نوچەنێت
بارزانی لەگەڵ شاندێكی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین كۆبووەوە و رایگەیاند، سەربەخۆیی كوردستان پڕۆسەیەك دەبێت دوور لە توندوتیژی و لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتن و لەپێناو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان دەبێت.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 11-3-2017، بارزانی لەگەڵ شاندێكی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین كۆبووەوە كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك كەسایەتی و نوخبەی سیاسی و فەرهەنگی و پارلەمانتار و نووسەر و میدیاكاری عێراقی.
لە کۆبوونەوەکەدا داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کراوە و تیایدا بارزانی گوتی، هەوڵیانداوە لایەنەكانی عێراق سود لە ئەزموونی كوردستان وەربگرن و بەرەو تۆڵەسەندنەوە لە یەكتر هەنگاو نەنێن، بەڵام كردەوە و بڕیارەكانی حكومەتی عێراقی پێچەوانەی ئەو بنەمایانە بوو و سەرئەنجام بڕینی قووتی گەلی كوردستانی لێکەوتەوە.
بارزانی گوتوشیەتی “هەموو ئەوانە بە مانای شكستی تەوافوق و فیدڕاڵیەت و بنەمای شەراكەتە و گەلی كوردستانیش بەرپرس نییە لەو نەهامەتییەی بەسەر عێراقدا هاتووە و بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە دەكەوێتە سەر ناوەند و لایەنەكانی عێراقی”.
هەر لە کۆبوونەکەدا بارزانی جەختی لە مافی گەلی كوردستان لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی كردەوە و ئەوەی خستەڕوو، كە لە هیچ جێگەیەكی جیهاندا یەكگرتنی زۆرەملێ یان لێكترازاندنی زۆرەملێ سەرینەگرتووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئایندەی ئەو ناوچانەی، كە لەشەڕی داعش پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی کردوون گوتی “هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە سیغەیەكی دیاریكراو بەسەر خەڵكی ئەم ناوچانەدا بسەپێنێت و چارەنووسی ئەم ناوچانە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەكەوە دیاری دەكرێت”.