بارزانی ستراتیژیەتی چاکسازی راگەیاند: ئاشكراكردنی سەرچاوەی داهاتی حزبەکان
نوچەنێت
ئەمرۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا هێڵەسەرەکیەکانی ستراتیژیەتی چاکسازی لەهەرێمی کوردستان راگەیاند، لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکی هەرێمدا کە هەریەک لە بوارەکانی، چاكسازیی سیاسی چاكسازیی ئیداریی چاكسازیی دارایی و ئابووریی، تێیدا باسکراوە، داوا لە هەر كەس و لایەنێك دەكات”لە جیاتی ئەوەی بیر لە خۆی و بەرژەوەندییەكانی خۆی بكاتەوە، پێویستە لەمەودوا بیر لە ئایندە و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و نەوەی دواڕۆژمان بكاتەوە، چونكە بە بێ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، هیچ شتێكی ئەم وڵاتە پارێزراو نابێ و هەرچی دەستكەوتی هەمانە دەكەونە بەر هەڕەشەی لەناوچوون”.
دەقی راگەیانراوکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
هێڵە سەرەكییەكانی ستراتیژییەتی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان
سەبارەت بە پڕۆژەی چاكسازییەوە كە لە نەورۆزی پارساڵ خاڵە سەرەكیەكانمان راگەیاند و ئێستاش كار لەسەر چەندین دۆسیە كراوە و بەردەوامە؛ ئەمڕۆ پێمخۆشە بە ئێوەی بەڕێزی رابگەیەنم كە قۆناغێكی باشمان بڕیوە، لەبەر ئەوەی پرسێكی گرنگی وەك چاكسازیی پەیوەندی بە هەموو بوارەكانەوە هەیە و كار و كۆشش و بەرنامەی هەمەلایەنەی دەوێ بۆ ئەنجامدانی، بۆیە ئەوە دەمێكە خەریكی ئامادەكردنی پلانێكی ستراتیژیی نیشتیمانیین بۆ چاكسازیی.
ئەمڕۆ من هێڵە سەرەكیەكانی ئەو ستراتیژییەتان پێ رادەگەیەنم؛ كە دواتر وردەكاریی تەواوی ستراتیژییەتەكە بۆ رای گشتیی كوردستان رادەگەیەنرێ؛ بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و رۆشنبیران و شارەزایان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە بیروڕای خۆیان دەوڵەمەندی بكەن، دید و بۆچوونی هەر كەس و لایەنێك بەهەند وەردەگیرێ كە دواجار ئاراستەی حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێ، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویستی بۆ دابنرێ بە مەبەستی جێ بەجێكردنی.هەڵبەت ئەو ستراتیژییەتە نیشتمانییە پشت بە چەند هێڵێكی گشتییەوە دەبەستێت، ئەو هێڵانەش بێجگە لەوەی یارمەتیدەر دەبن بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی چاكسازیی و فراوانتركردنی، هاوكات هۆكارەكانی دروستبوونی گەندەڵیش بنبڕ دەكەن، بێگومان ئەوەش بە هەمانگی دەبێت لە نێوان گشت لایەن و دامەزراو و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان.
یەكەم: ئەم ستراتیژیەتە پشت بەم بنەمایانە دەبەستێت:
1- دەستەبەركردنی شەفافییەت و پێڕەوكردنی لەسەرجەم بوارەكاندا.
2- فراوانكردنی بنەماكانی بەشداربوون لە ئیدارەی هەرێم و جێبەجێكردنی بنەماكانی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە.
3- كاركردن بۆ بەدیهێنانی حوكمڕانییەكی باش كە چاكسازیی لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕ بكرێتەوە؛ لەگەڵ زامنكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی.
دووەم: هێڵە گشتییەكانی ستراتیژییەتی چاكسازیی ئەم بوارانە لەخۆ دەگرێت:
1- چاكسازیی سیاسی:
پتەوكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاد لەسەر بنەمای شەفافییەت لە تەمویلكردنی حزبە سیاسییەكان و ئاشكراكردنی سەرچاوەی داهات و مەوجووداتەكانیان و پێڕەوكردنی پرانسیپی كێبڕكێ.
2- دەسەڵاتی تەشریعی و دەزگا چاودێریەكان:
ا- كاراكردنی چاودێریی پەرلەمانیی لەسەر گشت ئاستەكانی دەسەڵات لە هەرێم و پێداچوونەوە بەو یاسایانەی پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە.
ب- دەركردنی یاساكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی.
