سەلاحەدین بەهادین وازهێنانی خۆی لە ئەمینداریی یەکگرتوو راگەیاند
نوچەنێت
لە راگەیاندنێکدا ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، کە لەم کۆنگرەی یەکگرتوودا خۆی بۆ بۆ ئەمینداریەتی ئەو حزبە هەڵنابژێرێت، وەک راشیگەیاندووە خۆ هەڵنەبژاردنی، لەپێناو ئەوەیە کە”دەمەوێ ئەم پرۆسە دیموکراسی و جوانە کە ئاڵوگۆری پۆستی سەرۆکایەتی حزبە، بە تەواوی ئیختیار و داوای خۆم بێ کاریگەری ھیچ ھۆکار و فشارێکی دەرەکی بەجێ بھێنم و, لەم بوارەشدا یەکگرتوو داھێنان و نمونەیەکی جوان پێشکەش بکا”.
دەقی راگەیاندنەکە
بسم اللە الرحمن الرحیم
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه .
بەرێزان .. ئازیزان ..
السلام علیکم ورحمە اللە
سوپاس بۆ خوا دەزانن کە ئەمڕۆ یەکگرتوو لە قۆناغێکی جوان و چاکدایە و لەگەرمەی کار و لە ئاستی چاوەڕوانیدا ھەنگاوی جددی دەنێ .. زۆربەی ئاستەنگ و کۆسپەکانی بڕیوە و جێگای ئومێدی زۆربەی گەلی کوردستانە ، وا بەرەو کۆنگرە دەچین و دەمانەوێ لەکاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن ببەسرێ ، دەمانەوێ کۆنگرەیەکی نەوعی و سەرکەوتوو بێ ، منیش دەمەوێ ئەم جارە ان شاء اللە بگەم بەئاواتی چەند ساڵەم کە لە کۆنگرەی چوارەوە (٢٠٠٥) داوام کرد و ھەل و مەرجەکە رێگەی نەدا:ـ
چونکە دەبینم یەکگرتوو لە حاڵەتێکی تۆکمەیی و گەشەدایە .
ھەروەھا منیش سوپاس بۆ خوا لە تەواوی تەندروستی و لەگەرمەی کاردام.
بۆیە دەمەوێ ئەم پرۆسە دیموکراسی و جوانە کە ئاڵوگۆری پۆستی سەرۆکایەتی حزبە بە تەواوی ئیختیار و داوای خۆم بێ کاریگەری ھیچ ھۆکار و فشارێکی دەرەکی بەجێ بھێنم و, لەم بوارەشدا یەکگرتوو داھێنان و نمونەیەکی جوان پێشکەش بکا.
ماوەی ساڵێکە لەلای ھەندێ لە سەرکردایەتی درکاندومە و تارادەیەک زەمینەم ساز کردوە و لە ١٥/١٠/٢٠١١ رونتر لە کۆبونەوەی فراوانی سەرکردایەتی باسم کرد ، ئێستەش کە کۆنگرە نزیکە, دەمەوێ لەم رێگەیەوە بۆ تەواوی برا و خوشکانی ئازیزم, کادر و ئەندامان ولایەنگران و جەماوەری یەکگرتووی شکۆدار و گەلی سەربڵندی کوردستان , لەگەڵ داوای لێبوردن و گەردن ئازادی , رابگەیەنم کە ان شاء اللە لە کۆنگرەی شەشەمدا خۆم ھەڵنابژێرم بۆ ئەمینداریەتی و, داواکارم کە ھەموو لایەک پشتیوانم بن لەم ھەنگاوەدا.
چونکە دەمێکە لە ھەلێکی گونجاو دەگەڕێم کە ئەم ئەمانەتە تەسلیم بکەمەوە و لەم بوارەشدا یەکگرتوو ھەنگاوێکی پێشەنگی ببێ ، بەڵام ھەرجارە بەھۆکارێک دواکەوت ، منیش ھەروەک ئەرک لە خۆرا دەبینم و وەک مافیش حەقی خۆمە دوای ئەم ھەموو ساڵانە ئەم مافەم ھەبێ و ئەو نازەشم ھەیە بە سوپاسەوە لای گشت برا و خوشکان .
بەرێزان :
– ئەصڵ لە ھەموو ئەرک و پۆستێکدا دەساو دەس و ئاڵوگۆڕە نەک بەردەوامی .
– ئەوەی کردوومە خوا قبوڵی بکا تەواوی لێھاتن و لێزانین و تواناکانی منە ، دڵنیام کاری منیش بێ کەم و کورتی نەبوە .
– قۆناغی نوێ وبارودۆخی نوێی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە دەخوازێ بەشێوازێکی گونجاو و جیاواز یەکگرتوو رۆڵی پێشەنگی بپارێزێ و, یەکێک لە ئاماژەکانی توانا و ھێز خۆ نوێ کردنەوە و ئاڵ وگۆڕی ستافی بەرپرسانە ..
– سوپاس بۆ خوا لە (٣٠) ساڵی رابردوودا کە لە بەرپرسیاریەتیدا بووم وکۆمەڵێک ئەزمونی کەڵەکە بووم ھەیە ان شاء اللە درێغی ناکەم لە پێشکەش کردنی ھاوکاری بە براو خوشکانی سەرکردایەتی و ئەمینداری بەرێزی داھاتوو .. ھەروەک بەدەر لە ئەرکی حزبی وەک ھەر ئەندامێک ئامادە دەبم لە ھەموو ئەرک و بوارێکی گشتی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی.
– راستیەکیش ھەیە سوپاس بۆ خوا لەو ماوە درێژەدا خەمی شەخصی و خزمایەتی و کۆمەڵایەتیم لەپاش خەمی کار و کاروان داناوە ، رەنگە پێویست بێ ئەم ماوەی لە ژیانم ماوە ئاورێک لەو لایەنە بدەمەوە وەکو ئەرکی شەرعی و کۆمەلایەتی خۆم .
– دڵنیایشم کە بۆشایی ئەوتۆ دروست نابێ و برایان و خوشکان بەگیانی برایەتی و مەسئولیەت و بەشێوازی دامەزراوەیی پڕی ئەکەنەوە و باشتریش .
– لەخوای موتەعال دەخوازم نیەت و نیازمان ساغ بکاتەوە بۆ رەزامەندی خۆی و لەھەڵە و پەڵەی کارمان ببورێ و چاکەکانمان بە لوتفی خۆی لێ وەرگرێ ، و بە کارمان بھێنێ بۆ ھەرچی چاکە و خێرە و بەرژەوەندی باڵای خاک و خەڵکی تیایە .
رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّکَ انت السَّمِیعُ الْعَلِیمُ ۆتُبْ عَڵیْنَا إِنَّکَ انْتَ التَّوَّابُ الرَّحِیمُ
صلاح الدین محمد بھاء الدین
٤/٣/٢٠١٢