عومەر شێخ موس یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی:
قەزافی 10 ملیۆن دۆلار هاوکاری یەکێتی کردووە
قەزافی فرۆکەی پر لەچەکی ناردووە بۆ شۆڕشی کورد و یەکێتی بەپارەی قەزافی دووجار ئێزگەی دامەزراندووە
وەکو کورد وەکو هێزی سیاسی دەبێت وەفاو ئیلتیزامێکی ئەخلاقیمان هەبێت بەرانبەر قەزافی
قەزافی تاکە سەرکردە بوو کە هەڵوێستێکی بە پرەنسیپی هەبوو بەرانبەر بە مافی گەلی کورد
قەزافی ئەیوت مافی ئۆتۆنۆمی چییە؟ دەبێت داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەن
رزگار رەزا چوچانی / سوید
ساڵێک بەسەر راپەڕینی خەڵکی لیبیا تێپەر دەکات، کە لەکۆتاییەکەدا دەسەڵاتی قەزافی روخاو قەزافی بەدەستی لیبییەکان کوژرا، بە نەمانی قەزافی کورد دۆستێکی سەرڕاست و خاوەن بروای بەمافەکانی کورد لەدەستدا، چارەنوسی لیبیا بەرەو نادیاری دەروات، رەوتەئیسلامییە توندڕێکان بەرەو دەسەڵات بەڕێوەن و شەڕی ناوخۆ یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکانە، پاشماوەکانی رژێمی قەزافی پچڕ پچڕ تاکو ئێستاش بەردەوامی بەجەنگ ئەدەن و لیبیا لەدۆخی ناهەمواری خۆیدایە، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری سڤیل، عومەر شێخ موس وەک یەکێک لەدامەزرێنەرانی یەکێتی، باسی هاوکارییەکانی، موعەمەر قەزافی و برواکانی بە پرس و مافی کورد دەکات.
رزگار رەزا چوچانی: لەدامەزراندنی یەکێتی و تا دوایی موعەمەر قەزافی هاوکاری زۆری یەکێتی کرد، تۆش یەكێک لەدامەزرێنەرانی یەکێتی ئاگاداریت، چۆن بوو توانیتان ئەو هاوکارییە بەدەست بێنن؟
عومەر شێخ موس: لەساڵی ١٩٧٥ کەیەکێتی نیشتیمانی کوردسان دامەزرا، مام جەلال یەکەمین کەسبوو سەردانی لیبیای کرد بۆ ئەو مەبەستەو هەر ئەوکات حکومەتی لیبیا بریاریاندا یارمەتیمان بدەن، فیعلەن یارمەتیشیان داین، بەشێوەیەکی گشتی بریاردرا مانگانە هاوکاریمان بکەن، بەڵام دواتر بەهۆی شکاندنی مەرجەکەی لیبیا لەلایەن یەکێتی یەوە هاوکاریەکە ماوەیەک وەستا. مەرجی ئەوان ئەوەبوو کە ئەو هاوکارییەی لیبیا بۆ یەکێتی نیهێنی بێت و کەس پێی نەزانێت، بەڵام دواتر کەسێک کەکاری بۆ موخابەراتی عێراق دەکرد خزایە ریزەکانی ئێمە و زانیاری دایە حکومەتی عێراق، بۆیە لیبیا هاوکاری ساڵی یەکەمی راگرت، دواتر ساڵی ٩٨٠ سەرۆک قەزافی لە کۆنفرانسێک لەمەدرید بەشداریکردو لەوێ تەسریحێکی دا کە پشتیوانی لەدامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دەکات و میللەتی کورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت، دوای ئەوە یەکێتی نیشتیمانی و بەتایبەت مام جەلال هەوڵی دا پەیوەندی لەگەڵدا بگرێتەوە، سەردانی لیبیای کردو ماوەیەک لەوێ مایەوە، ئەوە بوو بۆ جاری دووەم لیبیا بڕیاریدا بەشێوەیەکی فرەوان یارمەتیمان بدات، هێزەکوردییەکانی تریش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەل و حزبی سۆسیالستی یەکگرتووی کوردستان هاوکارییان لەلیبیا وەردەگرت، بەنسبەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو یارمەتیەی لیبیا بەردەوام بوو هەتا کۆتایی ساڵی ٩٨٣ کە گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی عێراق و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستی پێکرد، سەرۆک قەزافی و لیبیا دیاربوو لەوە زۆر ناڕەحەت بوون، بۆیە هاوکارییەکەیان وەستان.
رزگار رەزا چوچانی: دواتر چۆن هاوکارییەکە دەستی پێکردەوە، ئەگەر وەک بڕی باسی بکەین، قەزافی چەند هاوکاری یەکێتی کرد؟.
عومەر شێخ موس: باش بیرم نەماوە بەڵام ئەوەی لەبیرمە بریاری یەکەم ئەوە بوو، لەساڵی ٩٧٥ کە مانگانە ٧٥ هەزار دنیاری لیبیمان بدەنێ، کە پێم وایە دینارێکی لیبی ئەوکاتە ئەیکردە سێ دۆلار، بەر لەو مانگانەش لەسەرەتادا پارەیەکی زۆریان داینێ، بۆ کرینی ئێزگەیەک و هەندێ دەزگای پەیوەندی، هەروەها هەوڵی دا کە هاوکاری چەک و تەقەمەنیشمان بکات، بەڵام بەداخەوە سەرینەگرت و رێگا نەبوو، بەڵام لەساڵی ٩٨١ ئێمە لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی ئێران کە بەنی سەدر سەرۆکایەتی دەکرد، رێککەوتین کەیەک فرۆکەی پڕ لەچەک لەلیبیاوە بۆ ئێمە بێت بەڕێگای ئێراندا، بەداخەوە بەنی سەدر دەسەڵاتی ئەوەندەی نەمابوو، بۆیە پاسدارانی ئێرانی دەستیان بەسەردا گرت و نەیانهێشت ئەو چەکانە بەدەستمان بگەن، هەر بەو هاوکارییەی لیبیا من بۆخۆم دوو جار ئێزگەم کڕی و بەڕێگای ئێراندا ناردمەوە، هەرچەند پێشتریش رازی ببوون کەڕێگامان بدەن بەڵام لە فرۆکەخانەی ئێرانی لەلایەن پاسدارانی ئێران دەستیان بەسەردا گیرا، بۆخۆم دووجار چوومە لیبیا جاری یەکەم ساڵی ٩٨١ بوو کە بەسەردان هاتمە دەرەوەو جەولەیەکی وڵاتانی ئەورپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم کرد، بۆ داوای هاوکاریکردن و رونکردنەوەی رەوش و ئامانجی ئێمە، لەناو وەفدێکی یەکێتی بووم لەگەڵ ژمارەیەک لەبرادەرانی سەرکردایەتی و کۆمیتەی ئەوروپا، وەک دکتۆر کەمال فوئاد و دکتۆر ئەحمەد بامەرنی و کاک عومەری سەید عەلی، لە موئتەمەری شەعبی وڵاتانی عەرەبی بەشداریمانکرد، دوای ئەوەی پەیوەندیەکمان لەگەڵ لیبیا تێکچوو ساڵی ٨٦ دیسان چوینەوە لیبیا، نامەیەکم بۆ قەزافی نوسی و، داوەتکراین و بەوەفدێک رۆشتین، بڕیاربوو بچینە لای قەزافی، بەڵام بەداخەوە ئەوکاتەی کە لەوێ بوین فرۆکەی ئەمریکی پەلاماری لیبیایان دا و لەبنکەکانی سەرکردایەتی قەزافیان دا، کە یەکێک لەمناڵەکانی قەزافی تێدا کوژرا، بەهۆی ئەوە نەمانتوانی بیبینین، بۆیە لەگەڵ ئامۆزایەکی دانیشتین، کەلێپرسراوێکی گەورەی حکومەتی لیبیابوو، بەگشتی ئەتوانم بڵێم ئەوان هاوکاری باشی ئێمەیان کردووە کاتی شۆرش. بەلای کەمەوە لەساڵی ٩٧٥ ەوە تا ٩٨٥، قەزافی١٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری ئێمەی کردووە، کە توانیمان زۆر کاری پێ بکەین بۆ شۆڕشی کورد، ئەوە بەتەنها بۆ یەکێتی، کە هەمان شت هاوکاری پارتی دیموکرات و پارتی گەل و حزبی سۆسیالستی یەکگرتووشی کردووە، بەڵام نازانم هاوکارییەکە بڕی چەند بووە بۆ ئەوان.
رزگار رەزا چوچانی: ئێوە وەک یەکێتی هەم قەزافیتان بینوە هەم بەڕێزت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لیبا دانیشتووی، ئەو هاوکارییەی ئەوان بۆ شۆڕشی کوردی تێگەشتن بوو لەپرسی کورد؟، یان بەکارهێنانی پرسی کورد بوو وەکو کارتی فشار؟.
عومەرشێخ موس: ئەگەر تەماشای پەیوەندیەکانی وڵاتانی عەرەبی بکەیت، زۆربەی جار کە یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی یەکتریان داوە لەوکاتانە بووە کە ناکۆکی لەنێوانیان دروست بووە، ئەگەر تۆ تەماشا بکەیت کە سەدام حسەین یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریای ئەدا لەدژی رژێمی حافز ئەسەد، ئەویش یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئەدا لەدژی سەدام، لەکاتی شا، شا یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئەدا حکومەتی عێراق یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەدا، ئەوکاتانەش کە قەزافی یارمەتی ئێمەی ئەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی عێراق یەکجار زۆر خراپ بوو، بەڵام دەبێت هۆکارێکی تریش باس بکەین، کە ئەوە بوو مام جەلال لەساڵی ٩٦٣ سەرۆکی وەفدیی گفتوگۆبوو لەگەڵ حکومەتی عێراق، دواتر داوایان لێکرد کە سەردانی میسرو جەزائیر بکات، سەرۆکی جەزائیر و جەمال عەبدولناسری بینی هەردوکیان بەگەرمی پێشوازیان لێکردن و پشتیوانیان لە داخوازی مافی ئۆتۆنۆمی گەلی کورد کرد، ئەوکاتیش قەزافی زۆر موعجیب بوو بە عەبدولناسر هەروەها عەبدولناسریش هەڵوێستێکی باشی هەبوو بەرانبەر بەداخوازی مافی گەلی کورد لەدژی حکومەتی عێراق، مام جەلال یش ببووە دۆستێکی عەبدولناسر ئەوە بووە هۆکارێک بۆ پشتیوانی قەزافی لەپرسی کورد، هەروەها دەبێت ئەو راستیەش لەیاد نەکەین، کە قەزافی تێگەشتنی بۆ مافی کورد هەبوو بەراستی تاکە سەرکردە بوو کە هەڵوێستێکی بە پرەنسیپی هەبوو بەرانبەر بە مافی گەلی کورد بەگشتی، من چ بۆخۆم چ لەبرادەرانی ترم بیستووە کە وشەی الشعب الکوردی مان بەکار هێناوە، یانی میللەتی کورد، قەزافی یەکسەر وتویەتی الامە الکردستانیە، نابێ الشعب الکردی بەکار بهێنن، دەبێت بڵێن الامە الکردستانیە، مافی ئۆتۆنۆمی چییە دەبێت داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەن، ئەوە نەک بەنسبەت کوردی عێراقەوە بەنسبەت کوردی بەشەکانی تریشەوە هەڵوێستی وابوو.
هەروەها کێشەی نێوان ئەربەکان و قەزافی زۆر بەناوبانگە کە ئەوکات ئەربەکان سەرۆک وەزیری تورکیا بوو، سەردانی لیبیای کرد داوای لە قەزافی کرد، کە ئەوەنە تەسریحات نەدا بۆ پشتیوانیکردنی پرسی کورد و مافی گەلی کوردو داوای دەوڵەتی کوردستان، ئەویش لەوەڵام وتبووی چارەکردنی ئەو مەسەلە زۆر ئاسانە، ئەتوانم من بۆتان چارەسەربکەم، وتبوی چۆن؟، وتبووی مافی کورد بدەن، ئیتر نە تەسریحات و نە ئەو گیروگرفتە نامێنێت. یانی هەموو ئەوانە سەلمێنەری ئەوە بوون کە قەزافی قەناعەتی بەوە هەبوو میللەتی کورد مافی تەواوی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، وەکو هەموو میللەتانی تر دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێت، بۆیە ئەوەی گرنگە بەنسبەت ئێمەوە ئەوەیە. یەکەم قەزافی هەڵوێستێکی دۆستانەو مەبدەئیانەی هەبوو بەرانبەر بە ئێمە. دووەم، یارمەتیەکی زۆر بێ وێنەی داین لەوکاتەی کە هیچ کەسێک نەبوو یارمەتی کورد بدات.
رزگار رەزا چوچانی: زۆر وڵات هاوکاری کوردی کردووە، بۆ شۆڕشەکانی، باست کرد هاوکاری قەزافی مەبدەئی خۆشی لەگەڵ بووە بۆ پرسی کورد، بەڵام وەک مەوقیع قەزافی لەکوێی هاوکارییەکان دەبینی لوتکەی هاوکاری یان چی؟.
