شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: ده‌بووایە پارێزگاری كه‌ركوك راسته‌وخۆ بڕیاره‌كه‌ی بخستایه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

0

تایبه‌ت: نوچه‌نێت

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك دره‌نگ كه‌وتووه‌ و ده‌شڵێت “له‌ مه‌خمور و زومار شوینه‌كانی تر له‌ زووه‌وه‌ ئالای كوردستان هه‌ڵكراوه‌”.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك له‌ نوسراوێكیدا بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك داوای كردووه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمیه‌كانی كه‌ركوك بكه‌نه‌ بڕیار به‌و پێیه‌ی كه‌ركوك شارێكی كوردستانیە، كه‌ركوك له‌ ده‌ستوردا به‌ ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ر ئه‌ژماركراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندی كوردستانێش له‌ خۆ بگرێت و هاوشێوه‌ی ئاڵای عێراق ئاڵای كوردستانیش هه‌ڵبكرێت.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌ شیعیه‌كان بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك رایگه‌یاند: هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك پێویستیه‌كی كوردستانیه‌، ئه‌م بڕیاره‌ی پارێزگاری كه‌ركوك دره‌نگه‌ و ده‌بووایە زۆر زووتر بدرایه‌. هه‌روه‌ها ده‌بوو پارێزگاری كه‌ركوك راسته‌وخۆ بڕیاره‌كه‌ی بخستایه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، نه‌ك داوا له‌ ئه‌نجومه‌ن بكات ده‌نگی له‌سه‌ر بدات.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌رپرسانی حكومی له‌ مه‌خمور و زممار و شوینه‌كانی تر، كه‌ سه‌ر به‌ پارتی دیموکراتی کوردستانن، هه‌رچه‌ند له‌ ده‌ستوری عێراق ناوچه‌كه‌یان به‌ كێشه‌ له‌سه‌ریش ناوی هاتووه‌، به‌ڵام ئاڵای كوردستانیان كردووه‌ته‌ ئه‌مری واقع و ئاڵای كوردستانیان هاوشیوه‌ی ئاڵای عێراق هه‌ڵكردووه‌.

له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ندامانی لیسته‌ شیعه‌كان بۆ لیسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ پارێزگاری كه‌ركوك له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ناوبراو ده‌ڵێت، ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ لای كورد حساب بۆ نه‌كراون، بۆ موزایه‌ده‌ ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌گینا به‌غدا جورئه‌تی بڕیارێكی له‌و شێوه‌یەی نییه‌.

له‌باره‌ی هاوهه‌ڵوێستی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان بۆ پشتگیریكردنی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی گوتی، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان نه‌بێ “خیانه‌ت” ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانی لایه‌نه‌ توركمانیه‌كان بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆچوونی هه‌موو توركمانه‌كان نییه‌ به‌ڵكو بۆچوونی به‌شێك له‌ توركمانه‌كانه، ده‌شڵێت “هه‌ندێ له‌ لایه‌نه‌ توركمانیه‌كان چه‌ندین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نوسیان به‌ستووه‌ و داوای قائد فرقه‌یه‌كیان كردووه‌، کە پێیان نه‌دراوه‌، ئیستا چۆن ده‌توانن له‌ دژایه‌تی كردنی ئاڵای كوردستان سه‌ركه‌وتوو بن!

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com