نەقشبەندی: شاندێکی ئایینی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمریکا دەکات

0

نوچەنێت
دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ترامپ بۆ قەدەغەکردنی گەشتکردنی خەڵکی عێراق بۆ ئەمریکا، یەکەمین شاندی عێراق لە هەولێرەوە بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێدەکەوێت.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند، رۆژی هەینی 10-3-2017، شاندێکی پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێدەکەوێت. شاندەكە لە نوێنەری ئایینەكانی (ئیسلام، مەسیحی، جوو، ئێزدی و زەردەشتی)یەكان پێكهاتووە.

مەریوان نەقشبەندی، كە خۆی ئەندامی شاندەكەیە گوتی، سەردانی پێکهاتە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ئەمریکا و لە رێگەی باڵیۆزی ئەو وڵاتەوەیە لە عێراق، کە ساڵ و نیوێکە ئامادەکاری بۆ دەکات و لە 13 تاوەکو 31ی ئەم مانگە، چەندین کۆبوونەوە و کۆنفرانس ئەنجامدەدەن.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوە داوە، هەرچەندە ئەو شاندە پێشتر ڤیزایان وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ و قەدەغەکردنی گەشتی حەوت وڵات بۆ ئەمریكا  لەنێویشیاندا عێراق، نەمانتوانیوە ئەو گەشتە بکەن، ئێستاش وەکو یەکەمین شاند لە سەرتاسەری عێراق و لەدوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ترامپ، سەردانی ئەمریکا دەکەن.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریدا گەشتکردنی هاوڵاتیانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ وڵاتەکەی رابگرێت، رۆژی دووشەممەی رابردوو عێراقی لەنێو ئەو لیستەدا دەرهێنا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com