عومەر شێخ موس: ئەگەر لەباری دارایی و مەبدەئەوە سەیر بکەی، هیچ کەس ئەوەندەی قەزافی یارمەتی ئێمەی نەداوە، لەکاتی شۆڕشی ئەیلول ٩٦٥ هەتا ٩٧٥ نەبێ بەسەرۆکایەتی بارزانی، شای ئێران و ئیسرائیل و ئەمیرکا لەرووی مادییەوە یارمەتی زیاتریان داوە بە شۆڕشی کورد، مەسەلەن ئەمریکا بایی ١٦ ملیۆن دۆلار یارمەتی شۆڕشی داوە، ئیسرائیل یارمەتیەکی زۆریدا ئێرانیش هەروا، ئەوەی بەنسبەت یەکێتی بێت وەک شۆڕشی نوێ سوریاو ئێران و لیبیا یارمەتیان داوین، بەڵام ئەو یارمەتیەی قەزافی بەراورد ناکرێ بەو یارمەتیەی کە سوریاو ئێران کە بۆ ئێمە هەیانبوو، یارمەتی ئەو زۆر زیاتر بوو، لەهەمووشی گرنتر قەزافی وەکو شەخس بروای بەوە هەبوو کە میللەتی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا وەکو هەموو گەلانی تر، مافی تەواوی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی یەکگرتووی خۆی دامەزرێنێ و دەبێت ئەو مافەش وەربگرێت، ئەوە مەبدەئبوو لای ئەو، هەموو جاریش ئاشکرا لەگەڵ تورک و عەرەب و ئێرانیەکان باسی ئەکرد، دواترین هەڵوێستیشی ئەوەبوو پێش چەند مانگێک لەو راپەڕینەی لیبیا، پەیامنێرێکی بی بی سی گفتوگۆی لەگەڵ قەزافی ئەکرد، پرسیاری لە قەزافی کرد، وتی بۆچی هێزی پاراستنت تەنها ژنن و هیچ پیاوی تیا نیە؟. ئەویش زۆر بەتوڕەییەوە وتی، ئەو هەموو گیروگرفتە لەدنیادا هەیە بۆ باسی ئەوە ناکەیت، بۆچی لەمن ناپرسیت بۆچی میللەتی کورد دەوڵەتی خۆی نییە، بۆچی لەمن ئەپرسی کەبۆچی پاسەوانەکانم ژنن. وتی ئیتر من گفتوگۆت لەگەڵ ناکەم و لە ژوورەکە چووە دەرەوە.
بۆیە ئەکرێ ئەو جیاوازیە گەورەش ببینین کە قەزافی لەگەڵ هاوکارییەکانی بروای بە مافی کوردیش هەبوو بەراستی هەڵوێستێکی دۆستانەی هەبوو بەرانبەر بە میللەتی کورد، کە جیاواز بوو لەهەموو سەرکردەکانی تر.
رزگار رەزا چوچانی: ئەی چۆن بوو قەزافی بیری لە پەیوەندی و مەساڵحی خۆی نەدەکردەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەر دابەشکراوە؟.
عومەر شێخ موس: قەزافی وەک سەرکردەیەک گوێی بەهیچ کەسێک نەدەدا، ئەوە یەکێک لە تەبیعەتە سەیرەکانی بوو، زۆر قسەی جۆراو جۆری دەکرد، کە زۆر گرانیش لەسەری ئەکەوت، بەڵام مادام پێویستی بە پشتیوانی و یارمەتی دنیا نەبوو وڵاتێکی بچکۆلەی هەبوو، ژمارەی گەلەکەی بچوک بوو، وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند بوو، ئەو مافەی بەخۆی دەدا کە زۆر جار قسەی زۆر سەیر بکات و زۆر خەڵکیش تووڕەبکات.
رزگار رەزا چوچانی: یەکێک لەسیاسیەکانی کورد وەک ئیلتیزامێکی ئەخلاقی پێی وابوو نابێ کورد حەز بە روخانی قەزافی بکات، تۆ رات چییە؟.
عومەر شێخ موس: سیاسەت شتێکەو پێوانەی ئەخلاقی شتێکی ترە، بێگومان وەکو کورد وەکو هێزی سیاسی، دەبێت وەفاو ئیلتیزامێکی ئەخلاقیمان هەبێت بەرانبەر بەو یارمەتیانەی قەزافی، بەڵام لەگەڵ ئەو ئیلتیزامە ئەخلاقیەش ئەگەر گەلانی خۆیان لەدژیان هەستان و داوای ئازادی خۆیان کرد و داوای مافی دیموکراتیان کرد، دەبێت ئەوەمان بیر بێتەوە کە ئێمەش میللەتێکی چەوساوەین لەژێر مەترسی مان و نەماندا بووین، دەبێت پشتیوانی لەداخوازی عادیلەی هەموو گەلانی دنیا بکەین، کە داوای ئازادی و دیموکراتی بکەن.
رزگار رەزا چوچانی: بەپێی هەموو ئەم قسانە قەزافی دۆستێکی گەورەی کێشەی کوردبووە، پێت وایە دوای نەمانی ئەو دۆستێکی تری وا لەناوچەکە و لەو ئاستە بۆ کورد دروست بێتەوە؟.
عومەر شێخ موس: لەژیانی سیاسی و لەمێژوودا هیچ شتێک سەیر و مەحاڵ نییە، دوور نییە دۆست و سەرکردەیەکی بەو شێوە لەئایندەش پەیدا بێت، کە پشتیوانی و یارمەتی کورد بکات، هەرچەند ئەمرۆ میللەتی کورد رەوشی لەجاران باشترە، پێویستی بە ئەوەندە یارمەتی نییە ئەگەر خۆی یارمەتی خۆی بدات، بەڵام لەبارە سیاسی و هەڵوێستەکانەوە هەبوونی ئەو جۆرە پشتیوانیە گرنگە، دوور نییە و ئیمکانیەتی ئەوە هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهاندا رەوشێکی وا بێتە پێش، هەندێ هێزی گەورەو بچوک ئامادەبن بەشێوەیەکی بەهێز پشتیوانی لە مافی نەتەوەیی میللەتی کورد بکەن، گرنگ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین سودی لێوەربگرین و بە قازانجی خۆمانی بەکاریبێنین.
رزگار رەزا چوچانی: لەبارەی لیبیاو ناوچەکە بەگشتی، هێزی ئیسلامی بەڕێوەیە بۆ دەسەڵات، لەو نێوەندەدا چاوەڕێی چی دەکەیت بۆ کرانەوەی ناوچەکەو تێگەشتن لەپرسی کورد؟.
عومەر شێخ موس: کە بەهاری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، بێگومان زۆرمان پێمان وابوو دەوڵەتی دیموکرات و ئازاد و عەلمانی و یاسا لەو وڵاتانە دادەمەزرێت، بەڵام بەداخەوە کە هیزە ئیسلامییەکان لە تونس و میسرو لیبیا و دوور نییە لەسوریاش زاڵ بن بەسەر سیستەمی سیاسیدا، بەڵام من بۆچونێکی مێژوویم هەیە، دوای نەمانی ئەو رژێمە دیکتاتۆرو تۆتالیتارانە، ئەو هێزە ئیسلامیانە بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر حوکم ئەبن، لە ئەنجامدا سیستەمێکی دیموکراتی و ئازادو سیکۆلار دێتە کایەوە، ئیسلامییەکان ناتوانن هەتا هەتا لەسەر دەسەڵات بن، چونکە ئەو گەلانە کە شۆڕشیان کرد وا بەئاسانی سەرکوت ناکرێن وا بەئاسانی ناچەوسێنرێنەوە، ئەوان فێربوون کەچۆن بتوانن مافی خۆیان بپارێزن و بۆ مافی خۆیان شۆڕش و راپەڕین بکەن، ئەگەر شیعارەکانی شۆڕشەکانی میسرو تونس و لیبیات لەبەرچاو بێت، سێ شیعاری زۆر گرنگیان بەرز کردبوەوە، وەک نان، ئازادی، کەرامەت، ئەمە سێ شیعاری زۆر گرنگ و بنەڕەتین بۆ ئازادی ئەو گەلانە، کە مانای ئەوەیە ئەو میللەتانە ئیدی قبوڵی ناکەن هەر رژێمێک بێ کەرامەتیان بخاتە ژێر پێ، بێگومان سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچەیەش لە بەرژەوەندی کورد دەبێت، ئەگەر سیستەمێکی کراوە بێتە ئارا، پێچەونەش دیارە لەسودی ناوچەکە نابێ بەگشتی. دەبێت سەکردایەتی کوردیش پەندێکی گەورە لەو شۆڕشانە وەربگرن و داخوازییەکانی گەلی خۆیان لەبەرچاو بگرن، ئەگەرنا دوارۆژی ئەوانیش ئەکەوێتە بەر مەترسی و ژێر پرسیاری گەل ئەگەر گوێ بۆ داخوازی خەڵک نەگرن.
ئەم دیمانە لە ژمارە 123 ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە.