نوچەنێت
پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان داوا دەکەن خاکی باشووری کوردستان نەکرێتە مەیدانی شەڕ و یەکلایکردنەوەی ناکۆکی و دەبێ هەمووان رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.
شەڕی شنگال حزبەکانی باشووری کوردستانی نیگەرانکردووە. پارتی دەڵێت، ناکرێت بوونی هێزی پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەڕەشە بێت بۆسەر کوردستان و دراوسێکانی، دەبێ هەمووان رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن. یەکێتی-یش جەختدەکاتەوە، نابێت رێگە بە هیچ هێزێکی کوردی بدرێت چەک بەرامبەر کوردێکی دیکە رابگرێت، بە ئەرکی لایەنە سیاسیەکانیشی دەزانێت ئەو کردەوانە لە کەس قبوڵ نەکەن.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (رووداو)ی گوت “ناکرێت بوونی سەربازی هێزەکانی حزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەم هەڕەشە بێت بۆ سەر ناوخۆی کوردستان، وەک ئەوەی بیانەوێت پارچەیەک داببڕن و حوکمی لێبکەن، هەروەها هەم هەڕەشەبن بۆ سەر دراوسێکانمان، چونکە ئەمانە یاسا و رێسای نێودەوڵەتین و دەبێت هەموومان رێزی لێبگرین”.
عومەر فەتاح، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ (رووداو) گوتی “پەیاممان بۆ هەموو لایەک ئەوەیە هیچ لایەنێک بۆی نییە شەڕی لایەنێکی دیکە بکات. دەبێت بەهەموو شێوەیەک دژی هەموو شەڕێک بین لەنێو کورددا، نابێت بە شەڕ چارەسەری مەسەلەکان بکرێت، ئێمە شەڕکردن بە حەرام و خیانەت دەزانین”.
محەممەدی حاجی مەحمود بەشێکی زۆری تەمەنی لە پێشمەرگایەتی و خەباتی چەکداریدا بەڕێکردووە. بەڵام ئێستا ئەویش دژی ئەوەیە هێزی چەکداری حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە باشوور چالاکی ئەنجامبدەن.
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ رووداو دەڵێت “هیوادارم کێشە و ململانێی لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان نەبێتە کێشە لە کوردستانی عێراقدا و نەیکەنە مەیدانی شەڕی خۆیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە هەموو لایەک ریعایەتی بکات، ئێمە دەبێت لەو هێزانە بپرسین ئەوانە لە کوردستانی عێراق بەهۆی شەڕەوە هاتوون بۆ ئەم ناوچەیە یاخود پەناهەندەن یان دەیانەوێت لێرە حکوم بکەن، دەبێت بۆ ئەوە خۆیان یەکلایی بکەنەوە”.
ئێستا هەرێمی کوردستان کەوتووەتە نێو بەرداشێکەوە؛ لەلایەک گوشاری حکومەتەکانی دەوروبەری لەسەرە، لەلایەکی دیکە خەباتی نەتەوەیی هێزە کوردییەکان، لە پاڵ هەردووکیشیان ناچارە پابەندبێت بە پرۆتۆکۆڵە کارپێکراوەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی.