گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بۆ حوکمڕانی باشووری کوردستان
فوئاد قەرەداغی
ئەو ململانێیەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمیی کوردستان ، کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ وە بەگەرمی دەستیپێکردووە ، هەتا ئێستاش بەردەوامە . سەرەنجامی ئەوە چارەنووسی پرسی کورد و ئاسۆی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەڵواسراوەیی ماوەتەوەو هەتابێت ئومێدی دەربازبوون لەم قەیرانە کزترو لاوازتر دەبێت. بێزاری و ناڕەزایەتی خەڵکیش، بەگشتی، روو لە هەڵچوونە. ئەگەرچی سەرەتا ئەم ناڕەزایەتییە روو لە دەسەڵات بوو ، بەم هۆیەشەوە ئۆپۆزیسیۆن توانی لە هەڵبژاردنەکاندا ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پەڕلەمانی کوردستان بەدەستبهێنێت ، بەڵام دوای شکستی خۆنیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات – ١٩ ی نیسانی ٢٠١١ و ، دان و ستانی ئاشکراو نهێنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و ، بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆن و رێکنەخستنی مەراسیمگەلێک بۆ یادی خۆنیشاندان و شەهیدەکانی ١٧ ی شوبات و رۆژانی دوایی ، رستێک پرسیاری وروژاندووە ، کە پرسیاری سەرەکییان دەربارەی توانایی هەردوو لایەنە لە حوکمڕانیی کوردستان . ئەوەی تاچ رادەیەک بوونی ئەم هێزە سیاسیانە وەڵامن بە واقیعی ئیمڕۆی باشووری کوردستان ، ئەوەی کە پرسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا گەشەکردن و چوونەپێشەوەیەکی چۆنایەتی بەخۆیەوە دەبینێت ، تەنانەت تەواوی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و لایەنەکانی لێکچوونیان ، کەوتونەتە ژێر پرسیارەوە.
واقیعی ئەمڕۆی باشوری کوردستان
مەبەست لە واقیع سەرتاپای بوارەکانی ژیانی خەڵکی کوردستانە . ئەم واقیعە گشت لایەنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە ، پەیوەند بەوانیشەوە لایەنەکانی ئیداری و رۆشنبیری و تەندروستی و پەروەردەوفێرکردن و ئاستی پابەندبوون بە پرەنسیپ و بەها ئەخلاقییەکانیش لەخۆیدەگرێت .
ئەم واقیعە فرەڕەهەندە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی گەرەکەو دواڕۆژی خەڵکی لەم شوێنە جوگرافیاییەی ناوی باشووری کوردستانە بەم گۆڕانکارییەوە گرێدراوە ، بۆیە پێوەڕی سەرکەوتوویی دەسەڵات و راستگۆیی ئۆپۆزیسیۆنیش ، جگە لەبەرنامەیەکی هەمەلایەنەی گۆڕانکاریی ، پراکتیکی بەرنامەکەو زەمینەخۆشکردنە بۆ بەدیهێنانی . کێبەرکێی سیاسی لەم سنوورو بازنەیەدا دروستەو ، ئاساییە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەریەکەیان بەرنامەی خۆیان هەبێت . بوونی بەرنامەی جیاواز بۆ گۆڕانکاریی ، بنەمای ئەو کێبەرکێیە دەبێت ، بەپێچەوانەشەوە بوونی بەرنامەی هاوشێوەو پێڕەوکردنی شێوازی چوونیەک و نزیکیی ئەو زمان و گوتارەی ئاڕاستەی راگەیاندن و تەواوی ململانێکەی پێدەکرێت رەوایی کێبەرکێ و ململانێ توندەکان ناهێڵێت و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەکاتە دووڕووی یەک دراو .
ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستاندا لەبەرچاوە ، بوونی دەسەڵات و چەند هێڵێکی سیاسییە کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنن ، لەنێویاندا ئۆپۆزیسیۆنێکی فەڕمی هەیە کە لە دووباڵی نەتەوەیی و ئیسلامی پێکدێت ، ململانێی دەسەڵات و گۆڕانکاری و بەرنامەو بۆچوونەکان لەنێو ئەم سێگۆشە سیاسییەدایە ، کە ئەگەر هەندێک دیدو ئامانجی ستراتیژیی ئیسلامگەرایانەی لێدەربکەین ، لێکچوونێکی لەڕادەبەدەر لەنێوان ئەم لایەنانەی ململانێکەدا هەیە ، بەتایبەتی لەنێوان دەسەڵات ( پارتی و یەکێتی ) و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەیی ، واتە ( گۆڕان ) دا .
