دوای ئەوەی وەک قارەمان خەڵاتی کردن، پارتی داوا دەکات سەرجەم ئەو پەیجانەی لەفەیسبووک بەناوی ئەو حزبەن دابخرێن

0

پارتی دوای خەڵاتکردنیان داوا دەکات هەموو ئەو پەیجانەی بەناوی ئەوەوە دروستکراون دابخرێت

نوچەنێت

لەدراگەیانەراوێکدا کە مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندووە، داوا دەکات سەرجەم ئەو پەیجانەی بەناوی ئەوەوە دروستکراون دابخرێن، ئەوەش دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەو کەسانەی ئەو پەیجانەیان دەبرد بەڕێوە بەرەسمی لەلایەن پارتی یەوە وەکو قارەمان و کادری سەردەم خەڵات کران.

دەقی راگەیەنراوەکەی پارتی
“راگه‌یه‌نراوی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
له‌باره‌ی دیارده‌ی گروپ گروپێنه‌ی هه‌ڤاڵان و هه‌ندێ نووسینی ناو تۆڕی فه‌یسبووک
پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی کوردستانیی به‌ربڵاوی نێو جوگرافیایه‌کی فراوانه‌. حزبی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا و شوناس و ئاراسته‌ و دیدی جیاجیای کۆمه‌ڵگایه‌. حیزبی نه‌وه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانه‌ به‌ هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوانیانه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌هۆی هۆکارگه‌لێکی مێژوویی و سه‌رکرده‌یی و پێکهاته‌یی، له‌ رووی یه‌کێتی نێوخۆیی و رێکخراوه‌یی و دیسپلینه‌وه‌ به‌ راده‌یه‌ک تۆکمه‌ و توندوتۆڵه‌ که‌ ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ یه‌کێک له‌ سیما جیاکه‌ره‌وه‌ سه‌ره‌کییه‌کانییه‌تی له‌ ژیانی سیاسیی کوردستاندا. هه‌ر ئه‌مه‌یش یه‌ک له‌ نهێنییه‌کانی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی ئه‌م حیزبه‌یه‌ که‌ توانیویه‌تی قۆناغ و دۆخی یه‌کجار سه‌خت و دژوار ببڕێ و له‌ رۆژگاری خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی تێکۆشه‌رانی رێی رزگاری و ئه‌مڕۆش له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی بزاڤی بونیاتنان و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵگا و نیشتمان و دۆزه‌ ڕه‌واکانی میلله‌تدا بمێنێته‌وه‌.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ له‌ رێی فه‌یسبووک و تۆڕه‌کانی دیکه‌وه‌، خه‌سڵه‌تی تۆکمه‌یی نێوخۆیی پارتایه‌تی که‌وتۆته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و شێواندن. به‌ ناو و نازناوگه‌لێکی وه‌ک (گروپی بارزانیزم) و (گروپی بارزانی) و (گروپی دڵسۆزانی پارتی) و (گروپی گه‌نجانی پارتی) و تا ده‌گاته‌ (گروپی دڵسۆزانی هه‌ڤاڵ فڵان) و ( گروپی لایه‌نگرانی هه‌ڤاڵ فیسار) و…هتد، چه‌ندین گروپ و ده‌سته‌ په‌یدابوون و دوور له‌ رێنوێنی و ئاراسته‌ و سیاسه‌تی ره‌سمی پارتیمان، هه‌ریه‌که‌ و به‌جۆرێک و به‌ ئاراسته‌یه‌کدا ئیش ده‌که‌ن و له‌ بری پارتی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن و شه‌ڕی سه‌ر تۆڕی فه‌یسبووک به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان و حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌کانمان و ته‌نانه‌ت هه‌ڤاڵانی پارتیشمان به‌رپاده‌که‌ن و گوتاری جیاواز و ناکۆک به‌ پرۆگرام و هێڵه‌ گشتییه‌کانی سیاسه‌تی پارتی له‌ نێوخوێنه‌راندا بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و سه‌رئێشه‌ و گرفت بۆ پارتی و هه‌ڤاڵانمان دروست ده‌که‌ن.
پارتی هه‌میشه‌ لای خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک جیزبێکی یه‌کده‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست و یه‌کگرتوو ناسراوه‌و هه‌رواش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵکراوه‌، بۆیه‌ دیارده‌ی گروپ گروپێنه‌ و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی تاکه‌که‌سی به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌ک نامۆیه‌ به‌ پارتی و گوزارشت له‌ هیچ جۆره‌ پێشکه‌وتن و کرانه‌وه‌ و فراوانبونێک ناکات له‌ کاری رێکخراوه‌ییدا. ئه‌م گروپانه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌و هه‌ڤاڵ له‌ فه‌یسبووک و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌ینووسن و بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌ ناچنه‌ خانه‌ی کاری جه‌ماوه‌ریشه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌و بواره‌ش له‌ پێڕه‌وی پارتیدا پێناسه‌ و شێوازی کارکردنی خۆی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها گوزارشت له‌ دیموکراسی نێوخۆییش ناکه‌ن، چونکه‌ دیموکراسی نێوخۆیی رێوشوێنی رێکخراوه‌یی هه‌یه‌ که‌ له‌ ریزه‌کانی پارتیدا په‌یڕه‌وی لێ ده‌کرێ.
بارزانی نه‌مر موڵکی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و بزاڤه‌ رزگاریخوازه‌که‌یه‌تی، پێویستی به‌ گروپ و ده‌سته و تاقم نییه‌ بناسێنرێ یان داکۆکی له‌ رێبازه‌که‌ی بکرێ. به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌م گروپ گروپێنه‌یه‌ به‌ ناوی ئه‌و سه‌رکرده‌ و رابه‌ره‌ مه‌زنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه‌، زیان به‌ رێبازه‌که‌ی و پێگه‌ی مێژوویی ئه‌و ده‌گه‌یه‌نرێت.
ئه‌م دیارده‌یه‌ و هه‌موو لێکه‌وته‌کانی جێی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی پارتیمانه‌. هیچ یه‌کێک له‌و گروپ و ده‌ستانه‌ و هیچ یه‌کێک له‌و قسه‌ و رایانه‌ی ده‌ری‌ده‌بڕن گوزارشت له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان ناکه‌ن و ناکۆک و دژن له‌گه‌ڵ مێژوو، ئاکاری سیاسی و پرنسیپه‌کانی رێکخراوه‌یی و شانازییه‌کانی پارتیمان و زیانییان پێده‌گه‌یه‌نن. بۆیه‌ به‌م راگه‌یه‌نراوه‌ داوا له‌ هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ ده‌که‌ین خۆ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و هه‌موو چه‌شنه‌ قسه‌کردن و دژایه‌تی و هێرشێک له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و هاوپه‌یمانانمان و به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و هه‌ڤاڵانی خۆیان راگرن. له‌ دوای ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌وه‌ هه‌موو کار و کرده‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ له‌سه‌ر رووپه‌ڕی فه‌یسبووک و هه‌ر ئامڕازێکی دیکه‌ جێی قبوڵ نابێت و رێکار و ئیجرائاتی دیسپلینی پارتایه‌تی به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیکه‌ران ده‌گرینه‌به‌ر.
ئیتر بۆ پێشه‌وه‌ له‌پێناوی تۆکمه‌ترکردنی پێگه‌کانی پارتیمان و بره‌ودان به‌ یه‌کده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی و یه‌کگرتوویی فیکر و موماره‌سه‌ی پارتایه‌تی و دروستکردنی فه‌زا و پانتاییه‌ راسته‌قینه‌کانی ئازادی و جیاوازی بیروڕا له‌ناو پارتیماندا به‌پێی رێکار و دیسپلینه‌کانی کاری رێکخراوه‌یی.
مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
 12 /5/ 2012

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com