تایبه‌ت: نوچه‌نێت
به‌رپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێ لایه‌نی هه‌ڵه‌بجه به مه‌به‌ست پارتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به پێكنه‌هێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و ده‌شڵیت “پارتی نه‌بۆته ئاسته‌نگ”.
ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه 8/3/2017 سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیاندا، كه له مه‌ڵبه‌ندی 9ی یەکێتی لە شاره‌زوو به‌ڕێوه‌چوو، بڕیاریاندا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو بكه‌نه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ پێكهینانی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه، بڕیاریشە قسه‌ی كۆتایی لایه‌نه‌كانیان بخه‌نه سه‌ر مێزی گفتوگۆ.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، فازل به‌شاره‌تی، لێپرسراوی لقی 12ی پارتی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، سه‌باره‌ت به تۆمه‌تباركردنی پارتی به ئاسته‌نگ خستنه به‌رده‌م پێكه‌هێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هەڵەبجە رایگه‌یاند: هه‌رچی ده‌ستپێشخه‌ری و هه‌وڵ هه‌یه بۆ رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له‌سه‌ر پۆسته‌كانی پارێزگاکە، پارتی ئه‌نجامیداوه، بۆیه ناهه‌قیه پارتی به ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ پێكهێنانی ئیداره‌ی هه‌له‌بجه تۆمه‌تبار بكرێت.
فازل به‌شاره‌تی روونی ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: هه‌ندێ له لایه‌نه‌كانی تر ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر حسابی پارتی و پشكی پارتی ئیداره‌ی هه‌ڵەبجه پێكبهێندرێت و ئیستحقاقی پارتی ره‌چاو نه‌كرێ، بۆیه پارتی ئه‌و هه‌وڵانه ته‌واو ناكات و ئاسته‌نگیش دروست ناكات.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، پارتی پۆستێك وه‌رناگرێت، كه نه‌توانێت خزمه‌ت بكات و شوین ده‌ستی دیار بێت.
فازل به‌شاره‌تی گوتی، لایه‌نه‌كانی تر له سنوره‌كه به‌رده‌وام پارتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و به‌ردێك له هه‌ورامان بكه‌ویته خواره‌وه ده‌ڵێت پارتی بوو؟ كه ئه‌مه كارێكی خراپ و نه‌شیاوه.
به‌شاره‌تی هیوادارە، کە لە كۆبونه‌وه‌كه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو بگه‌نه رێکكه‌وتن و گوتی، تاڕاده‌یه‌كێش گه‌شبینم.