نوچهنێت : iran.ru
هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی جنێف، ئاماژەیەکە بۆ ویستی لایەنەکانی ئەم رێککەوتنە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندی و هاوکاریەکانیان، بۆ وەگەڕخستنەوە و دەستپێکردنەوەی پلانەکانی پەیوەست بە کەرتی وزە، کە لە سەردەمی گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵپەسێردرابوو، وهگهڕخستنهوهی ههوڵهكان بهو ئاراستهیهدا، دەتوانێ یارمەتی تاران و پایتەختە سیاسیەکانی رۆژئاوا بدات. کێشانی هێڵی بۆری گواستنەوەی گازی ئێران، عێراق -سوریا كهتایبهته بهگواستنەوەی گازی ئێران لە دەریای مەدیتەرانەوە بۆ بازاڕی وەزەی ئەوروپا، نمونەیەکه لەو پرۆژانە کەبنەمایەکی جیئۆپۆلۆتیکی و گرنگیی تایبەت بە خۆیی هەیە.
ئێران هەوڵ دەدات بازاڕێکی نوێی گاز بۆ خۆی مسۆگەر بکات. ئەوروپا کە وەک رابردوو توانای کڕینی هەیە، لەم نێوەدا بۆ ئێران بایهخی خۆی هەیە.ب ە پێی لێدوانی بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، پشکی گازی ئێران لە بازاڕی جیهانی وزه تا ساڵی ٢٠٣٥ دەگاتە ٢٦%، زەنگەنە هەروەها ئاماژەی بە دابەزینی بەهای گازی سروشتی کردووە بە تایبەت لە بورای پەرەپێدانی گێڵگەکانی گازی شیستی، هەلێنجانی گاز، وەک رابردوو بابەتێکی پڕتێچوو و قورسە و تەکنۆلۆژی پێشکەوتووی پێویسته، كه ئهوهش بۆ ماوەیەکی درێژ لە رۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست بابەتێکی دەگمەن دەبێت. هەر ئەمەش هێز و توانای رکابەرایەتی بەهای ئەم سەرچاوانە لە بازاڕە دەرەکیەکان گەرەنتی دەکات.
هەناردەی ئێستای گازی ئێران زۆر بەرچاو نیە، بە تایبە ئەگەر لە گەڵ توانا وئیمکاناتای هەناردەی وڵاتێکی وەک روسیا بەراورد بکرێت، بەڵام هەڵکەوتەی گرنگی جوگرافی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورەدیمەن و ئاسۆی راکێشانی سەرمایە و وەبەرهێنانی وڵاتانی گەورەی رۆژئاوا، کۆماری ئیسلامی دەکات بە وڵاتێکی گرنگ و جێی سەرنج، بە تایبەت کە لێرەدا مەبەست پلانە درێژخایەنەکانی پەیوەست بە هەناردەی گازی ئەم ولاتەیە. بۆیه رێگە بە خۆمان دەدەین ئە وگریمانەیە بکەین کە لە داهاتوودا رۆژئاوا سەرنج و فۆکوس بخاتە سەر پیشەسازی گازی ئێران، هەر چەند ئەمە نابێتە هۆی کەم کردنەوەی گرنگی وزەی ستراتیژی ئێران، واتە نەوتی ئەو وڵاتە. چونكه نوێنەرانی ئێران رایانگەیاندووە کە لە پلانیاندایە کە توانای هەناردەکردنی نەوتی ئەم وڵاتە بگەڕێێنەوە سەر پێوەرەکانی پێشوو، واتە ٤ ملیۆن بەرمیل، لهرۆژێكدا.
هێڵی بۆری گواستنەوەی گاز، بەرژەوەندێکی جیئۆپۆلۆتیک
لهپلانی”نابۆکۆ” کە لە هەندێک لە قۆناغەکانی هەڵسەنگاندن و شیکاری کارناسانەیدا، رۆڵی ئێران لە رووی پڕکردنەوەی هێڵی بۆری، بە رۆڵێکی شوێندانەر هەژمار دەکرێ، وەک ئەوەی لە سەرەتاوە جێی مەبەست بووە، جێبەجێ ناکرێت. رەنگە پلانی هێڵی بۆری ئێران – عێراق – سوریا ببێتە جێگرەوەی پلانی ئاماژەپێدراو، یاداشتی تێگەیشتنی سێ قۆڵی لهمهڕ کێشانی ئەم هیڵە رۆژی ٢٥ی ژوئەنی ٢٠١١ لە شاری بوشەهری ئێران واژۆ کرا، بڕیار وابوو هێڵی بۆری بە توانای ١١٠ ملیۆن مەتری چوارگۆشەی گاز لە رۆژێكدا یان ٤٠ ملیار مەتری چوارگۆشە لە ساڵدا، تا ساڵی ٢٠١٦ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام قەیرانی سوریا بووە بەربەست لە بەردەم پرۆژەکە.
