سلێمان عەبدوڵا یونس: ئەوە ئێمە نەبووین کەڕێزی رێککەوتنی ستراتیژمان نەگرتووە، بەڵکوو ئەوە پارتە هاوپەیمانەکەمان بوو

0

سلێمان عەبدوڵا یونس:

ئەوە ئێمە نەبووین کەڕێزی رێککەوتنی ستراتیژمان نەگرتووە، بەڵکوو ئەوە هەندێک لەسەرکردەو کادرە میدیاییەکانی پارتە هاوپەیمانەکەمان بوو

بەهیچ پاساوێک قبوڵی سوکایەتی بەتێکۆشانی زیاتر لەنیوسەدەی مام جەلال ناکەین

ئێمە و پارتی شەریکین لەسەرکەوتن و ژێرکەوتنی ئەم دوو ساڵەی ئەزموونە کوردیەکەدا

هیچ کەس و پارت و سەرکردەیەک شک نابەم شانی خەبات و تێکۆشانی لەشانی یەکێتی و مام جەلال بدات

ئەوە نمەک بەحەرامی و ئەوپەڕی سپڵەییە لەناو هێزێکی سیاسیدا بیت و ژیان و گوزەرانت لەلایەن ئەو هێزەوە دابین بکرێت کەچی نەتوانی بەرگری لەبیروباوەڕەکانی بکەیت

مام جەلال لەگەڵ بارزانیدا جووت سیمبوڵی شکۆمەندی کوردستانن

رزگار رەزا چوچانی

سلێمان عەبدوڵا یونس، جگەلەوەی ئەندامی لیژنەی باڵای مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی یە، نوسەرێکی دیاریشە، لەم دیمانەیەی لەگەڵ گۆڤاری سڤیل، هەوڵمان داوە بەشێک لەبابەتەکانی خۆی وەک پرسیار رووبەڕووی بکەینەوە، یونس بێدەنگی و داکۆکی نەکردنی کادرێک لە حزبەکەی، لەکاتی سوکایەتی پێکردنی بە”کێماسیەکی ئەخلاقی ناو دەبات”.
رزگار رەزا چوچانی: با لەوێ دەست پێبکەین، زۆر باسی رۆشنبیر و رۆژنامەوانی حزبی و رۆشنبیرو رۆژنامەوانی سەربەخۆ دەکرێت، ئایا دەکرێت لە واقیعدا ئەم دابەشکارییە هەبێت، یان ئەوە مۆدێلێکی کوردییە، یان ئەگەر هەیە جیاوازییەکە چییە؟

سلێمان عەبدوڵا یونس: بەبروای من ئەو دابەشکاری و پۆلێن کردنەی لەناوەندە ڕۆشنبیری و میدیاییەکەی ئێمە باسی لێوە دەکرێت پەیوەندی بەشوێنی کارکردنەوە هەیە. ئایا تۆ لەناوەندێکی ئەهلی یان میدیایەکی ئەهلی کاردەکەیت، یان لەناوەندێکی سیاسی و کەناڵێکی حزبی؟. پرسەکە پرسی موڵکدارێتی ئەهلی  و موڵکدارێتی حزبیە، نەک پرسی سەربەخۆبوون! سەربەخۆبوون چیە؟ بەبڕوای من لەکوردستاندا بواری بێلایەنی بەتەواوەتی لەخانەی نەبووندایە. ئەوەی لەشکڵدا باس لەسەربەخۆبوون دەکات لەجەوهەردا خۆی ناتوانیت پابەندێتی فکری و سیاسی نەبێت. چونکە ئەم پابەندبوونە هەم مەسەلەیەکی مۆراڵیە،هەم مەسەلەیەکی مەبدەئیشە. ئایا ئەوەی بۆ میدیایەکی ئەهلی کار دەکات بەشێوەیەکی تەواو لیبڕاڵە و هیچ جۆرە پابەندیەکی بە ئامانج و بەبەرنامە و بەمانیفێستی ئەو کەناڵەوە نیە کەکاری بۆ دەکات؟ ئایا کەسێک بۆ نموونە بۆ ئێوە کار بکات دەتوانێت لەو ستایل و ئامانج و ڕێسا میدیاییانە دەربچێت کەئێوە کردووتانە پێناسە و شوناسی خۆتان؟ بێگومان بۆ هەموو ئەو بابا و کاراکتەرانەشمان کە لەکەناڵێک لەکەناڵە حزبیەکان کار دەکەین هەمان جۆری پابەندێتی هەیە. ئەمە هەرگیز ناچێتە خانەی ڕۆبۆت بوونی ئەوانەی لەکەناڵە حزبیەکان کاری میدیایی و سیاسی دەکەن! زۆرن ئەوانەی لەناو پارتە سیاسیەکاندا کار دەکەن خاوەن هەڵوێست و خاوەن ڕوئیا و خاوەن دنیابینی میدیایی و ڕۆشنبیری خۆیانن بەپێچەوانەشەوە کەمنین ئەوانەی لافی سەربەخۆبوون لێدەدەن لەجەوهەریشدا بەشێکی دانەبڕوان لەخواست و مەیلێکی حزبی. تۆ لەهەر جێگایەکدا کاربکەیت دەبێت بەشێک بیت لەتیم و بەشێک بیت لەکەسایەتیەکی دەستەجەمعی. بیگومان ئەوەی خاوەنی ڕوئیا و هەڵوێست و ڕوانینی خۆشی بێت لەهەر شوێنێک بێت دەتوانێت پارێزگاری لەبڕی ئەو سەربەخۆبوون و پرسە ئەخلاقیە بکات، کەوەکوو کاراکتەرێکی میدیایی و وەکوو کاراکتەرێکی ڕۆشنبیر پیویستە خاوەندارێتی بکات.

