نوچەنێت-رووداو
بەرپرسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، کە بە هۆی رەوشی ئەمنی ناو شاری شنگال، ناتوانین ئاو و کارەبا و ژیان بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێنینەوە.
لیز گراندێ، بەرپرسی بەرنامە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێرێکی کەناڵی (رووداو)دا لە سەر ئاوەدانکردنەوەی شنگال رایگەیاند “چەند مانگێکە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات لە شنگال بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال جێبەجێ بکات. دوای ئازادکردنی شنگال، ئێمە زۆر بە پەرۆشین خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆی لێ دابینبکەین و، ژیان بۆ ئەو شارە بگەڕێنینەوە، بەڵام لەبەر خراپی رەوشی ئەمنیی شارەکە، نامانتوانیوە ئەو کارە بکەین و، شەڕەکانی ئەم دواییەش جێگای نیگەرانین”.
هەروەها لەبارەی کات و شێوازی دەستپێکردنی شەڕ بۆ رزگاکردنی حەویجە و تەلەعفەر، بەرپرسی بەرنامە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی” بۆ بابەتی شەڕ بۆ رزگارکردنی حەویجە و تەلەعفەر و، شارە گەورەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش: حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر هەماهەنگیان لەگەڵماندا کردووە. تێگەشتنی من ئەوەیە: نیازیانە هەر شەڕی موسڵ کۆتاییهات، ناوچەکانی دیکەش رزگاربکەن”.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئەو راپۆرتانەی ئەم دواییەی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە موسڵ پشتراستکردەوە، بەڵام حکومەتی عێراق دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەشەڕی موسڵ.