نوسەرێکی ئەمریکایی: ده‌بێ‌ ئۆباما چی به‌ بارزانی بڵێت؟

0

نوسەرێکی ئەمریکایی: ده‌بێ‌ ئۆباما چی به‌ بارزانی بڵێت؟

سه‌روه‌ر سالار چوچانی

تایبەت بەنوچەنێت

ئه‌مه‌ ناونیشانی وتارێكی نوسه‌ری ئه‌مریكایی “جۆن هه‌ننا”یه‌ و له‌ سایتی فۆرین پۆلیسی ئه‌مریكیدا و له‌ 2ی ئه‌م مانگه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌. ئه‌و نوسه‌ره‌ كه‌ له‌ وتارێكی 22ی مانگی ڕابردویدا كوردستانی به‌ ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا و ژاپۆن و كۆریای باشوری دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م ناساند بو به‌ نیسبه‌ت ئه‌مریكاوه‌، داوای كردبو ئیدی ئه‌مریكا سیاسه‌تێكی ڕون سه‌باره‌ت به‌ كوردستان دابڕێژێ‌ و بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی پایه‌بڵندی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێ‌ و ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی كردنی په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیجییه‌ دو قۆڵییه‌كانی هه‌ردولایان پێ‌ بسپێردرێت.

له‌ وتاری 2ی ئه‌م مانگه‌دا و وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان، جۆن هه‌ننا پێشنیار ده‌كات له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك ئۆباما و سه‌رۆك بارزانیدا هه‌ندێ‌ بابه‌ت تاوتوێ‌ بكرێن، له‌وانه‌:

1-ده‌رهێنانی یه‌كێتی و پارتی له‌ لیستی تیرۆر: به‌پێی یاسای ئه‌مریكا ئه‌و پارت و ڕێكخراوانه‌ی له‌ چالاكی توندوتیژی به‌رامبه‌ر حكومه‌ته‌كانیان تێوه‌گلاون، به‌ تیرۆریست داده‌نرێن. به‌و پێیه‌ی یه‌كێتی و پارتیش خه‌باتی چه‌كدارییان له‌دژی حكومه‌تی پێشوتری به‌غدا كردوه‌ هێشتا له‌و لیسته‌دان. جۆن هه‌ننا داوا ده‌كات ئیدی ئه‌و دو حزبه‌ له‌ لیسته‌كه‌ ده‌ربهێنرێن. ده‌بێ‌ بڵێین تا ساڵی 2008 حزبه‌كه‌ی نیڵسۆن ماندێللای ڕێبه‌ری ئازادی خوازی باشوری ئه‌فریقاش له‌و لیسته‌دا بوو، تا ئه‌و ساڵه‌ كۆنگرێس ئه‌وو ڕێكخراوه‌كه‌ی له‌ لیسته‌كه‌ ده‌رهێنا.

2-ڕێگا بده‌ن ڤیزا له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ربچێ‌: له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌ننا ده‌ڵێ‌ “كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا كونسوڵییه‌تی ئه‌مریكا له‌ كوردستان تا ئێستا ڤیزا ده‌رناكات. ئه‌و كوردانه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ سه‌ردانی ئه‌مریكا بكه‌ن، ده‌بێ‌ یان به‌ختی خۆیان تاقیبكه‌نه‌وه‌ و ڕو بكه‌ن به‌غدا كه‌ به‌هۆی لایه‌نی ئه‌منییه‌وه‌ كابوسێكه‌ بۆ خۆی، یاخود ڕوبكه‌نه‌ كه‌نداو یان توركیا”. بۆیه‌ هه‌ننا داوا ده‌كات “پێویسته‌ ئیداره‌ی ئۆباما هه‌رچی زووه‌ ده‌ستبه‌كاربێت و ئه‌م دۆخه‌ ڕێك بكاته‌وه‌ و فه‌رمانێك له‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ ده‌ربچێ‌ و ڕێگا بدات له‌ هه‌ولێریشه‌وه‌ ڤیزای ئه‌مریكا ده‌ربچێت”.

