بارزانی: ئێمه‌ ده‌زانین به‌ ته‌حریکی کێ و چ لایه‌نێک چه‌ند خۆفرۆشێک ده‌یانه‌وێ مێژوو بشێوێنن

0

وتاری مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەراسیمی یادی 66 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری كوردستان لە هەولێر.

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

خوشک و برایانی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست، مێوانه‌ به‌ڕێزه‌کان، ئاماده‌بووان، هه‌موو لایه‌کتان به‌خێر بێن سه‌رچاو و سه‌رسه‌ر. خۆشحاڵین و سه‌رفه‌رازین به‌ هاتنتان بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان.

بۆ یادکردنه‌وه‌نی رووداوێکی یه‌کجار پیرۆز و ئازیز له‌ سه‌ر دڵی هه‌موو کوردێک و به‌ تایبه‌تی بۆ خۆم که‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ یادی 66ساڵه‌ی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان ده‌که‌ینەوە له‌ مه‌هاباد که‌ وه‌رچه‌رخانێکی زۆرزۆر گرینگ بوو له‌ مێژووی گه‌لی کوردستاندا، رووداوێکی زۆر گرینگ بوو، ده‌رفه‌تێکی زۆر پڕ به‌ها بوو، به‌ڵام بە داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی کورت بوو، به‌ڵام کاریگه‌ریی دایم بوو، ماوه‌ و تا کورد مابێ ده‌مێنێت.

مێژووی گه‌له‌که‌مان پڕه‌ له‌ رووداوی تاڵ و شیرین، پڕه‌ له‌ هه‌وراز و نێشو و له‌ مێژوودا غه‌درێکی زۆر گه‌وره‌ له‌ ئێمه‌ی خه‌ڵکی کوردستان کراوه‌. ئێمه‌ دابه‌ش‌ کراوین، به‌ بێ ئه‌وه‌ پرس به‌ ئێمه‌ بکرێت و به‌ درێژاییی مێژوویش خه‌باتی گه‌لی ئێمه‌ به‌رده‌وام بووه‌. خه‌باتی ئێمه‌ سه‌رده‌مێک خه‌باتی چه‌کداری بوو، چوونکه‌ ناچار بووین بۆ ئه‌وه‌ی وجوودی خۆمان بپارێزین، پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی خۆمان بپارێزین. شوکر بۆ خوا به‌ خوێنی شه‌هیدانی ئازیز، به‌ قوربانیدانێکی یه‌کجار زۆری گه‌له‌که‌مان، ئێمه‌ ئه‌و قۆناغه‌مان به‌ سه‌رکه‌وتوویی و به‌ سه‌رفه‌رازی ده‌رباز کردووه‌. ئێمه‌ ئیسپاتی وجوودی خۆمان کرد، پێناسه‌ی خۆمان پاراست.