رزگار رەزا چوچانی: ئێستا وای لێهاتووە زۆر کەسێک ئاشکرا کادری حزبە، بە داهاتی حزبی بوونی دەژی، بەڵام پێی شەرمە داکۆکی لە حزبەکەی بکات، و زۆر کات بەناوی سەربەخۆوە قسە دەکات، بەڵام تۆ زۆر سەرسەختانە داکۆکی لەیەکێتی دەکەیت، نوسینەکانت وا دەڵێن.. بەڕای تۆ ئەوان بۆ شەرم دەکەن؟، تۆ بۆ شانازی؟، جیاوازی نێوان تۆو ئەوان چییە؟، موستەفیدی زیاتر؟، تێگەشتنی زیاتر؟، یان راستگۆبونی زیاتر؟.

سلێمان عەبدوڵا یونس: ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە ڕەنگە قورس بێت بۆخۆم لەبارەی خۆمەوە بدوێم. هەرچی سەبارەت بەیەکێتی بوونی منە بۆمن جێگای شانازیە، چونکە وێڕای ئەوەی یەکێتی هێزێکی زیندوو و هێزێکی مێژوویی و هێزێکی کاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە کوردیەکەیە. ئەوا بۆمن یەکێتی بوون وێڕای ڕایەڵە مەبدەئی و فکریەکە، ڕایەڵەی خوێن و ڕایەڵەی مێژوو و ڕایەڵەی کۆمەڵاتیش هەن، کەمن بەیەکێتیەوە دەبەستنەوە. ئەوە جگە لەوەی کەمن سەرسامم بەفکری مام جەلال و بەشێوەیەکی مەبدەئیش باوەڕم بەو کۆمەڵگا و دنیابینیە سیاسیە ڕاقیەیە، کەمام جەلال لەڕووی فکری و لەڕووی مێژوویی و لەرووی بونیاد و مۆڕاڵیشەوە خاوەندارێتی دەکات. ئیتر تۆ چی ناو دەنێیت ئەوە پەیوەستە بە تۆوە. ڕەنگە ئەمە ئیشکالیاتی ناولینان بێت، بمبوورە کەڕەنگە بڵێم بۆمن جێگەی بایەخ نیە. ڕەنگە ئەمەش خاڵێک لەخاڵەکانی جیاوازی بێت لەگەڵ هەندێک لەئەوانەی بەڕێزت باسیان دەکەیت. بەڵام لەڕاستیدا بۆمن یەکێتی بوون نەک مایەی شەرم نیە، هەتا حاشای لێ بکەم، بەڵکوو بۆمن ڕەنگە شەرەفێکی هەمەچەشن بێت کەبەخوێن و بەفکر و بەشەونخونی و بەتێکۆشانی بوێرانەی زۆر بەدەستم هێناوە.
رزگار رەزا چوچانی: بەڵام هەندێک کادرو رۆشنبیری سەربە حزب هەن لەکوردستان زۆربەی کارو ژیانیان لەسەر حزبەکەیانە، لەو پەڕێ حاڵەتی سوکایەتی بەحزبەکەشیان بەدەنگ نایەن و قسەیان نییە، بەپێچەوانەی تۆوەن، کامتان راستن؟  تۆ کە بەردەوام قسەت هەیە؟، یان ئەوان کە دەڵێن ئەوان لەوە گەورەترین قسە بکەن و وەڵامیان هەبێت؟ خۆ ناکرێ بڵێی هەردووک راستن، چونکە تۆ بەردەوام داکۆکی دەکەیت و هەشن بەردەوام بێدەنگ، دوو دنیای جیاواز؟، کامیان بەئەرکی حزبی یان وەک دەڵێن، ئەرکی ویژدانی ئەزانی؟.

