بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لەپێنج وڵاتی ئەورپا، کوردستان بێ نوێنەرایەتیە
رزگار رەزا چوچانی / سوید
بەهۆی کێشەکانی ناو یەکێتی، لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانی کوردستان و باکوری ئەوروپا کە پێنج وڵاتی ئەورپا ئەگرێتەوە، لە دەستبەکار بونی کابینەی شەشەمەوە تاکو ئێستا کوردستان بێ نوێنەرایەتییە، بەرپرسێک لە کۆمیتەی یەکێتی لەسوید دیاری نەکردنی ئەو کاندیدە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە پێویستی بەرەزامەندی پارتی و یەکێتی بێت و بەرپرسی پێشوی ئەو نوێنەرایەتیەش پێی وایە ئەکتیڤکردنی ئەو نوێنەرایەتیە ئەرکە نەک پێویستی و ئاشکرای دەکات بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی ئەو نوێنەرایەتیە بۆ یەکێتی یە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سڤیلی راگەیاند بەهۆی کێشەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی، لە دەستبەکاربونی کابینەی شەشەمی حکومەتی کوردستانەوە تاکو ئەمڕۆ، حکومەتی کوردستان بێ نوێنەرایەتییە لە باکوری ئەوروپا، هەر ئەو سەرچاوە ئەوەشی وت کە دەبوو زۆر بەر لە ئێستا یەکێتی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی کوردستان لە باکوری ئەوروپا دیاری بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی چەند کەسێکی کاندید کردووە بۆ ئەو پۆستەو تاکو ئێستا نەیانتوانییوە یەکلای بکەنەوە کامیان دواکاندیدە، پۆستەکە بە بۆشی ماوەتەوەو حکومەتی کوردستان بێ نوێنەرایەتییە.
جەبار ئەمین وەک کوردێکی پەڕلەمانتار لە وڵاتی سوید نەبونی ئەو نوێنەرایەتییە بە کارێکی نێگەتیڤ ناو دەبات و دەڵێت”زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، پەیوەندی سویدو کوردستان دەبێت زۆر گرنگی پێ بدرێت، چونکە دەتوانین سود لەیەکتر وەربگرین لەروی سیاسی و ئابورییەوە و کەلتورییەوە، سوید یەکێک لەو وڵاتانە بووە، لە رابردوو پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان کردووە بۆیە لەهەموو رویەکەوە هەبونی ئەو پەیوەندییە شتێکی باشە، نەمانی پەیوەندییەکان لەنێوان سوید و کوردستان وادەکات ئەو هێزەی کە لەپەیوەندییەکان هەبوو نەمێنێت، بۆیە نەبونی ئەو پەیوەندییە شتێکی نێگەتیڤە، هەرێمی کوردستان دەبێت وەک خۆی بەگرنگی لەو پەیوەندییە بڕوانێت”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی پێنجەم، خاوەنی نوێنەرایەتیەکی کارابوو لە باکوری ئەورپا، وەک تەها بەرواری بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەوکاتی حکومەتی کوردستان لەباکوری ئەروپا، بۆ سڤیل باسی ئەو کارانەی کرد، کە نوێنەرایەتیەکەی ئەنجامی داون و بەکاری گرنگ خستنیە روو وتی” نوێنەرایەتی پردێکی بەهێزی فەرمی پەیوەندی بو لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا رەسمیەکان و حکومەت و پەرلەمان و پارتە سویدیەکان و ووڵاتانی باکوری ئەورپاو کوردستانیەکانی دیاسپۆرا. هەروا کارمان دەکرد، بۆ ئامادەکردنی کات و بەرنامە بۆ شاندە رەسمییەکان، لە بواری سیاسی و بازرگانی وڕێکخراوەیی و کولتۆری و زانستی لە کوردستان بۆ باکوری ئەورۆپا و بە پێچەوانەوە. بەرهەمی ئەو پەیوەندیەش رابوردوو لوتکەی ئەو سەردانە مێژووییەی نێچیرڤان بارزانی بو لە ساڵی ٢٠٠١ ،کە بۆیەکەم جار سەرەک وەزیری کوردستان، چاوی کەوت بە هاوتایەکی لە وولاتێکی دیمۆکراتی ڕۆژئاوایی وەک سوید، کە ئەو کاتە رێزدار یۆران پەشۆن سەرەکوەزیری سوید بوو، هەروەها سازکردنی گالای کوردی کە نواندنی پەبلیک دیپلۆماسی لە ئاستێکی زۆر نموونەیی و بەرزدابوو. لەم مەراسیمەدا کوردی ساڵ و دۆستی کوردی ساڵ و دۆستی فەخری کورد دیاری دەکران. ئەم کارە رەنگدانەوەیەکی فوق العادە پۆزەتیڤی هەبو لەسەر دۆستان و کوردستانیەکان و بەتایبەتی نەوەی نوێ و ئەکادیمیەکانی کوردستان. ئەمە یەکێک لە داهێنان و شاکارەکانی نوێنەرایەتی بو لە باکوری ئەوروپا کە جێگەی رێزو ستایشێکی زۆر بو، هەم لەناو کوردان و هەمیش لای دۆستمانمان لە سوید و باکوری ئەوروپا و جێی بایەخی میدیاکانیش بوو.