ئێستا سه‌رده‌می به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانمانه‌. من له‌گه‌ڵ ئه‌وه ‌نیم که‌ بڵێم ئه‌بێ مافمان پێ‌بده‌ن. ئه‌بێ ئیقراری مافه‌کانمان بکه‌ن، چونکه‌ که‌ خوا ئێمه‌ی خه‌لق کردووه‌ ئه‌و مافه‌ی به‌ ئێمه‌ داوه‌، به‌ سه‌ربه‌ستی و به‌ ئازادی بژین.  به‌شه‌ر ناتوانێ ماف به‌ به‌شه‌ر بدا، به‌ڵام ئه‌توانێ لێی داگیر بکات. له‌ کاتی خه‌باتی چه‌کداریدا به ‌داخه‌وه‌، زیانێکی زۆر به‌ر ئێمه‌ که‌وت و به‌ر میلله‌تانی برایشمان که‌وت. ئازیزانێکی زۆر گیانیان له‌ ده‌ست دا. هه‌وڵێکی زۆر درا که‌ بکرێ به‌ شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب، شه‌ڕی کورد و تورک، شه‌ڕی کورد و فارس، به‌ڵام ئه‌لحه‌مدولیلا، له‌و هه‌وڵانه‌ سه‌رنه‌که‌وتن وه‌کوو میلله‌ت، ئێمه‌ برایه‌تیمان پاراست و ئه‌بێ له‌مه‌ودوایش بیپارێزین، وه‌کو بیبیله‌ی چاومان. له‌و سه‌دساڵه‌ی رابردوودا ئه‌زموونێکی زۆر زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ  ئێمه‌ به‌ جێ‌ ماوه‌. نه‌ ئێمه‌ی کورد  توانیمان ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ بڕووخێنین. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکیش رووخابێ جارێک له‌ جاران، کورد نه‌بوونه‌ به‌دیلی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌. له‌ هه‌مان‌کاتدا ئه‌و ده‌وڵه‌تانەیش نه‌ به‌ تانک نه‌ به‌ فڕۆکه‌ و هیچ جۆره‌ چه‌کێک نه‌یانتوانی میلله‌تی کورد قڕ بکه‌ن و له‌ ناوی ببه‌ن. ئه‌مه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ پێشان ده‌دات که‌ کێشه‌ی میلله‌تی ئێمه‌ به‌ شه‌ڕ چاره‌ نابێت، ئیللا ئه‌بێ به‌ ئاشتی بێت، ئیمڕۆ بێ یا سبه‌ی بێ. هه‌رچی رۆژێک زووتر هه‌موومان به‌ره‌و رێگه‌ی ئاشتی بچین، من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ سه‌روه‌رییه‌کی گه‌وه‌یه‌ و ئه‌مه‌ رێگه‌ی راسته‌. به‌ توندوتیژی ئه‌م مه‌سه‌له‌ چاره‌ ناکرێت. هه‌ر وه‌ک گوتم سه‌رده‌مێک ناچار بووین ئێمه‌ به‌رگری له‌ خۆمان بکه‌ین. به‌ڵام ئێستا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌ماوه‌. ئێمه‌ ده‌بێ به‌ره‌و دیالۆگ بچین. ئێمه‌ ئێستا ده‌بێ به‌ره‌و رێگه‌ی ئاشتی و دیموکراسی بچین. ئێمه‌ ئه‌بێ ئه‌و رێگایه‌ هه‌ڵبژێرین هه‌تا ئه‌گه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانیش له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بی، نابێ نائوومێد بین. ئه‌بێ نه‌فه‌سمان درێژ بێ و ئه‌بێ سه‌برمان هه‌بێ. چونکه‌ وه‌کو ئه‌بینن جیهان له‌ گۆڕاندایه‌، گۆڕانێکی به‌په‌لەیش. ئێمەیش وه‌کو خه‌ڵکی کوردستان، وه‌کوو گه‌لی کوردستان، وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌بێ خۆمان ئاماده‌ بکه‌ین بۆ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌. ئێمه‌ مافی چاره‌نووسمان هه‌یه‌، مافێکی سرووشتییه‌، مافێکه‌ که‌ خوا به‌ ئێمه‌ی داوه‌. به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه‌ چۆن موماره‌سه‌ی ده‌که‌ین. ئێمه‌ له‌وه‌دا ئه‌بێ حه‌کیمانه‌ بیر بکه‌ینه‌وه‌ و حه‌کیمانه‌ هه‌نگاو بنێنین.