بنەماکانی لەیەکچوونی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن
حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەڕێژەیەکی بەرچاو لەڕووی بونیادەوە سەر یەکتری دەچنەوە ، واتە چەند بنەمایەک هەیە کە هەموویان لە ئاڕاستەیەکدا کۆدەکاتەوە ، بۆیە هاووڵاتی کورد لەئاستی سیاسەتەکانیاندا تووشی رامان و سەرەگێژە دەبێت و ناتوانێت هەڵسەنگاندن و بڕیارێکی دروست لەبارەیانەوە بدات ، یان دڵنیابێت لەوەی کە ئەم کەشتییە بەرەو رۆخێکی ئارام دەڕوات و لەوێدا بەهێمنی دەگیرسێتەوە . لەبەرئەوە دەتوانین لە خوێندنەوەیەکی گشتیدا بنەماکانی لەیەکچوون لەچەند خاڵێکدا دەستنیشان بکەین :
١ ) بنەمای چینایەتی : هەموو لایەنەکان ، وەک شوێنی چینایەتییان لە کۆمەڵگای کوردستاندا ، سەر بە توێژە جیاجیاکانی چینی بۆرژوازین ، وەک چینێکی زۆر فراوان و باوی کۆمەڵگا ، کە لەسەرەوەو لوتکەکەیدا بازرگانان و سەرمایەدارانی گەورەو بۆرژوازیی بێرۆکراتی دەوڵەتی و ، لەبنەوەشدا جەماوەرێکی بەرینی وردەبۆرژوازی هەیەو ، لەڕووی ئینتیمایانەوە دابەشدەبنە سەر دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن . سەرچاوەی نارەزایەتیش ، چ لە نێو جەماوەری حزبەکانی دەسەلات بەرامبەر سەرکردایەتییەکانیان و ، چ لەنێو جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر دەسەڵات و چینی باڵادەستی کوردستان ، ئەم چینەیە ، کە بەهۆی گەشەنەکردنی ئاسایی سەرمایەداریی لە کۆمەڵگای کوردستاندا ، بێزاری و نارەزایەتییەکەی ئاوێتەیە بە هەندێک لە چەمکە دەرەبەگییەکانەوە ، ئەو چەمکانەی کەم و زۆر کاریگەرێتی لەسەر شێوازی ململانێکان دادەنێت .
٢ ) بنەمای کۆمەڵایەتی : پێکهاتەی هەموو لایەنەکان وەک سیستمی حزبی و پەیوەندی بە جەماوەرو خودی جەماوەرەکانیشیان ئەوەندە لەیەکدەچن کە هێڵێکی روون و پانی جوێکردنەوەیان بەئاسانی نابینرێت . روانگەی حزبی و پیرۆزاندنی سەرۆکی کاریزمیی حزب و رەتکردنەوەی بەرامبەرو هەڵوێستی نێگەتیڤانە لەبەرامبەر گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی سیستمی دەوڵەت و سیستمی باوی کۆمەڵ ، خاڵی یەکانگیربوونیانە ، ئەگەرچی هەریەکەیان بەشێوازێک دەریاندەبڕێت . ئەم بنەما کۆمەڵایەتییەی لێکچوون ، بە واقیعی دەیانکاتە خێزانێک و ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنێ ( بەتایبەتی هەردوو حزبی دەسەڵات و گۆڕان ) کە چارەسەری ناکۆکییەکانیان وەک ئەندامانی یەک خێزان بکەن ، جا ئەوە زوو بکرێت یان بخایەنێت و درەنگ بێتەدی .
٣ ) بنەمای کەلتوریی : لایەنەکانی ململانێی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا خاوەنی کەلتوورێکی سیاسین . ئەم کەلتوورە وجودیان ، هەڵسوکەوتیان ، کاردانەوەیان بەرامبەر کێشەوگرفتەکان دەگرێتەوە .
لەڕووی بوونیانەوە رەچەڵەکی هاوبەشیان هەیە ، چ رەوتە نەتەوەییەکان و چ رەوتە ئیسلامییەکان ، هەریەکەیان زادەی یەک دایکن : گۆڕان لەیەکێتیی نیشتمانی کوردستان بووەو ، ئەمیش لەڕووی مێژووییەوە زادەی پارتی دیموکراتی کوردستانە ، رەوتە ئیسلامییەکانیش زادەی بزووتنەوەی ئیخوان موسلمینی ( حسن البناو سید قگب ) ن . ململانێی نێوخۆ و یاخیبوون لە دایک ، یان باشترە بڵێین : یاخیبوون لە باوکە کاریزمییەکە سیمای پەیوەندییە بونیادییەکەیان دیاریدەکات . هەڵسوکەوتەکانیش پابەندی ، بوون و ململانێکانە ، کاردانەوەکانیش بریتین لە : ( هێرشی راگەیاندن و هاندان و سووکایەتیکردن دژی یەکتری و ، پەنابردنە بەرچەک و کاری توندوتیژیی و ، نانبڕین و ، گرتن و ، کوشتن و ،چەند جارە بوونەوەی کاری سووتاندن و … هتد ) .
پڕاکتیکی بنەماکان
پراکتیکی بنەما لێکچووەکانی کاری سیاسی و بەڕێوەچوونی ململانێکان لەدوو بواردا خۆیان دەنوێنن ، ئەوانیش : ( بەرنامەو میتۆد ) ن .
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە بەرنامەی ئیسلامییەکان لەناوەرۆک و مەبەستی ستراتیژییاندا جیاوازەو پەیوەندییەکی بنچینەیی بە پێداویستییەکانی واقیعی ئەمڕۆی کوردستانەوە نییە ، بەرنامەی ئەوان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و پەیڕەوکردنی شەریعەتی ئیسلامە لە کۆمەڵدا ، بەرنامەی ئاشکرایان کە لە جێوڕێی ئۆپۆزیسیۆنەوە ململانێی لەسەردەکەن ، جۆرێکە لە خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجەکانی ئەمڕۆی جیهان و وێستگەیەکە بۆ گەیشتن بە ستراتیژی بزووتنەوەکەیان ، بۆیە لەم بەشەدا زێتر بەراوردەکان لەسەر گوتاری دەسەڵات ( پارتی و یەکێتی ) و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەیی ( گۆڕان ) دەکەین .
