نوچەنێت
شاندەکانی پارتی و سۆسیالیست رێوڕەسمی یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیان بەجێهێشت و رایانگەیاندووە کە سووکایەتیان پێکراوە لە ناو رێوڕەسمەکەدا.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ بەشارەتی و شاندی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەممەد حاجی مەحموود، هۆڵی مەراسیمی کیمیابارانی هەڵەبجەیان بەجێهێشتووە.
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە بە (رووداو)ی راگەیاند “ئێمە ئەمڕۆ بە قورساییەکای یەکجار زۆرەوە، لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە سەرۆکی ئەنجومەنیشەوە بەڕێز شێخ ئەدهەم بارزانی و تەواوی کادیرانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سەرکردایەتی سلێمانی بەشدارییمان لە مەراسیمەکە کرد”.
بەشارەتی گوتووشیەتی “بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بینیمان سووکایەتیەکی یەکجار زۆر بە شاندی پارتی کرا، لە دانانی شوێنەکانیان، ئەوەی ئێمە بینیمان بەڕاستی فاشیلیەتی تەواو لە بەڕێوەچوون و لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەدا هەبوو، لە پێشوازیکردنی میوانان بە تایبەتی لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێز شێخ ئەدهەم بارزانی، کە نەدەبوو بەو جۆرە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت و شوێنیان بۆ دابین بکرێت”.
بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت “ئەوەی ئەمڕۆ بینیم ئەوپەڕی سووکایەتی و بێڕێزیکردن بوو بەرامبەر بە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو مەراسیمەدا”.