پارێزگاری کەرکوک: ئەو حەساسیەتە بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە جێی خۆی نییە

0

نوچەنیت
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک لە وەڵامی ئەو ناڕەزاییانە لە دژی بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان رایگەیاند “ئەگەر ئاڵای کوردستان لە تورکیا هەڵبکرێت، بۆ لە کەرکوک هەڵنەکرێت؟”.

لە نووسراوێکی پارێزگاری کەرکوکدا، کە رۆژی 14-3-2017 واژۆکراوە و، ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگا کراوە، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاندبوو، بەبۆنەی یادەکانی نەورۆز و، لەبەرئەوەی کەرکوک ناوچەی کێشەلەسەری نێو ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە، داوا دەکات ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاربدات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەتەنیشت ئاڵای عێراق لە هەموو فەرمانگە و کۆمپانیاکان و لە بۆنە و یادە فەرمییەکاندا.

ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک، رۆژی یەکشەممە 19-3-2017 لەگەڵ نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە، پاشان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ رۆژنامەوانان ئاشکرا کرد.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی “باسی زۆر بابەت کرا، لەوانە ئەو رێککەوتننامەیەی لەگەڵ بەغدا واژۆکراوە لەسەر بابەتی نەوت، هاوکات ئەو کێشانەی لەناو کەرکوک هەیە”.

پارێزگاری کەرکوک سەبارەت بە پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کەرکوک دەڵێت “ئەو حەساسیەتە بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە جێی خۆی نییە، هیواخوازم ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەزووترین کات دەنگ لەسەر ئەو داوایە بدات، سەبارەت بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان لەتەک ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگاکانی کەرکوک، تاوەکو ببێتە ئەمری واقیع”.

پارێزگاری کەرکوک لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بە سەرسوڕمانەوە باسی لەوە کرد “ئاڵای کوردستان ئەگەر لە تورکیا، لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ هەڵبکرێت، بۆ لە کەرکوک هەڵنەکرێت؟”.

ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک، کە هێزەکەی لە ماوەی رابردوودا چوونە نێو کۆمپانیای نەوتی باکووری کەرکوک و هەڕەشەی دەستەبەسەرداگرتنی کۆمپانیاکەیان کرد، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێن، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پشتیوانی خۆیانی بۆ پارێزگا و ئیدارەی شارەکە دووپاتکردەوە. ئاسۆ مامەند گوتی “ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق”.

بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک، جەختی کردەوە لەوەی “هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافی کەرکووکییەکان، لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاری کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگا، دەیگرینەبەر”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com