١ ) گوتاری سیاسی
مەبەست لە گوتاری سیاسی ستراتیژو جۆری ئاڕاستەکردنی سیاسیی تواناکانە بۆ گەیشتن بەو ستراتیژە . گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە باشووری کوردستاندا ، نزیک بەسەدەیەکە ، لەبازنەی عێراقیبوون و خۆبەستنەوە بە یەکێتیی خاکی عێراق و ئۆتۆنۆمی و ، دواجار لە فیدرالی تێنەپەریوە . پرسی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ باشووری کوردستان لە گوتاری ئەم بزووتنەوەیەدا نەبووە . هەتا ئێستاش ئەوەندەی نوێنەرانی رەسمیی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکە بەکاروباری عێراق و مەسەلەی سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراقی دوای داگیرکردنەوە خەریکن ، بەهیچ بوارێکی پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە خەریک نین . لەم بارەیەوە بیروبۆچوونی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمی لەیەکچوونێکی زۆری تێدایە . بۆ نموونە : ملدانی هەردوو لایەن و پشتگیرییان بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی بەناو نیشتمانیی عێراقی بۆ رێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک بنەما کە دەسەڵاتی ناوەندو نەیارەکانی ( ئۆپۆزیسیۆن ) رێکبخاتەوە ، هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی بنچینەکانی دەوڵەتێکی ” فیدراڵیی دیموکراتی ” پشتبەستوو بە دەستووری عێراقی و زامنکردی سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی تەوافوق ؛ بەڵگەیەکی ئاشکرای گوتارە ناوکۆییەکەیانە کە جێگای ستڕاتیژیی جیابوونەوە لە عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی تێدانەبۆتەوە .
مەسەلەی سیستمی فەرمانڕەوایی لە باشووری کوردستاندا ، کە ناویان لێناوە ( هەرێمی کوردستان ) هیچ جۆرە ناکۆکییەکی لەنێوان دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆندا لێنەکەوتۆتەوە ، هەموویان پابەندن بە سیستمی پەڕلەمانی و پرەنسیپی جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکە ( یاسادانان ، جێبەجێکردن ، دادوەری ) . وەک بەرنامەو گوتاری سیاسیش هەمووان بانگەشەی سەلماندنی ئازادییە سیاسییەکان دەکەن ، لەو مەودا سنووردارەی لەسەروبەندی دامەزراندنی حکومەتدا لەسەری کۆکبون و ئەمڕۆ دەسەڵات کەم و زۆر پێشێلیان دەکات ؛ ئەم پابەند نەبوونەی دەسەلاتیش بۆ خۆی ، سەرچاوەیەکی دیار پێکدەهێنێت بۆ بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکانی هەردوو لایەن .
ئەم گوتارە سیاسییە ناوکۆییە ، لە پرسی ( جیاکرنەوەی ئایین لە دەوڵەت ) دا بەهەمان شێوە خۆی نمایش دەکات . هیچ لایەنێکیان ، نەلە بەرنامەکەیاندایەو نە بە ئاشکرا گوتارەکەیان بەو رووکارەدا ئاڕاستە دەکەن ، بۆیە پڕۆژەی جێگیرکردنی ئەم پرەنسیپە سێکیولاریستەیان نییە ، تەنانەت لە بەرنامەو کۆی راگەیاندنەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیشدا بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری هەرێم ، بەشێوەی پێشنیازیش دوورو نزیک شتێک دەربارەی جیایی ئایین و دەوڵەت لە ئارادا نییە .
٢ ) گوتاری ئابووری
لەلای کەس شاراوە نییە کە دوای راپەڕینی ١٩٩١ ژێرخانی ئابووری کوردستان داڕماو هیچی بەسەر هیچیەوە نەما ، گەمارۆدانی دووسەرەی عێراقی و نێودەوڵەتیش هێندەیتر ئەم ژێرخانەی وێرانکرد ، نەبوونی و گرانی و برسێتی بووە سیمایەکی دیاری ژیانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردو بەرئەنجامی ئەو ژێرخانە داتەپیوە . کاربەدەستانی کوردستان بەپەلە ئابووریی دەوڵەتییان کۆتایی پێهێنا ، ئەگەرچی بەعس بەشێکی گەورەی ئەو شێوە ئابوورییەی داڕووخاندبوو ؛ لەجێگەی ئەوەشدا هیچ نموونەیەکی ئابووریی ئەزموونکراوو تۆکمەی نەبوو تا نەهێڵێت بارودۆخە ئابوورییەکە لە گرێژەنە بچێت ، بۆیە بەبێ لێکۆڵینەوەی هەلومەرج و واقیعی ئەو کاتەی کوردستان نموونەی ( بازاڕی ئازاد ) ی سەرمایەدارییان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند .
سەپاندنی ئەم نموونە ئابوورییە جگە لەوەی باڵادەستیی کەرتی تایبەتی هێنایەئاراوە ، دەرگای کوردستانیشی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان ئاوەڵاکرد تا بە ئارەزووی خۆیان سەرمایەگوزاریی لە کوردستاندا بکەن و لە سامان و رەنج و ئارەقەی خەڵکی کوردستان سەرمایەکانیان زێتر کەڵەکە ببێت . لەم کردارەشدا سەرمایەدارانی خۆماڵیی پشکی گەورەیان بەرکەوت و دواتر تا بە ئێستا دەگات ، سەرباری بیانییەکان ، کۆمپانیاکانی حزب و بۆرژوازییەکی بێرۆکرات کە پلەو پایە حزبییەکان خولقاندوونی دەستیان ناوەتە بینی ئابووری کوردستان و لە خنکاندن نزیکیان کردۆتەوە .
