مەلاکرێکار هۆکارو چۆنیەتی کوشتنی شەوکەتی حاجی موشیر و چەند نهێنییەکان ئاشکرا دەکات

0

مامۆستا کرێکار:

یەکێتی پیلانی هەبوو تەوحیدەکان بباتە هەولێرو بیانکات بەگژ پارتیدا

یەكێك لەئیختیارەكان ئەوەیە بچمەوە ناو بزوتنەوەی ئیسلامی

كێشەی من و مامۆستا عەلی باپیر لەسەر دارگوێزێك نیە تا سوڵح بکەین کێشەی ئێمە لەسەر ئیرانە

١١ ئەندامی سەرکردایەتی ویستمان لە بزوتنەوە جیابینەوە بۆ ئەمیری رویانکردە منیش وەرەقەیەكی سپیم ئیمزام كرد، كە رازیم مامۆستا عەلی باپیر ئەمیرمان بێت

تێکەڵکردنی من بەکەیسی خێڵی حەمە قسەیەكی بەتاڵ و هیچوپووچە ئامادەم بچمە بەردەم دادگا

ئەو برایانەی کە شەوکەتی حاجی موشیریان کوشت بەو سیلاحە لێیاندایەوە كە خۆی بەرامبەر بەمحەمەد حەلاق و خەڵكانێكی تر بەكاری هێنابوو

رزگار رەزا چوچانی

نوچەنێت. گۆڤاری سڤیل

ئەگەرچی زۆر جاری تر ما. مەلا كرێكار قسەی لەسەر لایەنە ئیسلامیییەكانی كوردستان كردووە، بەڵام ئەم دیمانەیە دوای نامەكەی م. عەلی باپیر بۆ م. مەلا كرێكار دێت، لێرەدا قسە لەسەر ئەو نامەیە و هەندێ مەسەلەی دیكە دەكات.

رزگار رەزا چوچانی: تۆ لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی تردا، كە ماوەیەك هاوسەنگەر و هاوڕێی نزیكی یەكتر بوون، كەچی ئێستا دەبینین شەڕێكی راگەیاندن لەنێوان تۆ و چەند لایەن و كەسایەتیەكی ئیسلامی دروست بووە، هۆكاری ئەمە چیە؟
مەلا كرێكار: یەكەم هۆكار هەروەك چۆن لەنێوان قەومیەكاندا هەیە، لەنێوان ئیسلامیەكانیشدا هەیە، چۆن ئێستا من پێموایە یەكێتی لەساڵی1997ەوە ئێران كردویەتی بەژمارەی خۆی لەنێو بزووتنەوەی كوردیدا، مامۆستا عەلی باپیریش لەتاریخێكەوە رەقەمی ئێرانیەكانە لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی ئێمەدا، یەكێك لەكێشەكان ئەوەیە، ئایا ئێران چارەسەرە یان كێشەیە؟ من پێموایە ئێران كێشەیە، بەڵام مامۆستا عەلی باپیر پێیوایە ئێران چارەسەرە. دووەم، من پێموایە كوردستان وڵاتێكی قانونی نییەو وڵاتێكی میلیشیاییە، كەوابوو ئسلوبی یەكگرتوو، ئسلوبی دەلایلاما و غاندی لەوڵاتێكدا سەردەگرێت، كە مەركەزیەتی هەیە، دەوڵەت و قانونی هەیە. سەد جار زوڵم لەئەربەكان كرا و ئیسلامییەكان خرانەوە زیندان و حزبەكانیان هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام چونكە مەحكەمەی دەستووری هەیە، دەچوون شكاتیان دەكرد، دەگوترا ئەو 500 كەسە نابێ تا 5 ساڵی تر بێنەوە واجیهەی پێشەوەی حزبە ئیسلامیەكان، جا ئەوە چ موشكیلەیەكە؟ 500 كەسی تر دێنە پێشەوە، بەڵام لەوڵاتێكی میلیشیایی وەك پارتی و یەكێتی، كە خۆی دەرەقەتت نەهات، ساڕۆخی ئەمریكایی بۆ بەكرێ گرتی لێتبدرێت، ئێ ئەمە كەی بەئسلوبی یەكگرتوو دەتوانرێت دیفاعی لێ بكرێت؟ گریمان یەكگرتوو 80%ی پەرلەمانی هێنا، دەهێڵن دەست بەئاو بگەیەنن گەر ئارەزوویان لێنەبێت؟ ئەوكات دەبێ مەسینەیەكی عەوجۆش هەڵگرێ و بڕوا لەودیوی پەرلەمان دەست بەئاو بگەیەنێت. ئەم نمونەیەم زۆر بەجدیە، ئایا یەكێكی پارتی بەدەمانچەیەكەوە، بەو بڕنۆیەوە كە بەشانی كابرای فەرەنجی لەبەرەوەیە، گەر بڵێت وەڵا نایەڵم یەك كەستان لێرە دەست بەئاو بگەیەنن، زانا رۆستایی و محەمەد فەرەج و محەمەد حەكیم و حاجی بیلال چی دەكەن؟ لەبەرئەوە من پێموایە لەوڵاتێكی میلیشیاییدا نە ئسلوبی یەكگرتوو ئسلوبە، نە ئەوەشە وەك مامۆستا عەلی باپیر ببین بەڕەقەمێكی ئێرانی و هەموو شتێكمان بۆ دابنرێت. ئاغای خەسرەو تەلەفزیۆنمان بۆ دامەزرێنێت، قائیمەی پارەكانیشمان بە تومەن بێت، ئەمە عەمالەتە، ئەمە كەی پێی دەگوترێت نەزرەی ئیسلامی؟ لەبەرئەوە ئێمە كێشەكانمان لەسەر ئەم جۆرە شتانەیە، ئەو زەمانەی هەموومان پێكەوە بووین، مامۆستا عەلی باپیر نەیوێراوە شتی وابكات، هیچ كەسێك جورئەتی ئەوەی نەبووە رەسمی ئیمام خومەینی هەڵواسێت، ئێستا نەك هەر رەسمی ئەو، بەڵكو حوسێنیەشیان بۆ دەكەن، لەبەرئەوە رەخنەكانی ئێمە لەسەر ئەم شتانەیە، بۆ دەبێ داگیركەرانی كوردستان بهێنینە سەر پارچەیەكی كوردستان؟ باشە فەرقی سەردەشت و قەڵادزێ چیە؟ فەرقی پاوە و خورماڵ چیە؟ هیچ فەرقێكیان نیە تەنیا شاخێكە و لەودیوەوە تەلبەند كراوە بەم دیو دەڵێن ئێران و بەودیو دەڵێن عێراق، لەعنەتی خوا لەو كەسەش كە رەسمەكەی كێشاوە و ئەوەشی كە بڕوای پێیەتی. جا لەبەر ئەوەی ئیسلامیەكان دێن قەداسەتی ئیسلام دەكەن بەبەر خۆیاندا، ئەمەش زوڵمە، ئیسلام و قورئان موقەدەسن، بەڵام خۆ من موقەدەس نیم، من رەخنەیەك لەمامۆستا عەلی باپیر بگرم، ئەتباعەكانی هاواریان لێهەڵستێت، شۆڕشێك بكەن و بڵێن وەڵا لەقەداسەتی مامۆستا عەلی باپیری كەم كردۆتەوە، باشە مامۆستا عەلی باپیریش گەنجێكە وەكو من، موسوڵمانێكە وەكو من، بیرمەندێكە وەكو من، دەكرێ هەڵەكانی لەدید و تێڕوانیندا بن، لەپێناسەدا بن، لەعەرەبی نەزانیندا بێت، یا لەداڕشتنی بەرنامەكەیدا بێت، یا لەهەڵوێست و بەرنامە و ستراتیجیەتیدا بێت، قەیدی چیە با رەخنە لەیەكتر بگرین.
رزگار رەزا چوچانی: سەرەڕای ئەو كێشانە، م. عەلی باپیر لەم دواییانەدا نامەیەكی ئاراستەی ئێوە كردووە، رات لەسەر نامەكە چیە؟
مەلا كرێكار: نامەكەی بەڕاستی شتێكی گەنجانەیە، هەر بەجێهێشتنی هەڵوێستێكە بۆ تەئریخ، هەر قسەیەكە بەئەتباعەكانی خۆی دەڵێت، كەوا من دەستم درێژ كرد بۆ ئەو، ئەوە منداڵبازاڕییە، كە تۆ تەلەفۆنێك نەكەیت و خەڵك بەزۆر پێت بڵێن تەلەفۆن بۆ من بكەی و هەواڵی من بپرسیت، ئەی ئەمە دەسپێشخەری چیە؟ بۆیە دەزانم هیچ نیە، وەڵامیشی دەدەمەوە، بەڵام جوابێكی مەنهەجی و ئسوڵی، جوابێك بەدید و تێڕوانین لەقورئان و حەدیس، پەلەشمان لەوەدا چیە، خۆ ئێمە چاوەڕێی ئەو فعل و رەدفعلانە ناكەین بەشێوەیەكی ئینفیعالی.
رزگار رەزا چوچانی: وەڵامی ئەوە دەدەیتەوە كە رازی بیت بەوەی كێشەكانتان چارەسەر بكەن و چیتر قسە لەسەر یەكتر نەكەن؟
مەلا كرێكار: نەخێر، خۆ ئێمە كێشەمان لەسەر دارگوێزێك نیە، بڵێین با بێین سوڵح بكەین، خۆ زەویوزارمان لەیەكتر داگیر نەكردووە، ئێمە ئیختیلافاتێكی فیقهیمان هەیە لەسەر ئەو خاڵە سەرەكیانەی باسم كرد، ئێران حەلە یان كێشەیە؟ خۆ دەبێ ئەمە روون بكەینەوە، ئەو كە بە من دەڵێت ئێران چارەسەرە، خۆ دەبێ بزانم چارەسەریەكەی لەچی دایە؟ ئێمە كە دەڵێین ئێران كێشەیە، خۆ دەبێ روونی بكەینەوە، كە كێشەبوونەكەی لەچی دایە، مەشروعێكی فاشلی 32 ساڵەی شیعەگەری كە نەیتوانیوە بچووكترین حقوقی ئینسان بەحوسێنی موسەوی ببەخشێت، چ جای كابرایەكی سنەیی داماو كە بەتۆمەتی موخەدەرات بەسڵینگ هەڵیدەواسێت، لەبەرچاوی هەموو عالەم، تا خەڵكی تری ئێمەی پێ بترسێنێت، كابرای داماو كراس و شەرواڵ و نەعلەیەكی لەپێدایە، مەحرومە لەهەرچی حقوقی بەشەریەتە، سەرباری ئەوەش ئیعدامی بكەی بەتۆمەتی موخەدەرات، واش نیە و درۆش دەكات، وەك ئەوەی من 15 ساڵ حوكمم لەسەرە لەئوردون، بەتۆمەتی فرۆشتنی موخەدەرات، ئێ خۆ من نە هیرۆینم دیوە، نە ئوردونیشم دیوە، ئەوانیش دەڵێن هاتۆتە ئوردون و فرۆشتیەتی، خۆ ئەمانە هیچیان راست نین. بۆیە من وەڵامی دەدەمەوە، بەڵام وەڵامێكی مەنهەجی، نەوەك بەئسلوبێكی ئاوا زۆر گەنجانە.
