پەرتەوازەیی خیتابی کورد بەرفرەوانتر دەبێت … یەکێتی: كه‌ركوك خۆشبه‌خت بوو بە سەردانەکەی مالیکی

0

پەرتەوازەیی خیتابی کورد بەرفرەوانتر دەبێت

یەکێتی: كه‌ركوك خۆشبه‌خت بوو بە سەردانەکەی مالیکی

گۆڕان: لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک مالیكی سێ بڕیاری لە دژی كورد لە كەركوك دەركردووە

پارتی: هێنانی ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ لەلایەن مالیکی یەوە ته‌نها بۆ خۆ نمایشكردن بوو

مەحمود عوسمان: ئێمە پشتگیری بارزانی ناکەین لەدژی مالیکی

نوچەنێت . تایبەت

جیاوازی لێدوانی سیاسییەکانی کورد کە سەلمێنەری یەکنەگرتووی خیتابی کوردییە بەرانبەر بەبەغدا، بەردەوامی هەیە، بەرپرسانی کورد سەردانەکەی مالیکی بۆ کەرکوک بە ئیستفزازی کورد ناو دەبەن  و پارێزگاری شارەکەش سەردانەکە بە خۆشبەختی کەرکوکی دەزانێت، بارزانی لەدژی بەدەستهێنانی فرۆکەی ئێف 16 لەلایەن عێراق و پەڕلەمانتارێکی کوتلەی کوردستانیش دەڵێت، پشتگیری لەو وتەکانی بارزانی ناکەن.

دوێنێ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەهێزێکی زۆر و چەکی قورسی سەربازییەوە، سەردانی کەرکوکی کرد و کۆبونەوەی خۆی و وەزیرانی حکومەتەکەی جیا لەوەزیرە کوردەکان لەو شارە سازکرد، هێنانی ئەو هێزە زۆر سەربازییە بووە جێگەی نیگەرانی کوردو بەرپرسانی کورد لەکەرکوک، لای خۆیەوە محه‌مه‌د كه‌مال ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لیسی برایه‌تی، رایگه‌یاند “هێنانی ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ ته‌نها بۆ خۆ نمایش كردن بوو”. بەبڕوای چاودێرانی سیاسی و بەشێک لەسیاسییەکانی کورد، لەم کاتەدا کەکێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر پێی ناوەتەوە قۆناغێکی هەستیارەوە، سەردانەکەی مالیکی بۆ کەرک، سەردانێکی ئیستیفزازی و تەحەداکردنی کوردە، هەر بۆیە وەک وەزیری تەندروستی عێراق، مه‌جید حه‌مه‌ ئه‌مین رایگه‌یاند “سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری وه‌زیره‌ كورده‌كانی كرده‌وه‌ كه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌شداری نه‌كه‌ن”.

بەڵام بەپێچەوانەی هەڵوێستەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە داوای لە بەپرسانی کورد کردووە، بەشداری کۆبونەوەکەی مالیکی نەکەن لەکەرکوک و بەپێچەوانەی هەموو ئەو لێدوانانەی کە باس لەوە دەکەن سەردانەکەی مالیکی سەردانی ئیستفزای بووەو وەک تەحەدایەک بووە بۆ کورد، د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشە رایگه‌یاند: “كه‌ركوك خۆشبه‌خت بووه‌ بە سەردانەکەی مالیکی و به‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌”.
هەروەها سەردانەکەی بە زۆر گرنگ ناوبردووه‌و وتویەتی،‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق له‌ كه‌ركوك به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر گرنگی پێگه‌ی كه‌ركوك له‌ شه‌قامی عیراقیدا.

