نوچەنێت-رووداو
لەگەڵ کردنەوەی ئاهەنگی نەورۆز ئێوارەی رۆژی 20-3-2017، بە ئامادەبوونی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت و بەرپرسانی ئیداری و حزبی شارەکە، ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای کەرکوک هەڵکرا. هاوکات لەتەواوی دەروازەکانی کەرکوک بە بەرزی 20 مەتر ئاڵای کوردستان هەڵکرا.
ئەو دوو ئاڵایەی لەسەر قەڵای کەرکوک هەڵکران، بە درێژی 10 مەتر، پانی پێنج مەتر و بە بەرزی 20 مەتر، بۆ هەمیشە و بە فەرمی دەمێننەوە، لەکاتێکدا پێشتریش پێکهاتە سیاسییەکانی عەرەب و تورکمان دژایەتی ئەو هەنگاوەیان کردبوو.
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک، سەبارەت بە نیگەرانی لایەنەکان لە هەڵکردنی ئاڵاکە، گوتی “ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراق بەیەکەوە هەڵدەدرێن. ئاڵای کوردستانیش تەنیا ئاڵای کورد نییە، بەڵکو ئاڵای هەموو پێکهاتەکانی کەرکوکە. بەو کەسانەش دەڵێین، کە دەیانەوێ ئاژاوە بنێنەوە، ئەم ئاڵایە ئاڵای عەرەب و تورکمانە پێش ئەوەی ئاڵای کوردبێت”.