رزگار رەزا چوچانی: كەواتە تا خیلافی سەرەكی نێوانتان روون نەبێتەوە، كە ئەوان بۆچی ئێرانیان قبوڵە و بەچارەسەری دەزانن، تۆش بۆچی قبوڵت نیە و بە كێشەی دەزانی، ئەم ناكۆكیەی نێوانتان بەردەوام دەبێت؟
مەلا كرێكار: بەڵێ، ئەوە یەكێكە لەگرنگترین خاڵی ئیش لەسەركردن، چونكە كاتی خۆی ئێمە 11 ئەندامی سەركردایەتی دانیشتین لەخورماڵ، لەماڵی كاك ئاسۆ بەرەحمەت بێت، خوای گەورە ئازادی بكات، كە لەهەولێر سجنە، هەروەها لەماڵی كاك فەرەجی برای كاك دڵشاد كەلاری، دانیشتین بۆ مەبەستی جیابوونەوە لەبزووتنەوەی ئیسلامی، كە هاتنە سەر ئەوەی كێ ئەمیر بێت، روویانكردە من، منیش وەرەقەیەكی سپیم هێنا، لەسەرەوە (بسم الله)م لێ نوسی و لەخوارەوەش ئیمزام كرد، كە رازیم مامۆستا عەلی باپیر ئەمیرمان بێت، گوتیشم باقیەكەی خۆتان پڕی بكەنەوە، چۆنتان دەوێت من رازیم، مەشروع ئاوا تەقدیم دەكرێت، بەمە ناگوترێ مەشروع بەزۆر تەلەفۆنێكیان بۆ كردووە، دوای محازەرەیەك لەبەریتانیا هاتووە و خەڵكەكە ئیجباریان كردووە كە بۆچی تەلەفۆنێك ناكات؟ ئینجا تەلەفۆنێكی ساردوسڕ و چۆنی و چاكیەك بكات، خۆ ئەو گەنجانە زیاتر هەواڵم دەپرسن وەك لەو قیادیە ئیسلامیانە، لەبەرئەوە من وادەزانم عیلاقەی هەیە بەسەر زۆر شتی ترەوە، كێشەكە بەدەرەجەی رەئیسی ئێرانە، چونكە من لەو دانیشتنەی خورماڵ پێمگوتن با ئێران تا 3 مانگ نەزانێت، ئێ كە هەستاینە سەرپێ مامۆستا عەلی باپیر گوتی دەبێ پرسێك بەخزمانی ئەودیو بكەین، جا خزمانی ئەودیو هەموو ئیشەكەیان تێكدا، ئەوان كێن؟ خەنجەرێكن لەبڕبڕەی پشتماندا.
رزگار رەزا چوچانی: دەڵێی كێشەی سەرەكی نێوان تۆ و عەلی باپیر و كۆمەڵ مەسەلەی ئێرانە، بەڵام ئەوانیش دەڵێت كە تۆش پەیوەندیت بەئێرانەوە هەبووەو پارەت لەیەكێتی وەرگرتووە و دەڵێن بەڵگەشیان هەیە، كە بیخەنەڕوو، لەمبارەوە دەڵێی چی؟
مەلا كرێكار: جا هەركەسێك بەڵگەی هەیە با بفەرموێت، چاوەڕێی چی دەكات؟ من دەستوپێ و قۆڵ بەستراو لەوڵاتێكی وەك نەرویجم، كێ حوججەی لەسەر منە بیخاتەڕوو، كەس دەستی كەسی نەگرتووە، ئەوانەی دەڵێن پارەی وەرگرتووە و پەیوەندی بەعێراق و ئێرانەوە هەبووە، ئادەی با شتێك بسەلمێنن؟ من بەڤیزای رەسمی چوومەتە توركیا و سوریا و هەر بە ڤیزای رەسمیش چوومەتە ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی توركی و سووری و ئێرانی دانیشتووم، بەڵام كەس ناتوانێت پێم بڵێت كە سەر بەیەكێك لەوانم، چونكە هەرسێكیان بەداگیركاری كوردستان دەزانم، رۆژێك لەرۆژانیش بەهیچ شێوەیەك تەعامولم لەگەڵ نەكردونە، یا پەنجا دۆلارم لەهیچیان وەرنەگرتووە، سەربەرزانە چوومەتە وڵاتیان و سەربەرزانە هاتوومەتەوە، بە جەوازی نەرویجی چوومە، پیاوەتیان لەگەڵ نەكردومە، لەئێران لەگەڕانەوەدا دواكەوتبووم، 600 دۆلار غەرامەیان لێسەندم، بۆیە من چ باكم بەوەیە؟ من شاباشی خۆم دەدەم و تێر هەڵدەپەڕم، چ چاوبەرەژێریان دەبم كە ئەلحەمدولیلا پارەم هەبووەو هەیە. كە دەڵێن پارەی وەرگرتووە لەجەلال تاڵەبانی، من كاتی خۆی، لەكتێبێكدا باسم كردووە، كە لە 2004دا بە نەرویجی و بە عەرەبی چاپم كردووە، باسم لەوە كردووە، ئەو پارەیەی ئەوان لەگەڵ شەوكەتی حاجی موشیر ناردبوویان، دوو فەردە پارە بوو دایانگرتە خوارەوە، بەو برایانەم گوت بیژمێرن، گوتیان زۆرە ناژمێردرێت، هەمووی دیناری شین و پێنج دیناریە، گوتم بیژمێرن گەر شتێك بوو پێیاندا دەنێرینەوە، گوتیان زۆرە ناژمێردرێت، ئینجا كە ئەوان رۆشتن و ژماردیان، 5 هەزار دۆلار بوو، بەخوای ئەرز و ئاسمانەكان قەسەم، ئەوكاتە من دە هێندە لەگیرفانەكانمدا هەبوو، كە دەكاتە 50 هەزار دۆلار، گوتم با بینێرینەوە چاوبەرەژێری ئەمانە نەبین، كاك سەید و كاك عومەر بازیانی خوا عەفویان بكات، شورامان بوون گوتیان بابینێرینەوە، كاك عەبدوڵڵای شافعی و ئەیوب ئەفغانی خوا یارمەتیان بدات و لەزیندان ئازاد ببن، كە لای پارتی سجنن، گوتیان بۆچی دەینێریتەوە، هەر مویەك لەبەراز ببێتەوە زۆرە، لەبەرئەوە مایەوە لەلامان، ئێ خۆ هەر ئەو پێنج هەزار دۆلارەیە كە وەرمانگرتووە، خۆ ئەوكات حزبێكی رەسمی وەك حزبی شیوعی نزیكەی 400 هەزاری وەردەگرت، زەحمەتكێشان 700 هەزاری وەردەگرت، عومەرئاغای سورچی نزیكەی 500 هەزاری وەردەگرت.
رزگار رەزا چوچانی: ئەو پارەیە بۆچی و بۆ كێ نێردرابوو؟ بۆ تۆ نێردرابوو؟
مەلا كرێكار: نەخێر ئەم جۆرە شتانە وەك عورفێكی حزبی لێهاتبوو، هەتا ئێمە بەو فەقیریەی خۆمانەوە كە سەردانی حزبێكمان بكردبایە، دەمانچەیەكمان وەك دیاری بۆ دەبردن، ئەوان وەك دیاری ناردبوویان، 5 هەزار دۆلار چیە بۆ قاڕونێكی وەك جەلال تاڵەبانی، بەتایبەت خۆشمان ئەلحەمدولیلا هەمانبوو، چەك و ئەسلەحەی خۆمان كڕیبوو، زەخیرەی 3 مانگمان دانابوو، ئەو پارەیەش كە ناردوویەتی، خۆ جەلال تاڵەبانی ملیۆنەهای تری بەخشیوە. خەڵكێك لەوە بێئاگایە، ئێمە كەوتبووینە مفاوەزاتەوە، وەك ئەنساری ئیسلام لەگەڵ شەوكەتی حاجی موشیر و دوو بەرپرسی دەزگای زانیاری و ئاسایشی هەڵەبجە دانیشتبووین، لەگوندێك لەنزیك گردی گۆ، دانیشتنێكی ترمان كردبوو لەهەڵەبجە لەماڵی كاك عەبدولڕەحمان رەحیم، دانیشتنی سێیەم ئەوان هاتن، دانیشتنەكان رەسمی بوون.
رزگار رەزا چوچانی: ئەوكاتەی شەوكەتی حاجی موشیر و هاوڕێكانی لە خێڵی حەمە كوژران، كە بەدوور لەعورف و ئەخلاق لەقەڵەم درا، تۆ خوێندنەوەت بۆ ئەمە چی بوو؟
مەلا كرێكار: یەكەم جار رووداوەكە بەم شێوەیە نیە، كە یەكێتی ئەقروسكێنی، وادەزانێ وایە، چونكە ئەو كڵاوە ناكاتە سەری ئێمە، دوای ئەوە ئەو برایانەش بەو سیلاحە لێیاندایەوە، كە خۆی بەرامبەر بەمحەمەد حەلاق و خەڵكانێكی تر كە ئەهلی غەدر بوون بەكاری هێنابوو، كە لەسەیتەرە و لەدانیشتنەكاندا دەیانكوشتن، بەو چەكەی خۆیان كوژران، ئەوە پیلانێك بوو پێشتر دایاننابوو، بۆ ئەوەی تەوحیدەكان جیابكەنەوە لەئێمە و بیانبەن بۆ هەولێر و بیانكەن بەگژ پارتیدا، تەوحیدەكان مەجموعەیەك برای هەولێری بوون، 22 كەس بوون لەسنوری پارتی، پارتی لێیدان و 17ی لێ كوشتن و خرانە قەبری جەماعیەوە، وەك حزبی بەعس، لەنزیك چۆمان، ئەوانی تر و كەسانێكی تریش كە پێیانەوە لكابوون، یەكێتی و مامۆستا عەلی باپیر هێنایاننەوە بۆ سورێن، ئەو چیایەی لای كاكە حەمەی حاجی مەحمود، پاشان ماوەیەك مانەوە و دواتر لەگەڵ جوندی ئیسلامدا بوون بەیەك، دوای ئەوە ئێمەش بووین بەیەك. جا ئەوكات تاڵەبانی فاك و فیكێكی دانابوو، كە ئەو خەڵكە لەمنیش جیابكەنەوە، هەر ئەوەیان بڵاو دەكردەوە و دەیانگوت كرێكار چونكە خزمەكانی لەنێو پارتین و خۆشی پێشتر پێشمەرگەی پارتی بووە، دۆستایەتی لەگەڵ پارتی زۆرە و دوژمنی یەكێتیە، هەمووی بۆ ئەوەی ئەو برایانە لەمن توڕە ببن و بڕۆن، شەوكەتی حاجی موشیر كەوتبووە ئەم پلانەوە، دوایی من هەموو جارێك وەفدەكانم دەگۆڕی، كە لەگەڵ یەكێتی دادەنیشتن، هەموو جارێك تەنەوعم تێدا دەكرد، دوایی یەكێكیان پێی گوتم تۆ ئاگات لەو چرپە چرپە هەیە، كە دوای دانیشتنەكان دەكرێت؟ گوتم بەڵێ ئاگام لێیەتی، چونكە ئەو برایانە دەیانگوت ئێمە دەمانەوێت كارێكی وا بكەین، بچین زەربەیەك لەپارتی بدەین و یەكێتیش پێی خۆشە، یەكێتی خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكرد، منیش ئەوكات لەزیندانی هۆڵەندا دابووم، لەمانگی 10ی 2002، كە ئەو مەوزوعە روویدابوو، بەحسابی خۆیان 50-52 كەسیان ئامادە كردبوو بیانبەن بۆ هەولێر سەیارەیان بۆ ئامادەكردبوون، ئەوانیش زەربەیەكی ئاوایان لێدان.
رزگار رەزا چوچانی: باشە لەكاتێكدا ئێوە لەمفاوەزات و رێكەوتندا بوونە، چۆن دەبێ ئەم زەربەیە بوەشێنرێت؟
مەلا كرێكار: نەخێر رێكەوتن نەبوو، هەر لەیەكەم رۆژیشەوە خۆیان بۆ ئەوە ئامادەكردبوو، كە ئەو زەربەیان لێبدەن، ئەوانەی كە ئەو ئیشەیان كردبوو.

رزگار رەزا چوچانی: لەو ماوانەی دواییدا زۆر باس لەگەڕانەوەی تۆ دەكرێت بۆ كوردستان، ئەمە تا چەند راستە؟
مەلا كرێكار: رەنگە مەسەلەی گەڕانەوەم سێ تەوەری هەبێت، یەكێكیان پەیوەندی هەیە بەئێرەوە، كە من مافەكانم هەمووی لێوەرگیراوەتەوە، بۆیە گەڕانەوەكەم هەروا ئاسان نییە، دەبێ مافەكانم هەندێكی بۆ بگەڕێندرێتەوە، كە لانیكەم بتوانم سەفەری تێدا بكەم، بۆیە ئەمە جارێ ماوە. تەوەرێكی تری پەیوەندی بەو بارودۆخە تازەوە هەیە، كە دوای كشانەوەی ئیحتیلال بۆ كوردستان و عێراقیش دروست بووە، كە هەموولایەك هەوڵ دەدات خۆی بەهێز بكات، چونكە هەموویان هەر خۆیان بەئیحتیلال بەقوەت دەكرد، جا لەبەرئەوەی زۆریش نەیاری یەكترن، شتێكی سروشتیشە دەبینین بۆ نمونە لەنێو شیعەكان نوری مالیكی و موقتەدا سەدر هەن، یا موقتەدا سەدر و كوڕەكەی عەبدولعەزیز حەكیم، هەروەها ئەوانی تریش. سەبارەت بەسوننیەكانیش هەر وایە، بۆ كوردیش هەر بەهەمان شێوەیە، جا بۆیە هەریەكە هەوڵ دەدات خۆی بەقوەت بكاتەوە، ئەوانەی لەنێو پارتی و یەكێتین و گلەییان لەیەكتر هەبووە، ئێستا سەرلەنوێ هەوڵ دەدەن بەكۆمەڵێك ئەحزاب و كەسایەتی تر و رووداوی تر خۆیان بەقوەت بكەنەوە، مەسەلەكەی منیش هەر لەم بابەتەوەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێك كەس كەوتوونەتە ناوەوە، چ لەوانە بن كە گومانی باشیان بەوان هەیە، یا لەوانە بن كە گومانی باشیان بە من هەیە، پێیانوایە دەبێ ئەم مەسەلەیە حەل بكرێت، جا هەر كەسە و بەدافعێكی خۆی كەوتۆتە ناوەوە. بەم شێوەیە هەندێك هەنگاو لەم رووەوە نراوە، لەهەموو ئاستەكاندا، وەك ئەحزاب و لایەنە عێراقییەكان بن یا كوردستانییەكان. تەوەری سێیەمیان كە پەیوەندی بەم مەسەلەوە هەیە، بابەتی یەكێتی ئەوروپایە، خۆ كێشەكەی من هەر ئەوە نیە لەنەرویح بم و تەنیا پەساپۆرتم لێوەرگیرابێتەوە، چونكە ئەوان چەند جارە دەڵێن گەر مەسەلەكە تەنیا جەواز بێت، ئێستا ئێمە جەوازێكی دەدەینێ و دەتوانێ بڕواتە دەرەوە.
