نوچەنێت
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، داوایەکی ئاراستەی زانکۆکان کرد و رایگەیاند، تەنیا شوێنێك نەبن بۆ دەرچوونی خوێندكار و پێدانی بڕوانامە، بەڵكو بە لێكۆڵینەوەی زانستی هاوكار و یارمەتیدەرێكی كاراش بن بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی كێشەكان.
ئەمڕۆ شەممە 18-3-2017، كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی هەرێم لە شاری هەولێر،لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ زانستە بنەڕەتی و پراكتیكییەكان، گوتاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەشكرد و رایگەیاند: حكومەتی هەرێم بە دیدگایەكی روونەوە لە گرنگی زانكۆ و پێشكەوتنی زانستی و ئەكادیمی دەڕوانێت بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو.
كەریم شنگالی گوتی، بۆ پێشكەوتنی زانكۆكانمان و كوالیتییەكەی و بەرەوپێشبردنی توێژینەوە زانستییەكان، پێویستیمان بە پەیوەندی و پشتگیری و هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكانی جیهان دەبێت.
وەزیری ناوخۆ داوای لە زانكۆكان کرد “تەنیا شوێنێك نەبن بۆ دەرچوونی خوێندكار و پێدانی بڕوانامە، بەڵكو بە لێكۆڵینەوەی زانستی هاوكار و یارمەتیدەرێكی كاراش بن بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی كێشەكان، هەروەها هاوكار بێت لە دۆزینەوەی باشترین میكانیزم بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی حكومەت لە بنیاتنان و بەرەوپێشبردنی هەر سێ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار تا ببێتە جێگرەوەیەك بۆ كەرتی نەوت و گاز.