ئەمڕۆ شا دەماری ئابووریی باشووری کوردستان بەدەست کۆمپانیا بیانییەکانەوەیە ، هەر لە کۆمپانیاکانی ولاتانی دراوسێوە تا دەگاتە کۆمپانیا فرەناسنامەکان . ئەمە بۆتە سەرچاوەی وێرانی بەرهەمهێنان و ستەمکاری لە دابەشکردنی داهاتی نیشتمانیدا . نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و جەمسەربەندیی کۆمەڵگا لەنێوان جەمسەرێکی داراو جەمسەرێکی نەداردا ، لەنێوان توێژێکی ئێجگار دەوڵەمەندو زۆربەیەکی ئێجگار هەژاردا ، دیاردەیەکی هەرە زەقی بازاری ئازادە کە بۆ زێتر لە بیست ساڵە خەڵکی کوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت ؛ ئەگەر دوێنێ ئابووریی کوردستان و سەرمایەداریی لەکوردستاندا پاشکۆی سیستمی سەرمایەداریی دواکەوتووی عێراقی و بەشێک بوو لە ئابووریی عێراق ، ئەوا ئیمرۆ پاشکۆی سەرمایەداریی وڵاتانی دەوروبەرو ئابووریی ئەو وڵاتانەیە کە لەسایەی دەستئاوەڵابوونی کۆمپانییەکانیان و سەرمایەگوزاری بازرگانیدا ، بەپلەی یەکەم ، هەموو رایەڵە ئابورییەکانی کوردستانیان بەدەستەوەگرتووەو ، لەوڕێیەوە دەست لەکاروباری ناوخۆی کوردستان وەردەدەن و هیچ سەروەرییەکی سیاسییان بۆ حکومەتە خۆماڵییەکەی نەهێشتۆتەوە .
لەبەرامبەر ئەم گوتارە فەرمییەی دەسەڵاتدا ، ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی ئەلتەرناتیڤێکیان پێ نییە . ئەوانیش لەسەر ئەم نموونە ئابوورییەی دەسەڵات هاوڕان ، ناکۆکییەکانیان لەسەر جەوهەری ئەم ئابوورییە نییە ، بەڵکو لەسەر هەندێک دینامیزمی جێبەجێکردن و ئەو گەندەڵییەیە کە لەم بوارەدا زێتر لەهەر بوارێکدیکە بەبەرچاوەوەیە .
٣ ) گوتاری کۆمەڵایەتی
کۆمەڵگای کوردستان ، گەشەکردنێکی سەرمایەداریی بەخۆیەوە نەدیوە ، هێشتا گەشەی سەرمایەداریی ژێرخانێکی پتەوی پیشەسازی و سیستمێکی بانکی پەرەپێدراوی نییە ، سەرمایەدارییەکی دواکەوتووی تێدایە کەزێتر سەرمایەگوزاریی لە بوارەکانی بازرگانی و خانووبەرەدا دەکات ؛ لەبەرئەوە کۆمەڵگای کوردستان بەتەواوی لە سیستمی دەرەبەگایەتی نەپچڕاوەو دیاردەکانی کۆمەڵگای دەرەبەگی ، بەشێوەی جۆراوجۆر ، تێیدا زاڵە ، ئەقڵی خێڵ و عەشیرەتگەری و باوکسالاری و پیاوسالاری و گەورەسالاریی ، کەم و زۆر ، لە هەڵسوکەوت و فیکرو کرداری خەڵکیدا رەنگدانەوەی خۆی هەیە . ئەم رەنگدانەوەیە لە پێکهاتەو سیاسەتی حزبەکاندا ، بە دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە دیارەو هۆکارێکیشە بۆ تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان و درێژەکێشانیان و بەیەکنەگەیشتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان . کاتێک خەڵکی لەسەر بنەماڵەیی رێکخستنی حزبی دەدوێن ، واقیعەکە هەستپێدەکەن و بەشێوەیەکی راست دەیخوێننەوە. لێرەا تەنها ئاماژە بە دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی دەکەم کە نە دەسەڵات لە ماوەی بیست ساڵی دوای راپەڕیندا توانیویەتی بەرەو کزبوونی بەرێت و نە ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمیش بەرنامەیەکی روونی بۆ چارەسەرکردنیان هەیە .
١ /٣ دیاردەی یەکەم پەیوەندی بە ئەقڵییەتی خێڵەوە هەیە . لەبری ئەوەی ئاستی حزبەکان و جەماوەری خەڵکی کوردستان بەرەو تێپەڕاندنی ئەم ئەقڵییەتە ببرێت و گوتاری خێڵ و عەشرەت بە مۆزەخانەی مێژوو بسپێردرێت ، لانی کەم حزبەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لەگەڵ گوتارە نەتەوەییەکەی خۆیاندا راستگۆ بن و گوتاری نەتەوەیی لەسایەیاندا سەروەربێت و جەماوەرە حزبییەکەی خۆیان بەو ئاڕاستە نەتەوەییەدا ببەن ، کەچی دەبینین هەتادێت ئەو گوتارەی خێڵ باڵادەستی پەیدادەکات و بەدوای خۆشیدا هەموو تەنگژە ئیداری و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەکانیش رادەکێشێت . گوتاری بنەماڵەیی و بەرچاوتەنگیی حزبایەتی و شارچێتی و ناوچەگەرێتی و رەنگدانەوەکانی لەسەر کەرتکردنی کوردستان بۆ ( بادینان و سۆران ) و ( هەرێمی زەردو هەرێمی سەوز ) و ئاڵای ( زەردو سەوزو مۆرو شین و سپی .. هتد ) بەڵگەن بۆ ئەو واقیعە تاڵەی خەڵکی ستەمدیدەی کورد، لەڕاپەڕینەوە تا ئێستا ، رۆژانە دەیچێژێت .
