نوچەنێت
مامۆستایانی بەشی زمانی کوردی دژی بڕیارەکەی وەزارەتەکە لەبارەی زمانی کوردی، خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد.
پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەوەی ڕاگەیاندبوو، کە بڕیاریان داوە بۆ قوتابییانی کۆلێژەکانی “پزیشکی، ئەندازیاری و زانست” نمرەی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ هەردوو وانەی کوردی و عەرەبی ئارەزوومەندانە بێت و ئەگەر بیانەوێت، دەتواندرێت ئەو نمرانە هەژمار نەکرێت.
ئەمڕۆ چوار شەممە 15\3\2017، مامۆستایانی بەشی زمانی کوردی لە پێش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، خۆپیشاندانێکیانلە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان،لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وانەکانی زمانی کوردی و عەرەبی ئەنجام دا و داوایان کرد، دەست بەجێ وەڵامێکی بەپەلەیان بدرێتەوە و هێمایان بۆ ئەوە کرد “چاوەڕێی لێکۆڵینەوە ناکەین”.
مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایانگەیاند “وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبری دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە، سەرچاوەی زمانی کوردی زیاد بکات و بابەتە گرنگەکان و سەرچاوە بیانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕن، چونکە لە ھیچ وڵاتیکدا نییە، کە زمانی دایک پەراوێز بخرێت و ھەژمار نەکرێت، ئەوەش دژی یاسا و دەستووری عێراقییە”.
مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەیان بە ئەوە دەکەن “چاوەڕوانی ئەوەبووین، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەو کۆلیژانەی زمانی کوردی کەم تێدا دەخوێندرێت، خوێندنی کوردییان بۆ زیاتر بکات، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی بە زمانی بیانی ھەن، بیان کەن بە زمانی کوردی بۆ نەوەکانی داھاتوو، نەک بەو شێوەیە سووکایەتی بە زمانی کوردی بکەن”.
بە گوتەی مامۆستا ناڕازییەکان، ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ساردبوونەوە لەلای خوێندکاران دروست کردووە، کارەکەی ئەوان وای کردووە بڵێن، باشترە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژەکانی زانکۆ دابخەن، چونکە ئەو بڕیارە لەم کات و ساتەدا کە خوێندکاران خەریکی سەعیکردنن بۆ تاقیکردنەوەکان، گەورەترین مەترسی لەسەر خوێندکاران دروست کردووە، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرپرسیارە لەو کارە، ئێمە دەمانەوێت بەزووترین کات وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵاممان بداتەوە، چاوەڕێی لێکۆڵینەوە ناکەین. تا ئێستا نازانرێت لەسەر چی بنەمایەک وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو بڕیارەی دەرکردووە؟، لە کاتێکدا ئێمە داوای سەربەخۆیی دەکەین، ئاخر دەوڵەت بەبێ زمان چۆن دروست دەکرێت؟