێت، هەرگیز باشتر نییە!چونکە بەڕای من گەر یەکێتی دار بەڕوویەک بێت، کە دار بەڕووشە! ئەوا ئەو قەد و رەگ و ریشکەی ، کە بە خاکدا ڕۆچووە و لەسەرپێ وەستاوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەیبەت و گەورەیی خودی جەنابی مام جەلال !ئیتر ماباقی لە یەکێتیدا لە جێگری یەکەمەوە تا دەگاتە من، کە کادری پلە هەزاری ئەم حزبەم، لق و چڵ و گەڵاکەیەتی! ئەی خێرە ئەو برادەرانە ئەمڕۆ شیرینیان بە یەکێتیدا چووە و دەگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵە گەورەکە و یەک کادری گۆڕانیش نەک هەر ناڕازی نییە، بگرە خواخوای ئەوەیانە تازووە خۆری ئەو ساتەیان لێ هەڵبێت! خێرە دێنەوە ژێر سایەی ئەو چەترە سەوزەی، کە دوێنێ دەتانگوت زەرد بۆتەوە! باشە بۆ بەرگەی بچوکترین رەشەباتان نەگرت و هەر زوو لە دروشم و بەڵێنەکانیان پاشگەز بوونەوە! بۆ بەردەوام نەبوون لەسەر پیادەکردنی مۆدێلە نوێیەکەی حزبابەتی لە کوردستان و بۆ بونەوە بە هامڕای هێزە تۆتالیتار و تەقلیدیەکەی یەکێتی!بۆ..یۆ..بۆ
تەنها وەڵامی پێنچ پرسیار بدەرەوە:
ئێستا ئیتر هەقی خۆیەتی بەم حەوت پرسیارە هاوڕێیانی گۆڕان بەسەربکەینەوە، بەڵام ئەوان دەتوانن تەنها وەڵامی پێنج پرسیار بدەنەوە.
١.ئێمە کە دەمانگوت گۆڕان وەک هەر هێزێکی دیکەی کوردستان سیاسەت دەکات و ئەو سیاسەتەش مەحکومە بە هەندێک فاکت، کە مرۆڤ ناتوانێ هەروا بە ئاسانی تەجاوزی بکات.. هەڵە بووین!؟
٢.کە دەمانگوت گۆڕان نەک ئایدیا و دنیابینی جودای نییە، بەڵکوو لە ڕووی فۆڕمی حزبیشەوە ناتوانێ هیچ لە حزبە سیاسیەکانی تری کوردستان تێپەڕ بکات، راست نەبووین!؟
٣.کە دەمانگوت گۆڕینی ناوی سەرکردایەتی بە جڤات و مەڵبەند بە بازنە و کۆمیتە بە ڕایەڵە هیچ لە مەسەلە بنەڕەتییەکانی دنیای حزبایەتی و دیدی جیاواز ناگۆڕێ، وا نەبوو!؟
٤.کە دەمانگوت ئەم بزوتنەوەیە بێ ئایدیا و بێ فیکر و بێ دنیادیدەن..بوختان و تەشهیر بوو!؟
٥.کە دەمانگوت چەندین ئۆرگانی حزبی لە جڤات و بازنە و رایەڵە لەناو گۆڕاندا دێوجامەیە و تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندن و بۆ رازی کردنی ئەندامەکانیانە و هیچ دی.. چونکە بڕیاری ئەوەڵ و ئەخیر هەر لای رێکخەری گشتیە، هەڵە بووین!؟
٦.کە دەمانگوت گۆڕان نە لەو شەبەحە کۆمۆنیستە دەچێ، کە کاتی خۆی لە مانیفێستەکەی مارکس و ئەنجلسدا ئاماژەی پێدراوە، وەک هەندێ روناکبیر لە سەرەتاوە لێیان دەڕوانی و نە ئەو (گۆدۆ) یەشە کە هەندێ لە برادەرانی رەهەند لە سەرەتای دروستبوونی گۆڕاندا دەیانگوت..( کوردستان بەساتەوەختێکی مێژویی گرنگدا تێپەڕدەبێ، ساتەوەختێ کە لەرۆژانی سەرەتای راپەڕین دەچێ..) راستمان نەکرد!؟
٧.کە دەمانگوت گۆڕان تەنها دیاردەیەکی ئیعلامیەو هیچی دی..راست نەبووین!؟
ئیستا ئیتر من قسە دەکەم و قسەیەکی نوێش دەکەم! چونکە لەم نوسینەدا تەنها ئەم پەرەگرافەی خوارەوە، کە بەرمەبنای حەوت ساڵ لە تەمەنی سیاسی گۆڕانە قسەی منە و ئەم پەرەگرافە گوزارشت لە دید و بۆچونی من دەکات و هیچی دی.. دەنا ئەمانەی پێشوو وەک لە سەرەتاوە گوتم گێڕانەوەیەکە و بەس.
یەکەم..حیکایەتەکانی گۆڕان وەک هەموو ئەو حیکایەتانەی، کە ئەوسا پیرەژنان بۆ خەو لێخستنی وردیلەکان و بەمەبەستی خەڵەفاندنیان دەیانکرد و هەموو جاریش بەم رستە تراژیدیە کۆتایی دەهات.. کە دەیگوت ( منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ !) ئەوانیش هاتنەوە و هیچیان نەدانێ و کۆتایی هات.
دووەم.. گەر ئێستا کەسێک مابێت و هێشتا نەگۆڕابێ و پێیوابێت.. گۆڕان هەر بزوتنەوەیەکی مۆدێرنە و فۆرمێکی جیایە لە فۆرمە باوەکانی نێو کایەی سیاسی لە کوردستان! توو خودا.. هەق نیە بیخەیتە پۆلی یەکی سەرەتایی و (ئەی چۆلەکە پاساری) بۆ بڵێیت !؟