ج- رێكخستنەوەی دەزگای چاودێریی دارایی و دامەزراندنی دەزگای نەزاهەی هەرێم بۆ ئەوەی دەست بە كارەكانی خۆیان بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی.
3- سەرەوەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەریی:
ا- بەهێزكردنی سەروەریی یاسا لە رێگەی پتەوكردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و جێبەجێكردنی یاساكان و پێڕەوكردنی پرانسیپەكانی دادپەروەریی.
ب- رێكخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی بە شێوەیەك كە كاریگەر و دەستپاك (نەزیه) بێت و زامنی پاراستنی هاووڵاتیان بكات لەو كەسانەی زێدەڕۆیی و تەجاوز لە دەسەڵاتەكانیان دەكەن.
ج- دەستەبەركردنی سەربەخۆیی داواكاریی گشتیی و رێكخستنەوەی بەو شێوەیەی، كە لە خزمەتی باشتر بەڕێوەچوونی كار و ئەركەكانیدا بێت.
4- چاكسازیی ئیداریی:
ا- پێداچوونەوە بە تەواوی سیستەمی خزمەتگوزاریە گشتییەكان كە لەلایەن حكوومەتەوە پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێت؛ وەك (تەندروستی، پەروەردە و فێركردن، نیشتەجێبوون، شارەوانیەكان، خزمەتگوزاریە بنەڕەتییەكانی وەك ئاو و كارەبا، رێگاوبان، گواستنەوە و گەیاندن، سووتەمەنی و وزە و …..هتد).
ب- رێكخستنەوەی وەزیفەی گشتیی بە شێوەیەك كە لێوەشاوەیی و كارامەیی دەكرێتە بنەمای دامەزراندن و پلە بەرزكردنەوە و دابینكردنی كرێ و مووچەی راستەقینە.
ج- زامنكردنی مافی بەشداریكردنی هاووڵاتیانی كوردستان لە بەڕێوەبردنی كاروباری گشتییدا وەك مافێكی هاووڵاتیبوون و دەستەبەركردنی دەرفەتی یەكسان بە بێ جیاوازیی جۆر و چین و لایەنگریی.
د- پێداچوونەوە و لابردنی سەرپێچییەكان لە بواری (دامەزراندن و بەرزكردنەوەی پلە و خانەنشینكردن).
5– چاكسازیی دارایی و ئابووریی:
ا- داڕشتنی سیاسەتێكی ئابووریی گونجاو لەگەڵ ئابووریی بازاڕ.
ب- دامەزراندنی سندووقی داهاتەكانی هەرێم و باشتركردنی ئیدارەكردنی بودجەی هەرێم.
ج- نەهێشتنی كاریگەرییەكانی دوو ئیدارەیی لەسەر بودجەی گشتیی.
د- رێكخستنەوەی وەبەرهێنان تا لە خزمەتی هاووڵاتیان و ئابووری دا بێت.
6– رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی:
ا- بەشداریكردنی كارای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی لە پرۆسەی چاكسازییدا.
ب- زامنكردنی مافی گەیشتن بە زانیاریەكان بۆ هاووڵاتیان و كەناڵەكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی.
7- پێشمەرگەی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان:
ا- بەردەوامیدان بە هەنگاوە نشتیمانییەكانی یەكگرتنەوەی پێشمەرگەی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان، لەمبارەیەشەوە هەوڵی جددی لە ئارادایە بۆ ئەوەی پرۆسەی یەكگرتنەوەی ئەم هەردوو دامەزراوەیە بەر لە كۆتاییهاتنی ئەمساڵ بە ئەنجام بگات.
ب- بایەخدانی شایستە بەم هەردوو دامەزراوە نشتیمانییە گرنگە لە رووی پیشەیی و گوزەرانەوە، لەگەڵ زامنكردنی پێداویستییەكانی دامەزرانی هێزێكی بەرگریی و ئەمنی مۆدێرن بۆ هەرێمی كوردستان.
لە كۆتاییشدا داوا لە هەر كەس و لایەنێك دەكەم؛ لە جیاتی ئەوەی بیر لە خۆی و بەرژەوەندییەكانی خۆی بكاتەوە، پێویستە لەمەودوا بیر لە ئایندە و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و نەوەی دواڕۆژمان بكاتەوە، چونكە بە بێ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، هیچ شتێكی ئەم وڵاتە پارێزراو نابێ و هەرچی دەستكەوتی هەمانە دەكەونە بەر هەڕەشەی لەناوچوون، ئێمەش مومكن نیە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلەكەمان بكەینە قوربانی بەرژەوەندیی چەند كەسانێك.
مسعود بارزانی
سهرۆكی ههرێمی كوردستان
26/3/2012