نوچه‌نێت- رۆیته‌رز
ئه‌مه‌ل كلۆنی، پارێزه‌ری نێوده‌وڵه‌تی له بواری مافه‌كانی مرۆڤدا و هه‌روه‌ها پارێزه‌ری نادیه موراد، كچه کوردی ئێزدی، كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه ده‌ستدرێژی سێكسی كرابووه سه‌ر، داوای له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد، لێكۆلینه‌وه بكات له تاوانه‌كانی داعش، كه له دژی ئێزدییه‌كان ئه‌نجامیداوه.
به‌ریتانیاش سه‌رقاڵی ئاماده كردنی پڕۆژه بڕیارێكه بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كه تیایدا داوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات له‌و تاوانانه‌ی داعش له دژی ئێزدییه‌كان ئه‌نجامیداوه، به‌ڵام كلۆنی ده‌ڵێت، ده‌بێت حكومه‌تی عێراق نامه‌یه‌كی فه‌رمی بنێرێت بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و داوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه بكات، پێش ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه.
شاره‌زایانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له حوزه‌یرانی ساڵی رابردوودا باسیان له‌وه كردووه، كه رێكخراوی داعش هه‌ڵمه‌تی كۆمه‌ڵكوژی له دژی كوردانی ئێزدی له عێراق و سوریا ئه‌نجام ده‌دات و ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی كوشتن و بڕین و تاوانی دیكه‌وه، به‌ته‌واوی له‌ناویان ببات.
كلۆنی، كه نوێنه‌رایه‌تی نادیه موراد و كچه ئێزدییه‌كانی دیكه‌ی قوربانی ده‌ستی داعش ده‌كات گوتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌ڵێت، پشتگیری لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسی ئێزدییه‌كان ده‌كه‌م، به‌ڵام تا ئێستا هیچ داواكارییه‌كی پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نه‌كردووه.
كلۆنی به رۆیته‌رزی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان باسی لێكۆڵینه‌وه له‌و تاوانانه‌م كرد، كه له به‌رامبه‌ر ئێزدییه‌كان ئه‌نجام دراون، ئێستا ده‌مانه‌وێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ئه‌نجام بده‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی، به‌ڵام دواجار ئه‌گه‌ر هیچ پشتیوانیه‌ك پیشان نه‌درا بۆ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بیر له رێگای دیكه بكاته‌وه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته.
كلۆنی هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌توانێت لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه به‌بێ ره‌زامه‌ندی عێراق پێكبهێنێت، كۆمه‌ڵه‌ی گشتی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش ده‌توانێت تیمێكی تایبه‌تمه‌ند دروست بكات، بۆ پاراستنی به‌ڵگه‌كان و ئاماده كردنییان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سوریا ئه‌نجامیدا له كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوودا، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌توانێت دۆسیه‌كه ره‌وانه‌ی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی بكات.