ئاشنا عومەر
نوچە.نێت
“من ھونەرمەندم باسی سیاسەت ناکەم” ئەمە قسەی زۆربەی ھونەرمەندانە، بەڵام قسەی من نییە، ئاخر دەربڕینی ئەو قسەیە جۆرێکە لە تێنەگەشتن لە سیاسەت، چونکە ئەوە سیاسییەکانن بڕیار لەسەر ئاو و ھەوايش دەدەن.
گرفت ئەوەیە لەم وڵاتەدا ھونەرمەند خۆی لە باسی سیاسەت نادات، بەڵام سیاسییەکان خۆیان لە پرسی ھونەر دەدەن، بڕیاری ھونەر و داھاتووی ھونەریش ھەر لای ئەوانە.
نەگبەتی ھونەری کورد لەوەدا نییە کە سیاسییەکان، بڕیاری لەسەر دەدهن، چونکە لە دنیای پێشکەوتوویش ئەوە سیاسییەکانن بڕیار لە پلانی حکوومەتەکان دەدەن و بڕیار دەدەن بازاڕ چۆن بێ و چۆن ماف بپارێزن بە بازاڕی ھونەریشەوە، بەڵکو نەگبەتی ھونەر لەم وڵاتە ئەوەیە، کە سیاسییەکانی لە ھونەر و گرنگی ھونەر ناگەن.
لەم وڵاتە ھونەر لای سیاسییەکان ماکیاژە، ماکیاژی جوانکردنی خۆیان و ئەوەی کە خۆیان دەیانەوێت و ھیچی تر. گەر وا نییە بۆچی بۆ ئاھەنگە حزبییەکانیان ھونەرمەند بانگھێشت دەکەن، تا گۆرانی و مۆزیك تەواو دەبێت لە بەرانبەریان دادەنیشن و چەپڵەیش لێ دەدەن، بەڵام ئامادە نین بچنە کۆنسێرتی ھونەرمەندێک و تا کۆتایی کۆنسێرتەکە وەک ئاھەنگە حزبییەکانیان بەدیار ھونەرمەند و بەرھەمەکانیانەوە دانیشن. کەواتە تەنیا بەبیرکردنەوە لەوەی ھونەر و ھەموو بوارەکانی ژیان سیاسییەکان بڕیاری لەسەر دەدەن، دەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە “من ھونەرمەندم و قسە لەسەر سیاسەت ناکەم” قسەیەکی بێ مانایە و خۆشاردنەوەی ھونەرمەندە لە ئەرکێکی گرنگی خۆی.
ھەروەھا بە بەراورد و گەڕان بەدوای ئەو پرسیارەی کە بۆچی سەرکردە و سیاسییەکان لە ئاھەنگی حزبی خۆیان گوێ لە بەرھەمی ھونەرمەندان دەگرن و چەپڵەی ھاندانیان بۆ لێ دەدەن، بەڵام ناچنە کۆنسێرتەکان؟ دڵنیا دەبی لەوەی کە بەڵێ ھونەر لای سیاسیی کورد تەنیا رێگەیەکە بۆ ماکیاژی ئەوەی خۆیان دەیانەوێت و ھیچی تر.
تێبینی : رەنگە تاکوتەرا سیاسی ھەبن بچنە کۆنسێرتەکان، بەڵام دەگمەنن