٢/ ٣ دیاردەی ستەمی رەگەزی و ، راگرتنی ژنان لەسایەی یاساکانی هەڵاواردنی جێندەری و ، هەڵنەگرتنی هەنگاوی بنبڕ بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی ژنان و زامنکردنی ئازادی بۆیان و یەکسانکردنیان لەهەموو روویەکەوە بە پیاوان .
ئەوەی سەبارەت بەم کەیسە سەرنجڕادەکێشێت ، جیاوازی نێوان بەرنامەو پڕاکتیکی حزبەکانە . هیچ یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات و حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ، بەشێوەیەکی شەفاف لەم پرسە کۆمەڵایەتیە گرنگە نادوێن و توخنی جەوهەری پرسەکە ناکەون .
خاڵی هەرەگرنگی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان ئازادیی بڕیاردانی چارەنووسە لە هاوسەرگیریی و پێکەوەنانی خێزان و منداڵبوون و جیابوونەوەشدا . سەلماندنی چوونیەکیی ژنان و پیاوان لە پڕاکتیکی ئەو شێوازەی پەیوەندی هەردوو رەگەزدا و ، دەستەبەرکردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی مافە مرۆییەکانی ژنان و بە یاساییکردنیان ، نەبۆتە هێڵێک بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ، بەتایبەتی بۆ ئۆپۆزیسیۆنێک بەرنامەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی هەبێت .
٤ ) گوتارە پەیوەستەکان
مەبەست لە گوتارە پەیوەستەکان ، گوتارەکانی : ( ئازادی سیاسی ، کارگێڕیی ، سەربازیی ، ئاسایش وهەواڵگریی ، پەروەردەیی ، رۆشنبیریی ، تەندروستیی ، راگەیاندن و … هتد ) ن . واتە هەموو ئەو گوتارانەیە کە بەشێکن یان پەیوەستن بە گوتاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە و ، بەپلەی جیاجیا کاریگەرێتی ئەم سێ گوتارەیان لەسەرە .
دەسەڵات سەبارەت بەم گوتارە پەیوەستانەوە پڕاکتیکی بیست ساڵی هەیە ، کە بە گشتی مایەی رەخنەو رەتکردنەوەی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستانە . ئۆپۆزیسیۆنی رەسمی ، بەشێوەیەک لەشێوەکان ، تا هەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٩ بەشدارو هاوکاری دەسەڵات بووە لە بڕیارو بەجێگەیاندنی ئەو گوتارەدا ، لەساڵی ٢٠٠٩ یش بەدواوە ناکۆکییەکانی لەم مەیدانەدا سەبارەت بە چۆنیەتی و دینامیزمی جێبەجێکرنەکەیە نەک جەوهەری بەرنامەو گوتارەکە.
حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی بۆ هەر یەکێک لەو گوتارانە بەرنامەی سەربەخۆیان نییە کە بتوانێت رایەکی گشتیی جەماوەری لەبەرامبەر پڕاکتیکی دەسەڵات بۆ ئەو گوتارانە سازبدات و یەکبینە کاری لەسەر بکات ، بۆیە لەجێوڕێی ئۆپۆزیسیۆنەوە بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدا بە هەڵواسراوەیی دەمێنێتەوە ، چونکە هەلی پراکتیک بۆ ئۆپۆزیسیۆن ناڕەخسێت تائەو کاتەی نەبنە دەسەڵات و جڵەوی حوکم بەدەستەوە نەگرن .
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مەودای ئازادی سیاسی چۆن دەبینێت ؟ چ هەلومەرجێکی پراکتیکی ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان بە شیاو دەزانێت ؟ تاچ رادەیەک بڕیارو بەشداریی جەماوەر لە فەرمانڕەوایەتیدا بەڕەوا دەزانێت ؟ چۆن ئەمە لەگەڵ سیستمی پەڕلەمانیدا دێتەوە ، کە سیستمێکە هەر چوار ساڵ یەک جار ماف بە هاووڵاتی دەدات دەنگێک بدات ؟ ئایا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە توانایاندایە شێوازی کارگێڕیی ئێستا بەشێوەیەکی ئەرێیانە بگۆڕن و ، ئەو گەندەڵییانەی هەیە بنبڕ بکەن ؟ میکانیزمی کارکردنیان بۆ جیاکردنەوەی حزب لە دەوڵەت چییە و ئایا دەتوانن لەم کایەیەدا دەستبەرداری ئەجندەی حزبییانەی خۆیان ببن ؟
ئۆپۆزیسیۆن هەروەکو دەسەڵات بیردەکاتەوە لە ئاستی سەربازی و ئاسایش و هەواڵگیرییدا ، وەک زەرورەتێک بۆ بەڕێوەبردنی حوکم و ئەوەی پێی دەڵێن ” ئاسایشی نەتەوەیی ” . بەرنامەیەک کە ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەم هیزو دەزگایانە هەیەتی بەهێزکردن و چەکدارکردنی زیاترو پاراستنێتی وەک دەزگایەکی سەرکوتی سەرووخەڵکی نەک هەڵوەشاندنەوەو پەیڕەوکردنی جۆرێکیتری رێکخستنی هێزە چەکدارەکان .
