نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی رایدەگەیەنێت، نەخشەڕێگای حزبەکەی دەتوانێت ببێتە کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو قەیرانانەی، کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و دەشڵێت “هیوادام لایەنەکان ئیرادەیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەمان”.
دوای ئەنجامدنی زنجیرەیەك کۆبوونەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی بۆ پەسەندکردنی نەخشەڕێگای حزبەکەیان، دواجار نەخشەڕێگاکە پەسەندکرا لەلایەن مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەوە، بەشێك لەلایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان ،نەخشەڕێگاکەیان پێباشە، بزووتنەوەی گۆڕانیش هەر چەندە بەفەرمی رای خۆیان لەسەر نەخشەڕێگاکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەشێك لەکادیرانی ئەو بزووتنەوەیە پێیانوایە یەکێتی پەشیمان بووەتەوە لە هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی کاریگەری نەخشەڕێگای حزبەکەی لەسەر کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی رایگەیاند: کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی چەندجارێک و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی سێ جار، نیشانەی ئەوەیە، کە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ رێکخستنی ناوماڵی یەکێتی و هەنگاوەکانیش بەباشی چوونەتە پێشەوە.
لەتیف نێروەیی دەڵێت “هەر چەندە نەخشەڕێگاکەی یەکێتی بە فەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام نەخشەڕێگایەکە، دەتوانێت ببێتە کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو قەیرانانەی، کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە”.
گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بە پێویستیشی دەزانێت، تەنانەت بە کادیرانی حزبەکەشیەوە، هەتا بەچاوی خۆیان پڕۆژەکە نەبینن، تەندروست نییە هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکەیان بکرێت، پێشیوایە هیچ لایەنێك دژی رێککەوتننامە و چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و گوتیشی “پڕۆژەکەی یەکێتی ئەوە ناگەیەنێت، کە تاکە پڕۆژە بێت بۆ هەموو هێز و لایەنەکان، لایەنەکان پێویستیان بە ئیرادەی و رەزامەندی و پڕۆژەی هاوبەشە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتننامەیەکی هاوبەش”.
ناو براو ئاماژە بەوە دەدات، نەخشەڕێگای حزبەکەی، پڕۆژەیەکی گشتگیرە و بڕواناکەم هیچ لایەنێك بەفەرمی دژایەتی پڕۆژەکە بکات، هیوادارین لایەنەکان ئیرادەیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە.