سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکرای دەکات: مایکڵ رۆبن بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە لەکوردستان دەرکرا
نوچەنێت
سەرۆکایەتی هەرێم بەتوندی وەڵامی مایکڵ رۆبن دەداتەوە و ئاشکرای دەکات، رۆبن لە زانکۆی سلێمانی بەهۆی دەستدرێژی سێکسیەوە بۆ سەر قوتابیان دەرکراوە، ئێستاش بەمەبەستی تۆڵە سەندنەوە بەردەوام خەریکی بوختان و چەواشەکارییە، هەر لەوەڵامی مایکڵ رۆبیندا سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت” ئەم کەسە هیچ کاتێ شتێکی بە بەڵگەوە بڵاو نەکردۆتەوە و بەڵکو هەموو هەوڵەکانی تەنیا ئاوێتەی هەڵرشتنی داخی دەروونیەتی لە بەرامبەر هەرێم و سەرکردایەتیەکەی”.
جێی باسە مایکڵ رۆبین نوسەری ئەمریکی، بەردەوام بە نوسینەکانی سەرقاڵی هێرشکردنە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
دەقی وەڵامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ هێرشەکانی رۆبین
ماوەیەکە ئەو کەسانەی کە لە هەمبەر سیاسەتی رەوای سەرکردایەتی هەرێمدا فەشەلیان هێناوە، پەنایان بۆ ئامرازی ناشایستە و دوور لە رەوشت بردووە و هەوڵ دەدەن بەم هۆیانەوە فەشەلیان پەردەپۆش بکەن و داخی دەروونیان هەڵرژن.
لەمرۆژانەدا مایکل رۆبن و کەسانی هاوشێوەی بە فیتی هەندێ فاشل پرۆپاگەندەی دوور لە رەوشت بڵاودەکەنەوە و بە تایبەت سەردانەکانی جەنابی سەرۆک بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج و دەخوازن بە خەیاڵی خۆیان لە گرنگی ئەم سەردانانە کەم بکەنەوە.
ئەوان هەمیشە لە دوای سەردانەکانی سەرۆک بارزانی بۆ دەرەوەی وڵات هەولی لەم جۆرەیان داوە و لە دوا هەولیشیاندا ویستوویانە گومانێکی نالۆجیکی بخەنە پاڵ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئیمارات.
بەداخەوە هەندێ راگەیاندنی ناوچەیی و ناوخۆش خواستە یاخود ناخواستە کەوتوونەتە داوی ئەو ناتورە بێ بەڵگە و بێبنەمایانە.
کەسێکی وەک مایکل رۆبن کە پێشتر وانەبێژی زانکۆی سلێمانی بووە و بە هۆی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر قوتابیان دەرکراوە، بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە بەردەوام لە هەوڵی بوختان هەڵبەستن و چەواشەکاری بووە.
ئەم کەسە هیچ کاتێ شتێکی بە بەڵگەوە بڵاو نەکردۆتەوە و بەڵکو هەموو هەوڵەکانی تەنیا ئاوێتەی هەڵرشتنی داخی دەروونیەتی لە بەرامبەر هەرێم و سەرکردایەتیەکەی.
چەسپاندنی ناو و ناتورەی قومار و شتی لەم بابەتە بە کەسانێکی سەر بە بنەماڵەی بارزانی لە وڵاتێکی وەک ئیمارات ناحەقیەک و ناوزڕاندنێکی دوور لە رەوشتە.
لە زۆربەی وڵاتە خەلیجییەکان ئەم کردارە بوونی نیە و بە یاسا قەدەغەکراوە و باسێکی وا هێندە نالۆجیکییە کە تەنیا مەگەر بەرهەمی عەقلی مایکل رۆبن بێت.
ئەوانەی کە ئەمجۆرە پرۆپاگەندانە بڵاودەکەنەوە هیچ ئامرازێکی تری ڕووبەڕوو بوونەوەیان پێنەماوە و لە لاوازیی خۆیان پەنا بۆ درۆ و بوختان و لە رەوشت لادان دەبەن ، ئەم کردارانەش دادیان نادات و شەرمەزاری بەشیان دەبێت.
پێویستە ئەو رۆژنامە و کەناڵانەی راگەیاندنیش کە خۆیان بە راگەیاندنی راستگۆ و بەرپرسیار دەزانن، نەکەونە داوی ئەمجۆرە کەسانەی کە رق و کینە تاکە سەرچاوەی وتارەکانیانە و با نەبنە کەنالی گواستنەوەی بوختان و درۆ و دەلەسەکانیان.
سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی هەرێم