وه‌رزی هه‌ڵوه‌رینی پارتی ده‌ستی پێكرد

0

وه‌رزی هه‌ڵوه‌رینی پارتی ده‌ستی پێكرد

 

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی: به‌شێك له‌و كادیرانه‌ی كه‌ ده‌رنه‌چوون، له‌ حكومه‌تدا جێگه‌یان ده‌كه‌ینه‌وه‌

 

به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی: له‌ هه‌ندێك شوێن خروقات هه‌بووه‌ و ده‌نگه‌كانمان دووباره‌ ژماردۆته‌وه‌

نوچه‌نێت: لە گۆڤاری سڤیلەوە
هه‌ڵبژاردنی ستافی لق و ناوچه‌كانی پارتی، كێشه‌ له‌ نێوان كادیره‌كانی ئه‌و حیزبه‌دا درووست ده‌كات و ژماره‌یه‌كیشیان واز ده‌هێنن، به‌ڵام به‌ وته‌ی ئه‌ندام سه‌ركردایه‌تییه‌كیان، كار ده‌كرێت بۆ رازی كردنی كادیره‌ ده‌رنه‌چووه‌كان و “به‌شێكیان له‌ حكومه‌تدا جێگه‌یان ده‌كرێته‌وه‌”.
له‌ رۆژی (2/4/2012) ده‌ستكراوه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی ستافی نوێی لق و ناوچه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ كۆنفرانسه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و حیزبه‌، به‌ڵام ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان مایه‌ی دڵخۆشی نین بۆ كادریره‌ ده‌رنه‌چووه‌كان، كه‌ به‌ كادیره‌ به‌ ئه‌زموونه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه‌ وه‌ك باس ده‌كرێت، ژماره‌یه‌كییان واز له‌ پارتی ده‌هێنن، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه‌، ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌وا گرفتی زه‌ق بوونی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش ده‌خه‌ڕوو، كه‌ كار بۆ كادیره‌ ده‌رنه‌چووه‌كانییان ده‌زۆنه‌وه‌.
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان به‌هۆی درووستبوونی نیگه‌رانی لای هه‌ندێك كادری پارتی، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ درووست بووه‌، ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌و حیزبه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانیشی گرتۆته‌وه‌، هه‌ر به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ستافی پێشووی لقی مه‌خمووری ئه‌و حیزبه‌، وازییان هێناوه‌ و چیتر وه‌ك كادیری پارتی كارناكه‌ن، نوچه‌نێت بۆ وه‌رگرتنی رای نه‌جات عه‌لی به‌رپرسی ئه‌و لقه‌، چه‌ندین جار په‌یوه‌ندی به‌ ناوبراوه‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامێكی ده‌ست نه‌كه‌وت.
هه‌روه‌ها له‌ سنووری لقی شه‌قڵاوه‌، به‌رپرسی لق وازی له‌و حیزبه‌ هێناوه‌، له‌ سنووری لقی خانه‌قی پارتی، ستافی لق وازهێنانی خۆیان له‌و حیزبه‌ خستۆته‌ڕوو، له‌ سنووری لقی (12) چه‌ندین جار شه‌ڕ له‌ نێوان كادیره‌ كاندیده‌كاندا روویداوه‌، زانیارییه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه‌ ململانێی گه‌وره‌ له‌ نێوان كاندیده‌كاندا درووستبووه‌ و به‌وهۆیشه‌وه‌، كێشه‌ په‌نگخواردووه‌كانی ناو حیزبه‌ به‌ دیار كه‌وتوون، هه‌روه‌ها بوونی ته‌زویرات و خوراقاتیش له‌و هه‌ڵبژاردنان ناوخۆییانی پارتییدا، كێشه‌كانی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ زه‌قتر كردۆته‌وه‌ و بۆته‌ هۆی درووستبوونی توندوتیژی، كه‌ به‌رپرسانی پارتیش ئه‌و زانیارییانه‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌.
دیاری حسێن ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت “به‌ گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، نیسبه‌تێك دیاری كراوه‌ بۆ ستافی لق و ناوچه‌كان و ده‌بێت هه‌ر ئه‌و نیسبه‌ته‌ بێت، پارتی حیزبێكی گه‌وره‌یه‌ و له‌ ناویدا جێگه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ده‌رنه‌چوون، چونكه‌ له‌ واقیشدا مه‌رج نیه‌ هه‌ر كه‌سێك خۆی كاندید بكات ده‌ربچێته‌وه‌”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی، دان به‌ نیگه‌رانی به‌شێكی زۆر له‌ كادیرانی حیزبه‌كه‌ی ده‌نێت، “به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌وانه‌ی كه‌ نیگه‌رتنن، واز له‌ پارتی بهێنن”.
ده‌رباره‌ی وازهێنانی ستافی لقه‌كانی خانه‌قی و مه‌خمووریش، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌ڵێت “ره‌نگه‌ له‌ كاتی ده‌رنه‌چوونیان دڵیان گه‌رم بووبێت، خه‌ڵكیش به‌دوای شتی درۆدا ده‌گه‌ڕێت، چونكه‌ ئێستا ئه‌وان ده‌وامی خۆیان ده‌كه‌ن، خه‌ڵك هه‌یه‌ دڵگران بووبێت، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی واز له‌ پارتی بهێنن، بۆیه‌ من پێموایه‌ له‌ رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌، دۆخی پارتی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات”.
