نوچەنێت
ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میری ئێزدیان، بابە شێخ و ئەندامانی ئەنجومەنی روحانیی ئێزدی دەكات و رایگەیاند، هەتا دامودەزگای رەسمی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگالدا هەیە، ناكرێ هێزی دیکە هەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 17-3-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میر تەحسین میری ئێزدییەكان و بابە شێخ و ئەندامانی ئەنجومەنی روحانیی ئێزدی كرد و لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخ و گرفت و كێشەكانی دەڤەری شنگال و هەروەها دواڕۆژی ئێزدییەكان كرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا “بارزانی رۆشنایی خستەسەر ئەو كارەسات و نەهامەتییەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و كارەساتی شنگالیشی بە ئەڵقەیەك لە زنجیرەی ئەو كارەساتانە لە قەڵەمدا، كە دوژمن لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە، ئەوەیشی خستەڕوو، كە ئێزدییەكان بە درێژایی مێژوو تووشی زوڵم و ئینكار هاتوونە و ئەو زوڵمەیش بەهۆی پێناسەی ئایینی و نەتەوەیی ئێزیدییەكان بووە”.
ئەوەیشی دووپاتكردەوە، كە “عیبادەت و دینداریی ئێزیدییەكان بە زمانی كوردییە و ئێزیدییەكان كوردی رەسەنن و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە هیچ پێناسەیەك بەسەر ئێزیدییەكاندا بسەپێنێت”.
لەدرێژەی گوتەكانیدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆشنایی خستەسەر ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی خەڵك و بە پارێزگاكردنی شنگال و ئاماژەی بەوەدا كە “هەموو هەوڵەكانی خستووەتەڕوو، كە لە رێگەی حكومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان و بووژانەوە بۆدەڤەری شنگال بكرێت و خەڵكی ناوچەكە بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و بوونی هێزی دیکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، هەتا دامودەزگای رەسمی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگالدا هەیە، ناكرێ هێزی دیکە هەبێ، كە رێگە لە ئاوەدانكردنەوە و چالاكییەكانی دامودەزگای حكومی و جموجۆڵی پێشمەرگە بگرێت.
هەر سەبارەت بەو پرسە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆچوونی وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال شیكردەوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە ئەوان لەسەر ئەم بڕوایەن هەتا هێزی نایاسایی لەم دەڤەرەدا مابێ ئامادە نین یارمەتیی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بدەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێش و ئازاری ئێزدییەكانی بە ئێش و ئازاری هەموو گەلی كوردستان زانی، هەر بۆیەش پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال و رێگاكانی سەتان شەهیدی بەخشی و راشیگەیاند “پێشمەرگە قارەمانانە تۆڵەی لە تیرۆرستانی داعش كردەوە و ئێستا تیرۆریستانی زاڵم كەوتوونەتە ژێر پێی ئێزییدییەكان و لە ئاییندەدا هەموو ئەو ناوچە و گوندانەی لەژێر دەستی داعش ماون ئازاد دەكرێن و پێویستیشە رێوشوێنی وا بگیرێتەبەر، كە چیدی كارەسات لەدژی ئێزیدییەكان دووبارە نەبێتەوە و بپارێزرێن”.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە شاندی ئێزدییەکان “سوپاسی خەمخۆری و هەوڵ و ماندووبوونی بارزانیان كرد لە بەجێگەیاندنی بەڵێنی ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال و داوایشیان كرد هەروەكچۆن لە قۆناخی نووسینەوەی دەستووری عێراق و قۆناخەكانی دیکە و تێكشكاندنی تیرۆریستان بارزانی پشتیوانی ئێزییدییەكان بووە لە ئاییندەیشدا چاویان لەوەیە بارزانی پشتیوانیان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و پاراستنیان لە پیلانی ناحەزان”.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە ئامادەبووان لەبارەی كێشەكانی دەڤەری شنگال و باشیك و رەوشی ئێزدییەكان لە كوردستان و بە جینۆسایدناساندنی كارەساتی شنگال و ئازادكردنی ئەو ئێزدیانەی هێشتا لەژێر دەستی داعشدان، تێبینی و پێشنیاری خۆیان ئاراستەی بارزانی كرد.
لەدوای ئەم دیدارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی میرتەحسین میری ئێزدیان و بابە شێخ و ئەندامانی ئەنجومەنی روحانیی ئێزیدی لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتیی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئایینی، رۆشنبیری، ئیداری و سەربازیی ئێزدییەكانی شنگال و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كۆبۆوە.