سلێمان عەبدوڵا یونس: بڕوام وایە ئەوە نمەک بەحەرامی ئەوپەڕی سپڵەییە تۆ لەناو هێزێکی سیاسیدا بیت و ژیان و گوزەرانت لەلایەن ئەو هێزەوە دابین بکرێت، و خۆشت بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە پەیوەستی فکریت بەو هێزەوە گرێ دابێت، کەچی نەتوانی بەرگری لەبیروباوەڕەکانی بکەیت و بەدیار سوکایەتیپێکردنی بەرنامەو بیروباوەڕەکانی ئەو هێزەوە ڕۆڵی تەماشاچی ببینی. لەڕاستیدا ئەمە چەندە کێماسیەکی مەبدەئیە ئەوەندەش کێماسیەکی ئەخلاقیە. تۆ کەلەناو هێزێکی سیاسیدا کار بکەیت و بەرنامە سیاسیەکەیت بەشیوەیەکی مەبدەئی پەسند کردبێت چۆن دەتوانیت خۆت لەبەرپرسیاریتیەکانی سەرشانت لابدەیت؟ چۆن دەتوانیت ئەو وەزیفانە ڕایی نەکەیت کەلەڕووی مۆڕاڵی و فکری و ڕۆشنبیریشەوە ڕووبەڕووت بوونەتەوە؟ لێرەدا هەڵبژاردنی بێدەنگی و بینینی ڕۆڵی تەماشاچی بۆ ئەهلی فکر و بۆ ئەهلی مەبدەئو بۆ ئەهلی قەڵەم هەر بەڕاستی کارەساتە! بۆیە لەم ڕوانگەیەوە من پێم وانیە جگە لەڕاپەڕاندنی ئەرکە مۆراڵی و ڕۆشنبیری و مەبدەئیەکانی خۆم، کارێکی ترم کردبێت بۆ یەکێتی. من تەنها ئەوەم کردووە کەوەزیفەیەکی مۆڕاڵی و مەبدەئیم بووە بیکەم و هیچی تر.

رزگار رەزا چوچانی: لەبابەتێکدا لەبەرانبەر حزبی هاوپەیمانتان، کۆمەڵێک دەستەواژە بەکار دەبەیت، وەک :بێ دەستنوێوێژ باسی مام جەلال دەکەن. ئاسنی سارد دەکوتن، رمڵ بۆ ئایندەی سلێمانی لێدەدەن، ڕوئیایان پڕیەتی لەبەدبینی، سایكۆلۆژیایان ناجێگر و شپرەزەیە، بیركردنەوەیان زادەی وەهمێكی قوڵە، ئەنتی ڕێكەوتنی ستراتیژیشە!!، ئەمە ناو دەنێی چی؟ خاترانەی رێککەوتننامەی ستراتیژی؟ یان هێرشکردنە سەر ئەوان؟ لەکاتێکدا دەزانی ئەوانە لە قسەو رەخنە دەردەچن و دەچنە خانەی هیرش، بۆ دەبێت بەو زمانە بدوێن، هۆکارێکی باشت بەدەستەوەیە؟.