رزگار رەزا چوچانی: بەڵام لەكوردستانیش كێشەت هەیە، كە رووداوەكەی خێڵی حەمەیە، ئەوكاتە لەلایەن راگەیاندنی یەكێتیەوە بڵاوكرایەوە، كە تۆ سەرۆكایەتی ئەو گروپەت كردووە، كە ئەو كارەیان ئەنجام داوە، پێتوایە لەئەگەری گەڕانەوەی تۆ بۆ كوردستان ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر بكرێت؟
مەلا كرێكار: جارێ ئەوە دوور لەرووی جەنابتان قسەیەكی بەتاڵ و هیچوپووچە، باشە خۆ چەند وەختە لەدادگاكانی نەرویجی و لەلێكۆڵینەوەكانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئەو وڵاتانەی تر كە موخابەراتەكانیان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردووم، خۆ هەموویان ئەو مەسەلەیەی خێڵی حەمەیان تەرح كردووە، فیلمیان هێناوە و شاهێدیان هێناوە، باشە خۆ گەر من لەوێ نەبم ئەم شتانە دروستی ناكەن لەسەرم. گەر بشگەڕێمەوە وەك تەحەدایەك دەچمەوە بۆ خێڵی حەمە و دەڵێم كاكە ئەوە پشتی من و جەڵدەی خەڵك، كێ مافێكی منی لەسەرە با بێت وەریگرێتەوە، گەر یەكێتیش راست دەكات، فەرموو با بێت دادگایەك گۆڕان دروستی بكات، من رازیم، دەچمە بەردەم دادگای گۆڕان و با ئەوانیش حوجەی خۆیان بهێننە پێشەوە، خۆ ئێستا سەركەوتی كوببە كە ئەوكات بەڕێوەبەری ئاسایش بوو، ئێستا لەلای گۆڕانە.
رزگار رەزا چوچانی: تۆ زۆر جار پشتیوانیت بۆ گۆڕان راگەیاندووە، بەڵام بۆچی تائێستا ئەو بزووتنەوەیە لەرێگای راگەیاندنەكانی خۆیەوە وەك هەواڵێكی سادەش پشتیوانیەكانی تۆی بۆ بزووتنەوەكەیان بڵاونەكردۆتەوە؟
مەلا كرێكار: دەبێ ئەم پرسیارە لەوان بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە من لەلایەنی خۆمەوە ئەو خاڵە ناكەمە جێگای گلەیی لەوان، چونكە من نازانم ئێستا ئەوان لەچ بارودۆخێكدان. جارێ ئەمە هەروا شتێكی ئاسانیش نیە، نمونەیەكم بۆ بهێنەرەوە حزبێك لەعالەمدا لەوڵاتێك لەشوێنێكدا پشتیوانی یەكێك بكات، كە ناوی لەلیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدا هەیە؟
رزگار رەزا چوچانی: لەم دواییانەدا دەنگوباسێكی گەرم هەبوو، كە گوایە خەریكی دامەرزاندنی حزبێكی نوێی ئیسلامیە، ئەم دەنگوباسە تا چەند راست بوو؟
مەلا كرێكار: من خەریكی دروستكردنی حزبێكی ئیسلامی نیم، چونكە حزب دروستكردن هەروا بەموفاجەئات ناكرێت، بەڵام من خەریكی دروستكردنەوە و سازكردنی زەمینەیەكی فكری و عەقائیدیم بۆ ئەوەی كیانێكی لەسەر دروست ببێت، ئەم كیانە كۆمەڵكارییە لەوانەیە هێزێكی تین و فشار بێت، وەك هەر جەمعیاتێكی گەورە كە لەوڵاتێكدا هەیە و دەبێ بە تین و فشار بۆ سەر ئەو كەسانەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، ئەوانەی یاسا و رێسا دەردەكەن، ئەوانەی ریزێكی سیاسی دەگرنەبەر، قیەمێكی كۆمەڵایەتی دەگۆڕن، دەشێ لەو بابەتە بێت.
رزگار رەزا چوچانی: لەعێراقدا ئێستا كێشەیەك لەنێوان مالیكی و هاشمیدا هەیە، كوردیش خەریكە دەبێتە لایەنێك لەكێشەكە، دوای ئەوەی هاشمی پەنای بۆ كوردستان هێنا، تۆ خوێندنەوەت بۆ ئەم كێشەیە چیە؟ پێتوایە هاشمی لەو كارانەوە گلابێت؟
مەلا كرێكار: ئێمە ئێستا ناتوانین دەست بخەینە نێو ئەو مەعلوماتانەی تەرەفێك هەیەتی، چونكە دەیان شت بۆ تەرەفێك دروست دەكرێت و دەیان خەڵكی بەریئیش تێوەگلاوە. بەڵام وەك خوێندنەوەی خۆم، یەكەم: تەسەور ناكەم تارق هاشمی بەو شێوەیە دەستی تێیدا هەبێت، چونكە ئەوانەی جەماعەتی مقاوەمەن، كە 30 جەماعەت زیاتر دەبن، لەسێگۆشەی سوننیدا توانای بەهێزتریان هەیە لەتارق هاشمی لەنێو قەزیەكەیاندا، تارق هاشمی چ موحتاجی ئەوەیە خۆی بخزێنێتە نێو ئەو قەزیەوە. پاشان تارق هاشمی و ئەوانەی لەپشت سەری ئەوەوەن، باوەڕ ناكەم ئەو جۆرە رێگایانە بگرنەبەر. دووەم: ئایا لەبەر ئەوەی هاتووە بۆ كوردستان دەبێ هەڵوێستمان لەبارەیەوە چی بێت، لەوەیاندا فەرق ناكات گەر شیعەیەك رایكرد و هاتە كوردستان، جا قیادەی حزبێك بێت یا رەئیس عەشیرەتێك بێت یا كەسێكی چەوساوە بێت، حەقە داڵدە بدرێت، لەگەڵ ئەوەدام، كە ئەمە جوامێرییە بۆ كورد.
