نوچەنێت
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی هه‌شتی مارسه‌وه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، له‌م یاده‌دا داكۆكی له سیاسه‌ت و كارنامه‌ی خۆی بۆ دابینكردنی ته‌واوی مافه‌كانی ژنان و یه‌كسانی ده‌كاته‌وه و به هه‌موو هێز و توانای خۆیه‌وه پشتگیری له هه‌وڵ و تێكۆشانی ئافره‌تان بۆ گه‌یشتن به مافه ڕه‌واكانیان ده‌كات.
له په‌یامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه “هه‌شتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تان له ته‌واوی ژنانی كوردستان و جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین، له‌م رۆژه‌دا به ڕێز و حورمه‌ته‌وه یادی هه‌موو ئه‌و ئافره‌ته گیانفیدایانه‌ی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه كه به گیانێكی پێشمه‌رگانه‌وه به درێژاییی خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌یان، به گیان و خوێن، قوربانییان بۆ ئازادی و پاراستن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات داوه و رۆڵێكی كاریگه‌ریان له به‌ره‌وپێشبردنی هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا له كوردستان گێڕاوه و ده‌گێڕن”.
هەر لە پەیامەکەدا ده‌شڵێت “سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ گیانی پاكی ئه‌و ژنانه‌ی كوردستان داده‌نه‌وێنین كه له تێكۆشانی ئازادیی كوردستان، له ره‌شبگیری و شاڵاوه ڕه‌شه‌كانی ئه‌نفال و هێرشه تیرۆرستییه‌كانی داعشدا شه‌هید بوون. هاوخه‌می و هاده‌ردیی خۆشمان له‌گه‌ڵ دایكان، خوشكان، هاوسه‌ران و كچانی كوردستان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه ئازیزانیان، باوكان، برایان، هاوسه‌ران و كه‌سوكاریان له‌پێناو ئازادی و به‌رگریكردن له كوردستان گیانیان به‌خشی، هه‌روه‌ها دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه به هه‌موو توانایه‌ك له هه‌وڵی ئازادكردنی كچانی ئێزدیمان له ده‌ستی تیرۆرستان به‌رده‌وام ده‌بین”.
حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه: “له‌م یاده‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داكۆكی له سیاسه‌ت و كارنامه‌ی خۆی بۆ دابینكردنی ته‌واوی مافه‌كانی ژنان و یه‌كسانی ده‌كاته‌وه و به هه‌موو هێز و توانای خۆیه‌وه پشتگیری له هه‌وڵ و تێكۆشانی ئافره‌تان بۆ گه‌یشتن به مافه ڕه‌واكانیان ده‌كات، هه‌روه‌ها كار ده‌كات و له هه‌وڵی به‌رده‌وامدا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژنان له كوردستان ڕۆڵی زیاتر و كاراتریان له ته‌واوی جومگه‌كانی ژیاندا هه‌بێت، به ڕێز و پێزانینه‌وه له كاری هه‌موو ئه‌و خانم و كه‌سایه‌تی و ده‌زگا و ڕێكخراوانه‌ش ده‌ڕوانێت كه له‌پێناو مافه‌كانی ئافره‌تاندا كار ده‌كه‌ن و پشتگیری‌یان ده‌كات”.