فراکسیۆنی پارتی: درێژەپێدانی سیاسەتی تۆتالیتارییانەی پەكەكە گەیشتووەتە ئاستە ترسناكەكەی

0

نوچەنێت
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پەکەکە تۆمەتبار دەکەنە بەوەی کە”بە ئاشكرا هەر دەنگێك لە دەرەوەی خۆیانەوە بێت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاكەیان پەسەند نەكات، سەركوت و كپی دەكەنەوە”. هەورەها رایدەگەیێنێت: “ئاگاداریشییان دەكەینەوە، كە واز لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی تۆقاندن بهێنن و لەوە زیاتر خەریكی تۆماركردنی شەرمەزاری و رسوایی دیرۆكی نەبن.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، کە رۆژی چوارشەممە 15-3-2017 بڵاویانکردەوە بە تووندی ئیدانەی رەفتارەکانی پەکەکە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەکات و پێیانوایە، درێژەپێدانی سیاسەتی تۆتالیتارییانەی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان، گەیشتووەتە ئاستە ترسناكەكەی و بە ئاشكرا هەر دەنگێك لە دەرەوەی خۆیانەوە بێت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاكەیان پەسەند نەكات، سەركوت و كپی دەكەنەوە”.

فراکسیۆنی پارتی پەیڕەو کردنی ئەو سیاسەتە لەلایەن پەکەکەوە بۆ دوو ئامانج دەگێڕێتەوە کە بریتین لە دەركەوتنی رووی ترسناكی ئایدیۆلۆژیای پەكەكە و سەرنەكەوتنی پڕۆژە سیاسییەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان.

سەبارەت بە باشووری کوردستانیش، فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، بەهۆی داگیركردنی 515 گوند حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەیتوانیوە وەك پێویست خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات و باشترین رێگا ئەوەیە هەرچی زووە هه‌رێمی کوردستان جێ بێڵن.

دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان:

جەماوەری ئازیزی کوردستان

رای گشتی و هێز ولایەنە ئازادیخواز و ئارامی ویستانی وڵات

بەداخەوە درێژەپێدانی سیاسەتی تۆتالیتارییانەی پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، گەیشتووەتە ئاستە ترسناكەكەی و بە ئاشكرا هەر دەنگێك لە دەرەوەی خۆیانەوە بێت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاكەیان پەسەند نەكات، سەركوت و كپی دەكەنەوە، بۆیە ئێستا بەندیخانەكانییان پڕكراون لەو مرۆڤە ئازادیخوازانەی، كە لە ژێر بەرنامە و ستەمی پەكەكەدا، درێژە بە خەباتی سیاسییان نادەن و پەكەكە و ئایدیۆلۆژیاكەی بە وەڵامدەرەوە ویستە ئازادیخوازییەكانییان نازانن.

لقی پەكەكە لەڕۆژئاوی کوردستان وله دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە درێژەی سەپاندنی ویستە تۆتالیتارییەكەیاندا، لە قامیشلۆ، عامودا، دێریكێ و چەندین شوێنی دیكە، هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگانی ئەنەكەسە و دایانخستوون، لە هەندێك بارەگایشدا بەوەوە ڕانەوەستاون و دەستییان بە تاڵانكردن و سوتاندنیان كردوون و پرۆسەكەیشییان بەردەوامە، ئەمە جگە لەوەی كە دەمێكە هەڵدەكوتنە سەر ماڵ و خێزانی ئەندامان و لایەنگرانی ئەنەكەسە و لە بەرانبەر وازنەهێنانییان لە بڕوای سیاسییان و یان وازنەهێنانییان لە پێشمەرگایەتی، ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن، بەندكردن، ئەشكەنجەدانییان دەكەنەوە. 

پەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتەیش، دوو ئامانجی لە پشتەوەن.

یەكەم: دەركەوتنی ڕووی ترسناكی ئایدیۆلۆژیای پەكەكە، كە بنەما لە تۆتالیتارییەت وەردەگرێت.

دووەم: سەرنەكەوتنی پرۆژە سیاسییەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان و داپۆشینی ئەو شكستانە، بە سەركوتكردنی ئەوانەی وەك خۆیان بیرناكەوە.

ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی ئەو تاوانانەی پەكەكە، هەروەها ئاگاداریشییان دەكەینەوە، كە واز لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی تۆقاندن بهێنن و لەوە زیاتر خەریكی تۆماركردنی شەرمەزاری و ڕسوایی دیرۆكی نەبن، چونكە پەیڕەوكردنی ئەو ویست و سیاسەتانە، لە سەرشۆڕی و ڕسوایی زیاتر، شتێكی تری لێبەرهەم نایەت و لە دوایشدا دەكەونە بەر غەزەبی گەل.

پەكەكە لە هەرێمی كوردستانیشدا، بەهۆی داگیركردنی (515) گوند، كە (304) گوندییان لە پارێزگای دهۆك و (177) گوند لە پارێزگای هەولێر و (34) گوند لە پاێزگای سلێمانی، بۆتە هۆی كاولكاری ئەو گوندانە و بەو هۆیەیشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە وەك پێویست خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات، بۆیە ئەو داگیركارییانەیش نەك بە تەنها پێشلكارییەكە لە بەرانبەر سیادەوسەروەری هه‌رێمی کوردستان و دامودەزگاكانی، تاوانێكیشە دژ بە هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و گوندنشینان بە تایبەتی و ڕێگرییە لە پرۆسەی ئاوەدان كردنەوەی وڵات.

بۆیه باشترین ڕێگا ئه‌وەیە هەرچی زووە هه‌رێمی کوردستان جێ بێڵن.

ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی، پەكەكە لە هەر شوێنێك بێت، جگە لەوەی ناتوانێت لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك بسازێت وکەسی تری قبوڵ نییه‌ ، بەڵكو بە هەموو توانایەكیشیەوە، هەوڵی شێواندنی سرووشتی ژیانی هاوونیشتیمانییان دەدات و ڕێگریشە لە ئاوەدانكردنەوە.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان

15ی ئازاری 2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com