ئەم لێکچوون و نەبوونەی هێڵیێکی جیاوازی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمی بوارەکانی پەروەردەو رۆشنبیریی و تەندروستییش دەگرێتەوە ، رەخنەو گلەیی و ئیعتیرازەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەوری کەم و کووڕییەکان دەخولێنەوە نەک فەلسەفەی پەروەردەوفێرکردن و ئاڕاستەیەکی مۆدێرنی رۆشنبیریی و سیستمێکی تەندروستیی فراوان و هەمەلایەنە لەخزمەتی جەماهیری خەڵکی کوردستاندا .
٥ ) میتۆدی کارو هەڵوێست
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی چۆنایەتی ئاڕاستەی گوتارەکان و بانگاشەکردنیان لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە ، میتۆدی کارکردن و وەرگرتنی هەڵوێستە کە بەم رادە یان ئەو رادە نزیکییەک لەنێوانیاندا هەیە . لەم رووەوە تەنها ئاماژە بە چەند بوارێک دەکەم :
أ – کارو هەڵوێستی حزبی
لەدوای راپەڕینەوە هەلی کاری سیاسیی حزبی ، دوای ساڵانێکی زۆر لەکفراندنی ، بۆ خەڵکی رەخسا . جگە لە حزبەکانی بەر لە راپەڕین ، بەدەیان حزب و رێکخراوی سیاسی سەریانهەڵداو سوودیان لە بارودۆخی سەردەمی دوای راپەڕین بۆ کاری حزبی وەرگرت ، بەڵام بەهۆی پراکتیکی نادروستی ئەم کارە حزبییەوە ، بەتایبەتی حزبە گەورەکان ، ئاڕاستەیەکی لیبراڵی هەڵە سەریدەرهێناو بەشێوازێکی کاریگەرتر لەساڵانی پێش راپەڕین کفراندنی کاری حزبی هاتە ئاراوە . ئەوەی ئەم ئاڕاستەیەی جێگیرکرد ململانێی حزبیی نێوان پارتی و یەکێتی و حزبەکانی سەر بەم دوو حزبە گەورەیە بوون . حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاش ، چ وەک بەشێک یان هاوپەیمانی حزبە گەورەکان ، رۆڵیان لەم ئاڕاستە هەڵەیەدا هەبوو ، ئەمێستا لەسەر یەک ریتم کاری حزبایەتی دەکرێت و سکتاریزمی حزبی باڵی بەسەر هەموویاندا کێشاوە و هەریەکە لە پێگەی بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆیەوە پراکتیکی کاری سیاسی دەکات . ئەو کێبەرکێیەی کارو هەڵوێستی حزبییانە هێناویەتە کایەوە ، لە سەرەتای ئەزموونەکەدا شەڕی ناوخۆیی لێکەوتەوەو ئەمڕۆش توندترین ململانێی لێڕسکاوەو زەمینەی هەڵگیرسانی شەڕێکیتری ناوخۆی لە هەر کات و ساتێکدا خۆشکردووە . لەڕووی رێکخستنیشەوە ، بەگشتی نەک وەکویەک ، بێسەروبەری و پەرتوبڵاوی و پێشێلکردنی پرەنسیپە حزبییەکان بۆتە سیمای ئاشکرای کاری حزبی ، تارادەی ئەوەی هەندێک لەو حزبانە مەرجی حزبیان تێدا نەماوەو زێتر وەک دەزگایەکی تایبەتی هەڵبژاردن دێنەبەرچاو ، مەرجەکانی رێکخستنی حزبی کە بریتین لە ( یەکگرتوویی فیکری و یەکگرتوویی کارکردن و یەکگرتوویی ئیرادە ) ، تەنها لە یەک دوو رێکخستنی ئیسلامیدا نەبێت ، لەوانیتردا نەماوە . هەر ئەمەشە دیسپلینی نەهێشتووەو کاریگەرێتییەکی نەرێیانەی لەسەر بارودۆخەکە داناوە .
ب – کاری جەماوەری
میتۆدی حزبیانەی کارکردن ، میتۆدێکی تایبەتی بۆ پەیوەندی حزبەکان و جەماوەر هێناوەتەکایەوە ، لەلایەک بە خۆناساندن وەک نوێنەری جەماوەر ، لەلایەکیدیکە پشتگوێخستنی جەماوەرو بەکارهێنانی وەک کارتێکی هەڵبژاردن . ئەگەرچی هەموو حزبەکان بە حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لافی خزمەتکردنی جەماوەرو پشتبەستن بەجەماوەر لێدەدەن ، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی خەڵکی کوردستان تەنها بەشدارییەکی رووکەشیان لە بڕیاردانی سیاسیدا هەبێت . ئەو خەڵکەی ئەوان بە ناویانەوە دەدوێن و خۆیان بە نوێنەریان دەزانن ، تەنها دەتوانن هەر بەچەند ساڵ جارێک دەنگێک بدەن ؛ نە دەتوانن نوێنەرەکانیان بەر لە تەواوبوونی ماوەی نوێنەرایەتییان لابدەن ، نە دەتوانن دەنگیان هەبێت لە دانان و لابردنی پۆستە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتداو ، نەدەتوانن کارمەندێکی دەوڵەت بۆ بەردەمی دادگاکان رابکێشن و ، نە بۆ پەسەندکردنی یاساو بڕیارە چارەنووسسازەکان پرسیان پێدەکرێت ، جگە لەمەش چ هەردوو حزبی دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن زامنکردنی دەنگی جەماوەر بۆ بەرنامەکانی هەڵبژاردن لە دەستبەسەرداگرتنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەبینن ، بۆیە هەریەکەیان لەلای خۆیەوە رێکخراوی تایبەتی بۆ چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵ پێکدەهێنێت ، لەبەر ئەوە چەندین رێکخراوی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و ژنان و … هتد هەن کە تەنها شوناسە حزبییەکە لەیەکترییان جیادەکاتەوە نەک ئاوات و ئامانج و خواستەکانی ژیانی ئەو کەرتە کۆمەڵایەتییانەی نوێنەرایەتی دەکەن .
ج – پەیوەندی و دیپلۆماسیی شاراوە
تێکڕای لایەنە سیاسییەکانی نێو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش ، بەشێوەیەک لەشێوەکان پەیوەندییان بە وڵاتە دراوسێکانی کوردستان و وڵاتانیدیکەی جیهانەوە ، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، هەیە . جۆری پەیوەندییەکان شاراوەیی بەسەریاندا زاڵە ، واتە شەفافییەت لە پەیوەندییەکاندا نییە ، زێتر لە ژوورە داخراوەکاندا بەڕێوەدەچێت ، نە جۆرنالیزمی کوردی و نە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زانیارییەکی راستیان دەربارەی ئەم پەیوەندییانە نییە.
ئەم پەیوەندییانە خۆشخەیاڵییان لێکەوتۆتەوەو، دۆستی وەهمیی سەروبەرژەوەندیی دەوڵەتیانەیان ، بەردەمی جەماوەری خەڵکی کوردستان خستووە ، خەڵکی کوردستانیان لە چاوەڕوانیی ئەو دۆستە فریادڕەسانەدا راگرتووە . ئەم پەیوەندییە شاراوەیەش ، زۆرجار لەنێوان حزبەکاندا هەیەو خەڵکیی لێی ئاگادار نییە ، دەگمەن تەواوی گفتوگۆی نێو ئەم حزبانە پەخشدەکرێت یان دەگاتە نێو خەڵک .
لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئۆپۆزیسیۆنێکی فەرمی بوونی خۆی سەلماندووە ، لایەنەکانی نوێنەریان لە پەڕلەمانی کوردستاندا هەیە ، بەشدارییەکی زیندوو و کاریگەریان لە ژیانی سیاسییدا هەیە ، بەڵام ململانێ وگرژبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدا بەسەر زاری خەڵکییەوەیە ، توندبوونی پەیوەندییەکانیان و خاوبوونەوەیان دیاردەیەکی بەرچاوە ، کەچی سەرەڕای ئەوە هێشتا شەفافییەت لە ئارادا نییە ، چ کۆبوونەوەکان و چ دانوستانەکان و چ پەیوەندییەکانی کاتی تۆران و دابڕانەکان بۆ خەڵکی کوردستان روون نییە و نازانرێت بارودۆخەکە بەچی دەگات و چارەنووسی ئەم بەشەی کوردستان بەچی دەشکێتەوە . ئەم هەڵوێستە لەیەکچووەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ، کە لە ناوەرۆکدا پەیوەندی بەشێوازی دیپلۆماسیی کاری سیاسییەوە هەیە ، سێ دەرهاویشتەی نەرێیانەی بە وجودهێناوە :
– پابەندبوون یان سەلماندنی ئەجندەو ستراتیژی دەوڵەتە بیانییەکان ، هەڵبەت هی هەریەکەیان بە جۆرێک و ، بەوهۆیەشەوە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی لەدەستدراوە .
– یەکلایینەکردنەوەی هەڵوێست بەرامبەر حکومەتی ناوەند سەبارەت بە پێشێلکردن و ئەجندەی دوژمنکارانەی بەرامبەر گەلی کورد ، هەروەها پەنابردنە بەر گەمەی سیاسی لەگەڵ هێزە سونییەکان و هێزە شیعییەکان و گۆڕین و جێگۆرکێکردنی هەڵوێست لێیان و نەبوونی سیاسەتێکی جێگیر یان ستراتیژێکی روون لە ململانێی نێوان دەسەلاتی ناوەندو دەسەڵاتی سیاسیی کوردستاندا ، هەڵبەت ئەم باری سەرنجە ئۆپۆزیسیۆنیش دەگرێتەوە بەو سیفەتەی بەشدارییان لە پەڕلەمانی عێراقیدا هەیە .
– بنبڕنەکردنی ناکۆکییەکان و پەردەپۆشکردن و هێشتنەوەیان و سپاردنیان بە داهاتوویەکی نادیار لەڕێی پەیڕەویکردنی سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) و بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتی ستڕاتیژیی هەردوو حزبی دەسەڵات. چ دەسەڵات بەهاوپەیمانێتی هەردوو حزب ( پارتی و یەکێتی ) و ، چ ئۆپۆزیسیۆن بە رێککەوتنی هەرسێ لایەنەکە ( گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) لە بازنەی سیاسەتی گونجاندندا هاوکاری یەکتر دەکەن و بوارێکیان بۆ پراکتیکی دیموکراسییانەی فەرمانڕەوایی نەهێشتۆتەوە کە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنێک پێکبهێنن تەواوکەری یەکتریبن وەک هەر دەوڵەتێکی دیموکراتیی بۆرژوازیی ئەم جیهانە .
