نوچەنێت بەرنامەی کاری یەكێتی بۆ ئایندە ئاشکرا دەکات، گرنگی بەزیندوو کردنەوەی کوتلەکان دەدرێت

0

نوچەنێت بەرنامەی کاری یەكێتی بۆ ئایندە ئاشکرا دەکات، گرنگی بەزیندوو کردنەوەی کوتلەکان دەدرێت

نوچەنێت تایبەت

بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، هۆکاری گواستنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ هەولیر، بۆ ڕێکخستنەوەی رێکخستنەکانی یەکێتی یە لەو شارە، لە داهاتووش  تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ سەرپەرشتی رێکخستنەکانی هەولێر دەبن و هەریەک لە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح و هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەهاوڕێی مەلا بەختیار، هاوشانی هەر پلەیەکی ئیداریش کە ئەگەر بیانبێت لەداهاتوو سەرپەرشتی رێکخستنەکانی سلێمانی دەکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی بەردەستی نوچەنێت، دوای ئەوەی یەکێتی بێهیوا دەبێت لەهەوڵەکانی بنبڕکردنی کوتلەکاری لەناو ریزەکانیدا، گەشتونەتە ئەو بروایەش ئەو هەوڵانەی کە بۆ ئەو مەبەستە داویانە زیانی گەورەی پێگەیاندوون، بۆیە لە ئێستا بەدواوە کارەکانیان بەپێی کوتلەکانی ناوخۆی یەکێتی دابەش دەکەن.

سەرچاوەیەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان زانیارییەکانی نوچەنیت پشتراست دەکاتەوە، بەڵام دەشڵێت”ئەوانە بریار نین بیرۆکەی کارن و نەبونەتە بریار”. ئەو سەرچاوەی نوچەنێت راشیگەیاند، “هۆکاری گواستنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ هەولێر ئەوەیە، کە لەناوەندەکانی دەسەڵات نزیکە، هەرچی بارەگاو قونسوڵیەتی وڵاتانە لەوێیە، بەدەر لەمەش ئەمە بریارێکی هۆشیارانەی یەکێتی یە لەپێناورێکخستنەوەی خۆی، چونکە شەڕی ناوخۆ سیفەتێکی لۆکاڵی و ناوچەیی بە حزبەکان بەخشی بوو، قورسیەتیان لەیەک ناوچەبووە و لەناوچەکانی تر بەرەو لاوازی چوون، بۆیە هەولێر لەو بارەشەوە جێیەکی لەبارە”.

ئەوەشی پشتراستکردەوە کە بریارە بۆ کاری داهاتوو رێکخستنەوەی رێکخستنەکانی یەکێتی” مام جەلال و کۆسرەت رەسوڵ سەرپەرشتی رێکخستنەکانی هەولێر بن و هەریەک لە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کە رەنگە پۆستی ئیداریش وەربگرێت لەبە‌غدا، لەگەڵ هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەهاوڕێی مەلا بەختیار، سەرپەرشتی رێکخستنەکانی سلێمانی بکەن “.

ئەو سەرچاوەی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەڵێت “هێشتا پرۆژە پێشنیارەکان نەبوونەتە بریار”، زانیارییەکانی نوچەنێت لەبارەی دابەشکاری کاری داهاتووی یەکێتی بەشتێکی ئاشکرا ناو دەبات وەک خۆی دەڵێت”ئەوە شتێکی نەشارەوەو ئاشکرایە نەوەک هەنگوین لەدارادۆزینەوە”بۆ نوچەنێت وتیشی”هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەکان نزیکبۆتەوە. یەکێتی بەوپەری توانا لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پێگەی راستەقینەی خۆیەتی، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەهەموو پێوەرەکان دەبێت یەکێتی موفاجەئەی پێبێت، چونکە چیدی نابینە قوربانی رێککەوتنی ستراتیژی بۆ دەنگدان، بۆیە چەندین پرۆژە پێشنیار ئامادەکراون، لەوانە دوو مەکتەبی سیاسی لەهەولێرو سلێمانی، دابەشکردنی کارەکان لەهەولێر بەشێوەیەک کە بەلانس لەنێوان باڵەکان رابگیرێت”.