رزگار رەزا چوچانی: هەندێك كەس جموجۆڵەكانی ناوچەكە بە بەهاری ئیسلامی ناودەبەن، هەندێكی تریش پێیانوایە گەر پشتیوانی ئەمریكا نەبایە، ئیسلامیەكان نەیاندەتوانی ئەم سەركەوتنانە بەدەست بهێنن، تۆ ئەمە بەبەهاری ئیسلامی یا عەرەبی دەزانی؟
مەلا كرێكار: فەرق ناكات، بەهاری ناوچەی عەرەبیەو بەهاری ئیسلامییەكان و مەساڵحی غەربیشە، دەبێ رووداوەكان هەمووی بەیەكترەوە پەیوەست بكەین، پێموایە غەرب قەناعەتی بۆ دروست بووە، كە ئیسلامیەكان حەتمەن دێنە پێشەوە. بۆیە پێموایە بەهاری ئیسلامیە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەشدا كە گومانی باشم پێی هەیە، بەشتێكی شۆڕشگێڕی گەورەشی نازانم، مادام عەسكەر ماوە، دەبێ وەك ئیمام خومەینی بێت، لەرەگوریشەوە ئەو رژێمە هەڵوەشێنێتەوە. هەموومان باش دەزانین ئێستا مەجلیسی عەسكەری قاهیرە عەیب نەبێت لەژێرەوە گونی ئیخوانیان گرتووە، ئێ تا ئەوان گونیان بەرنەبێت، ئازادیەكە لەدەست خۆیاندا نییە، كە وەك ئیمام خومەینی بڕیارێك بدات كە سوپا هەڵوەشێنێـتەوەو بڵێ سوپایەكی 20 ملیۆنی دروست دەكەم.
رزگار رەزا چوچانی: سەرەڕای جیابوونەوەت لەبزووتنەوەی ئیسلامی، لەوكاتەوە تا ئێستاش لێدوانی توند لەتۆوە لەبارەی بزووتنەوەی ئیسلامی و خانەوادەی مامۆستا مەلا عوسمان و عەلی عەبدولعەزیز نەبیستراوە، هۆی چیە؟ هۆكاری لاوازی و بێ رۆڵی بزووتنەوەی ئیسلامیە؟
مەلا كرێكار: بە تاكید، خۆ ئەوە پیاوەتی نیە كەسێك كەوتبێت تۆش بەسەریدا بكێشیت، بزووتنەوەی ئیسلامی كە ئیهمال كراوەو هەموو مافێكی خوراوە، كە خاوەنی مێژوویەكی پڕ خوێن و سەروەرییە، چ جوانییەكی تێدایە بۆ من بچم پێیاندا بكێشم؟! ئەگەر رەخنەگرتنیشە لەكوڕەكانی مامۆستا عەلی، ئادەی پێم بڵێ ئەوان چیان كردووە من نەمكردبێت؟ من و ئەوان چیمان كردووە مامۆستا عەلی باپیر نەیكردبێت؟ بزووتنەوە لەبەر ئەوەی هەرەمێكی مەركەزی تێدا نەبوو، حەسم و جەزمێكی تێدا نەبوو، هەیكەلی ئیداری تێدا نەبوو، وەك غەوار دەڵێت (كل من یدو الو) واتە هەركەسێك دەستی خۆی بۆخۆیەتی، كابرای كەلاری و بادینی و هەولێر و هەركەسە و بەشەی گەورە دەكرد، كە لەبەردەستیدا هەبوو. لەبارەی كوڕەكانی مەلا عەلیشەوە، من بەزوڵمێكی گەورەی دەزانم خەڵك وابزانێت كوڕەكانی ئەوان هۆكارن بۆ تەدمیربوونی بزووتنەوە، ئەمە هیچ راست نیە، جارێ كوڕەكانی ئەوان رۆژێك نەهاتوون تەحزیبی خەڵك بكەن، مامۆسا عەلی باپیر كردویەتی، ئەوان پەیوەندیان لەگەڵ ئێران هەبووە، بەڵام قەت ئەوەیان نەكردووە، كە عەلی باپیر كردویەتی، ئەوان قەت نەهاتوون سارۆخی ئێرانی بهێنن و بینێن بەهاوڵاتیانی خۆیانەوە لەهەڵەبجە، بەڵام مامۆستا عەلی باپیر سارۆخی ئێرانی هێنا و نای بەخەڵكی خۆیەوە لەقەڵادزێ. ئەوان نەهاتوون خەڵك بۆ ئێران بكوژن بەو شێوەیەی مامۆستا عەلی باپیر خەڵكی بۆ ناردون و خەڵكی بۆ كوشتوون. پاشان ئەو كوڕە بەڕێزانەش خۆ لەدەزگاكانی بزووتنەوەكەدا نەبوون، كاك محەمەدیان لەبزووتنەوەكەدا نەبووە، بەڵام كە شەڕیش قەوماوە، ئەوان یەكەم كەس بوون هاتوون چەكیان هەڵگرتووە، خۆ گەر كەسێكیش پێیوابێت ئەو پارەیەی بەدەستیانەوەیە هی بەیتولمالە، خۆ دەبێت بیسەلمێنێت، ئێ خۆ منیش ئەو پارەیەی بەدەستمەوە بوو هی بەیتولمال بوو، كە لەو ئەوروپایە كۆمدەكردەوەو دەمبردەوە تەوزیعم دەكردەوە، سروشتی بزووتنەوەكە وابوو، من لیستەكەم لایە ئەو پارانەی مامۆستا عەلی باپیر وەریدەگرت چۆنی تەوزیع كردوە، لیستی خۆم و هی مامۆستا عەلیشم لەلایە، ئەمە چونكە تەنزیمێك نەبووە، پاشان ئێمە رێمان بەیەكتر داوە، ئێمە رێمان بەو برا عەزیزانە داوە، كە لەكەلاردا بتوانن تیجارەتێكی بچووكی خۆیان بكەن و خۆیان بەخێو بكەن، ئێمە هەموو مانگێك 50 هەزار قەرزدار دەبووینەوە، لەسەر ئەو 2 ملیۆنەی لەیەكێتی وەرمان دەگرت.
