رزگار رەزا چوچانی : ئاژاوە لە کوردستانەوە بۆ ئەوروپا.. کوردە قارەمانەکانی نەوریج

0

ئاژاوە لە کوردستانەوە بۆ ئەوروپا.. کوردە قارەمانەکانی نەوریج

رزگار رەزا چوچانی / سوید

چەند ساڵ لەمەوبەر کەسێک بەناوی مەریوان هەڵەبجەیی، لەکوردستان سوکایەتی بەدینی ئیسلام کردوو زۆرینەی خەڵکی کوردستانی هێنایە سەرجادە، چەند هەفتەیەک هەرچی هێزی ئەمن و ئاسایشی ئەو وڵاتەیە خستیە حاڵەتی ئامادەباشی، ترسی لەناو خەڵکدا دروستکرد کە کاردانەوەی توندوتیژ بەرانبەر حکومەتی هەرێمیش دروست ببێت، کە ڕیگای بەچاپکردنی ئەو سوکایەتی نامە داوە.

ئەوەی مەریوان کردی لەوێندەر ئەوەندەی دەستبردن بوو بۆ شمشێری بریندارکردنی شعوری ئیسلام لەو دەڤەرە، ئەوەندە کاری لێکۆڵینەوە نەبوو، چونکە لەمێژە لێکۆڵینەوە دەکرێت، لەبارەی ژن و ئینسان و ماف و ئازادی لەدینداو بەو شێوەیەش وڵاتێک نەوروژێنراوەو میللەتێک ناچار بەهاتنە سەرجادە نەکراوە، هەوڵدراوە ئەنفال و قڕکردنی کورد ببەسترێتەوە بە ئایەتە قورئانیەکانەوە، بەڵام هیچ کام لەو هەوڵانە ئەوەندەی ئەوەی مەریوان کردی پشتیوانی بۆ ئیسلام و بگرە ئیسلامییەکانیش توندتر نەکرد، بۆیە لەچەند بارێکەوە ئەوەی مەریوان کردی دەکرێت وەک نزیک لە ئاژاوە ببینرێت، وەک خستنە بەر مەترسی ئەمنی وڵات، چەند هەفتەیەک سەرقاڵکردنی حکومەت و میللەتێک بە پرسێکەوە کە شایەن نەبوو کاری لەسەر بکرێت، بێ متمانەکردنی خەڵک بە حکومەتێک کە توانای پاراستنی پیرۆزییەکانی ئەوانی هەبێت لەسوکایەتیپێکردن.

جیا لە ئەو کۆمەڵێکی تر هەن کە لەبەرەی چەپ خۆیان دەبیننەوە، رەنگە سیاسەتی حزبە چەپەکانیشیان نەبێت، لەکوردستان ئەوەندە خۆیان لەهێڵی بریندار کەری دین دەدەن، ئەوەندە خۆیان سوور دەکەنەوە لەسەر پرسێک کە هێچ رێگرییەکی لە ئازادی ئەوان نییەو هەر قسەکردنێک لەبارەیەوە ئاسنی ساردکوتانە، نیو هێندە سەرقاڵی هەوڵی تێگەشتن لەیەک و شیکردنەوەی دین و کارکردن لەسەر یاسایەک نین، کە سنورەکانی ئازادی و سنورەکانی دین دیاری بکات، ئەمانە ئامادەن هەرچی سوکایەتیە بەدینی خەڵکێکەوە بکەن، کە ئامادەن بۆی بمرن بۆی بکوژن، بەڵام ئەگەر مەلایەک بێت و حوکمی دینەکەی خۆی نەک تێروانینی خۆی بۆ سوکایەتیەکەی ئەوان باس بکات، ئەوە دنیا ئەکەنە چەرمەچۆلەکەو هاوار هەڵا، کە مەلا ژیانی خستونەتە مەترسییەوە لەبەرانبەر ئازادی قسەکردن، بێ باسکردنی ئەوەی ئەوانیش بە گوللەی وشەکانیان مەلایان کوشتووە، میللەتێکیان تورەو بێزار کردووە، ئەوەی مەلاش بەوانی دەکات پەرچەکردارە نەک کردار.