هەروەها کارمان ئاگادار کردنی لایەنە سوێدیەکانی و باکوری ئەروپا بوو، لە پێشهاتەکانی کوردستان و داوای هەڵوێست کردن لە پرسە چارەنوسسازەکان بو، بۆ خەڵکی کوردستان و بەستنی سمیناربوو بە سویدی و بە کوردی. هەروەها بەستنی کۆنفڕانسێکی نیونەتوەیی بوو لە سەر پرسی ئافرەتان لە سوید لە ساڵی ٢٠٠٤ و سپۆنسەرکردنی فیلمی سینەمایی (Hoppet) و هەروەها داواکردنمان لە پەرلەمانتارانی دۆستی کورد بوو ، بۆ ورۆژاندنی پرسە گرنگەکانی حکومەت و خەڵکی کوردستان. هەروەها بەنسبەت خەڵکی کورد لەم وڵاتانە کاری وەکالەت کە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی هاولاتیان، لەو نوێنەرایەتییە ئەو کارە ئەنجام دەدرا و زۆر کاری گرنگی تر کە لەخزمەتی کوردستان بوون بەگشتی”.
بەرواری بەردەوامی پەیوەندییەکانی سوید و باکوری ئەوروپاو کوردستان گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت و ” گۆمان نیە سوید و وڵاتانی باکوری ئەوروپا شوێنێکی زۆر ستراتیژیکەو گرنگیەکی زۆر زۆری هەیە بۆ کوردستان، ئەگەر ئێمە تەنها لە دیدگای توانا مرۆڤیەکانی کوردستان و پێگەی جیهانی و دیپلۆماسی سوێدی یەوە تەماشای بکەین، کافیە بڵێێن ئەو پەیوەندییە ئەرکە نەک تەنها پێویستیە”.
بەپێی رێیکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی، لەرێکخستنی پەیوەندییەکان پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەباکوری ئەوروپا دەدرێتە یەکێتی، بەڵام بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کەنەیویست ناوی بهێنرێت، بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە بەرپرسانی یەکێتی لەوڵاتی سوید ژیاون کەیەکێکە لەوڵاتانی باکوری ئەوروپا و کەسو خەڵکی خۆیان لەم وڵاتە هەیە، تاکو ئێستا نەیانتوانیوە کەسێک بۆ وەرگرتنی نوێنەرایەتی کوردستان لە باکوری ئەوروپا دیاری بکەن، بۆیەش وەک سەرچاوەکە وتی ” ئێستا رایەک دروست بووە کە لەپێناو پۆستێکی پچوک پێویست نییە، یەکێتی ئەو خەڵکەی کە لەوڵاتی سوید و باکوری ئەروپا هەیەتی و خۆیان بەشایەن دەزانن بۆ ئەو جێگا، لەدەستی بدات، بۆیە باشترە تەسلیمی پارتی بکرێتەوە، لەبەرانبەر وەرگرتنی نوێنەرایەتیەکی تردا. بەڵام شەماڵ ئاکۆ کارگێڕی کۆمیتەی رێکخستنی سویدی یەکێتی، لەلێدوانێکدا بۆ سڤیل ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە یەکێتی لە دیاری کردنی کاندیدێک بۆ ئەو نوێنەرایەتیە کێشەی هەبێت و وتی “نهمان بیستووه کێشهیهکی لهو جۆره ههبێت له نێوان سهرکردهکانی یهکێتی، لهسهر دانانی نوێنهری حکومهتی ههرێم له وڵاتی سوید بۆ باکوری ئەوروپا، له ئێستادا چهند کاندیدێک ههیه بۆ ئهو پۆسته لهلایهن یهکێتیهوهو له ئایندهیهکی نزیکدا رادهگهیهنرێت”. ئاکۆ لایەنێکی تری دواکەوتنی دیاریکردنی ئەو کاندیدەی بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە پرسەکە پەیوەندی بە هەردوو حزبەوە هەیە” دانانی بهرپرسی پهیوهندیهکانی حکومهتی ههرێم لهو وڵاتانی دهرهوه، لهو وڵاتانه دهستی پیکردووه که پهیوهندیهکی بههێزی سیاسی و بازرگانیان ههیه لهگهڵ عێراق و کوردستان، وهک ئهمریکاو فهرهنسا و ئهڵمانیا و چهند وڵاتی تر، بۆیهش حکومهتی ههرێم ئهلهویاتی داوه بهو وڵاتانهو، سهرهتا لهو ولاتانهوه دهستی پیکردووه، به دانانی نوێنهری خۆی، دواتر ولاتانی تری وهک سوید و ئەوانیتر دهگرێتهوه، بۆ دانانی نوێنهری حکومهتی ههرێم دهبێت پارتی و یهکێتی ههردوولا لهسهر نوێنهرهکانی حکومهتی ههرێم کۆك بن ئهو کات دیاری دهکرێت، واتا نه یهکێتی دهتوانێت بهتانیا و بێ رازی بوونی پارتی نوێنهر دانێت، نه پارتیش دهتوانێت نوێنهر بۆ حکومهتی ههرێم دانێت بێڕازی بوونی یهکێتی” ئەو کارگێڕکۆمیتەی یەکێتی پێی وابوو، ئەگەر ئەو پرسە تەنها پەیوەندی بەیەکێتییەوە هەبوایە، ئەوا زوو تر یەکلا دەبوەوە، وەکو نمونەش دەڵێت” یهکێتی زوو نوێنهری بۆ پهیوهندیهکانی خۆی داناو یهکلای کردهوه، چونکه ئهوه پهیوهندی بهخودی خۆیهوه ههبوو، بەڵام پەیوەندییە حکومیەکان پەیوەندی بەهەردوولاوە هەیە”.
بەرواری بەرپرسی پێشوی پەیوەندیەکانی حکومەتی کوردستان لە باکوری ئەوروپا، لەقسەکانی بۆ سڤیل ئاشکرای دەکات، کە بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی ئەو نوێنەرایەتیە دراوەتە یەکێتی و دەڵێت” دوای یەکگرتنی حکومەت بڕیاردرا نوێنەرایەتیەکانیش دوبارە ڕێکبخرێن و یەکبخرێن و هەلبەت بە گوێرەی ڕێکەوتنی ستراتیژی و بە گوێرەی زانیاریەکانم پەیوەندیەکان لە سوێد کە سەرپەرشتی پەیوەندیەکانی باکوری ئەوروپا دەکات بۆ پشکی برادەرانی یەکێتی نیشتمانی یە” .
بەرواری ئەوەش رەتدەکاتەوە کە سوید لەدوای وڵاتانی دیکەوە بێت، بۆ پەیوەندیەکان لە سیاسەتی حکومەتی کوردستان و دەڵێت “ئەو زانیاریە رەسمیانەی لە فەرمانگەی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بلاوبۆنەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە سوێد یەکێکە لەو ١٠ وولاتەی کە ڕێکەوتنی لە سەر کراوە نوێنەرایەتی هەبێت. سوید پەیوەندی بازرگانی لە گەل کوردستان هەیە و ئێستا چەندین کۆمپانیای سوید لە کوردستان چالاکن و وەزیری بازرگانی دەرەوەی سوید سەردانی کوردستانی کردووەو تاکۆ ئێستا چەندین سەردانی رەسمی ئەنجامدراون”.
سەرچاوەکەی سڤیلیش ئەوە تەئکید دەکاتەوە کە چاوەڕوانکراوو نییە، یەکێتی بتوانێت کەسێک دیاری بکات بۆ ئەو پۆستە، ئەوەندەی چاوەڕوانکراوە ئەو نوێنەرایەتیە رادەستی پارتی بکاتەوە.
پەیوەندییەکانی باکوری ئەوروپای حکومەتی کوردستان لە کابینەی پێنجەم، بەرپرسیارەتی پێنج وڵاتی لەخۆدەگرت وەک وڵاتانی سوید، دانیمارک، نەرویج، ئایسلەندا، فینلەندا، بەڵام لەدەستبەکاربونی کابینەی شەشەمەوە دەرگای پەیوەندیەکان داخراوە.