رزگار رەزا چوچانی: تۆ بەم جۆرە باس لەكوڕەكانی مامۆستا عەلی عەبدولعەزیز دەكەیت، وتەبێژی بزووتنەوەش بوو، كە باسی لەزەرورەتی گەڕانەوەی تۆ كردبوو بۆ كوردستان، ئەگەر ئێوە هەردوولاتان بەم جۆرە باس لەیەكتر بكەن، ئەمە مانای لەیەكتر نزیكی نیە؟
مەلا كرێكار: یەكەم مەسەلەی باسكردنەكە پێموایە تەنیا گومانی باشە، ئێمە برایەتی و خۆشەویستیمان هەر لەنێواندا هەیە، مامۆستا سدیق وەك رێزێكی گەورە، كە ئەو لەساڵی 1954دا بەرپرسی رێكخستنەكانی ئیخوان بووە، منیش رۆژێك لەرۆژان هەر لەو ئیخوانەدا بوومە، دەبێ وەفایەكم بۆ ئەو مێژووەی ئەو هەبێت، لەگەڵ كاك محەمەد پێكەوە لەشورای ئەم بزووتنەوەیەدا بووین، لەگەڵ كاك كامیل لە1988ەوە یەكتر دەناسین، هەموو برادەرانی تری قیادە كۆنەكە بەشێوەیەكی گشتی، هەموومان هاوسۆزی یەكترین، ئەمەش مانای وانیە بۆ كۆمەڵی ئیسلامیش وانەبم، هێدەی ئەوەش رێز و خۆشەویستیم بۆ كاك دڵشاد هەیە، بۆ كاك عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیمم هەیە، كە ئەوانە لەنێو كۆمەڵی ئیسلامیدان، هێندەی ئەوانەش رێزم هەیە بۆ مامۆستا هادی و مامۆستا سەڵاح خۆی لەنێو یەكگرتوودا، كە رەخنەشی لێدەگرم، هەروەها بۆ مامۆستا بورهان و حەسەن شەمێرانی، زەمانێك ئێمە هەموومان هاوسەنگەری یەكتر بووین، پێش ئەوەی لەسەر دید و تێڕوانینێكی سیاسی ئیختیلافاتمان بۆ دروست ببێت. سەبارەت بەنزیكبوونەوەش لەگەڵ بزووتنەوە، من نكۆڵی لەوە ناكەم خەڵكێك لەدەوروبەری من و خەڵكێكیش لەبزووتنەوەی ئیسلامی حەز دەكەن لەجیات ئەوەی من بگەڕێمەوە و حزبێك دروست بكەم، بچمە نێو بزووتنەوەی ئیسلامی، دەبێ ئەمەش دیراسەت بكرێت، خۆ ئەمە بەتەنیا مافی من نیە، چونكە هیچ كام لەهەڵوێست و حەرەكەتكردنی من مافی شەخسی نەجمەدین فەرەج نەماوە، بەڵكو دەبێ وەك كرێكار حەرەكەت بكەم، وەك رەمزێكی ئەو كەسانەی لێم كۆبوونەتەوە، ئەوكاتەی لایەنە سلبی و ئیجابیەكانی چوونە نێو بزووتنەوەمان هەڵسەنگاند لەكۆمەڵكاریەكی وەك كۆنگرەیەكی گشتیدا، ئەوكات زۆرینە دەنگی لەسەر چیدا، تەبعەن دەبێ ئەو رێگایە بگرینەبەر.
رزگار رەزا چوچانی: كەواتە دەتوانین بڵێین ئەمە یەكێك لەئەگەرەكانە؟
مەلا كرێكار: بەڵێ بێگومانی یەكێك لەئیختیارەكان، كە لەبەردەست دان ئەمەیە.

ئەم دیمانەیەی مامۆستا کرێکار بەدوو بەش لەژمارەی ١١٨ و ١١٩ ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com