شەڕ گەرمە.. پارتی و یەکێتی لەسەرەوە هاوپەیمان و لەخوارەوە چەکەکانیان بۆ یەک ئامادە دەکەن
نوچەنێت
لە سەرتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لایەنگرانی یەکێتی و پارتی هێرش دەکەنە سەریەک و بەهەمان زمانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ خەریک بە سوکایەتی کردنن بەیەکتر، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە ئەوەی لە فەیسبووک دەکرێت بۆ تەربیەتی سیاسی لایەنگرانی هەردوولا و بەشێک لەکەلتوری توندتیژی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.
وێڕای ڕێککەوتنی ستراتیژی و لێدوانی بەرپرسانی هەردوولا بۆ لێک‌نزیک بونەوەی تەواو لەسەر ئاستی ناوەندەکانی خوارەوەیان، لایەنگرانی یەکێتی و پارتی، لەهێرشکردنە سەریەکتر و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی رابردوویان بەردەوامن و بەهەما زمانی سەردەمی شەڕی ناوخۆی راگەیاندنەکانیان، خەریک بەسوکایەتی کردنن بەحزبەکانیان.
پەیجی من یەکێتی م خوێنم سەوزە، ڤیدیۆیەکی کوردستان پۆستی لەمەڕ تەقینەوەکەی ٩٥ی زاخۆ کە تێیدا ٢٠٠ کەس شەهید و بریندار بوون، بڵاو کردۆتەوە، کە تێیدا کەسێک تاوانی کردەوە تیرۆرستیەکەی زاخۆ دەخاتە ئەستۆی پارتی. بەهەمان شێوە پەیجی لایەنگرانی پارتی و بارزانی لەفەیسبووک، کۆسرەت رەسوڵ بە ئەنجامدەری ئەو تەقینەوە ناو دەبەن و وەک بەڵگەش دانپێنانی بکەری تەقینەوەکە رادەگەیەنن.
لەلایەکی تر پەیجی گەنجانی پارتی لەفەیسبووک، لە نامەیەکدا هۆشداری دەدەنە سەرکردایەتی و یەکێتی و نوسیویانە” ئێمه لێره‌دا ئێوه‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه و هۆشداری ده‌ده‌ین که چیتر ناتوانین بێده‌نگی هه‌ڵبژێرین، له به‌رامبه‌ر ئه‌و جنێو و ته‌شهیر و هه‌ڵمه‌ته دوژمنکارییه و هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌بێت، خۆشتان ده‌زانن له قازانجی ئێوه‌دا نییه ئێمه هه‌ڵوێست وه‌رگرین”.
لەبەرانبەریشدا پەیجی من یەکێتی م خوێنم سەوزە، هۆشداری دەداتە پارتی و ئەوانیش نوسیویانە” پێتان ده‌ڵێن: ده‌می خۆتا بگرن، ئێوه كه قه‌سرتان له شوشه‌یه، ته‌نانه‌ت زیخیش مه‌گرنه كه‌س، ئێمه له ئێستادا له‌به‌ر ناسكی هه‌لومه‌رجه‌رجی كوردستان، ڕه‌نگه نه‌توانین ئه‌وه‌ی له دڵماندایه بیخه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچارمان بكه‌ن، ئه‌وا كارێكتان پێ ده‌كه‌ین ئه‌و كه‌سانه‌ی له په‌یجه‌كانا به شانوباڵی پارتی هه‌ڵده‌ده‌ن واز له‌و حزبه بهێنن و نه‌فره‌تی لێبكه‌ن”.
چاودێرێکی سیاسیش بۆ نوچەنێت، لەبارەی سوکایەتیەکانی یەکێتی و پارتییەکان بەیەکتر دەڵێت”بەرای من ئەمە بۆ تەربیەتی سیاسی و گۆشکردنی لایەنگرانی ئەو دوو حزبە دەگەڕێتەوە، کە وا فێرکراون کێبەرکێی سیاسی واتە سڕینەوەی یەکترو ناشیرین پیشاندانی ئەوی تر، لایەنێکی تریشی پەیوەندی بەو کلتورە توندوتیژەوە هەیە کە لەو وڵاتەدا هەیە، چونکە لایەنگرانی هەموو حزبەکان وان، بروانە پەیجی لاگرانی گۆڕان و ئیسلامییەکان و هەموویان بەدەرنیین لەو دیاردەیە، بۆیە ئەمەش زەنگێکی ترسناکە و ئەگەری تەقینەوەی جەماوەریشی هەیە”.