سلێمان عەبدوڵا یونس: من بەرگریم لەناوبانگی زێرینی مام جەلال کردووە. تۆ پێم بڵێ لەکوێی ڕێکەوتنی ستراتیژیدا هاتووە ئێمە بەدیار سوکایەتیپێکردنی فیگەرێکی میژوویی و ڕیبەرێکی کاریزمایی وەکوو مام جەلالەوە قڕوقاپ هەڵبژێرین؟. بەبروای من ئەوە ئێمە نەبووین کەڕیزی بنەماکانی ئەو ڕێکەوتنەمان نەگرتووە، بەڵکوو ئەوە هەندێک لەسەرکردەو کادرە میدیاییەکانی پارتە هاوپەیمانەکەمان بوو بەداخەوە ئێمەیان ناچاری ئەم بەرگریە رەوایە کردووە لەسکرتێرەکەی خۆمان، کەلەهەمان کاتدا سیمبوڵی شکۆمەندی عێراق و لەگەڵ بارزانیشدا جووت سیمبوڵی شکۆمەندی کوردستانن. ڕاشکاوانە پیت دەڵێم، بەهیچ پاساوێک قبوڵی سوکایەتی بەتێکۆشانی زیاتر لەنیوسەدەی مام جەلال بۆ کوردایەتی و بۆ دیموکراسی ناکەین. هیچ کەس و پارت و سەرکردەیەک شک نابەم شانی خەبات و تێکۆشانی لەشانی یەکێتی و مام جەلال بدات. ئەی کەواتە بەچ ڕەوای هەقێک ڕێگە بدەین خەڵکی تر تەڵقینمان بکات؟.

رزگار رەزا چوچانی: پێش وەرگرتنی سەرۆکایەتی پەڕلەمانیش لەلایەن یەکێتی یەوە، دەنوسیت، پەرلەمان لەسەرۆكایەتی كردنێكی زبرەوە بۆ سەرۆكایەتی كردنێكی نەرم… ئەمە واتای چییە؟ بەمانەیەک ناچێتەوە سەر هێرش یان رەخنە بۆ سەرپارتی هاوپەیمانت؟، کە بەزەبر پەڕلەمانی بەڕێوە بردووە؟ بۆ دروست لەوکاتە ئەو قسەت هەڵبژارد، کە خەریکە یەکێتی سەرۆکایەتیەکە وەردەگرێت؟، تەوقیتی کاتەکە بۆخۆی قسەی نەبوو لەسەر مەبەستی تۆ؟.