بەسهرەنجدان بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پرۆژەیە پێناچێت بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونكه لە روانگەی رکابەرە جیئۆپۆلۆتیکەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو، ئەم پرۆژەیە پلانەکانی تاران بۆ پێکهێنانی هیلالی شیعی بە رێگەی ئەم هێڵەوە بەرەوپێش دەبات، بۆیه هەر کات کە بابەتی هێڵی بۆری ئێران – سوریا – عێراق دێتە بەرباس، ئەم لایەنە سیاسیە زەق دەبێتەوە و سەرنجی دەخرێتە سەر.
لهو بارهیهوه لێکۆڵەرانی روسی سەرنجیان خستۆتە سەر خالێک، ئەویش ئەوەیە کە شەڕ و قەیرانی لە سوریا تا رادەیەک هاوکات بووە لە گەڵ واژۆکرانی یاداشتی تێگەیشین لهنێوان ئێران، عێراق و سوریا لهسهر پرۆژهی هێڵی گازی ئێرانی، سعودیە ئەم پرۆژەیەی لە روانگەی بەرژەوەندی ناوچەیی خۆی بە قازان نەزانیوە و بە “هێڵی بۆری گازی شیعە “وەسفی کردووە. شرۆڤەکارانی ئەمریکیش ئاماژەیان بە کاردانەوەی نەرێنی ئەکتەرە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، کە زۆرتر سەر بە کەمپی وڵاتانی سوننەن و بە تێکڕایان لە هیلالی شیعی بەدگومانن. سەرباری ئەمانەش، شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کە واشنتۆن زیاتر لە رابردوو ئامادەیە بەرژەوەندی ناوچەیی تاران رەچاو بکات، بەڵام هاوکات نیگەرانی و تێبینی تورکیا و تێکڕای وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست لە بارەی هاوپەیمانێتی شیعە دەخوێننەوە.
بەڵام نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا لەئاراستەی پەیوەندیەکانی رۆژئاوا و ئێران، نابنە هۆی ئەوهی کە تاران لە چالاکیەکانی خۆی پاشەکشە بکات. لەم پەیوەندیەدا، هۆگری ئیدارەی حەسەن روحانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی تاران لە گەڵ دراوسێکان، جێی سەرنجە. بۆ نمونە، دەکرێ ئاماژە بە خولی سەردانەکانی جەواد زەریف بۆ وڵاتانی عەمان، کوێت، قەتەر و ئیمارات بکرێت. هەروەها پلانەکانی ئێران نە تەنها هەناردەی گازی ئەم وڵاتە بۆ عێراق دەگرێتەوە، بەڵکو شمولی ئیمارات و عومانیش دەکات.
بەم حاڵەشەوە، پرۆژەی گازی ئێران،سوریا و عێراق جێی سەرنجی زیاترە، سەرباری ئەوەی کە ئەم پرۆژەیە لە ئێستادا ئیمکانی جێبەجێ بوونی نییە، بهڵام لە ئەگەری نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا و هەروەها ئێران وئەوروپا، ئەم پرۆژەیە داهاتوویەکی گەشی بۆ وێنا دەکرێت، بە تایبەت ئەگەر کێشەی سوریا یەکلایی بکرێتەوە.
بازدان بە سەر تورکیا
هێڵی بۆری گازی ئێران، لە بەشی ئێڕانی کێڵگەی”پارسی باشور” هوه دهست پێدهكات تا دهگاته کەنارەکانی سوریا لە مەدیتەرانە، ئهوهش لهگرنگیی و پێگهی توركیا لهگواستنهوهی گاز كهم دهكاتهوه. ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا و ئێران بە یەک رادە، پێیان خۆشە کە تورکیا بکەوێتە مەوقیفێکی لاوازەوە، تورکیا كهتاکو ئێستا لە بواری ترانزیتی گاز دەستێکی باڵای هەیە، رۆژئاواییهكان بە هۆکاری جیاواز نایانهوێ کە تورکیا بهو هۆیهوه ببێتە ئەکتەری باڵادەست لە بابەتی ترانزیت و گواستنەوەی گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوروپا.
