ئایا ئیران توانی بارزانی بەتەنها بهێڵێتەوە؟؟‌

0

ئایا ئیران توانی بارزانی بەتەنها بهێڵێتەوە؟؟‌

ئێران شیعەکان لەیەک نزیک دەکاتەوە، مالیکی بە ئاراستەی بەشیک لە عێراقییە دەجوڵێنێت، کۆبونەوەی نزیک بونەوە لەنێوان گۆڕان و یەکێتی رێک دەخات

هەوراز ئەمین

تایبەت بە نوچەنێت

دوای ئەوەی هەوڵەکانی بارزانی و لایەنە سیاسییە ناڕازییەکانی عێراق بەرەو ئەوە دەچوو، متمانە لە مالیکی وەبگرنەوە، ئێران هەوڵەکانی خۆی بۆ هێشتنەوەی مالیکی خستەگەڕ، بە ئاراستەی لێک نزیکردنەوەی لایەنە شیعەکانی عێراق و ئاراستەکردنی مالیکی لە نزیک بونەوەی لەبەشیک لەلیستی عێراقییە، لێکنزیککردنەوەی گۆڕان و یەکێتی و ئاگادارکردنەوەی پارتیش لەوەی کە ئێران دەتوانێت لەکوردستانیشدا بارزانی بە تەنها بهێڵێتەوە.

دوای ئەوەی وەک رایگەیاند دەسەڵاتی عێراق بەرەو دیکتاتۆری دەچێت، بارزانی دەستی دایە هەوڵەکانی و به‌شێوه‌یه‌كی گشتى شەقامی سیاسی جوڵاندو داواى كرد كه‌ متمانه‌ لە مالیکی بسەندرێته‌وه‌، دوابەدوای وتارەکەی بارزانی و  پێش دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان سه‌رقاڵى ئه‌وه‌بوون كه‌ متمانه‌ له‌ نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیر بسێننه‌وه‌، له‌وانه‌ش پارتی دیموكراتى كوردستان، لەمیانی هەوڵەکانیدا بارزانی توانى موقته‌دا سه‌در له‌ئێرانه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ لەسەر هەمان پرس بیهێنێته‌ هه‌ولێر.