سلێمان عەبدوڵا یونس: ئەوەی دەینووسم من وەکوو خۆم وەکوو (سلێمان عەبدوڵا یونس) دەینوسم، نەک وەکوو ئەندامی لیژنەی باڵای مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی. گۆشەکەم لەڕۆژنامەی هاوڵاتی دەربڕی بیروڕای خۆمە نەک هی حزبەکەم. ڕەنگە زۆرجار واڕێکەوتبێت بەشێک لەبیروڕاکانم بەپیچەوانەی بیرکردنەوەی هاوڕێکانم بووبێت لەناو یەکێتی! بەڵام من چی بکەم، یەکێتی خۆی هێزێکە کراوەیە جۆرێک لەئازادی و جۆرێک لەکرانەوەی تێدایە بۆ ئەندامەکانی، کەڕەنگە لەناو پارتە کوردیەکانی دیکەدا ئەم ئازادی و هەڵسوڕانە فەردیە بۆ ئەندام کادرەکانیان ڕێگە پیدراو نەبێت؟!. ئەمە پەیوەندی بەکەڵچەری ڕاقی و پەیوەندی بەکەڵچەری مۆدێرنی یەکێتی و پەیوەندی بەفکری کراوەی مام جەلاوە هەیە لەمێژوودا. سەبارەت بەو گۆشەیەی تۆ باسی دەکەیت کەمن تیایدا ڕەخنەم لەشیوازی بەڕێوەبردن و لەشێوازی سەرۆکایەتی پارلەمان گرتووە، پێم وانیە کوفریکی سیاسیم کردبێت. ڕەنگە ئەمە بیڕوڕای تایبەتی من و زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی سەر ئەدای ئەم دوو ساڵەی سەرۆکایەتی پارلەمان بێت. ئێمە و پارتی شەریکین لەسەرکەوتن و ژێرکەوتنی ئەم دوو ساڵەی ئەزموونە کوردیەکەدا، جا ئەمە چ لەناو سەرۆکایەتی حکومەت بووبێت یان پارلەمان. ئێستاش بەبڕوای من پارلەمانێکی کراوە و دیموکراتیک، پارلەمانێک، کەتیایدا بتوانرابوایە مینبەری بەیانکردنی هەموو کێماسیەکانی ئەزموونە کوردیەکەمان بوایە، هێشتا قۆناغی سیاسی هەرێمەکە و جۆری پەیوەندیەکانی نێوان بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەحاڵی ئێستایدا نەدەبوو. ڕەنگ بوو ئەگەر پارلەمانەکەمان لەو ئاستەدا بوایە هێشتا یەکگرتوویی دیسکۆرسی سیاسی هەرێمەکەمان و ئاستی ئارامی ماڵە کوردیەکەمان، لەقۆناغێکی دیکەی دڵخۆشکەرتر دابوایە. گووتنی ئەم بیروڕایانە ڕەنگە بەلای پارتی یەکێتیەوە ئێستا هەتا ئەندازەیەک نۆڕماڵ بێت. بەبڕوای من ئێمە پێویست بوو لەگەڵ پارتی قۆناغی موجامەلەی سیاسی تێپەڕ بکەین و ڕەنگە هەتا ئەندازەیەکیش ئەمە ڕوویدابێت!.

رزگار رەزا چوچانی: زۆر باسی رێککەوتنی ستراتیژی دەکەیت، بەڵام بەپێی قسەی میدیاکان، کاتی رووداوەکانی بادینان داوای پیاچونەوەو بگرە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنەشتان کردووە. ئایا ڕێککەتن وایە بەڕای تۆ؟ کە زەخت دروست بوو لەسەر هاوپەیمانەکەت داوای هەڵوەستەو هەڵوەشانەوەی بکەی؟.

سلێمان عەبدوڵا یونس: ئەوەی تۆ باسی دەکەیت هەڵەیەک بوو بەسەر گۆڤاری لڤیندا تێپەڕی بوو، چونکە لێدوانەکەی من بەم شێوەیە نەبوو. ئەو لێدوانەی جەنابت باسی دەکەیت لێدوانێک بوو بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنە، من لەو لێدوانەدا بەم شێوەیە قسەم نەکردبوو. بۆیە کاتێک پەیوەندیم کرد بە برای ئەزیزم مامۆستا ئەحمەد میرە، لێدوانەکەی من ڕاست کرایەوە. وێڕاش من پێموایە هەر دەق و رێکەوتنێکی سیاسی بەردەوام پێویستی بەپێداچوونەوە و گونجاندن هەیە. پێداچوونەوە و گونجاندن بەگوێرەی ڕۆژگار و هەلومەرجەکان، چونکە بەشێوەیەکی سادە هیچ ڕێکەوتن و دەقێکی سیاسی ناکرێت پیرۆزیەکانی وەکوو پیرۆزیەکانی ناو دین و وەکوو پیرۆزیەکانی ناو کتێب و دەقە ئاسمانیەکان سەیر بکرێت.

رزگار رەزا چوچانی: بەگشتی هەست ناکەی زۆرێک لەقسەکانی تۆش دەچێتە خانەی دەرەوەی رێککەوتنەکە، چونکە تۆش بەرپرسیاریت لە حزبی خۆت هەیە؟.

 سلێمان عەبدوڵا یونس: نەخێر هەرگیز.

ئەم دیمانە لە ژمارەی ١٢٧ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

تێ بینی : داوای لێبوردن لە بەڕێز کاک سلێمان عەبدوڵا یونس، دەکەم کە بەهۆی هەندێ گرفتی ئامادەکاری ئەم دیمانەیە، بۆ ماوەیەک بڵاوکردنەوەی دیمانەکەی بەڕێزیان دواکەوت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com