دیارترین ئهو هۆكارانهش كهرۆژئاوا رادهكێشێ بهلای بۆری گازی ئێرانی و لێسهندنهوهی ئهو گرنگییه لهتوركیا لهبواری ترانزێتی گازدا، دەکرێ ئهم هۆکارانە بێت:
ئەوروپا ئامادە نییە بەڵێن بە ئەندامەتی تورکیا لەم یەکیەتی ئهورپا بدات.
ئەوروپا ئامادە نییە لە گەمەی ئەندامەتی تورکیا لەم یەکیەتیە، کارتێكی بههێز بۆ بردنهوه بدات بهوڵاتێکی ئیسلامی وهك توركیا کە ٧٥ ملیۆن دانیشتووی هەیە و کۆمەلێک کێشەی چارەسەرنەکراوی ناوخۆییشی ههیه.
هەر یەکە لە وڵاتانی ئەوروپی ئامادەیی ئەوەیان تێدا بەدی دەکرێ کە لهداهاتوودا پەیوەندی راستەوخۆی ئابوری و بازرگانی لە گەڵ ئێران گرێ بدەن، لەندەن، بەرلین و پاریس لەو بارەوە پێویستیان بە ئاڵقەی پەیوەندی و نێوانگیری نییە.
رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لەو رووەوە پێویستی بە تورکیا هەیە، کە ئەو وڵاتە وەک بەڕێوەبەرێکی ملکەچی بەرژەوەندیەکانی هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ئامادەنین وەک ئەکتەرێکی گەورە، سەنگ و بەهای خۆی پێبدەن.
ئێرانیش لە بواری هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا پێویستی بە تورکیا نابێت، تاران مافی ئەو پرسیارەی لە خۆی هەیە، لەسەر چ بنەمایەک وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ بەهێز بکات کە بەتایبەت لە سوریا، بە توندترین شێوە بەرەنگاری دەبێتەوە، پلانەکانی ئێران بۆ سنووردارکردنی توانای تورکیاش وەک ئەکتەری سەرەکی ترانزیتی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم ئاراستەیەدایە.
ئێران لە ساڵی ٢٠٠٧ لە گەڵ تورکیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لە بارەی بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە پرۆژەکانی کیڵگەی نەوتی پارسی باشور و کێشانی هێڵی بۆری نوێی بە درێژایی ٢ هەزار کیلۆمەتر واژۆ کردووە.بەڵام تاکوو ئێستا هەر لەو ئاستەدا ماوەتەو نەکەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ژمارەیەک لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن، کە تەنها گەمارۆکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ سەر تاران نەبۆتە هۆکار کە ئەنقەرە لە ترسان نەیتوانیبێ پرۆژەکە جێبەجێ بکات، بەڵکو دەكرێ فراوانخوازی ئێرانیش هۆكارێكی تر بووبێت، کە بە روالەت یارمەتی بە بەهێزبوونی رۆڵی ترانزیتی تورکیا دەکات بەڵام لە پشتی پەردە ئامانجی گەورەتری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خۆی وێنا کردووە.
توركیاو عێراق
تورکیا لە گەڵ سەرکردایەتی کورد لە باشوری کوردستان لە دانوستان و گفتوگۆدایە، سەبارەت بە پرۆژەی نەوت و گاز، ئەمەش کاردانەوەی بەغدادی بەدوادا هاتووە. بەغداد جەخت دەکاتەوە کە هەولێر ویڕای گرێدانی پەیوەندی راستەوخۆ لە گەڵ جیهانی دەرەوە، هاوکات دەبێ رەفتاری خۆی لە گەڵ ناوەند و بەرژەوەندیەکانی حکومەتی عێراق بگونجێنێت.