ئه‌گه‌رچی له‌ زۆربه‌ی میدیاكانه‌وه‌، باس له‌ درووستبوونی گرژی ده‌كرێت، به‌هۆی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی پارتییه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه‌، بانگه‌شه‌ی به‌ باشی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی كۆنفرانس ده‌كه‌ن، سه‌لاح ده‌لۆ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای كه‌ركووكی ئه‌و حیزبه‌ ده‌ڵێت “كۆنفرانسه‌كان باش به‌ڕێوه‌ده‌چن، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتییدا هاتووه‌ و ده‌بێت هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگران و كادیرانی پارتی، ئیلتیزامی پێوه‌ بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌رده‌چن، بۆ ئه‌وه‌ ده‌رده‌چن كه‌ خزمه‌ت به‌ حیزب بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌رناچن ده‌بێت پێیان ئاسایی بێت، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان ئه‌و به‌ڵێنه‌یان به‌ حیزب داوه‌، كه‌ ئیلتیزام به‌ بڕیاری حیزب و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن”.
سه‌لاح ده‌لۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، كه‌ به‌رنامه‌ی حیزبه‌كه‌ی دیاری كراوه‌ و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كان، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا ناهێنن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و وتی “ده‌بێت ئالییه‌تی كاركردن بدۆزرێته‌وه‌، بۆ جێبه‌جێ‌ كردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی حیزب كاره‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین و هیچ گۆڕانكارییه‌ك روو نادات له‌ به‌رنامه‌ی حیزبییه‌كانمان”.
به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییه‌كان، نیگه‌رانی له‌ ناو كادیرانی پارتیدا، گه‌شتۆته‌ ئاستێك كه‌ ده‌نگ به‌ رووی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای رێكخستندا به‌رز بكه‌نه‌وه‌، كادیرێكی پارتی له‌ سنووری لقی دوازده‌، به‌ نوچه‌نێتی وت “به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، ناحه‌قی زۆر له‌ ژماره‌یه‌ك كادیر كراوه‌ و خه‌ڵك له‌ سنووری رێكخراوی تره‌وه‌ براوه‌ بۆ رێكخراوێك كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ده‌نگی داوه‌ به‌ كادیرێك، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ خانه‌ی ته‌زویراته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئاشكرا ئه‌م قسانه‌ به‌ لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵبژاردنه‌كان دراوه‌”، ئه‌و كادیره‌ وتیشی “لایه‌نی سلبی زیاتر بووه‌ و خه‌ڵك زیاتر دڵیان زویر بووه‌، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی پارتی”.
له‌ كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی ئاماره‌وه‌، تا ئێستا نه‌توانراوه‌، به‌ درووستی ژماره‌ی ئه‌ندامی هیچ حیزبێك دیاری بكرێت، به‌ر له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی (13)ی پارتی، به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌و حیزبه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌دا، كه‌ ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌یان، نزیكه‌ی (700) هه‌زار كه‌سن، به‌ڵام دوای ده‌ستبه‌ر كاربوونی جه‌عفه‌ر ئیمنكی له‌ مه‌كته‌بی رێكخستن و كاركردن به‌ سیسته‌می داتابێس، ده‌ركه‌وت ئه‌ندامانی ئه‌و حیزه‌ له‌ كه‌مییان داوه‌ و زۆر له‌و رێژه‌یه‌ له‌ خوارترن، هه‌ر ئه‌وكات ئه‌حمه‌د كانی به‌رپرسی پێشووی لقی مه‌خمووری پارتی، دانی به‌وه‌دا نا، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامه‌كانییان وه‌همی بوون.
