روونــكردنـــەوەی سـەرۆكـی هـەرێـمـی كوردسـتـان
سەبارەت بە دوو بابەتی قسەكانی بەڕێز مالیكی.
بەڕێز مالیكی لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی (NRT) باسی چەند بابەتێكی كردووە كە پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە.
ئێستا لایەنی پەیوەندیدار خەریكە وەڵامەكە ئامادە دەكات و بڵاو دەكرێتەوە.
بەڵام لێرەدا دەمەوێ وەڵامی دوو بابەتی سەرەكی بدەمەوە، كە یەكێكیان بەندە بەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی كوردستان بە ناردنی نەوت بە شێوەیەكی قاچاغ و دووەمیشیان بەندە بە گوایە نەدانی وەزارەتێك بە بزوتنەوی گۆڕان.
دەربارەی بابەتی یەكەم
زۆر جار بەڕێز مالیكی و دەوروبەرەكەی و تەنانەت خەلكی تریش، هەرێم بەوە تۆمەتبار دەكەن گوایە نەوت بە قاچاغ دەنێریتە دەرەوە.
لە رێكەوتی (4/4/2012) دوای ئەوەی یەكەم جار ئەم تۆمەتە ئاراستەی هەرێم كرا، داوامان كرد لێژنەیەكی هاوبەش پێك بهینرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دارایی هەرێم، بۆ لێكۆلینەوە لە تۆمەتی بە قاچاغ بردنی نەوت لە باشووری عێراق یان هەرێمی كوردستان . بەڵام بەداخەوە تا ئێستا داواكە بێ ئەنجام بوو و هیچ وەلامێكی نەدراوە و لێژنەكە دروست نەبوو.
دووپاتی دەكەینەوە هەر كەس و لایەنێك بەڵگەنامەی هەبێت لەسەر بەقاچاغ بردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، با بفەرمووێت بیخاتە روو، و هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە هەر كەسێ دەستی لەمەدا هەبێت دەچێتە بەردەمی عەدالەت و چاوپۆشی لەكەس ناكرێت.
دەربارەی بابەتی دووەم
بەڕێز مالیكی گوتبوی كە گوایە من دژی پێدانی پۆستی وەزاری بووم بە بزوتنەوەی گۆڕان و هەڕەشەی پاشەكشەم كردووە لە حكومەت ئەگەر بێت و پۆستێكی وایان پێ بدرێت.
ئەمە دوورە لە راستی و بزوتنەوەی گۆڕان خۆی پێش هەموو كەسێ دەزانێ، ئەمە راست نییە.
من داوام كرد لە بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تری كوردستانی كە ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دروست بكرێت. لەم رووەشەوە لە پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نەوێنەران و لەدوای هەڵبژاردن هەموو لایەنە كوردستانییەكان كۆبووینەوە. دواتر لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ، داوا لە بزوتنەوەی گۆڕانیش كرا كە لە چوارچێوەی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەلی ئیسلامیش تێدا بەشدار بوون وەزارەت وەربگرن، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان نەهاتن و بڕیاریاندا لەم چوارچێوەیە بەشداری نەكەن، لەم رووەشەوە هەموو حیزبە كوردستانییەكان شاهێدن.
كاتێك بەڕێز مالیكی داوای كرد وەزارەتیان پێ بدرێت، پێمان راگەیاند كە لە بەشی خۆتان ئازادن چەند وەزارەتیان بدەنێ و پێمان باشە، بەڵام لە بەشی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەبی لە رێگای هەرێمەوە بیت.
مـسـعـود بـارزانــی
سـەرۆكـی هـەرێـمـی كـوردسـتـان
20/5/2012
بارزانی وەڵامی مالیکی دەداتەوە: قسەکانی مالیکی دوورن لەراستی
0
Share.