نێچیرڤان بارزانی لە گەڵ شاندێکی باڵای ئێزدییەکان کۆبووەوە

0

نوچەنێت
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دهۆك لەگەڵ شاندێكی کوردانی ئێزدی بە سەرۆكایەتیی میر تەحسین بەگ کۆبووەوە.

رۆژی دووشەممە 13-3-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دهۆك لەگەڵ شاندێكی کوردانی ئێزدی بە سەرۆكایەتیی میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و ئامادەبوونی بابەشێخ و ئەندامانی ئەنجوومەنی رووحانی و رۆشنبیران و پیاوماقووڵان و سەرۆك هۆزەكانی ئێزدی لە شنگال و ناوچەكانی دیكەی ئێزدییان كۆبووەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حکومەت، لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردووەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ بەجینۆساید ناساندنی كارەساتی شنگال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جەختیكردەوە “حكومەت هەرچی لەدەستی بێت بۆ سەركەوتنی ئەو دۆسیەیە و ناساندنی كەیسی شنگال وەك جینۆساید، هیچ درێخییەك ناكات”. 

لەبارەی ئەو کوردە ئێزدییانەی تاوەکو ئێستا لەدەستی داعشن، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە “هەوڵ و تەقەلاكانی ئازادكردنی خوشك و دایكانی ئێزدی، ئەوانەی هێشتا لەدەستی داعشدا ماون، بەردەوامە و هەموو توانایەك دەخەنەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەیان”.

بە گوێرەی ماڵپەڕی حکومەت، میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و ئەندامانی شاندەكە سوپاسی  سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان كردووە بۆ هەوڵە بەردەوامەكانی بەتایبەتی لە كەیسی ئازادكردنی ئەو ئافرەتە ئێزدییانەی هێشتا لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون.

شاندەکەی کوردانی ئێزدی داوایان كردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت و بە زووترین كات پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچەكە دەستپێبكات.

لە بەرامبەردا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە “حكومەتی هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە لەنزیكترین كاتدا دەست بە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بكات، بەڵام بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكەدا بووەتە كێشەیەك كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانێت وەكو پێویست كارێكی جددی لەسەر ئەم پرسە بكات”. 

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەسەر پێكەوەژیان و لێبووردەیی و گرنگیی پاراستنی ئایینی ئێزدی لەسەر خاكی كوردستان كردەوە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە “خوشك و برایانی ئێزدی و ئایینی ئێزدی لەسەر زێد و خاكی خۆیان لە هەرێمی كوردستان دەپارێزرێن نەك لە دەرەوە و داوایكرد ئێزدییەكان شوێنەكانی خۆیان جێنەهێڵن و بەردەوام بن لە پاراستنی ئایین و كلتوور و دابونەریتی خۆیان”.

میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و شاندی یاوەری رایانگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 14-3-2017 لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئێزدیان كۆدەبنەوە و لەنزیكەوە داواكارییەكانییان لە هەموو روویێكەوە بەشێوەیەكی فەرمی و نووسراو پێشكەش بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com