من پێم وایه‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک خسوسیاتی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌بێ به‌پێی ئه‌و خسوسیاته‌ ئێمه‌ موماره‌سه‌ی ئه‌و مافه‌ بکه‌ین. وه‌ک مافی چاره‌نووس ئێمه‌ وه‌ک هه‌ر میلله‌تێک وه‌کو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر ئه‌و مافه‌مان هه‌یه‌. هه‌ر رۆژێک و هه‌ر کاتێک به‌ دیالۆگ بگه‌ینه‌ ئه‌و‌ نه‌تیجه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ بتوانین به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو ئه‌و مافه‌ موماره‌سه‌ بکه‌ین، ئێمه‌ نابێ دوودڵیی لێ‌ بکه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌توانین داکۆکی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین ئێستا و له‌م قۆناغه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک به‌پێی خسوسیا‌تی ئه‌و پارچه‌یه‌، ئه‌بێ به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشتی و به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشتی و به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراتی چاره‌سه‌ریی مه‌سه‌له‌ی کورد بکرێ. له‌ لایه‌کی‌تر کێشه‌ی ئێمه‌ کێشه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌. کێشه‌ی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژوو بکه‌ین، راپه‌ڕینه‌کان شۆڕشه‌کانی گه‌له‌که‌مان هه‌موو به‌ سه‌رکردایه‌تیی شێخ و مه‌لا و سه‌یید بووه‌. ئێمه‌ هیچ گرفتێکی ئایینیمان نه‌بووه‌، ئه‌و شێخ و مه‌لا و سه‌یدانه‌ داوای مافی نه‌ته‌وه‌یییان کردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئێستا‌ هه‌وڵێکی ئه‌وا هه‌بێ که‌ مه‌سه‌له‌ی ئێمه‌ وه‌کوو میلله‌تێک موشکیله‌ی ئایینیمان هه‌بووه‌ یا هه‌یه‌، پێم وایه‌ ئه‌وه‌ لادانه‌ له‌ حه‌قیقه‌ت. ئێستایش کێشه‌ی ئێمه‌ کێشه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌. ئێمه‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین و کێشه‌ی ئێمه‌ یه‌ک کێشه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌و پارچه‌پارچه‌ بوونه‌، هه‌ر پارچه‌یه‌ی خسوسیاتی خۆی بۆ دروست بووه‌. ئێمه‌ ئه‌بێ ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رچاو بگرین.

خاڵێکی‌تر هه‌یه‌ من ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ی پێ‌بکه‌م که‌ هه‌رچی دوژمنانی گه‌له‌که‌مان هه‌وڵیان دا ئیراده‌ی میلله‌تی ئێمه‌ بکوژن، نه‌یانتوانی. هه‌وڵیان دا ده‌ست بخنه‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی کوردسان، نه‌یانتوانی. تووشی گرفت بووین، به‌ڵام له‌ هه‌موو گرفته‌کان ده‌رباز بووین. سوپاس بۆ خوای ئێستا ئێمه‌ ته‌باین و له‌ هه‌مووشی خۆشتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و زه‌مانه‌ رۆیشت که‌سێک بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌، خوێنی کورد به‌ ده‌ستی کورد بڕژێ.

ئێستاش هه‌وڵێکی‌تر له‌ ئارادایه‌ که‌ چه‌ند خۆفرۆشێک وه‌ ئێمه‌ ده‌زانین به‌ ته‌حریکی کێ وه‌ چ لایه‌نێک ده‌یانه‌وێ مێژوو بشێوێنن، ده‌یانه‌وێ په‌یوه‌ندیی نێوان سه‌رکرده‌کانمان به‌ شێوه‌یه‌کی‌تر له‌ قه‌ڵەم بده‌ن که‌ گوایه‌ خیلاف هه‌بووه‌ به‌ینی پێشه‌وای نه‌مر و بارزانیی نه‌مر. بۆ خۆم چه‌ند جار گوێم له‌ شه‌خسی بارزانی بووه‌  و له‌ هاوڕێیانی بارزانی بووه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان له‌ ژیاندا نه‌ماون، رۆژی که‌ بڕیاریان‌دا له‌ ساڵی 45 جه‌نابی شێخ ئه‌حمه‌د که‌ بچن بۆ کوردستانی رۆژهه‌ڵات، به‌ شێوه‌یه‌ک پێشوازییان لێ‌کرا، پێشوازییه‌کی برایانه‌، هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان به‌ تایبه‌تی ئه‌و شار و شارۆچکانه‌ی که‌ له‌ سنووره‌کان بوون، ئه‌وجار پاشان که‌ چوون بۆ خودی شاری مه‌هاباد، هه‌موو ماڵه‌کانیان به‌ش کرد له‌گه‌ڵ بارزانیه‌کان. فه‌رمانی پێشه‌وا خۆی هه‌یه‌ که‌ فه‌رمانی داوه‌ به‌ هه‌موو دام وده‌زگایه‌کان، ئه‌ڵێ پێشوازییه‌کی گه‌رم له‌وانه‌ بکه‌ن، ئه‌وانه‌ برای خۆشه‌ویستن. کاتێک که‌ هه‌ندێک له‌ عه‌شایر ویستیان سه‌رپێچی بکه‌ن، بارزانی خۆی چه‌کی هه‌ڵگرت و بارزانیه‌کان چه‌کیان هه‌ڵگرت، و چوون و بارزانی خۆی له‌ گه‌ڵ ئه‌و سه‌رۆک عه‌شیره‌تانه‌ دانیشت و هه‌مووی هینان بۆ مه‌هاباد بۆ خزمه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د پێ گوتن ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێک بۆ کورد.  پێشه‌وا پێشه‌وای کورده‌ و من  یه‌که‌م سه‌ربازم بۆ ئه‌م کۆماره‌.

له‌ کاتی دادگایی کردنی پێشه‌وا، که‌ ئێستا ئه‌و موسته‌مسه‌کاته‌ ده‌ست که‌وتووه‌، کاتی ره‌ئیسی دادگا لێی ده‌پرسی و ده‌ڵێ بۆ رێگه‌ت دا کابرایه‌کی بیانیی وه‌ک مه‌لامسته‌فای بارزانی بێت بۆ مه‌هاباد؟ پێی ده‌ڵێ، بارزانی کابرایه‌کی بیانی نییه‌، هاتووه‌ بۆ ماڵی برای خۆی. پاشان پێی ده‌ڵێ تۆ ئه‌م ئاڵایه‌ ده‌بینی؟ تێفیکی لێ ده‌کات و فڕێی ده‌دات و   پێی ده‌ڵێت ئه‌وه‌یه‌ ئاڵای ئێوه‌؟ پێشه‌وای پێی ده‌ڵێ ئه‌تۆ کابرایه‌کی بێ‌ئه‌ده‌بی، کابرایه‌کی بێ ئه‌خلاقی، ئه‌گه‌نا ئه‌وه‌ ئاڵای هه‌ر وڵاتێک بی، ئاڵای هه‌رجیهه‌تێک بی، تفی لێناکه‌ی. به‌ڵام ئه‌و ئاڵایه‌ی تۆ لێی ده‌ترسی له‌ ده‌ستی کابرایه‌کی ئه‌مین‌دایه‌ و رۆژێکیش هه‌ر هه‌ڵده‌درێت. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ دیانه‌وێت ئه‌م مێژوویه بشێوێنن، به‌ حه‌قیقه‌ت خیاڵیان خاوه‌، حه‌قیقه‌تی مێژوو ئه‌مه‌یه‌ که‌ جه‌نابی بارزانی وه‌کوو سه‌ربازێک به‌رگری کرد له‌ کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد. پێشه‌واش وه‌کو سه‌رۆکێک قبووڵمانه‌ و پێشه‌وامانه‌ وچ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، چ شێخ مه‌حموودی حه‌فید، چ شێخ سه‌عیدی پیران، چ سه‌ید عه‌لیره‌زا، چ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی، چ شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، چ مه‌لامسته‌فای بارزانی، ئه‌مانه‌ هه‌موو سه‌رکرده‌ی ئێمه‌ن و ئێمه‌ قوتابی ئه‌و قوتابخانه‌ین و تا سه‌ریش ئینشائه‌ڵلا له‌ سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.

جارێکی‌تر هه‌مووتان به‌خێر بێن. زۆر سوپاستان ده‌که‌م.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com