له‌ ئێستاشدا وه‌ك باس ده‌كرێت، خرووقات و ته‌زویرات،سیمایه‌كی تری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییانه‌ن، ئه‌و زانیارییانه‌ش له‌لایه‌ن خه‌سره‌و گۆران ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵژبراردنه‌كانی پارتییه‌وه‌ پشتڕاست كراونه‌ته‌وه‌، گۆران ده‌ڵێت “له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، له‌ چه‌ند جێگه‌یه‌ك خروقات هه‌بووه‌، ده‌ڵێت “له‌ یه‌ك دوو شوێن هه‌ڵبژاردنه‌كان دووباره‌ كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌ر جێیگه‌یه‌ك سكاڵاكان به‌هێز بن، ئیجرائاتی پێویست وه‌رده‌گرن”، ده‌رباره‌ی بوونی ته‌زویراتیش، خه‌سره‌و گۆران ده‌ڵێت “ئه‌و لیژنه‌ی كه‌ دیاری كراوه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌، سجیلی تایبه‌تی ته‌نزیمییان لایه‌، كه‌ ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یان تێدایه‌، كه‌ مافی ده‌نگدانییان هه‌یه‌، بۆیان نیه‌ ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌یه‌ حه‌زه‌كات له‌ شوێنی له‌ دایكبوونی خۆی هه‌ڵبژێرێت و ده‌نگ بدات، ئه‌وه‌ش شتێكی سرووشتییه‌”.
ئه‌گه‌رچی له‌ مانگی (11/12/2011) كۆنگره‌ی (13)ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سترا، به‌ڵام كۆنفرانسی حیزبی دواخرا، ئه‌مه‌ش به‌ بڕوای محه‌مه‌دی مه‌لا قادر، ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، “سلبیاتی هه‌بووه‌”، محه‌مه‌دی مه‌لاقادر وتیشی “كاتی خۆی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌دا، هه‌ڵبژاردنی ستافی لق و ناوچه‌كانیشمان ده‌كرد، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ له‌ دوای كۆنگره‌، به‌ زووترین كات ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ بكرایه‌، چونكه‌ چه‌نده‌ دوا كه‌وت، ئه‌وه‌نده‌ سلبیاتی زیاتری درووست كردووه‌”.
هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا، كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، ئاشكرای ده‌كات كه‌ حیزبه‌كه‌ی هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كادیره‌ ده‌رنه‌چووه‌كانی ده‌كات، هیوا ده‌ڵێت “ئه‌و كادیرانه‌ی ده‌رناچن، موچه‌كانییان وه‌ك خۆیان ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ رووی مه‌عنه‌ویه‌تیشه‌وه‌، له‌ به‌شێكی زۆری داموده‌زگاكاندا كارییان پێده‌كه‌ین، بۆ نموونه‌ له‌ مه‌كته‌بی رێكخستن چه‌ند به‌شێكمان هه‌یه‌ و پێویستمان به‌ كادیری چالاك هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ندێك خه‌ڵكی ترییان تێدایه‌ كه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ن و كه‌سانی ئه‌كادیمین، هه‌وڵ بده‌ین له‌ حكومه‌تدا كارییان بۆ بدۆزینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بێ ئیش نه‌بن، جگه‌ له‌وه‌ش به‌شێكیان ره‌نگه‌ كادیری سه‌ربازی بوون، ده‌توانرێت له‌وێ‌ سووییان لێوه‌ربگیردرێت، هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ بواری خۆیاندا كارییان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌، به‌ كورتی ئێمه‌ وه‌ك پارتی كه‌سمان لێ زیاد نیه‌”.
به‌ وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن وازییان هێناوه‌، ده‌رنه‌چوون، “بۆیه‌ كێشه‌یه‌كی وه‌ها نیه‌، كه‌ ببێته‌ هۆی فشار بۆ سه‌ر پارتی، ره‌نگه‌ كه‌سێك هه‌بێت ده‌رنه‌چووبێت و به‌ جرێكی تر باسی بكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تا ئێستا پرۆسه‌كه‌ به‌ رێكوپێكی ده‌ڕوات”.
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان پارتی بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك لیژنه‌یه‌كی درووستكردووه‌، كه‌ ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی باڵای رێكخستن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆ و مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی و نوێنه‌ری ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی ئه‌ندامن له‌و لیژنه‌یه‌دا، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، خروقات هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
كادیرێكی پارتی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، كه‌ پێی باش نه‌بوو ناوی بهێنرێت وتی “ده‌كرێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌، به‌ وه‌رزی هه‌ڵوه‌رینی پارتی وه‌سف بكه‌ین، چونكه‌ له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام و كادیری پارتی زوویر بوونه‌ و وازیان له‌و حیزبه‌ش هێناوه‌، بۆیه‌ داهاتوویه‌كی باش، چاوه‌ڕێی پارتی ناكاتن”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com