مالیکی هەرەشە دەکات: ئەتوانم سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرم، دەستور هەڵپەسێرم و پەڕلەمان هەڵوەشێنمەوە

0

مالیکی هەرەشە دەکات: ئەتوانم سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرم، دەستور هەڵپەسێرم و پەڕلەمان هەڵوەشێنمەوە

نوچەنێت

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی
نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، هێرشێكی نوێی كرده‌ سه‌ر ڕكابه‌ره‌ سیاسیه‌كانی و سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڕایگه‌یاند له‌ كوردستانه‌وه‌ دەهۆڵی شەڕ دەکوترێت و كورد به‌ كرده‌وه‌ مافی خۆیان پیاده‌كردووه‌ له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسیان كاتێ ده‌نگیان به‌ ده‌ستووری عیراقدا.
مالیكی دوێنێ، له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعیراقیه‌ی نیمچه‌ فه‌رمی هه‌ڕه‌شه‌شیكرد ده‌توانێت به‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی سه‌رۆك وه‌زیرانێك و سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ هه‌ڵبژێرێت یان په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجامبدات، و هه‌روه‌ها ئاماژه‌یكرد به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی كاركردن به‌ ده‌ستوور به‌ وته‌ی ئه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوبه‌شه‌ سیاسیه‌كانی تر پابه‌ندنین به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی تۆمه‌ته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در، كه‌ مالیكی تۆمه‌تباركردبوو به‌وه‌ی عیراق ده‌كات به‌ شیعه‌، مالیكی وتی:” ئه‌گه‌ر هه‌وڵمبدایه‌ بۆ به‌شیعه‌كردنی عیراق، بۆچی زیاتر له‌ سوننه‌ هێرشمكردۆته‌سه‌ر شیعه‌؟ كێ سوننه‌ی پاراست؟ ئایا مالیكی نه‌بوو سوننه‌كانی پاراست؟”
چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی مالیكی پێش یه‌ك هه‌فته‌ دێت له‌ كۆتایهاتنی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی كه‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی عیراقی له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی هه‌ولێردا  دیاریانكرد بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند داواكاریه‌ك، ئه‌گینا ئه‌و سه‌ركردانه‌ی واژۆی ڕێكه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی هه‌ولێریان كردووه‌ په‌ناده‌به‌ن بۆ كێشانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی.
دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، و جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری عیراق، و موقته‌دا سه‌در، سه‌ركرده‌ی ڕه‌وتی سه‌در، ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكی لیستی عیراقیه‌، و ئوسامه‌ نوجێفی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، ڕێكه‌وتنێكی چه‌ند خاڵیان واژۆكرد كه‌ داواكاریه‌كانی كۆتایهێنان به‌ تاكڕه‌وی له‌ ده‌سه‌ڵات و ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانی له‌خۆگرتووه‌ و ماوه‌ی 15 ڕۆژیان دیاریكرد بۆ مالیكی بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌و ڕێكه‌وتنه‌ مالیكی وتی:” ناوه‌ڕۆكی ڕێكه‌وتنی كۆبونه‌وه‌كه‌ نرخی نیه‌ و هاوپه‌یمانی نیشتمانی هیچ هه‌ستیاریه‌كی له‌باره‌یه‌وه‌ نیه‌ و ڕازیبووه‌ له‌سه‌ر تاوتوێكردنی به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو مه‌سه‌له‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان تاوتوێبكرێت و به‌شێكی زۆری ئه‌و كێشانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و غاز و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنووریه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدرالی له‌ هه‌رێم.”
مالیكی جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ولێریان واژۆكردووه‌ به‌ ئاسانی ناتوانن متمانه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی بكێشنه‌وه‌ و به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌ماندایه‌ و ده‌بێت چه‌ندین ڕێوشوێن و لێپرسینه‌وه‌ بۆئه‌ومه‌به‌سته‌ ئه‌نجامبدرێت، و ڕونیكرده‌وه‌ دیاریكردنی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ سیستمه‌ په‌رله‌مانیه‌كاندا ناتوانرێت ئه‌نجامبدرێت و ئه‌وانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن پێویسته‌ بپرسن ئایا له‌ هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ دوو خولی هه‌ڵبژاردن دیاریكراوه‌؟
وتیشی:” ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پێداوم له‌ به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی و ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێـت ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ بكێشنه‌وه‌ ده‌بێت بڕۆن ده‌ستوور هه‌مواربكه‌نه‌وه‌.”
هه‌روه‌ها هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی كۆنترۆڵی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیان كردووه‌ و وتی:” له‌ نێوانماندا ڕێكه‌وتنێك هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی سه‌رپه‌رشتی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌، به‌ڵام له‌ واقعدا ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌دا 80ی ئه‌و ناوچانه‌ی كۆنترۆڵكردووه‌ و له‌سه‌دا 20ی به‌ده‌ست هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌یه‌ و زۆرینه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندیش له‌كورده‌كانن.”
هه‌روه‌ها مالیكی هه‌رێمی كوردستانی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیان ده‌ستگیرده‌كه‌ن به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی  ئه‌وان و هه‌رێمی كوردستانی به‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات تۆمه‌تباركرد.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com