بەڵام لەبارەی سەردانەکەی نوری مالیکی بۆ کەرک، کە پارێزگارە کوردەکەی ئەو شارە بە خۆشبەختی بۆ کەرکوک ناوی برد، لەتیف شێخ مستەفا، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ “خەندان” رایگەیاند نوری مالیكی سەرۆك وەزیران لە میانی سەردانەكەی دوێنێیدا بۆ كەركوك سێ بڕیاری لە دژی كورد لە كەركوك دەركردووە، كە بڕیارەكان لەمیانی ئەو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دراون كە دوێنی لە كەركوك بە بێ ئامادەبوونی وەزیرەكانی كورد بەڕێوەچوو.
بەپێی لێدوانی ئەو پەڕلەمانتارە بڕیارەکان بریتین لە”دەركردنی ئاسایشی پارتی‌و یەكێتی‌و جیگرتنەوەیان بە هێزی سەربازیی بەناو نیزامی (شیعە)”‌و دووەمیشیان ” لێسەندنەوەی زۆربەی پۆستە ئەمنییەكان لە كورد بۆ عەرەب” بووە.

لەلایەکی ترەوە جیاوازی خیتابی کورد لەمەڕ کێشەکانی هەولێرو بەغدا بەردەوامی هەیە، دواین بەڵگەی ئەو جیاوازییەش لێدوانەکەی مەحمود عوسمان پەڕلەمانتاری لیستی کوردستانییە لەبەغدا، کە دەڵێت ئەوان لەگەڵ لێدوانەکانی بارزانی نین.

لەنەورۆزی ئەمساڵدا مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وتارێکی راگەیاند، کە تێدا ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر کردوو و بەئاشکرا رایگەیاند عێراق بەرەو دیکتاتۆری دەچێت، بەڵام لە دیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا مالیکی ئاشکرای کرد، زۆرێک لەسیاسی و رۆشنبیرانی کورد پەیوەندیان پێوەکردووە، پاکانەیان کردووە و پێیان راگەیاندووە لەگەڵ لێدوانەکانی بارزانیدانین، هەروەها بەشێک لە پەڕلەمانتارە کوردەکانی بەغداش لێدوانی تەواو پێچەوانەی وتارەکەی بارزانیان راگەیاند، لەبەشێک لەوتارەکەیدا سەرۆکی هەرێم وتی”مەسەلەی پێشمەرگە هەموو ئەزانن پێشمەرگە چ ڕۆڵێکی بووە بۆ هەموو عێراق ئێستا وەکو دوژمن، دوژمنایەتی پێشمەرگە دەکەن ئەمە پێنج شەش ساڵە هەرچی میزانییەی پێشمەرگەیە دزیویانە ناهێلن بێت بۆ کوردستان، لەوەش خراپتر ئەو چەند کەسەیە چاوەروانی ئەوە دەکەن فرۆکەی ئێف16 یان بۆ بێت بۆ ئەوەی جارێکی تر شانسی خۆیان لەگەڵ پێشمەرگە تاقی بکەنەوە بەم عەقلەتیەوە حوکمی عێراق دەکەن”.

دواتریش لە رۆژی 4ی‌ ئه‌م مانگه‌، لە كۆنگرەی گردبوونەوەی عەرەبی بۆ سەرخستنی پرسی كورد، بارزانی رایگەیاند” فرۆكەی میگ ‌و میراج ‌و ئێف 16 كورد ناترسێنێت، بەڵكو ئەوەی كورد لێی دەترسێت، ئەو زمانی فڕۆكەو تانكەیە كە هەندێك كەس قسەی پێدەكەن ‌و ئیمانیان بەبەكارهێنانی هەیە”.

بەڵام، بەپێی هەواڵێکی ئاوێنە، لەدواین لێدوانی رۆژنامەوانی خۆیدا، مه‌حمود عوسمان، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی کوردستان لەپەڕلەمانی عێراق بۆ بۆ ئاژانسی “كل العراق”، دەڵێت‌ “پشتگیری له‌وته‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ مه‌سعودد بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناكه‌ین له‌باره‌ی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ كڕینی‌ فڕۆكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقیه‌وه”‌.
مه‌حمود عوسمان وتیشی “راسته‌ كه‌ ترسی بارزانی‌‌و كورد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و زنجیره‌ هێرش‌و په‌لامارانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عسدا كرایه‌ سه‌ر گونده‌كانی‌ هه‌رێم، بوونی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پشتگیریی له‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ ناكه‌ین كه ‌له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێت له‌باره‌ی‌ كڕینی‌ فڕۆكه‌وه‌ له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مریكا.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com