سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان پارتی نیگه‌ران ده‌كات، ئه‌دهه‌م بارزانی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی تاڵه‌بانی ده‌كات

0

سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان پارتی نیگه‌ران ده‌كات، ئه‌دهه‌م بارزانی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی تاڵه‌بانی ده‌كات

 

نوچه‌نێت: تایبه‌ت

له‌یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستبه‌كار بوونی وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز وێنه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی داده‌گرێت، به‌م كاره‌ش پارتییه‌كان توڕه‌ ده‌كات، له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا، ئه‌دهه‌م بارزانی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی تاڵه‌بانی ده‌كات.

داگرتنی وێنه‌كه‌ی بارزانی به‌لای پارتییه‌كانه‌وه‌، چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، بۆیه‌ هه‌ر دوای لادانی وێنه‌كه‌ی بارزانی، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه‌، لایه‌نگرانی پارتی و یه‌كێتی هێرشی توندییان ده‌ست پێكردووه‌ بۆ سه‌ر یه‌كتری.

هه‌روه‌ها له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا، ئه‌دهه‌م بارزانی ئامۆزای مه‌سعود بازانی سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌سیبووك، نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی تاڵه‌بانی ده‌كات، له‌ نامه‌كه‌دا هاتووه‌ “برای خۆشه‌ویستم مام جه‌لال من له‌ نزیكه‌وه‌ بۆچوونی جه‌نابت نسبه‌ت به‌ مه‌لا موسته‌فای بارزانی ئه‌زانم من ده‌نگی تایبه‌تی خۆم وه‌كو ئه‌دهه‌م بارزانی به‌ جه‌نابت رائه‌گه‌ینم و ئه‌لێم : چۆن جه‌نابت قه‌بول ئه‌كه‌ی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كه‌تی نیشتیمانی كوردستانی هاوپه‌یمان ۆێنه‌ی مه‌لا موسته‌فا بێنێته‌ خواره‌وه‌ !!!!”.

به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و وێنه‌یه‌ی بارزانی لانه‌دراوه‌، به‌ڵكو شوێنه‌كه‌ی گۆڕاوه‌، چاودێرێكی سیاسی پێیوایه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ی دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز هه‌نگاوێكه‌ بۆ لادانی هه‌یمه‌نه‌ی پارتی به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌، وتیشی “سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان بۆیه‌ شوێنی وێنه‌كه‌ی بارزانی گۆڕیوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی ته‌ختییه‌ كردنی هه‌واڵه‌ ته‌شریفاتییه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێنه‌كه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت، هاوكات هه‌نگاوێكیشه‌ بۆ زانینی كاردانه‌وه‌كانی پارتی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌دا، تا بزانێت هه‌ر كاتێك پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارتییه‌وه‌ جوڵایه‌وه‌، كاردانه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ چی ده‌بێت له‌ به‌رانبه‌ریدا”.

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com