نوچەنێت
بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، خۆپیشاندەرێك كوژرا و ژمارەیەكیش بریندار بوون.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-3-2017، لە بازگەیەكی كۆمەڵگەی خانەسۆری نزیك شارۆچكەی سنوونێ لە دەڤەری شنگال، شەڕەتەقە لەنێوان هێزێكی پێشمەرگەكانی رۆژئاوا و یەبەشەی سەر بە پەکەکە روویدا و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە. هەرچەندە لەوكاتەوە شەڕ دروست نەبووەتەوە، بەڵام ئاڵۆزییەكان هەر ماون و ئەمڕۆش دۆخەكە ئاڵۆزتر بوو.
رۆژی سێشەممە 14-3-2017، لە كۆمەڵگەی خانەسۆری دەڤەری شنگال دژی لەشكری رۆژی پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانێك سازكرا.
راگەیاندنەكانی نزیك لە پەكەكە وێڕای پشتڕاستكردنەوەی كوژرانی ئەو خۆپیشاندەرە، رایانگەیاندووە 10 خۆپیشاندەری دیكە برینداربوونە. هەروەها بەشێكی خۆپشاندەران خەڵكی رۆژئاوای كوردستانن و بەشەكەی دیكەیان كوردانی ئێزدی نیشتەجێی دەڤەری شنگالن.
عەقید قادر شێخ مەمی، فەرماندەی فەرماندەیی دووی لەشكری رۆژ بە (رووداو)ی راگەیاند “پەكەكە لە شاری دێركی رۆژئاوای كوردستانەوە بە چەندین ئۆتۆمبێل خەڵكی خۆی هێناوەتە سنووری خانەسۆر و لە دژی ئێمە خۆپیشاندانیان پێدەكات”.
پاشان بەهۆی نزیكبوونەوەی خۆپیشاندەران لە سەنگەرەكانی لەشكری رۆژ گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، سەرەتا گوللەی پلاستیكی و فرمێسكڕێژ دژی خۆپیشاندەران بەكارهێنران، بەڵام دواتر تەقەش كرا و كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.