گۆران وەڵامی بارزانی دەداتەوە: بەپێی رێکەوتنێکی ژێر بەژێر بزوتنەوەی گۆڕان لەپۆست بێبەشکرا
نوچەنێت
دوای ئەوە مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بارزانی رێگربووە لە پێدانی پۆست بە بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمرۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا وەلامی مالیکی دایەوەو رایگەیاند، ئەو قسانە دوورن لەراستیەوە، دواتر وتەبێژی بزوتنەوەی گۆران رونکردنەوەیەکی رایاگەیاندو تەئکیدی لەوە کردەوە کە بزوتنەوەکەی بە رێکەوتنێکی ژێر بەژێر لە پۆستەکانی بەغدا بێبەشکراوە.
لە خوارەوەی رونکردنەوەکەی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆران، وەلامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ مالیکی بخوێنەوە
رونکردنەوەیەک لە وتەبێژی بزوتنەوەی گۆرانەوە:
بەشداری نەکردنی بزوتنەوەی گۆران لە کابینەی ئێستای حکومەتی عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی:
یەکەم: کارنامەی ئەو حکومەتە سەبارەت بە داواکانی گەلی کوردستان ناڕۆشن بوو، بە تایبەتی لە مەسەلەی دانانی سەقفێکی زەمەنی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. سەرەتا هەموو لایەنە کوردستانیەکان، بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە، لەسەر ئەوە رێکەوتین کە وردەکاریی رێکەوتنی لایەنی کوردستانی لەگەڵ لایەنەکانی تری عێراق بهێنرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و لەوێ دەنگی لەسەر بدرێ، بەڵام تا ئێستا ئەو رێکەوتنە نەگەیشتۆتە پەرلەمان.
دووەم: بزوتنەوەی گۆڕان دەبوو بەپێی دوو ئیستحقاق لە کابینەکەدا بەشدار بێ، یەکەم: ئیستحقاقی هەڵبژاردن چونکە نزیکەی نیو ملیۆن دەنگی بەدەست هێنابوو، دووەم ئیستحقاقی نەتەوەیی بەو پێیەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کوردستان دەنگی هێنابوو نەک لە پارچەکانی تری عێراق، واتە ئێمە دەبوو لە بەرکەوتی کوردستان بەرین نەک بەرکەوتی ناوچەکانی تری عێراق، بەڵام ئەو بەرکەوتە هەمووی بەر ئیئتلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان کەوت و بەپێی رێکەوتنێکی ژێر بەژێر بزوتنەوەی گۆڕانی لێ بێبەش کرا.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر ئیئتلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان تەنها بەشی خۆی بردووە نەک بەشی هەموو کوردستان، ئەی بەشەکەی تری کوردستان چووە بۆ کوێ؟ ئەگەر بەشی هەموو کوردستانیشی بردووە ئەی ئیستحقاقی نیو ملیۆن دەنگدەرەکەی گۆڕان درا بەکێ؟.
ئەڵبەت وەڵامی ئەم پرسیارە لای ئەو لایەنانە خۆیانە کە بەپێی رێکەوتنی هەولێر حکومەتی عێراقیان پێکهێناوە.
د. شاهۆ سەعید
تێبینی: بەندە ئەندامی پێشوی وەفدی ئیئتلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان و
سەرۆکی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بووم بۆ دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق.
بۆ خوێندنەوەی وەلامەکەی سەرۆکی هەرێم کلیک بکە…