3-ڕێگا بده‌ن گه‌شتی ئاسمانی له‌ ئه‌مریكاوه‌ ڕوه‌ و كوردستان ده‌ست پێبكات: له‌م خاڵه‌دا ده‌ڵێ‌”هێڵه‌ ئاسمانییه‌كانی نه‌مسا، لۆفسانای ئه‌ڵمانی، ئیمارات، شاهانه‌ی ئه‌رده‌نی، هێڵی ئاسمانیی لوبنانی و توركیایی به‌ ڕێكوپێكی گه‌شت بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نوێ‌ و مۆدێرن و سه‌لامه‌تی هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ تا ئێستاش فه‌رمانگه‌ی فڕۆكه‌وانیی فیدراڵی ئه‌مریكا یاسای (SFAR 77) جێبه‌جێ‌ ده‌كات كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌ددامدا ده‌ری كردووه‌ و قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات هه‌ر جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكایی له‌ كوردستان بنیشێته‌وه‌. هه‌ركه‌سێك سه‌ردانی هه‌ولێری كردبێ‌، پێتان ده‌ڵێ‌ كه‌ ئه‌م یاسایه‌ بێمانایه‌. به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌م یاسایه‌ له‌لایه‌ن وڵاتێكه‌وه‌ ده‌رچوبێت كه‌ خودی خۆی كوردستانی ڕزگار كردوه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌ پێشكه‌وتن و ئارامیی شاد بووه‌. ئه‌گه‌ر بزنسمانێكی ئه‌مریكی بیه‌وێت به‌ فڕۆكه‌ی كۆمپانیا ڕوبكاته‌ هه‌ولێر تا گرێبه‌ست ئیمزا بكات، ده‌بێ‌ ڕێگای بدرێت. ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كی هێڵی فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی بۆی ده‌ركه‌وت له‌ گواستنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و گه‌شتیاران و كرێكاران و ئه‌مریكاییه‌ عێراقییه‌كان له‌ ئه‌مریكاوه‌ بۆ كوردستان و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ قازانجی ده‌ست ده‌كه‌وێت، لێگه‌ڕێن ده‌ستی بكه‌وێت. پێویسته‌ سه‌رۆك ئۆباما فه‌رمانگه‌ی فڕۆكه‌وانیی فیدراڵی ئه‌مریكا ئاگادار بكاته‌وه‌ كه‌ یاسای (SFAR 77) بگۆڕن به‌جۆرێك ڕێگه‌ بدات فڕۆكه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ كوردستان بنیشنه‌وه‌.

3-ئاماژه‌ بده‌ن كه‌ كوردستان بۆ بزنس كراوه‌یه‌: له‌ باسی ئه‌م خاڵه‌دا جۆن هه‌ننا ده‌ڵێ‌ “ساڵانێكه‌، كاتێك باسی كوردستان ده‌كرێت، ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ سه‌روه‌ریی عێراق هه‌سته‌وه‌ر بووه‌. ئه‌مه‌ له‌باری سیاسه‌تی باڵا و لایه‌نی ئه‌منییه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك جێی خۆی بوبێ‌. به‌ڵام له‌ڕوی بزنس و سه‌رمایه‌گوزارییه‌وه‌ جێی خۆی نییه‌. ئایا له‌ ڕاستیدا پێمانوایه‌ كه‌ هه‌ر شاندێكی بازرگانی بیه‌وێت ڕوبكاته‌ كوردستان، پێویسته‌ سه‌ره‌تا له‌ به‌غداد بوه‌ستێت؟ سه‌یر كه‌ن: وه‌كو بازاڕ: ناوچه‌كانی تری عێراق له‌ حاڵێك له‌ فه‌وزادا ده‌ژین، زۆنگاوێكن له‌ گه‌نده‌ڵی و ڕۆتینات، مه‌ترسی ئه‌منی، دواكه‌وتنێكی ناكۆتای كاره‌كان به‌ جۆرێك نه‌ هیچت بۆ ده‌كرێ‌ و نه‌ ده‌زانی كێ‌ به‌رپرسه‌. كه‌چی له‌ كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌: لایه‌نی ئابورییه‌كه‌ی ڕونه‌، پێناچێ‌ پێرفێكت بێت، به‌ڵام هه‌ل و فرسه‌ته‌كان حه‌قیقین، كه‌شه‌كه‌ی به‌خێرهێنه‌ر و حكومه‌ته‌كه‌ی یارمه‌تیده‌ره‌، گرێبه‌ستی گه‌وره‌ گه‌وره‌ ئیمزاكراون و جێجه‌جێ‌ كراون. ئه‌قڵییه‌تی حكومه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان كه‌ ده‌ڵێت سه‌ره‌تا به‌غدا، ته‌نیا زیان له‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ده‌دات و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بیانییه‌ كێبڕكێكه‌ره‌كانیاندا پێگه‌ی بازاڕی ڕوو له‌ فراوانیی كوردستانیان له‌ده‌ست ده‌دات. سه‌رۆك ئۆباما ده‌بێت هه‌لی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بقۆزێته‌وه‌ و به‌م په‌یامه‌وه‌ ڕو له‌ بیرۆكرات و بزنسمانه‌كان بكات و بڵێ‌: هه‌ر ئێستا كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا بگه‌یه‌ننه‌ كوردستان”.

له‌ كۆتاییدا جۆن هه‌ننا ده‌ڵێ‌ “ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و هی تریش له‌ كارنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی ئیداره‌ی ئۆبامادان. “

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com