ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ سلێمانی لە بارەی یادی هەڵەبجە راگەیەنراوێک بڵاو دەکاتەوە

0

نوچەنێت

ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە راگەیێندراوێک لەبارەی یادی هەڵەبجە و بەجێهێشتنی رێوڕەسمی ئەو یادە لەلایەن شاندی پارتییەوە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، “تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەت سارێژى ئەو زام و ئازارە دەکات”. هەروەها هاتووە: “دوای 30 خولەک رێوڕەسمەکەمان بەجێهێشت چونکە شوێنی شایستە بۆ شاندەکەمان دابین نەکرابوو”.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەبارەت بە ساڵیادی مەرگەساتی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت: “هەمیشە وەک پارتى دیموکراتى کوردستان و ، وەک ئەرکى سەرشانمان لەگەڵ خەمى دانیشتوانى هەڵەبجەدا ژیاوین و ، وەک بەشێکى ستەم لێکراوى جەستەى نیشتمان لێ دەڕوانین”.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی رەخنە لە ئیدارەی ئەو پارێزگایە دەگرێت و رایدەگەیێنێت: “پارتى دیموکراتى کوردستان ، دەنگى هەڵەبجەى گەیاندووەتە سەرجەم پایتەختەکانى جیهان و، زۆرترین هاوکاریی بۆ هەڵەبجە کۆکردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئیدارەدانى هەڵەبجە لاواز بووە، ویستراوە هەڵەبجە بەوێرانى بمێنێتەوە”.

سەبارەت بە رێوڕەسمی ساڵیادی هەڵەبجە کە ئەمڕۆ لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو و شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی ئەدهەم بارزانی، دوای ماوەیەک رێوڕەسمەکەیان بەجێهیشت، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی، رایدەگەیێنێت: “دواى تیپەربوونى ( 30 ) خوولەک و ، لەبەر نەبونى ئیدارەیەکى شایستەو سەرکەوتوو ، بۆبەڕێوبردنى یادەکە و لەبەر ئەوەى بەڕێوبەرانى مەراسیم بەمەبەست شوێنى شایستەیان بۆ شاندى پارتى دابین نەکردبوو، بۆیە وەک دەربڕینى ناڕەزایەتى، بە باشمان زانى لە شوێنێک نەبین کە شایستەى مەکانەتى سیاسى و پێگەى جەماوەری و مەعنەوى پارتى نەبێت”.

دەقی راگەیێندراوەکە:

لە کاتێکدا ئەمڕۆ(29) ساڵ بەسەر مەرگەساتى هەڵەبجە دا تێدەپەرێت ، لە دیدى ئێمە دا هەڵەبجە زامێکى هێندە قوڵە لە جەستەى نیشتمان و بزاڤى رزگارى خوازى نەتەوەیماندا، تەنها سەربەخۆی و دامەزراندنى دەوڵەت سارێژى ئەو زام و ئازارە دەکات ، بۆیە هەمیشە وەک پارتى دیموکراتى کوردستان و ، وەک ئەرکى سەرشانمان لەگەڵ خەمى دانیشتوانى هەڵەبجەدا ژیاوین و ، وەک بەشێکى ستەم لێکراوى جەستەى نیشتمان لێ دەڕوانین. 

پارتى دیموکراتى کوردستان و ، سەرۆک و ، مەکتەبى سیاسى و ، سەرجەم ئۆرگانەکانى ، ساڵانە بە پەرۆشەوە لە یادى هەڵەبجەدا ماتەمینى و هاوخەمى بۆ مەرگەساتى هەڵەبجە دەردەبڕین و ، لە پرۆژەى خزمەتگوزاریشدا هاوکار و هامەهانگ و دەستپێشخەر بوین بۆ خزمەتى هەڵەبجە، پرۆژەى بە پارێزگاکردنى شارو ، دابین کردنى ئاوى خاوێنى خواردنەوەو ، کردنەوەى زانکۆ وەک باڵاتترین مەرکەزى ڕۆشنبیرى لە دەڤەرەکە ، نمونەى بەرچاون . 

پارتى دیموکراتى کوردستان ، دەنگى هەڵەبجەى گەیاندۆتە سەرجەم پایتەختەکانى جیهان و ، زۆرترین هاوکارى بۆ هەڵەبجە کۆکردۆتەوە،بەڵام بە داخەوە ئیدارەدانى هەڵەبجە لاواز بووە ، ویستراوە هەڵەبجە بە وێرانى بمێنێتەوە.

پارتى خاوەنى زۆرترین شەهیدە لە هەڵەبجە و ، جەماوەرى بە شەرەفى هەڵەبجەش ئاگادارن ، کە پارتى هەرگیز لە هەڵەبجە دانەبڕاوەو، هەڵەبجەى وەک هێرۆشیما پێناسە کردووە و، هەمیشە بەرگرى کاربووە لە مافەکانى هەڵەبجە و لە دیارى کردنى داهات بۆى و ، ئاوەدان کردنەوەى و دڵنەوایی خەڵکەکەى و چارەسەرکردنى بریندارەکانى. 

بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بەڕێز (شێخ ئەدهەم بارزانى) ، وەک کەسایەتیەکى دیارى مەعنەوى بنەماڵەى بارزان و وەک سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى سلێمانى –هەڵەبجەى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێک بەشدارى مەراسی یادى کیمیابارانى هەڵەبجە بوو ، لەدواى ڕاوەستانى ماتەمینی و ڕێزگرتن لە شەهیدان و خوێندنى سورەتى (فاتیحە) بۆ ڕۆحى پاکیان و ، لە دواى بەخشینى تاجە گوڵینە بە مەزارى مەزڵومى شەهیدانى هەڵەبجەو ، دواى تیپەربوونى ( 30 ) خوولەک و ، لەبەر نەبونى ئیدارەیەکى شایستەو سەرکەوتوو ، بۆبەڕێوبردنى یادەکەو بەڕێوەبردن و ئیدارەدانى پارێزگاى هەڵەبجە و ، لەبەر ئەوەى بەڕێوبەرانى مەراسیم بەمەبەست شوێنى شایستەیان بۆ شاندى پارتى دابین نەکردبوو، بۆیە وەک دەربڕینى ناڕەزایەتى ، بەرامبەر بە ئیدارەى مەراسیم و ئیدارەى پاریزگاى هەڵەبجە، بە باشمان زانى لە شوێنێک نەبین کە شایستەى مەکانەتى سیاسى و پێگەى جەماوەری و مەعنەوى پارتى نەبێت ، کەگەورەترین هێزى سیاسى کوردستانە ، بۆیە دواى ( 30 ) خولەک شاندى پارتى هۆڵەکەى بە جێهێشت.

ئێمە هەڵەبجە و دانیشتوانە قوربانیدەرەکەى لەسەر چاوان دادەنێن،بە ڵام ئامادە نین تەحەمولى بێ ئیدارەیی مەراسمێک بکەین کە لە ئاستى گەورەیی و، قوربانى و ، مەزڵومیەتى خەڵک و ، سوتماکى هەڵەبجەدا نەبێت.

لە کۆتایدا سڵاو بۆ دانیشتوانى هەڵەبجە و ، لەبەردەم ڕۆحى شەهیدانى هەڵەبجە دا سەرى ڕێز نەوى دەکەین.

بژى کورد ، بژى کوردستان
وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى سلێمانى /هەڵەبجە 
پارتى دیموکراتى کوردستان 
16-3-2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com