نهوشیروان مستهفا: كوردستانی سهربهخۆ پێویستی به كۆمهڵێك پێشمهرج ههیه و و هاوخهباتی ئهو لایهنانه دهبین كار بۆ ئهو مهبهسته دهكهن
نوچهنێت: تایبهت
له پهیامێكدا رێكخهری گشتی بزووتنهوهی گۆڕان، رایگهیاند، كوردستانی سهربهخۆ به قسه درووست نابێت و پێویستی به كۆمهڵێك پێشمهرج ههیه، ئامادهیی بزووتنهوهكهشی راگهیاند، بۆ پشتگیری كردنی ئهو لایهنانه كه كار بۆ ئهو مهبهسته دهكهن.
دهقی پهیامهكه:
خوشک و برایانی خۆشەویست
هاونیشتمانانی سەربەرزی کوردستان
ئەم کاتەتان باش…
بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز و یادە نیشتمانییەکانی ئادارو وەرزی بەهارەوە، پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە ئەکەم.. پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە هاوڵاتیانی ناوخۆی کوردستان، رەوەندی کوردی، سەرجەم کوردستانیانی باکورو باشور، خۆرهەڵات و خۆرئاوای نیشتمان ئەکەم.
هەمو ساڵێ هاتنەوەی “نەورۆز” ئومێد و شەوقی تازە بە ژیان و ژینگەی گەلەکەمان ئەبەخشێ، پەیوەستبونمان بە خاکی نیشتمان و پێناسەی نەتەوەییەوە پتەوتر ئەکا.
ئاهەنگ و یادی نەورۆز، جگە لە مانای ژیاندۆستی، هاندەرێکیشە بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ئازادی نەتەوەییدا، لەپێناوی رزگاربونی خاک و گەلی کوردستان لە داگیرکاریی و ستەمی دەرەکی و ناوەکی.
هاونیشتمانانی بەڕێز..
ئەم دەرفەتە بە گونجاو ئەزانم بۆ ئەوەی دو پەیامی بزوتنەوەی گۆڕانتان پێ رابگەیەنم:
پەیامی یەکەم، پەیامی بەنیشتمانیکردنی یادە نەتەوەیی و گشتییەکانە، پەیامی فراوانکردنی ئەو بۆنە گشتییانەیە کە هەمومان پێکەوە کۆئەکاتەوە، پەیامی دورکەوتنەوەیە لە بە حیزبیکردن، بە ئایدیۆلۆجیکردن و بە ناوچەییکردنی یادو بۆنەکان.
یادە گشتییەکان، چ ئەوانەی وەک “داستان” ئیلهام بە نەوە لەدوای نەوەی گەلەکەمان ئەبەخشن و، چ ئەوانەی وەک “کارەسات” پێناسەی رەوایەتی خەباتی ئێمەن، بە یادە کۆمەڵایەتی و ئاینی و جیهانییەکانیشەوە… پێویستە ببنەوە بە یادی گەل و کۆمەڵگا، بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە یادبکرێنەوە، دور لەدەستێوەردان و خۆسەپاندن، دەرفەتێک بن بۆ پتەوکردنی پەیکەرەی کۆمەڵایەتی، نەک دابەشکردن و پەرتکردنی زیاتری نیشتمان و کۆمەڵگا بەسەر کەرت و ئینتما و بۆنەی جیاوازدا.
پێویستە یادە فەرمییەکان بۆ دەزگا فەرمییەکان و… یادە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و گشتییەکان بۆ کۆمەڵگاو گروپەکان خۆیان بەجێبێڵین، ئەرکی دەزگا حکومییەکان و شارەوانییەکان تەنها لەوەدا کورت ئەبێتەوە کارئاسانی بۆ ئاهەنگێڕانی یادە گشتییەکان بکەن، نەک بارگاوییان بکەن بە پروپاگەندەو ریکلامی سیاسی.
پەیامی دوەم، پوختەی دیدی ئێمەیە بۆ باڵاترین ئامانجی نەتەوەییمان کە سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە، ئەو ئامانجەی چەندین نەوە لەپێناویدا شۆڕشیان کردوە، دەیان هەزار هاوڵاتی لەپێناویدا گیانیان بەخشیوە، کۆی گەل و نیشتمان لەو پێناوەدا روبەڕوی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بونەتەوە.
بەڵام کوردستانی سەربەخۆ شتێ نییە بە قسە دابمەزرێ، بەڵکو تەلارێکە پێویستە پایەکانی لەسەر زەمین بچەسپێن.
کوردستانی سەربەخۆ ئەبێ دامەزراوەیەکی سیاسی بێ، کە پێویستی بە سازانێکی نیشتمانیی نوسراوە لە شێوەی دەستور و کۆمەڵێک یاسادا، کە کۆدەنگی نیشتمانییان لەسەر بێت، بەئامانجی رێکخستنی پرۆسەی سیاسی و رێکخستنی رێساکانی پەیوەندی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکان، لە سایەی کۆمەڵێک دامەزراوەی نیشتمانیدا، وەک ئیدارەی نیشتمانی، سوپای نیشتمانی، ئاسایشی نیشتمانی و دادگای نیشتمانی کە دامەزراوەی هەموان بن پێکەوە، نەک بە تەنها دامەزراوەی دەسەڵاتداران بن.
کوردستانی سەربەخۆ لەگەڵ ئەوەی ئەبێ دامەزراوەیەکی سیاسی بێ، ئەبێ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابوریش بێ، پێویستی بە پتەوکردنی ژێرخانی ئابورییە، پێویستی بە دابینکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتییە لەنێوان کەرت و توێژو ناوچە جیاوازەکاندا، بەجۆرێک هەمو تاکێکی هەرێمی کوردستان هەست بە لایەنی کەمی دادی کۆمەڵایەتی و دادی ئابوری بکا، هەست بە بونی دەرفەتی گونجاو و یەکسان بکا بۆ خۆپێگەیاندن و سودمەندبون لە بودجەی گشتی و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی وڵاتەکەی.
کوردستانی سەربەخۆ ئەبێ دامەزراوەیەکی مەدەنی و رۆشنبیریش بێ، کە پێویستی بە زمانی فەرمی، میدیای نیشتمانی و زانکۆی نیشتمانییە، پێویستی بە ئازادکردنی کۆمەڵگای مەدەنییە، بەجۆرێک تاک لە ئینتنمای خێڵەکی و ناوچەیی بەرتەسک دەربازی بێت و ببێتە خاوەن ئینتمایەکی ئاسۆیی بۆ گەل و نیشتمان.
کوردستانی سەربەخۆ پێویستی بە دابینکردنی ئەم پێشمەرجانە و گەڕانەوەی کەرکوک و خانەقین و شەنگار و ناوچە دابڕاوەکانی ترە بۆ سەر خاکی هەرێم.
ئێمە لە ئێساتدا پشتیوان بە خوای گەورە، پشتئەستور بە ئیرادەی ئێوە، لەسەر زەمینی واقیع خەبات لەپێناو هێنانە دی ئەو پێشمەرجانەدا ئەکەین، لەو پێناوەشدا هاوکارو هاوخەباتی هەر کەس و لایەنێکی کوردستانی ئەبین.
لە کۆتاییدا جارێکی تر جەژنی نەورۆز لە هەمو لایەکتان پیرۆز بێت و هەر بژین بەشادی و خۆشی.
نەوشیروان مستەفا
٢٠/٣/٢٠١٢