د – کاری راگەیاندن
کاری راگەیاندنی هەموو لایەنەکانی ململانێ لە کوردستاندا کاریگەرییەکی لەڕادەبەدەری هەیە بەسەر بارودۆخە ئاڵۆزکاوەکەی کوردستانەوە . راگەیاندن ئەو چەکەیە هەتا ئەمڕۆ جگە لەخۆشکردنی ئاگرێک کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ماف و داوا رەواکانیانی تێدا دەسووتێ هیچیتری ئەنجامنەداوە . لەم کارکردنە نەرێیانەیەی راگەیاندنی حزبەکاندا ، دیسان ، سێ دەرهاویشتە دەبینرێت :
– راگەیاندن خراوەتە خزمەتی یەک ئامانج و مەبەستەوە ئەویش هەڵبژارنەکانی پەڕلەمانی کوردستان و پەڕلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانە . کۆی بەرنامەی دەزگاکانی راگەیاندن بەدەوری ئەم تەوەرەیەدا دەسووڕێتەوە . ئەم ئاڕاستەیە لە راگەیاندنی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا زۆر بە زەقی دیارەو ، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵی کەرت کەرت کردووەو ناکۆکیی سیاسی – کۆمەلایەتی بۆ نێو هەموو شانەو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بردووە .
– لەسایەی ئەم راگەیاندنەدا سڕینەوەی یەکتری بۆتە بەرنامەی کارو ، پرەنسیپێکی دیموکراسی وەک رێزگرتنی راو رای جیاواز پێشێلکراوە ، لەکاتێکدا بیروبۆچوونە جیاوازەکان لەسەر شێوازە ناسەرەکییەکانی کاری سیاسی و ئیداری و ئابوورییە ، نەک ئەو مەسەلە سەرەکییانەی پەیوەندی بە پرسە نەتەوایەتییەکەی کوردەوە هەیە .
– هەردوو هەڵوێستەکە ( خزمەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سڕینەوەی یەکتری ) شێوازی هاندان ( تحریچ ) ی کردۆتە شێوازێکی سەرەکیی کاری راگەیاندنی حزبە بەشدارەکان لە ململانێکەدا ، تەنانەت هەندێ جار دەگاتە ئاستی موهاتەرات و جنێودانی سیاسی و شکاندن و ناوزڕاندنی یەکتری . لەلایەکیدیکەشەوە هەر لایەنە دۆی خۆی بە ترش نازانێ ، ئەمیان رۆژانە دەسکەوتەکانی دەژمێرێت و بەچاوی خەڵکیدا دەداتەوەو ئەویشیان هەمووی رەتدەکاتەوەو ، یەکبینە تایتڵی ” هیچمان بۆنەکراوە ” لەبوارە جیاجیاکانی ڕاگەیاندنەکانیدا پەخشدەکات .
لەڕاستیدا تێکڕای بارودۆخە سیاسییەکەی باشووری کوردستان و ململانێیەک کەلە ئارادایە ، چەندین سەرنج و خوێندنەوەی لێڕسکاوە ، چەندین پرسیاری دروستکردووە . بەشێکی ئەو سەرنج و خوێندنەوەو پرسیارانە دەربارەی بەرنامە دیموکراتییە پەڕلەمانییەکەی هەموو لایەکیانە . بۆچی پرەنسیپەکانی ئەو سیستمە وەکوخۆی جێبەجێناکەن ؟ بۆچی لەم بوارەدا چاو لە نموونەی یەکێک لەو وڵاتە رۆژئاواییانە ناکەن کە پێیەوە موعجیبن ؟
بەشێکیتری سەرنج و خوێندنەوەکان دەربارەی نزیکیی فیکری و بەرنامەیی و جەماوەریی لایەنەکانە ، کە لەڕووی بونیادییەوە سەر بەیەک بنەماڵەن و ، ئەگەر تایبەتمەندێتی ئیسلامییەکانیش رەچاوبکەین لە دوو بنەماڵە یان خێزان تێناپەڕن یان دەتوانین بڵێی دوو بەرەن : بەرەی کوردایەتی و بەرەی ئیسلامی . ئایا ئەم نزیکییە بەس نیە بۆ یەکخستنی گوتاری حوکمڕانییان بۆ کوردستان ؟ یان لانیکەم پێکەوەهەڵکردنیان تا نەبنە هۆکاری نەهامەتییەک کە دەشێت لەسایەی ئەم سیاسەتەی ئێستایاندا گەلی کورد تووشی ببێت ؟ دیارە لە جیهانی ئەمڕۆدا پیادەکردنی ئەو لانیکەمە لە توانادایە ، ئەگەر چی خەڵکێک هەن لەوەزێتر دەڕۆن و هەستە نەتەوەییەکەیان خۆشخەیاڵیان دەکات و خەون بە ئایندەیەکەوە دەبینن کە ئەم حزبانە لە قەوارەیەکی سیاسی و رێکخراوەییدا یەکبگرن!!
نوچەنێت داوای لێبوردن لەبەڕێز مامۆستا فوئاد قەرەداغی دەکات، بەهۆی دواکەوتنمان لەپەخشی ئەم بابەتەی گرنگەی بەڕێزیان، ئەویش بەهۆی ئەوە بوو کە نوچەنێت هاککرابوو. ماوەیەکی برد تا چارەکردنی ئەو گرفتە..