ئازاد جوندیانی بۆ نوچه‌نێت: ئه‌گه‌ر بارودۆخ به‌ره‌و توندوتیژی بچێت، به‌پێی یاسا مامه‌ڵه ده‌كه‌ین
نوچه‌نێت: سلێمانی
ئازاد جوندیانی وته‌بێژی فه‌رمی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێـتی نیشتیمانی كوردستان، داوای له خۆپیشانده‌رانی سلێمانی كرد، واز له خۆپیشاندان بهێنن، وتیشی “ئه‌گه‌ر بارودۆخ به‌ره‌و توندوتیژی بچێت، به‌پێی یاسا مامه‌ڵه ده‌كه‌ین”.
له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، ئازاد جوندیانی وته‌بێژی فه‌رمی و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان رایگه‌یاند، بارودۆخی سلێمانی هێور بۆته‌وه و توندی توژی له‌و ناوچه‌یه نه‌ماوه، وتی “ماوه‌ی مانگێكه خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له هه‌ندێك له شوێنه‌كانی كوردستان وشاری سلێمانی به‌تایبه‌تی ده‌ستی پێكردووه‌و له سه‌ره‌تای خۆپشاندانهكاندا توندوتیژی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌ڵام ئێستابارودۆخهكه ئاسایی بووه‌ته‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كان ئاراسته‌یه‌كی مه‌ده‌نی گرتووه‌ته به‌ر”.
جوندیانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه خۆپیشانده‌ران وه‌ڵامی حكومه‌ت و لایه‌نه پهیوهندارهكانییان به ده‌ستهێناوه، بۆیه وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی پێدا “په‌یامه‌كانییان و داخوازییهكانییان گه‌شت و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌وانیش ده‌بێت واز له خۆپیشاندان بهێنن”، جوندیانی ئه‌وه‌شی باس كرد، كه حكومه‌ت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگری ده‌كات له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی، وتیشی “ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌ره‌و توندوتیژی چوو، ئێمه به پێی یاسا مامه‌ڵه ده‌كه‌ین، بڕواشمان به‌وه هه‌یه كه نه‌هێڵین توندوتیژی سه‌ر هه‌ڵبدات، هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش ئه‌وكاته له‌وێن و رێگری ده‌كه‌ن له توندوتیژی، ئه‌ویش به وه‌سائیله مه‌ده‌نییه‌كان”.