ئێران لەم نێوانەدا لایەنگری لە بەغداد کردووە، ناشکرێ چاوەڕوانی دیکە لە ئێران بکرێت. مالکی و هێزەکانی دیکەی عێراق هۆگرییەکی تایبەتیییان بە ئێران و پەیوەندی لە گەل ئەم وڵاتە هەیە و لایەنگری سەرسەختی یەکپارچەیی ئەم وڵاتە عەرەبیەن. ئەم هۆگریە لە بواری وزەشەوە بە هەمان ئاراستەدایە.
ئێران و عێراق، لە بواری گازەوە رێککەوتوون، و رێککەوتنێکیان لە بارەی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ بەغداد واژۆ کردووه. بڕیار وایە رۆژانە زیاتر لە ٢٤ ملیۆن مەتری چوارگۆشە، گاز بۆ وزەخانەکانی ناوەندی عێراق هەناردە بکرێت. ههروهها رێککەوتنێکی نوێتریشیان لە بارەی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ وزەخانەکانی باشوری عێراق واژۆ کردووه. بەو پێیە بابەتی کێشانی هیڵی گازی ئێران، عێراق – سوریا بە کردەوە لە رۆژڤدایە. چاوەڕوان دەکرێ بەغداد و تاران لە داهاتوودا بیر لە کردەیکردنی بیرۆکەی گواستنەوەی گازی ئێران بۆ بازاڕی ئەوروپا بکەنەوە و لەم بارەوە هەنگاوی هاوبەش بنێن.
روسیا نابێ نیگەران بێت
لە ئێستادا روسیا نایەوێ لەم پرۆژەیە بەشدار بێت، چونكه لە قۆناغی یەکەم، جێبەجیکردنی ئەم پرۆژەیە دەتوانێ ببێتە کێشە لەبەردەم پرۆژەی گازپرۆم لە بازاڕەکانی ئەوروپا. بهڵام هێشتاش مۆسکۆ بە هەڵسەنگاندنی واقعی دۆخی ئێران، تاران بە رکابەرێکی جیدی لە سەر رێی خۆی نابینێ.
ئەلەکساندەر مدێدۆف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای “گازپرۆم ئێکسپۆرت” لهوبارهیهوه ئاماژەی بەئەگەرە لاوازەکانی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ بازاڕی ئەوروپا کردووە، پێی وایه، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، بەکارهێنانی گازی سروشتی لە ناوخۆی ئێران دوو قات زیادی کردووە، واتە لە ٧١ ملیار مەتری چوارگۆشە لە ساڵی ٢٠٠٢ گەیشتۆتە ١٤٠ ملیار مەتری چوارگۆشە لە ٢٠١٢، هەر بۆیه رێژەی مەسرەف و بەکارهێنانی ناوخۆی ئێران ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی لە زیادبوون بووە و لە بەرامبەردا توانا وئیمکاناتی هەناردەکردنی گاز کەمتر بۆتەوە.
بەڵام ئەگەر ویستی روسیا بۆ پاراستنی پێگەی بەهێزی خۆی لە بازاڕی گازی ئەوروپا وەلابنرێ، دەکرێ هۆکارە سیاسیەکانی روسیا بۆ پەیوەستبوون بەم پرۆژەیە، بە هێز بێت و بە لانی کەمەوە دۆستانە مامەڵەی لە گەڵ بکات. ئەمەش پێش هەموو شوتێک گرێدراوە بە هاتنە کایەی ئارامی و سەقامگیری لە تێکڕای ناوچەکە.
لە داهاتوودا، بە شێوەی هاوتەریب، هاتنە کایەی هیڵی بۆری گازی ئێران، عێراق – سوریا، هاوسەنگی ناوچەکە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، بە تایبەت کە لێرەدا مەبەست دوو جەمسەری سەرەکییە. جەمسەرێک، سعودیە و وڵاتانی هاوپەیمانیەتی و لە لایەکی دیکەشەوە ئێران و عێراق وسوریا وەک وڵاتانی هاوپەیمانی تاران و زێدە لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە کە بە هیلالی شیعە دەناسرێنەوە. ئەمە وادەکات کە چانسی لێدانی ئەم هیڵە لە ئێرانەوە بۆ مەدیتەرانە زیاتر بێت.
بهڵام هەموو ئەم گریمانەیە دهكرێت لەکاتێکدا گەشبینانە لێی بڕوانرێت، کە کێشەی سوریا چارەسەر بێت و متمانە بگەرێتەوە نێووان وڵاتانی رۆژئاوایی و ئێران.