به‌نیسبه‌ت هه‌ریه‌ك له‌ ئیئتلافی عیراقیه‌و ره‌وتى سه‌دریشه‌وه‌، كه‌ مالكی بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ په‌راوێزیان ده‌خات و ده‌یه‌وێت وه‌كو ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامی لاوازیان بكات، گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هه‌لێكی باشبوو، ئه‌وانیش له‌مه‌ترسی درووستبوونى دیكتاتۆرێكی نوێ له‌عیراقدا به‌هۆش خۆیان هاتنه‌وه‌و پشتگیری داواكه‌ى سه‌رۆكی هه‌رێمیان كرد.
دواتریش هەریەک لە رەوتی سەدرو عێراقیەو کورد له‌ شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌و له‌سه‌ر پێشنیاری موقته‌دا سه‌در، بریاردرا ماوه‌ى 15 رۆژ بدرێت به‌نوری مالكى سه‌رۆك وه‌زیر، بۆ ئه‌وه‌ى به‌نده‌كانى رێكه‌وتننامه‌كه‌ى هه‌ولێر جێبه‌جێ بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ متمانه‌ى لێده‌سەننه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌ عێراقییەکان وا باس ده‌كه‌ن، كه‌ مه‌سعود بارزانى به‌ڵێنی به‌ موقته‌دا سه‌در داوه‌ ئه‌گه‌ر پشتگیری ته‌واویان بكه‌ن له‌سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ نوری مالكی ،ئه‌وا كورد پشتگیری له‌ ره‌وتى سه‌در ده‌كات كه‌ قوسه‌ى سوهێل جێگری سه‌رۆكی ئێستاى په‌رله‌مان، پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت و له‌و باره‌یه‌وه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانى كه‌نداوو توركیا پێشوازى له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ن.
به‌ڵام بەپێی بۆچونی چاودێرانی سیاسی لێره‌دا مالكی پێش بارزانى كه‌وت، سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانى پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌و به‌پشتیوانى ئیران توانى پلانى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ لێى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، لایەنەکانی هاوپەیمانی نیشتیمانی نزیک لەخۆی نزیک بکاتەوە هەوڵەکانی بەگەڕ بخات بۆ نزیککردنەوەی بەشێک لە لیستی عێراقییە‌.
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌ك، جه‌مال جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری پێشووى شیعه‌ له‌ په‌رله‌مانى عیراق، به‌رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نى ئیرانى سه‌رقاڵى نزیكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانى ناو فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى نیشتمانیه،‌ به‌تایبه‌تى ده‌وڵه‌تى یاسا و روتی سەدر، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستى پارچه‌ پارچه‌ نه‌بوونى ریزه‌كانى شیعه‌.
به‌مه‌ش هه‌ڵوێستى سه‌دریه‌كان كه‌مێك نه‌رم بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ى نوری مالكی ئیئتلافی عیراقیەش‌ ساڵح موتڵه‌گی گه‌رانده‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، و موتلەگیش رایگەیاند کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ مالیکی نییە، بەپێی قسەی چاودێران، بە نزیکبونەوەی رەوتی سەدرو دەوڵەتی یاسا و نزیکبوونەوەی بەشێکی دیاری عێراقییە لە مالیکی، لەبەرانبەر مالیکیدا مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌نها دەمێنێتەوە‌، چونکە لەکوردستانیش هاودەنگی نییە بۆ رووبەڕووبونەوەی مالیکی.
ئەوەی زیاتر جێی باسە ئەوەیە کە کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەرەو ئەوە دەچێت بکرێتە کێشەی لایەنێکی دیاریکراو و ناسنامەیەکی تر بەکێشەکە بدرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەر لەسەرەتاوە یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاڵۆزییە نه‌بوون و به‌ شه‌ری نێوان پارتی و مالكی، یان خودی بارزانى و مالكییان ده‌زانی، بۆیه‌ هیچ كام له‌په‌رله‌مانتاره‌كانى یه‌كێتى به‌ سەرۆک کۆماریشەوە له‌به‌غدا پشتگیری ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ متمانه‌ له‌ نوری مالكی بسێندرێته‌وه‌.
ته‌نانه‌ت به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كان، پێشتر تاڵەبانی له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ نوری مالكى نه‌بووه‌و بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش هه‌وڵیداوه‌ ئوسامه‌ نوجێفی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى عیراق و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانى عیراقیه‌ رازی بكات.
بۆ مانەوەی مالیکی لە دەسەڵات، ئیران هەر بەوە نەوەستاوە کە هەوڵی نزیکردنەوەی لایەنەکانی شیعە بدات و مالیکی ئاراستە بکات لەگەڵ عێراقییە نزیک بێتەوە، بەڵکو لەهەوڵی ئاگادارکردنەوەی پارتی یە لەوەی کە کارکردن بۆ دژایەتی مالیکی بە قازانجی پارتی تەواو نابێت، بۆ ئه‌وه‌ى کارتەکانی خۆی زیاتر لەبەرانبەر پارتی بەکار ببات و لەوێوە پەیامێک بگەیەنێتە پارتی تا نه‌رمی بكاته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر مالكی، له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا باڵیۆزەکەی له‌عیراق ناردە‌ گرده‌كه‌ بۆلای بزوتنەوەی گۆڕان و به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌گه‌ڵ شاندی یه‌كێتى كۆبووه‌و باسی بارودۆخى عیراقیان كرد، کۆبونەوەی باڵیۆزی ئێران لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی، کۆبونەوەی نزیکبونەوەی یەکێتی و گۆڕانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەپێی خوێندنەوە سیاسییەکانیش ئەوە پەیامێکی ئێرانە بۆ بارزانی، ئه‌گه‌ر بێت وو سوور بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى به‌رامبه‌ر به‌ نوری مالكی، ئه‌وا با ئاگادار بێت گۆران و یه‌كێتى له‌یه‌كتری نزیك ده‌كاته‌وه‌و ئه‌ویش بۆخۆی به‌ته‌نها له‌گۆره‌پانه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.
به‌پێى چه‌ند ئاژانسێكی هه‌واڵیش، ئیران بۆ زیاتر هێوركردنه‌وه‌ى بارزانی و مالكی داوای لێكردوون هێرشی راگه‌یاندنه‌كانیان بۆ سه‌ر یه‌كتری راگرن و كێشه‌كانیان له‌رێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ بووترێت، دوێنێ پێنج شه‌ممه‌ ماوه‌ 15 رۆژیه‌كه‌ى سه‌درو بارزانی و عه‌لاوی بۆ نوری مالكی كۆتایی هات، نه‌ مالكی متمانه‌ى لێسه‌ندرایه‌وه‌ ، وه‌ نه‌ ریكه‌وتننامه‌كه‌ى هه‌ولێریش جێبه‌جێ كرا.
موقته‌دا سه‌دریش له‌دوایین لێدوانیدا وتوویه‌تى، تا ئێستا وه‌ڵامی نامه‌كه‌ى نه‌دراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى نیشتمانیه‌وه‌و بریاریشه‌ به‌م نزیكانه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئەوەی پرۆسه‌ى سیاسی بخەنەوە سه‌ر رێگا راسته‌قینه‌كه‌ى خۆی.
لای خۆشیه‌وه‌، حه‌سه‌ن جیهاد په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانى كوردستانى رایگه‌یاندووه،‌ كه‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ركرده‌ سیاسه‌كان به‌ ره‌وتى سه‌درو عیراقیه‌شه‌وه‌ له‌شاری نه‌جه‌ف كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنى كێشه‌كانى نێوانیان.

بەڵام تاکو ئێستا ئەوەی یەکلا نەبۆتەوە ئەوەیە کە ئایا ئێران توانی بارزانی بەتەنها بهێڵێتەوە، یان بارزانی توانی راکانی سەربخات چونکە لەدواین لێدوانی رۆژنامەوانیدا موقتەدا سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” وتی‌ ” تائێستا هیچ وه‌ڵامێكم نه‌ به‌شێوه‌ی‌ باش یان خراپ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانیه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌ سه‌باره‌ت به‌و نامه‌یه‌ی‌ كه‌ 15 رۆژ پێش ئێستا بۆم ناردبوون”.، لەبارەی سەندنەوەی متمانەش لە مالیکی بە رۆژنامەنوسانی وت ” له‌چه‌ند كاتژمێری‌ داهاتوودا به‌ته‌واوه‌تی‌ واده‌كه‌ كۆتایی‌ دێت ئه‌و كاته‌ وه‌ڵامتان ده‌ده‌مه‌وه‌.”

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com