ئەمانە وا دەکەن و وایان کردووە، وڵاتێکیان خستۆتە و دەیخەنە بەر مەترسی سەرهەڵدانی توندوتیژی دینی، ئەو توندوتیژییەی کە گەورەترین وڵاتی زلهێز لێی دەترسێت، نەک کوردستانێکی دەسەڵات نەمەیوو، بێ باک لەوەی دوای خۆیان چی روو دەدات، گرنگ ئەوەیە میللەتێک بئاڵۆزێنن وڵاتێک بخەنە بەر پشێونەو کەیسێک بنیات بنێن و بگەنە ئەورپا.

لێرەدا مەبەستم لەوە نییە قسە لەسەر دین نەکرێت، من زۆر کات لەگەڵ سیاسیە ئیسلامییەکان و لەگەڵ مامۆستایانی دینیش وتومە، دەبێت بۆ ئەم سەردەمە خوێندنەوەیەکی تر بۆ دین بکرێت، تەفسیرێکی تر بەدین بدرێت، ئەوانیش راکانیان قبوڵ بووەو کەسیش بریندار نەبووە، ئەوەی من مەبەستمە ئەوانەن کە سوکایەتی دەکەنە بەدیل بۆ حیوارو رەتکردنەو سرینەوە دەکەنە بەدیل بۆ یەکتر قبوڵکردن، بە بیانوی ئەوەی ئەو سوکایەتیەی ئەوان دەیکەن ئازادییە، بەڵام رەدفعلی دیندارەکان، ئیرهاب و توندوتیژییە.

ئەم برادەرانە لەوێ و لەکوردستان، ئاڵۆزیی و ئاژاوەیەک دەخولقێنن و خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، کاتێک دەگەنە ئەورپاش بۆ دەستگرن بەو ناوەی کە بۆخۆیان دروستکردووە لەخەیاڵی خۆیاندا، لەپەنای یاسای سەلیمی ناوخۆی ئەم وڵاتانەو رێزگرتنی یاسای ئەم وڵاتانە لەهەموو ئازادییەکی ئینسانی و دینی و سیاسی، دەست دەدەنەوە سوکایەتیەکانیان، پیرۆزی خەڵک دەخەنەوە ژێر پێ و ئاژاوە لە وڵاتێکی ئارامی وەک ئەم وڵاتانەشدا دەخولقێنن.

لەم ماوەی رابردوو گروپێک لە هاوبیرانی مەریوان هەڵەبجەیی، وەک هەڵمەت گۆران و بەختیار بلوری ناوێک، هەرچی دادگاو شەقام و راگەیاندنی نەرویجە بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە، هەرچی ئیسلامیی ئەم وڵاتانەیە هێناویانەتە سەر پێ و ئامادەی خۆپیشاندانیان کردوون، نەک بۆ ئەوەی کە داوای مافی میللەتەکەیان بکەن، نەک بۆ ئەوەی کە باسی بێدادی لەوڵاتێک بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی کە بەهەمان عەقڵیەتی ئەودەم کە کوردستانیان پێ خستە بەر مەترسی سەرهەڵدانی توندتیژی دینی، لەوڵاتێکی ئارام و ئازاد لەجێی مومارەسەی ئازادی وەکو خۆی، سوکایەتی بە پیرۆزی و شعوری خەڵکەوە دەکەن.

ئەم برادەرە قارەمانانە لەجێی وەرگرتنی عیلمی ئەم وڵاتانە، پێشکەوتن و شێوزی رێز و یەکتر قبوڵکردنی خەڵکی ئەم وڵاتانەو گواستنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان، کە پڕاو پڕە لەیەکتر رەتکردنەوە، دەستیان داوەتە قورئان سوتاندن، ئەو کارەی کە تەنانەت گەورەترین بەناوترین قەشەی وڵاتی زلهێزی ئەمریکاش نەیتوانی بیکات و یاساو سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە هاتنە دەنگ و بەتوندی وەڵامی قەشەیەکیان دایەوە، کە نیازمەندی کارێکی وای راگەیاندبوو. بەڵام ئەم هاوڕێ بوێرانە دێن لەوڵاتێکی ئارام و پڕ لەڕێز لە ئاینەکانی تر و لە بروا جیاوازەکانی تر، دەست ئەدەنە سوتاندنی قورئان و دواتریش ئەم سوکایەتیە بە پیرۆزی خەڵک، وەک چالاکییەکی بێ وێنە و بەزمانی کوردی لە سەر تۆرەکانی نێت و راگەیاندنەکان بۆ دنیای پەخش دەکەن.

ئاخر ئەمەی ئەم برادەرانە دەیکەن جگە لە گواستنەوەی ئاژاوە بلۆکراوەکان لەکوردستانەوە بۆ ئێرە، هیچی تر نییە، ئەمە جگە لەویستێکی نزیک لە ئاژاوە دۆستی ناوێکی تری نییە، ئەمە جگە لە جێگربوونی رۆحی یەکتر سرینەوە لەوجودی ئەواندا شیکارێکی تر هەڵناگرێت، چون ئەگەر مەبەستەو دەیانەوێ دین دەست لەکارو باری ئینسانەکان و ئازادییەکان وەرنەدات، ئەوە دەبێت یاسا ئەوکارە بکات نەک بە بۆچون و بە عەقڵی ئەوان، خۆ ئەگەر رەوایەتی بە عەقڵی خۆیان دەدەن لەدەرەوەی یاسا، کە سوکایەتی بەدینی خەڵک بکەن و بروای خەڵک تیرۆر بکەن، دەبێت بروا بەوەش بهێنن کە دیندارێکیش مافی هەر رەدفعلێکی هەیە بە عەقڵ و بۆچونی خۆی لەدەرەوەی یاسا، چونکە ئەگەر بڕیارە کاری نایاسایی رەوا بێت ئەوە هەمان شت دەبێت بۆخەڵکیش رەوا ببینیت. لای من و بێگومان لای ئەوانەش کەوەک خۆی شتەکان دەبینن وایە، وەڵامی حیوار حیوارەو وەڵامی شەڕ شەڕو وەڵامی سوکایەتی سوکایەتیە، چونکە ئەوە زەمەن سەلماندوویەتی ئەوەی بروای بەسوکایەتیە، لەزمانی حیوار تێناگات، ئەوەی بروای بەکوشتن و یەکتر سرینەوەو بریندارکردن بێت، لەیەکتر قبوڵکردن تێناگات، ئەدی چ خێرە کاکی ئینسان دۆست و مرۆڤ ویست هاوڕێی تێگەشتوو رۆشنبیر، یاسا دەم و دەستی تۆ نەبەستێ لەسوکایەتی بەخەڵک و پیرۆزی خەڵک، بەڵام چاوەڕێ بیت دەمودەستی خەڵک ببەستێ لە رەدفعل بەرانبەر بەتۆ.

بۆیە من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە، کوردانی رۆشنبیر بێنە دەنگ و قسەی جدیان هەبێت لەمەڕ ئەم یەکتر رەتکردنەوەو ئەم هەوڵی یەکتر سڕینەوە، ئەم گەشتنە لوتکەی سوکایەتیە بە شعوری خەڵک و قسەیان هەبێت لەسەر ئەو کوردانەی، کە خەریک بەگواستنەوەی ئاژاوەن لەوڵاتەوە بۆ وڵاتە ئارامەکان و لێرەش خەریک بەزڕاندنی ناوبانگی کوردن، بە سەلماندنی رۆحی یەکتر قبوڵنەکردن و بروانەبونمان بە ئینسانیەت.

ئەم بابەتە لە ژمارە 123 ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com