لەگەڵ ئەوەی کە یەکێتی بەرەسمی رەتی دەکاتەوە کاریگەری و باڵباڵێن لەریزەکانیدا مابێت، سەرچاوەکەی نوچەنێت، زانیاریەکانی نوچەنیت بۆ دابەشی کارەکانی ئایندەی یەکێتی بەپێی هەیمەنەی باڵەکانی ناویەکێتی پشتراست دەکاتەوە و دەڵێت” چونیەتی دروستبونی یەکێتی هەر لەسەرەتاوە وەک بەرە وابووە، یانی حزبێکی مەرکەزی نەبووە، دواتر لەسەر داوای خودی نەوشیروان مستەفا کار کرا بۆ ئەوەی کاریگەری باڵباڵێن نەمێنێ، بەڵام ئەنجام دەرکەوت ئەو پێشنیارو کارانە بۆ مەرامی تر بووە، یەکێتی دواتر و بەتایبەت کاتی کۆنگرەش هەوڵی جدی داوە، بۆ نەهیشتنی باڵ و کوتلەکاری، بەڵام واقیعی سیاسی و کاری حزبی لەکوردستان شتێکی تری بەیەکێتی وت، پێی وت ناکرێت لەهەموو بوارێک هەوڵ بدەیت داهێنەر بیت و لەپێشەوەی حزبەکانی تر و کۆمەڵگەوە بیت و چاوەڕێی ئەوەش بیت دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنیت، بۆیە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیش هاتنە ئەو بروایەی کە کارکردن لەدژی کوتلەکاری زیانی گەورەی بەیەکێتی گەیاندووە، لەبارودۆخی ئەمرۆی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر، ئێستا چەندین پرۆژە ئامادەیەو گەڵاڵە بووە کەچۆن کار بکرێت یەکێک لەوانەش ئەوەیە کە یەكێتی لەهەولێر بارەگای مەکتەبی سیاسی هەبێت دوو شێوە سەرکردایەتیش کاری خۆیان بکەن، وەک هەماهەنگی یەک، نەک مونافسی یەک، ئەویش دابەشبن بەسەر وەک ناونراوە باڵی گشتی و باڵی کاک کۆسرەت، رەنگە بەناوی دوو سەرکردایەتی کار بکەن، رەنگە دابەشبکرێن بەسەر ناوەندە مەدەنیەکاندا و هەر بەرەو بەقەد خۆی و وەک یەک گرنگی مادی و مەعنەوی و ئیمتیازیان هەبێت، بەم رێگایەش یەکێتی لەو شارە دەپارێزرێت لە منافەسەی یەکتر و وەلانانی کوتلەکان، لە ئەنجامیش هەردوو کوتلە ئاراستە دەکرێت لەخزمەتی یەکێتی، بەرای هەموو ئەو کەسانەش شارەزای کاری رێکخستن و واقیعی کوردستانن، ئەمە کاریگەری زۆر ئەرێنی دەبێت و دڵنیام موفاجەئە لەهەولێر روودەدات، بەنسبەت دەنگەکانی یەکێتی یەوە”.

سەرچاوەکەی نوچەنێت، زیاتر دابەشکردنی کارەکانی ئەو دوو کوتلەی یەکێتی لەهەولێر ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، کارەکان بەپێی گونجان لەگەڵ کاری سەردەمی دەبێت” یەکێتی زۆر کادری مەیدانی هەیە، کە خاوەن پێگەی بەرزن لەباری کۆمەڵایەتیەوە، زۆر کادری سەربازی هەیە، زۆر کادری گەنجی هەیە کە خاوەنی تواناو قورسیەتن لەناو گەنجاندا، کادری شارەزای بۆ پرسی ژن هەیە، کادری مەیدانی بۆ رێکخراوە دیموکراتیەکان هەیە، بۆ راگەیاندن هەروا، بێگومان رەنگە هەموو ئەم کادرانە لەناو دەزگای حزبدا جێگایان نەبێتەوە، چونکە یەکێتی وەک زانکۆیەک ساڵانە کادری بەتواناو لێوەشاوە گۆشدەکات پێ دەگەیەنێت، هەڵەی یەکێتی لەوەدا بووە، وێڕای پێگەیاندنی ئەم هەموو کادرە بەتوانا بەڵام جێگای بۆ نەکردونەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی یەکێتی چاوی لەدەزگاکانی حزب بووە، بێگومان دەزگای حزبیش جێی ئەو هەموو کادرەی تیانابێتەوە، هیچ کادرێکیش قبوڵی نییە تاسەر لەیەک پلە بێت، یان بێکار بێت، ئەگەر جێی نەکرێتەوە دەڕەنجێت، بۆیە یەکێتی پشتی تەواو بە رێکخراوی مەدەنی لەچوارچێوەی یاساکانی حکومەتی هەرێم دەبەستێت، لەو رێیەوە هەموو کادرەکانی یەکێتی کاریان پێدەدرێت و کار دەکەن، کاری مەدەنی دەکەن، و لەگەڵ ئەوەشدا ئینتمای یەکێتی بوونی خۆیان دەپارێزن، لەهەموو دنیاش وایە، رێکخراوە مەدەنیەکان کاری مەدەنی خۆیان دەکەن، بەڵام لاگری حزبێکیشن، بەو رێگایە کادری یەکێتی هەم ئازادتر دەبێت و هەمیش دەستکراوە تر دەبێت، هەم داهێنەر ترو هەم مەیدانی تریش دەبن، بەڵام ئەمانە هەموو بیرۆکەو پرۆژەن، بریاری یەکلاکەرەوەیان لەبارەوە نەدراوە، پێشم وایە، ئەم بیرۆکەیان ئەنجام سەردەگرێت، چونکە هەڵبژاردن لەپێشمانەو دەبێت قۆڵی لێهەڵبکەین، ئەو کرین و مونافەسەو بازارەش رەچاو بکەین، کە بۆ کادرانی یەکێتی دروستکراوە لەلایەن حزب و بزوتنەوەکانی تر و پێیان وایە بەو رێگەیە دەتوانن کادری یەکێتی بکرن، بەڵام نازانن تەنها ئاوردانەوەیەکی خاوەندارانەی یەکیتی لە کادرەکانی، بەسە بەرانبەر هەرچی سەروەتی ئەوانە کە بیخەنە بەردەستی کادرەکانمان”.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر هەر لەمەر ئەو پرسە، نوچەنێت چەندین جار پەیوەندی کرد بە ئازاد جوندیانی وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەوە کرد، بەڵام ژمارەکەی بەردەست نەبوو و داخرابوو.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com